سوریا و قەیرانی ئۆپۆزیسێونی كورد

Monday, 04/07/2011, 12:00


سوریا لە لێواری روخان نزیك بۆتەوە وسیستەمی سوریا و دەسەڵاتی بەعس لە دوا تەمەنی خۆیدا ژیان بەسەر دەبات،بە پێی دوا ئامارەكان نزیكی (1600)كەس بوونەتە قوربانی لە خۆپێشاندانەكانی ئەو 3مانگەی ڕابردوو لە سووریادا و هێرشی هێزە چەكدارەكانی بەعس بە شێوەیەكی هۆڤانە بۆ سەرخۆپێشاندەران بەردەوامە لە زۆربەی شارەكان و جەماوەریش بێ هیچ ترسێك بەردەوامن لە خۆپێشاندان بۆ روخانی دەسەلاتی بەعس كە ساڵانێكی زۆرە هاوشێوەی سیستەمی كۆیڵەداری گەڵی سوریا دەچەوسێنێتەوە و لە هەموو ماف و ئازادییەكانی ئەو سەردەمە بێ بەشكراون.
بە روخانی سیستەمی بەعس (سوریا)لە ناوچەكدا زۆر گۆرانكاری نوێ لە نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێ،یەكێك لە دەستكەوتە گرنگەكان ئازاد بوونی پارچەیەكی بچوكی نیشتمانی دابراو و فەرامۆشكراوی كوردستانە،ئەو پێڤاژۆ نوێیە رێگە خۆش دەكا بۆ كوردەكان لە سوریایە بتوانن بە شێوەیەكی دیموكراتیك بەشداری حكومەتی نوێ بكەن و لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەكانی گەلێ كورد لەو پارچەیەی كوردستان بەشێوەیەكی جیدی كار بكەن و لە ناو پرۆسەی سیاسی نوێدا رۆڵ و قورساییی خۆیان هەبێ،كە داواكارییەكانی كورد رەوان و خواستی جیابونەوەشیان نییە لە چوارچێوەی سیستەمی سوریادا،ئەگەرمافە بنەرەتیەكانی كورد لە یاسای گشتی سوریادا جێگر بكرین.دیارە كورد لەو قۆناغە لەخۆپێشاندانەكانی سوریا هەموو دەرگەكانی دیاڵۆگی بەكراوی هێشتۆتەوە،چارەسەری دۆزی كورد لە سوریا بە پێی راگەیاندن و پرۆژەی ئۆپۆزسێۆنی (كوردەكانی رۆژئاوا) بەستراوەتەوە بە گەش وهوای دوای روخان بەعس،بەڵام لەگەڵ ئەویشدا بەشداری دانوستان بوونە.
ئەو پرسیارەی كە هەمیشە لای من وەك ئەگەرە گەورەكە و ترس خۆی دووبارە دەكاتەوە،ئەوەیە كە كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان (سوریا) چۆن خۆیان بۆ ئەو پێشهاتە نویە ئامادە كردوە؟بەشداری سیاسی كوردەكان لە پرۆسەی سیاسی دوای روخانی سیستەمی بەعس بە چ شێوەیەكی دەبێ؟
ئەوەی كە لێرەدا دەبێ زیاتر ئیستێكی لەسەر بكەین،هەر ئەو پرسیارە گرنگەیە كە لە پارچەكانی تری كوردستان بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێ چاوەری بكەین،ئەویش ناكۆكی و كیشە ناوخۆییەكانی ناو ماڵی كورد و هێزە سیاسیەكانیەتی كە بە دەرێژایی مێژوو پارت و لایەنە سیاسیەكانی كورد لە ناوخۆیاندا تووشی گرفت و شەر و ناكۆكی و ودابران بوونە و تا ئێستاش ئەوە بۆتە یەكێك لە خەسلەتە هاوبەش و سەرەكییەكانی تەڤگەری ئازادیخوازی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان، دیارە پارچەی رۆژئاوای كوردستان (سوریا) پشكی شێری بەر دەكەوی لە ناكۆكی و ئینشیقاقی هێز و لایەنە سیاسیەكانی ناوخۆیدا كە ژمارەیان ئێستا نزیكی (20)پارت و رێكخراوی بچووك دەبن.
هەرچەندە كوردەكانی لە رۆژئاوای كوردستان خاوەنی هێزی چەكداری نەبوون بە شێوەی پارچەكانی تری كوردستان،بەڵام لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە پەكەكە هێزێكی چەكداری دروستكرد كە لە چوارچێوەی خەباتی سیاسی و چەكداری پەكەكەدا خۆیان بە رێكخستن كردوە و ئێستاش بەشێكی زۆری لەو هێزە لە چیاكانی قەندیڵ جێگر بوونە و لە ناوخۆی سوریاش بە شێوەیەكی زۆر چاڵاك كار دەكەن و ئەو زمینە گونجاوەش هەیە بۆ ئەو پارتە كە لەسەری كار بكەن،چۆنكە خەباتی پەكەكەی لەو پارچەی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر سیستەماتێك بەردەوام بوو لە كاتی خۆیدا كە سەكردایەتی ئەو پارتە لە سوریا جێگر بوو.
كوردەكان لە رۆژئاوای كوردستان لە سەردەمی ئیمپراتۆری عوسمانیەوە خاوەن هێزی سیاسی بوونە و خەباتی سیاسی بۆ گەیشتن بە مافەكانی خۆیان بەردەوام كردوە،بەڵام لەتەك هەموو پێشكەوتنەكان و گۆرنگارییەكانی دەسەڵاتی بەعس لە سووریا بە هۆی كەمی و پارچەبوون و كۆچی بەزۆر و سیاسەتی بی ناسنامەكردن نەیانتوانیوە بە دەرێژایی مێژوو خۆیان رێكبخەنەوە و داگیر كردن و چەوساندنەوەی بەردەوام وای كردوە كە ئەمرۆ كوردەكان نەتوانن خۆیان لە چوارچێوی ئۆپۆزیسێونێكی بەهێزدا بەرێكخستن بكەنەوە، هەرچەندە سیاسەتی سەركوتكردن و گوشار لە لایەن دەسەڵاتدارانی سوریا بەردەوامە،بەتایبەت لە مەسەلەی كورد و تێكدانی دێمۆگرافی ناوچە كوردنشینەكان و سیاسەتی بێ ناسنامە كردنی هاوڵاتیانی كورد لە لایەن دەسەڵاتی بەعس.
بەڵام لەسەردەمی دەسەڵاتی "حافز ئەسەد"لە ساڵی 1972،بارودۆخی كوردەكان لە سوریا گۆرانی بەسەر داهات و هۆكاری ئەم گۆرانگارییەش ئەوە بوو، كە سەرۆك كۆماری سوریا بە دوو هۆی ناوخۆیی و دەرەكی پێویستی بە كوردەكان هەبوو،هۆكاری ناوخۆییەكەی ئەوە بوو كە لەو كاتەوە دەسەڵات كەوتە دەست كەمێنەی بچووك،بەڵام زاڵی عەلەوییەكان،حافز ئەسەد دەیەویست پشتیوانی لە مافی كەمینەكانی تری وەك كورد بكات و لەمەش زیاتر رژێمی سوریا بۆ بەشداریكردنی كوردەكان لە حكومەتی سوریا "هێزی سەربازی شانازی كورد"ی دروستكرد.
"رێژیمی سوریا ئەم كوردانەی بۆ سەركوتكردنی برایانی موسڵمان لە حەلەب لە 1980 و لە حەما لە 1982 بە رێبەرایەتی عەلەوییەكان كەڵكی وەرگرت" و هۆكاری دەركییەكەشی ئەوەیە كە كورد كەمینەیەكی بچووكن و هیچ مەترسی نین بۆ سەر دەوڵەتی سوریا و دەسەڵاتی بەعسیش بەردەوام لە فاكتەری كورد بە ناسەقامگیركردنی وڵاتانی دەراوسی كەڵكی وەرگرتووە.
ئەو قۆناغە لە نزیكبونەوەی حافز ئەسەدی باوك لە كوردەكان كاریگەری هەبوو لە سەر بەشێكی زۆر لەو پارت و بزاڤانەی كە لەو سەردەمەدا لە دایكبوون و دەستیان بە خەباتی سیاسی كرد،تا قۆناغی دوای هاتنە سەردەسەڵاتی (بەشار ئەسە) كە بە سەردەمی چەوساندنەوە و گوشار و كۆچ پێكردنی بەزۆر،كووشتن و زێندانی كردنی كوردەكان ناسراوە،ئەو قۆناغە لە سیاسەتی ترس و تۆقاندن بەردەوام بووە تا ئێستا.
ئەوەیش كاریگەری هەبوو لەسەر پەسیڤبون و لاوازبوونی هێز و پارتەكانی ئەو پارچەی كوردستان ،یا بە دیوێكی تردا دەتوانین بەڵێن كە هیچ شتێكی بەهێز بە ناوی ئۆپۆزیسێون لە رۆژئاوای كوردستان بوونی نییە و ئەوەی هەیە تەنیا بەرهەمی ئینشیقاق و پارچەبوونی پارتەكانە كە ژمارەیانی گەیاندۆتە ئەو هەموو پارتە.
بە گشتی بزاڤی كوردی لە سوریا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوونە و بەرەیەك نزیكی دەسەلاتە و بەرەیەكی تریش بە ناوی ئۆپۆزیسێون خۆیان وێنا دەكەن و لە هەرێمی كوردستان لە هەردوو پارێزگای سلیمانی و هەولێر كۆبونەتەوە،رەوەشی ئەو پارت و لایەنانەش كە كەوتونە دەشتەكانی كۆیە و هەولێر و سلیمانی زۆر روون و ئاشكرایە وپێوەیست بە قسەكردن ناكات.
سەردەمی ئێستا كە نەخشەی سیاسی سوریا لە ناو گۆراندایە و سوریاش دەبی كۆتایی بەو دەسەڵاتە داخراوی بنەماڵەی "بەشار ئەسەد" بێنی،هێزە سیاسیەكانی كورد تا ئێستا پرۆژە و بەرنامەیەكی دیاریكراو و یەكگرتوویان رانەگەیاندوە،ئەو رەوەشەی كە ئێستا سوریا هاتۆتە ئاراوە،هیچ كاری نەكردۆتە سەر بەرەی ئۆپۆزیسێونی كوردی لە سووریا بۆ دروستكردنی گوتارێكی هاوبەش و پڵاتفۆرمێكی سیاسی یەكگرتوو، راستە بەشێكی زۆری ئەو پارتانە لە گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆیان سەركەوتوو بوون،بەڵام هاوكات رێگریش بوونە لە گۆرانكاری لە پێش هێزە چالاكەكانی تر،ناتوانن گۆڕانكاری لە بەرنامە و پرۆگرامی خۆیاندا دروست بكەن،بەڵام گەلی كورد لە سوریا هەمیشە هەنگاویەك لە پێش پارتە سیاسیەكان بووە و ئەویش لە دوای سەرهەڵدانی 12ئاداری قامیشلو بەئاشكرا بەدیار كەوت،گەڵ دەتوانی وەك ئێستا لەسەر شەقام بێ بۆ روخانی سیستەمی بەعس.هەرچەندە بەشداری كورد لە خۆپێشاندانەكانی ئەو سێ مانگەی ڕابردوو بە بەراوەرد لەگەڵ هاوڵاتیانی عەربی سوننە كەمتر بووە،بەڵام كورد ئەزموونی كووشتن و سەكووتكردنی زیاتری هەیە لە خۆپێشاندانەكان لە سوریا بەتایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا.
ئەوەی زیاتر لەمپەری دروستكردوە،كێشە و ناكۆكی ناوخۆیی حیزیە كوردەیەكانە لە رۆژئاوای كوردستان،نەوەك گەل و رێژیمی بەعس، چۆن رووداوی ناوبژیوانی توركیا بۆ بەرەی ئۆپۆزیسێونی سوریا و كۆبونەوەی ئەنتالیا ئەو راستیەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە چارەسەری كێشەی كورد لە سوریایە نە ئەنتالیا،كە توركیا دەیەوەی بۆ بەرژەوەندیی وئامانجی خۆی بەكاریان بێنی،چۆن هەموومان ئەو راستیە دەزانین كە توركیا بۆ خۆی یەكێك لە وڵاتانەیە بە هەموو شێوەیەك دژایەتی ناسنامەی كورد دەكات،كەچی لە لایەكی ترەوە و خۆی وەك دلسۆزی كێشەی كورد و ئۆپۆزیسێونی سوریا نیشاندەات و هەوڵدەدات ئەو پرسە لە رێگەی خۆی دوور بخاتەوە.ئەویش بە ئاشكرا لە هەڵویستی پارتە ئۆپۆزیسێونەكانی دەرەوەی سوریا بەدیار كەوت كە كێشەی كورد پەیوەندی بە ناوخۆی سوریاوە هەیە نەك وڵاتێكی وەك توركیا كە سنوری خۆی واڵاكردوە بۆ پەنابەرانی سوریا و پشتگیری لە پرۆسەی چاكسازی ئەسەد دەكات نەك روخانی ئەو سیستەمی ئێستا،كە لە بەشێكی زۆرلە لێدوانەكانی سەرۆكی سوریا مەسەلەی چارەسەركردنی ئەو دۆخە بەرچاو دەكەوی كە ئەویش هیچ نییە،جگە لە پرۆپاگەندە،چۆن خەڵك داوكاری سەرەكیەیان بۆتە رۆشتنی بەشار ئەسەد وحیزبەكەی لە دەسەڵات.
هەڵویستی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەولەتیش زۆر ئاشكرایە لەسەر رووداوەكانی ئێستای سوریا و ئەمریكا زیاتر هەوڵدەدا سیاسەتی چاوەروانی رەچاو بكا،تا ئەوەی كە هەڵویستێكی شەفاف و پراكتیكی هەبێ وەك هاوشێوەی لیبیا،دیار ئەوانیش هاوشێوەی ئیسرائیل زیاتر چاوەدێری دەكەن تا ئەو كاتەی ئەو هێزە ناوخۆیە بتوانی كۆتایی بەو سیستەمی ئێستا بێنی.

سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل-كورد
سەرچاوە: ئیسرائیل-كورد


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە