نزیكبوونەوەی كورد و ئیسرائیل

Wednesday, 09/05/2012, 12:00





 
ئیسرائیل خۆدان كیانێكی تایبەتە لەرووی كولتوری‌و مێژوویی‌و سیاسیەوە، كیانێك لە ناوچەكەدا هەموو واتایەكی گۆرانكاری لەتەك خۆیدا پێیە،ئەم كیانە لەبەردەم ئایدیۆلۆژیا‌و سیاسەت‌و بینینی دەوروبەردا وێنەی جۆراو جۆر بۆ كێشراوە‌،جیۆپۆلەتیكی ناوچەكەش وێنە و ئایندەیەكی پێچەوانەی ئەوانی پێیە، لەم نێوەندەدا دەكرێ‌ ڕۆڵی ئیسرائیل لە رۆانینی تاكی كوردیدا وەك خۆی پێشان بدرێت،وێنەیەك جیاواز لەو وێنانەی لەمیتۆدو نەخشەی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی عروبەو دەستی زاڵی ڕابردوماندا كێشراوە،وێنەیەكی وەك خۆی پێویستە بدرێتە جیهانی دەورو بەرمان،هەر بۆ نێشاندانی ئەم وێنەیەش بوو كە ئێمە لە سەرەتای ساڵی 2009دا دەستمان بە كار و چالاكی كرد لە كوردستان و ئیسرائیل،تا ئێستاش هەر بەهەمان ستراتیژییەوە بەردەوامین و بەردەوامیش دەبین.
لێرەدا بۆ تێگەیشتن لە ناوەرۆكی ئەم پرۆژەیە و نزیكبوونەوەی كورد و ئیسرائیل پەیوەیستە لە رووی سیاسی و مێژوویی ئاوردانەوەیەكی كورتمان هەبێ بۆ ڕابردووی پەیوەندی وڵاتانی ئێران ودەولەتانی عەرەبی لەگەل ئیسرائیل،لە شەر و ناكۆكییەوە بگرە تا دروستبوونی هاوپەیمانی ستراتیژیك لەتەك ئەم وڵاتدا،هەرچەندە جیاوازی زۆر هەیە لە مەسەلەی پەیوەندی كورد و ئیسرائیل لە بەراوردكردن لە تەك ئەم وڵاتاندا كە دەمەوی لێرەدا بە كورتی باسی بكەم.
مەسەلەی ترسی كورد لە دروستبوونی پەیوەندی رۆشنبیری و سیاسی و كولتوری لەگەل كیانی جوو بۆتە ترسێكی گەورە، كە بەشێكی سەرەكی پەیوەندی بە نەبوونی كیانێكی سەربەخۆی كوردەوە هەیە،كە دوای سەدەیەك لە بەخۆدان و خەبات،ئێستاش هەر گەورەترین نەتەوەی بی دەوڵەتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،بۆیە لێردا هەوڵدەدم باسی چەند هۆكاری سەرەكی ئەو گرفتانەی بەردەم دروستبوونی ئەو پەیوەندیە بكەم لەلایەن وڵاتانی داگیركەر كوردستان و هەروەها كێشە و گرفتی ناو پارت و لایەنە سیاسیەكانی كورد بەگشتی لە مەسەلەی نزیكبوونەوە لە ئیسرائیل.
لە دوای ڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆی 1916، كە ئەمەش بەشێكە لە تیرۆری فیكری عەقڵی كوردو تێكدانی بنەما زانستیەكانی مێژووی كورد، هەروەها زۆربەی زۆری ڕێكخراوە كوردییەكان لە ژێر كاریگەری ئایدولۆژیای ماركسیستی دابوونە و باڵی چەپڕەویان بەسەردا زاڵ بوو،ئەوەیش وایكردووە كەهەست بەیەك چارەنووسی بكەن لەگەڵ ئەو گەلانەی كە رووبەروی ئیمپریالیزمی نوێ بوونەتەوە، ئەوان لە ئایدۆلۆژیای عەرەب و فارس و توركی داگیردا،ئەوەیان بۆ پێناسەكراوە كە ئیسرائیل مایەی دابەشبوونیانە،لەكاتێكدا خودی ئەوانن ساڵانێكە لەسەر سفرەی خێرو خێراتی كوردن، ئەوانەن كە مامۆستای ئەو مەعریفە مەنگۆلەن كەتا ئەمرۆ تاكی كوردی پێگۆشدەكەن،كە بۆتە دوژمنێكی هاوبەش بۆ هەموو لایەك بۆ ماوەی چەندین ساڵ. زۆربەی ڕێكخراوە كوردییەكان ئەو هەوڵانەی ئیسرائیلیان داوەتە دواوە كە خەریك بووە لە ڕێگەی تایفەگەریەوە لەناوچەكەدا دروستیان بكات.یان لەڕێگەی سود وەرگرتن لە مامەڵە نادیموكراتییەكان كە لەلایەن حكومەتە داگیــركەرەكانەوە ڕووبەڕووی كورد بوونەتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی جێگیــربوونی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی لەم وڵاتەدا.ئەوان (وڵاتانی دراوسی) وا دەزانن ئیسرائیل هەمیشە خەریكی نەخشەكێشانی جەنگە لەناوچەكەدا، جا بۆ بەرژەوەندی خۆی بێت یان بۆ وڵاتانی تر بێت، لەبەر ئەوە ئیسرائیل تاوانبار ئەكەن بەوەی كە مافی عەرەب و فارس و تورك دەدات بۆ لێدانی كوردەكان، ئەمەش لەڕێگای بەكاربردنی عەقڵیەتی شۆفینستانەو پاڵنان بەو دەوڵەتانەوە بۆ سەركوتكردنی كوردو گوێ نەدان بە مافەكانی، لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە پشتگیــری لەو كاردانەوەی كوردەكان دەكات و هەوڵی بەرفراوان كردنی دەدات، گەلی كورد و جوو دوو گەلی دێرینی ناوچەكەن، ئایا دەكرێ كێشە نەتەوەییەكەیان بە پێی خواستی ئیسرائیل چارەسەر بكرێت.بۆچی بەردەوام هەر هاتنە ناوەوەیەكی ئیسرائیل بۆ پشتگیــری لە كێشەی كورد ئەوەندەی تر ڕقی دراوسێ عەرەب و تورك و فارسەكان بەرانبەر بە كورد زیاد دەكات.هەروەها ئیسرائیل لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانی خۆیەوە وێنەیەكی خەیاڵی ژیانی كوردە جوویەكانی ئیسرائیل نیشان دەدات، كە لێرەدایە دەبێت كورد هەستبكات هاونیشتمانیەكی كوردی جوو لەگەڵ كەمینەكانی تری جووی ئیسرائیلدا ناچەوسێنەوەو هاوڵاتی پلە یەكن، لەكاتێكدا (كوردێكی موسڵمان) لەلایەن ئیسلامی عەرەب و فارسەكانەوە دەچەوسێنرێنەوەو هاوڵاتی پلە خوارن،كەچی وڵاتانی داگیركار دەڵێن كوردی ئیسرائیل بە فەرمی مافی نەتەوەیەتیان پێ نەدراوە لە ئیسرائیلدا، لەكاتێكدا ناتوانن دەنگێكی نارەزایی ئەوانمان پێبڵێن.
كاتی خۆی هەندێك لە بەرپرسانی ئیسرائیل و لەناویاندا سەرۆك وەزیرانی كۆچ كردووی ئیسرائیل (ئێسحاق ڕابین) لەكۆبوونەوەی مەدرید لە ساڵی (1991) بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،ئاماژەی كرد "بۆ نەتەوەیەكی تری هاوشێوەی فەلەستینییەكان و نمونەی بەكورد هێنایەوە و گوتی"،"گەلی كورد لە هەموو مافە سەرەكییەكانی خۆی بێبەشكراوە، لەبەر ئەوە هیچ كات پاپەند نابین بە جێبەجێكردنی ئەو مافانەی فەلەستینیەكانەوە".ئەو بەرپرسانەی ئیسرائیل سەركۆنەی ئەو وڵاتە موسڵمان نشینەیان كرد، كە دووانیان ئیسلامی عەرەبن كە كورد لەنێوانیاندلا دابەشكراوە. بەمەش ئیسرائیل بەزیاد كردنێكی ئاشكرا بۆ ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە لە پێدانی ئەو مافانەدا و ئەم هەوڵە دەهێنێتە گۆڕێ و دیاری دەدات بە عەرەبەكان تا داوای نەكەن.
كورد زەمینەیەكی مێژوویی ئەوتۆی لەگەڵ خودی پێكهاتی نەتەوەیی ئیسرائیل هەیە، بەڵام دەوڵەتانی ئیسلامی عەرەبی نەیاری هەرجۆرە پەیوەندیەكبوون لەگەڵ ئیسرائیلد،لەگەڵ ئەوەشدا جەمال عبدولناسر دەڵێت، "كورد ئیسرائیلی دووەمە"، بۆ ئیسرائیلی دووەمە،مەگەر كورد دانیشتوانی سەر واری خۆیان نین،مەگەر كورد وڵاتی هەزاران ساڵەی خۆی نیە،ئەمەش هەموو تۆمەتێكی سەر ئیسرائیل كە عەرەبەكان دەیكەن دەداتە دواوە، ئەو تۆمەتانەش هێندە راستن، كە كورد بە ئیسرائیلی دووهەم ناو دەبەن، كورد گەلێكی ڕەسەنی ناوچەكە بووە.
ئەو دەمانەی كیانی سیاسی ئیسرائیل دادەمەزرێت، ئەزمونێكی نوێ لە بوون بە دەوڵەتدا لە بەردەم تاكی كوردیدا هۆشیاری دەدات، میكانیزمی بە دەوڵەتبوونی ئیسرائیل میكانیزمێكی ڕوون و لە پێش چاو گیراو بوو، ئیسرائیل بە كار كردن لەسەر تایبەتكارە نەتەوەییەكەی، بە كاركردن لەسەر تایبەتمەندی مێژوویی وئایینی و كەلچەری هەزاران ساڵەی خۆی، توانی خۆی لە دەوروبەر جیا بكاتەوە، لە هەمانكاتدا بۆ فەراهەم هێنانی پێكەوە ژیان و پێكەوە سیاسەتكردن و تێكەڵ بوون، پەرەی بە پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی دا، واتە لە زیهنیەتی سیاسی ئیسرائیلیەكاندا، تایبەتكارە نەتەوەییەكەی وخۆ جیاكردنەوە مانای خۆ داخستن و كۆتایی ئەوانی تر نەبوو،بە پێی نوێترین دیراسەی پەیمانگا دیپلۆماسیەكانی ئەمریكا تا ساڵی 2009، ئەوە سەلماوە، كە زۆرترین هەوڵی پەیوەندی نەتەوەیەك بە دونیای دەرەوەی خۆی، وڵاتی ئیسرائیل دروستی كردووە، ئەم ئەزمونەی ئیسرائیل لە ناوچەكەدا، ئەزمونێكە لەسەر بنەمای ڕێ خۆشكردن بۆ ژیان و كەڵك وەرگرتنە لە ئەزمونە مێژووییەكان، نەتەوەیەك هێندەی خۆ جیاكردنەوە لە پێش چاو دەگرێ، دەكرێ هێندەش پێكەوەیی و پەیوەندی زیندو ڕابگرێ، كە هەردوو بارەكە لە ئیسرائیلدا ئامادەییان هەیە.

سەرچاوە: گۆڤاری ئیسرائیل-كورد ژمارە 23


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە