ئەردۆگان، میراتگری سوڵتان محەمەدی فاتح

Sunday, 11/07/2010, 12:00




رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا كە ئەمڕۆ زیاتر بە "سوڵتان محەمەد فاتحی" دووەم یاخۆ رێبەری ئیمپراتۆریای عوسمانی نۆی ناسراوە، ئەگەرسەیری مێژووی قۆناخی ئیمپراتۆریای عوسمانی بكەین، رووداوێكی هاوشێوەی ئێستەی سەرۆك وەزیرانی توركیا تەیب ئەردۆگان دەبێنین، كە چۆن كەشتییەكانی سوڵتان محەمەد فاتح ئیمپراتۆری بەهێزی عوسمانی لە ناوەڕەاستەكانی سەدەی 15ی پێش زائین توانی دوای چەندان مانگ گەمارۆی بەندەری قۆستەنتینە، دلێ ئیمپراتۆری رۆمای رۆژهەڵات داگیر بكات و بەو سەركەوتنەی توانی كۆتایی بە دەسەڵاتداری هەزار ساڵەی ئەو ئیمپراتۆرییە بێنی، ئەمڕۆش رەجەب تەیب ئەردۆگان هەوڵ دەدات بەناردنی كەشتیگەلی ئازادی یارمەتیی مرۆیی بۆ كەرەتی غەزە بنێرێ تا خاكی زیاتر داگیر بكات، سۆزی زیاتر لە ناو جیهانی ئیسلام و عەرەب داگیر بكات، بەو شێوەیەی ئێستە كە بووەتە سەڵاحەدینی ئەیووبی بۆ نەتەوەی عەرەب و فەلەستینییەكان كە بگەن بە مافی خۆیان.
ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەو رۆژانە زۆر بەتووندی لە كەمپەینی جیهانی دژی گەمارۆی سەر كەرتی غەزە پشتیوانی دەكات و توركیا وەك پاڵەوانی پشتگیری لە خەڵكی هەژاری غەزە پێشانی دەدات كە گوایە غەزە لەژێر گەمارۆی دەوڵەتی ئیسرائیلدایە، ئەویش لەبەر بوونی رێكخراوی تێرۆریستی حەماس لەو ناوچەیەدا. دیارە لە روانگەی توركیا و ئەردۆگانی سەرۆك وەزیرانی توركیا حەماس رێكخراوێكی یاسایییە كە بۆ رزگاركردنی خاكی فەلەستین لەژێر دەستی ئیسرائیل خەبات دەكات، بەڵام پەكەكە پارتی كرێكارانی كوردستان كە نۆێنەرایەتیی 25 ملیۆن كورد دەكات لە باكوری كوردستان (توركیا) بە ریكخراویكی تێرۆریستی دەزانێ، ئەوەی دادپەوەریییەكەی دنیای ئیسلام لە جۆری ئەردۆگان؟
سامۆئیل هانتینكتۆن لە كتێبی "پێكدادانی شارستانییەتەكان"، توركیا وەك یەكێك لە 6 وڵاتی بەهێزی جیهانی ئیسلامی ناو دەبات و دەڵێ "توركیا توانای هەیە سەرۆكایەتی وڵاتانی ئیسلامی بكات لە جیاتی دەستگرتنەوەی لە پشت دەرگە داخراوەكانی یەكێتیی ئەوروپا، توركیا دەتۆانی بەو كولتوور و شارستانییەتەی كە هەیەتی خۆی بە شێوەیەكی تر نوێ و سەردەمی بكاتەوە كە بتوانێ لە ناو شارستانییەتی جیهانی ئیسلامی شوێنی خۆی بكاتەوە و سەرۆكایەتیی دنیای ئیسلامی بكات".
لەسەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) لە توركیا، سیاسەتی بە ئیسلامیكردنی توركیا و كاڵكردنەوەی كۆڵەكەكانی ئیمپراتۆریای عوسمانی كە لەسەر بنەماكانی عەلمانییەتی كەمالێزم دروست كرابوو دەستی پێكردوە و ئەردۆگان بە نێزیكبوونەوە لە دەوڵەتانی ئیسلامی ناوچەكە هەوڵی تۆماركردنی سەردەمیكی زێڕێنی بۆ خۆی و پارتەكەی دا، وەك بینیمان پرۆژەكەی بەدژایەتیكردنی ئیسرائیل دەست پێكرد.
ئەو سیاسەتەی ئەردۆگان كە لە ئاراستەی دژایەتیكردنی (ئیسرائیل) هاوپەیمانی ستراتیژیكی توركیا لە ناوچەكەدا دەستی پێكردووە، لەو قۆناخەدا و بەمەش توركیا كۆتایی بەو پێوەندییە گەرم و ستراتیژییەی خۆی لەگەڵ لە وڵاتی ئیسرائیل هێناوە، كە رەنگە ئەمەش سەرەتای پراكتیزەبوونی ئەو بۆچوونەی هانتینكتۆن بێ، بەمەش توركیا هیچ رێگەچارەیەكی تری لە پێش نییە، گەر نەتوانێ پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل كۆتایی پێ بێنی، ئەویش بۆ پراكتیزەكردنی خەیاڵی هەرە گەورەی دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ زیندووكردنەوی ئیمپراتۆریای نۆێی عوسمانی كە بتوانێ سەرۆكایەتیی هەموو جیهانی ئیسلامی بكات، ئەوەش تەنیا بە راكێشانی سۆزی ڕای گشتی جیهانی ئیسلام و دەوڵەتە عەرەبیەكان دەبێ.
توركیا ئێستە زۆر جیاوازترە لە توركیای پێشوو، دیارە سەرۆكە ئیسلامییەكانی ئێستەی توركیا ئایدۆلۆژیا و رێنوێنییەكانی باپیرە گەورەیان كەماڵ ئاتاتوركیان تەواو لە بیر كردووە، كە لە خۆڵەمێشە وێرانەكانی ئیمپراتۆریای پارچەبووی عوسمانی لەسەر هێڵەكانی مۆدێرنیزم و رۆژئاوا بۆ نەوەكانی دوارۆژی تورك كۆمارێكی سكۆلار دامەزراند كە هەمیشە چاویان لە رۆژئاوا بێ بۆ پێشكەوتن و گەیشتن بە وڵاتێكی پێشكەوتوو، زیاتر لەوەی كە لە ناو نەریت و ئاییندا خۆیان زیندانی بكەن.
هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر ئیسرائیل لە قۆناخی هاتنە سەردەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان توركیا خستووەتە ناو بەرەی وڵاتانی دژ بە ئیسرائیل لە ناوچەكدا، كە توركیا و ئێران لەو ناوەندەدا سەرۆكایەتیی دەكەن. بەمەش شەڕی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست پێدەكات، لە لایەك ئێران بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات كە ئێمپراتۆریای شیعە ئاوا بكات و ببێتە سەرۆكی مەیدانەكە، بەڵام ئەمجارە توركیاش بەنیازە بێتە ناو سێ گۆشەكەوە، كە بەمەش سێ گۆشەی داهاتووی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئیسرائیل-ئێران و توركیا دابەش دەبێ.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە