ترس لە ئیسرائیل بۆ؟

Sunday, 03/06/2012, 12:00



 

ئاشكرایە كورد هاوپەیمانی‌ سروشتی‌ ئیسرائیلە لەناوچەكەدا. كوردی موسڵمانی‌ میانەڕەو و لێبوردەن بەرامبەر بەكەمینەكانی‌ دیكە. بۆ گەلی كورد ئایین بەقەد نەتەوە گرنگ نییە. شوێنی‌ جوگرافی‌ و فرەكولتوری‌ كورد بەربەستە لەبەردەم پەرەسەندنی‌ ئیسلامی‌ سیاسی و توندڕەو، چ شیعە بێ یان سوننە.‌ نەتەوەی كورد خواستی ئەوەی هەیە ببێت بەكۆمەڵگەیەكی‌ دیموكراتیك‌ لەدوای‌ ئیسرائیل و ئەزموونی حوكمڕانی كوردیش ئەوەی نیشانداوە لەم چەند ساڵەی دواییدا. ئەو رستانەی سەرەوە بیروبۆچوونی چەندین گەورە بەرپرسی دەوڵەتی ئیسرائیلە وەك سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، كە من لەچەندین چاوپێكەوتن و گفتوگۆمدا ئەو بۆچوونانەم بەدیكردووەو ئەوان بەشێوەیەك لەوە تێگەیشتوون، كە هەرێمی كوردستان رۆژانە لەگەشەكردندایەو كۆمەڵگەی كوردی توانا و زەمینەی پێشكەوتنی زیاتری هەیە بۆ كرانەوە بەڕووی جیهانی دەرەوەدا، سەربەخۆیی كوردستان خەون نییەو مافی سروشتی گەلی كوردە، كە ببێتە خاوەنی كیانی سەربەخۆ و هاوشێوەی نەتەوەكانی دیكە لەجیهاندا.
پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی كورد و جوو، دواجار دەبێتە مایەی پتەوبوونی باوەڕی كوردەكان لەسەر ئەو نیشتمانەی كە تەنیا جووەكان پێیان وایە خاكی كوردستان شوێنی دیرۆكی نەتەوەی كوردە. بۆیە باشتر وایە ئێمە لانیكەم لەجووەكان فێربین، كە چۆن بەرگری بكەین لەخاك و وڵات و مێژووی خۆمان. ئەم ئەزموونەی ئیسرائیل لەناوچەكەدا، ئەزمونێكە لەسەر بنەمای رێخۆشكردن بۆ ژیان و كەڵك وەرگرتنە لەئەزموونە مێژووییەكان، نەتەوەیەك هێندەی خۆجیاكردنەوە لەپێش چاو دەگرێ، دەكرێ هێندەش پێكەوەیی زیندوو ڕابگرێ، كە هەردوو بارەكە لەئیسرائیلدا ئامادەییان هەیە.
بۆیە دەبێت ئەمڕۆ مامەڵەی كورد لەگەڵ ئیسرائیل لەدەرەوەی سۆز و خەیاڵ و ترسەوە بێت، لەدەرەوەی پەروەردەی عەرەبیزم ‌و فارسیزم‌ و تۆرانیەكانەوە بێ، تێگەیشتنی كورد بۆ ئیسرائیل دەبێت لەدەرەوەی میدیا و عەقڵ و خەمی عەرەبییەوە بێ، تێگەیشتنی كورد بۆ ئیسرائیل وەك ئەمرێكی واقیع، دەبێت راستەوخۆ لەمێژوو و ئەدەبیات و خەونی ئایندەی ئیسرائیلەوە بێت. تێگەیشتنی كورد بۆ ئیسرائیل لەڕێگای كەناڵێكی مەعریفی ‌و ئەدەبی ‌و فەرهەنگییەكانەوە دەبێت، ئیتر نابێت كورد لەپێچی ئایدیۆلۆژیای عەرەبی ‌و وڵاتانی هەرێمیدا لەدونیای دەرەوە تێبگات. نابێت ئایدیۆلۆژیا ڕێگر بێت لەبەردەم مامەڵە لۆژیكیەكاندا، دەبێت ئایدیۆلۆژیا دەرهاویشتەی لۆژیك بێت. ئەگەر عەرەب پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە‌و ناوی دەنێت عەمالەت، ئەوا كورد پێویستە پەیوەندی بكات‌ و ناوی نەنێت عەمالەت، دەبێت خاڵی هاوبەش بدۆزینەوە، وەكچۆن سەركردەكانمان ڕوو دەكەنە كۆریا و چین ‌و كوەیت، بەو جۆرەش دەكرێ لەتەلئەبیب بن. ئەگەر ئیسرائیل دین ‌و فەرهەنگی لێمان جیاوازە، ئەوە كۆریا و چیینیش بەهەمان شێوەن، ئەگەر شانازیە لای میرێكی كوەیت كۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی ببەسترێ، دەبێت شانازیش بێت لەتەك لیڤنی و نەتانیاهۆدا بوەستن. هەربۆیە پێویستە كورد تەواوی فەرهەنگەكان لەسەر خواستی خۆیی و بەپێی بەرژەوەندی خۆی بناسێ، نەك لەسەر خواست و بەرژەوەندی وڵاتانی داگیركەر. گەر ئیلیتی سیاسی كورد ئەمە ناخوازێ، ئەوە نابێت روناكبیر و دۆست و نوسەرانی كورد بێدەنگبن، ئەوان دەبێت لەمێژووی كرانەوەدا بكرێنەوە، ئەمڕۆ دەبێت كوردێك هەبێت زمانی عیبری بزانێ، هەروەك چۆن هەزاران كورد هەن فارسی و عەرەبی و توركی دەزانن، پێویستە كورد هۆشیار بێت، هۆشیار لەوەی مامەڵەكردنی دروستمان لەگەڵ ئیسرائیل مافێكە لەفەلسەفە و ئەدەبیاتی قورئاندا هەیە، گەڕانەوەی بۆ وجودی كیانی جوو، جیاواز لەلێدوانەكانی ناسر و سەدام و ئەحمەدی نەژاد و مالیكی لەقورئاندا هەیە، ئەوە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكان و ئەوەش قورئان، ئەوەش مەیدانی ئازاد و گفتوگۆ. هەموو ئایەت و گوتارەكانی پێغەمبەر و دراوسێیەتی پێغەمبەر و جولەكەكان ئەگەرێكی دروستن، دەبێت ببنەوە بە كولتور، ئەگەر حەڵاڵ بێت پێغەمبەر سەردانی جولەكە بكات و دراوسێی بێت، بۆ دەبێت حەرام بێت كوردێك ئەو كولتورە دووبارە بكاتەوە.
بۆیە دۆستایەتی وڵات و میللەتێك كە هیچ ناكۆكییەكی لەنێوان نەبێت چاكترە لەدۆستایەتی دوژمنێك كە ساڵەهای ساڵە لەسەر ئێسك و پروسكی نەتەوەكەمان وڵاتی خۆی بونیاد دەنێت، دۆخی ئەمڕۆی بزووتنەوەی نەتەوەی كورد هەموو رۆژگارە ناسكەكانی تێپەڕاندووە، كە ترسی لەپەیوەندی و دۆستایەتی وڵاتانی دیكەوە هەبێت، لەناوچەكەش تەنها كورد و جوو هاوكێشە و دوژمنی هاوبەشیان هەیە، بۆیە پێم وایە بۆ ئەم قۆناغە دۆستایەتیكردنی جوو و پەیوەندی هەبوون بە ئیسرائیل هیچ زیانێكی نابێت.
تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ١٣٥ گۆڤاری سڤیل)دا بلاوکراوەتەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە