سەرۆكی پەژاك: بە چالاكبوونی پژاك ماڵباتی موهتەدی دیسان هاتنەوە گۆرەپانی سیاسەت تەنیا بۆ دژایەتی پژاك

Monday, 09/05/2011, 12:00


پارتەكانی رۆژهەڵات چاوەڕوانن ئەمریكا و گەلانی ئێران كۆماری ئیسلامی بڕوخێنن و ئەوانیش بگەڕێنەوە بۆ حكومەتایەتی
پژاك ئەو ناوەی كە لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دوواییدا بەردەوام گۆبیستی دەبین لەمەیدانی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، پارتێكی كەم تەمەن، بەڵام چالاكی بەردەوامی لەناوخۆی ئێران وایكردووە، كە ئێران رۆژانە هێرش بكاتە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوە لەكاتێكدایە كە چەندین پارت و لایەنی سیاسی تر لەكەمپەكاندانە ماوەیەكی زۆرە و خەباتی چەكداریان راگرتووە و ئێستاش دژی ستراتیژی خەباتی چەكدارین لەبەرامبەر ئێران، پژاك لەقەندیل و ناوخۆی ئێران هێزەكانی خۆی جێگیر كردووە و چالاكی چەكداری خۆی لەژێر ناوی پاراستنی رەوا ئەنجام دەدات، سەرۆكی پژاك عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی لەگفتوگۆیەكی تایبەتی " "دا، لەسەر رەوشی ئێستای هێزەكانی رۆژهەڵات و كێشەی خەباتی چەكداری، گرێدراوی مەسەلەی ئەو گرژیەی ئێستا هەیە لەنێوان ئەو پارتە و لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی كوردستان و مەسەلەی پەیوەندی پەكەكە و پژاك وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە.
: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانكارییەكی گەورەدایە، ئەو شەپۆلە لە رووخان و ناڕەزایەتییەكانی ناوچەی رۆژهەڵات گرێدراوی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
حاجی ئەحمەدی: ئەوە شەپۆل نییە، بەڵكو تۆفانە. تۆفانە دژی زوڵم و زۆری، دژی فەقیری و نەداری و بێكاری و بێدەرەتانی، دژی فەرق و جیاوازی لەنێوان باڵادەستان و ژێردەستان لەبوارەكانی یاسا، ئابوری، كۆمەڵایەتی و ئیمكانیاتی ژیان، دژی واستەگەری و ریشوە، دژی گەندەڵی كولتوری و گەندەڵی سیاسی و گەندەڵی ئابوری و گەندەڵی كۆمەڵایەتی، ئەوانە هەموو و زۆر لایەنی تری گەندەڵی خۆیان لەسیستەمی دیكتاتۆری و عەشیرەتیدا جێگە كردۆتەوە، بۆیە ئەو تۆفانە دژی سیستەمەكانی دیكتاتۆری و عەشیرەتی، كە زاڵن بەسەر ئەو وڵاتانەدا بەڕێ كەوتوە. مۆتۆری ئەو تۆفانەش بەجیهانیبوون و بەگڵۆبالیزەبوونی مێدیای جیهانیە. ئیتر ئەو سیستەمانە ناتوانن وەك بەرێ، بە ئاسانی لەرێگەی خورافات و تەحەسوب و ئیحساساتەوە راستییەكانیان لێ چەواشە بكەن و خەڵك بخاپێنن و فریویان بدەن، ئەو گەلانە نان و ئاو، یانی دەرفەتی ژیانیان دەوێ، ئازادییان دەوێ، ئەمنیەتی ژیانیان دەوێ.
: ئایا پێڤاژۆی روخانی ئەو سیستەمە نادیموكراتیانە كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەگرێتەوە؟ پارتەكانی رۆژهەڵات تا چەند خۆیان بۆ ئەو پێشهاتە ئامادە كردووە؟
حاجی ئەحمەدی: روخانی هەر دیكتاتۆرێك لەو ناوچەیەدا، كاریگەری هەیە لەسەر روخانی دیكتاتۆرەكانی تر. ئێستا سەرەتای ئەو لافاوە گەیشتۆتە یەمەن و لیبیا و سوریە. گەلی هەر كامێك لەو سێ وڵاتە بەسەر دیكتاتۆرەكەیدا زاڵ بێ و بیروخێنێ، كاریگەری راستەوخۆ و خێرای هەیە لەسەر دوو وڵاتەكەی تر. سوریە بروخێ نۆبەی ئێرانە، هەر بۆیە ئێران كێچی لەكەوڵی كەوتوە، بەهەموو ئیمكاناتی خۆی هەوڵدەدا پێش بە رووخانی بەشار ئەسەد بگرێ. پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چاوەڕوانن كە یان ئەمریكا و یان گەلانی ئێران كۆماری ئیسلامی بروخێنن و دوایی ئەوانیش بگەڕێنەوە بۆ حكومەتایەتی.
: لەهەرێمی كوردستانیش لەماوەی ئەو دوو مانگەدا ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بەردەوام بوو بۆ گۆڕانكاری لەحكومەت و باشتركردنی ژیان و داهاتی هاوڵاتیان، بەگشتی هەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەو رووداوانەی هەرێمی كوردستان چییە؟
حاجی ئەحمەدی: سەرۆكی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان لەلایەن گەلی باشوری كوردستانەوە بەپێی یاسا بۆماوەیەكی دیاریكراو، بۆ وەزیفە و ئەركهایەكی دیاریكراو هەڵبژێردراون. ئێستا وادیارە ئەو گەلەی كە ئەوانی هەڵبژاردوە، لە ئیش و كار و خزمەتگوزارییەكانیان رازی نین، ئێستا پێویستە هەم سەرۆكی هەرێم و هەم پەرلەمان و هەم حكومەت رێز و حورمەتی ئیرادەی گەل بگرن، كەموكوڕییەكان چارەسەر بكەن و داخوازییەكانی گەل بەجێبێنن. دیارە ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازییەكانیش پێویستە دەسكەوتە نەتەوەییەكان لەبەرچاو بگرن. نابێ كارێك بكرێ نەیارانی كورد كەلك لەو ئاڵۆزیانە وەرگرن. باشترین چارەسەری بۆ ئەو ناكۆكیەش ویست و بڕیاری گەلە، پێویستە هەر كەسیش بەشێوازی دیموكراتیك وەڵامدەرەوەی ویست و داخوازی گەل بێت.
: لەلایەكی ترەوە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایانگەیاند، كە پژاك ئەندامانی خۆی رێدەكات بۆ ناو خۆپیشاندانەكان لەشاری سلێمانی، ئایا پژاك هیچ پەیوەندی هەبوو بەو مەسەلەیەوە؟
حاجی ئەحمەدی: ئەو شێوە هەڵوێستانە چەواشەكردنی راستییەكانن، كە خزمەت بە كەس ناكەن. چ بەڵگەیەكیان هەیە؟ چەند پژاكیان لەناو خۆپیشاندەراندا گرتووە؟ دەبێ پژاك چ مەبەست و بەرژەوەندییەكی لەوكارە دابێ؟ پژاك ئەو دەسكەوتەی باشوری كوردستان تەنیا بە دەسكەوتی پارتی و یەكێتی نیشتمانی نازانێ، بەڵكو بە دەسكەوتی هەموو گەلی كوردی دەزانێ. ئەو دەسكەوتە بە جینۆسایدی ئەتاتورك، بەوێرانبوونی چوار هەزار گوندی باكور، بەوێرانبوونی دوو هەزار و پێنجسەد گوندی باشوری كوردستان، بە ئەنفال و بە هەڵەبجە تەواوبووە. دەبێ هەموو حیزب و رێكخراوەكانی كوردستانی، هەموو تاكێكی كورد، بە ئەركی نەتەوایەتی خۆیانی بزانن، كە ئەو دەسكەوتەی باشوری كوردستان وەك چاوی خۆیان بپارێزن، بەڵام دیارە هەر حیزب و رێكخراوێك و كەسێك ئەگەر لەبەرامبەر بە چەوتی و كەموكوڕی و گەندەڵییەكان بێدەنگ بێ، خەیانەتە بە كورد و كوردستان.
: زەرورەتی دامەزراندنی پژاك لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
حاجی ئەحمەدی: دامەزراندنی پژاك زەرورەتێكی مێژویی ئەو سەردەمە بوو، زەرورەتێكی مێژویی بوو، چونكە ئیدامەدەری خەباتی لەمێژینەی رزگاریخوازی گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان بوو، ریشەی مێژوویی هەیە لەویست و خواستی رزگاریخوازی گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستاندا. زەرورەتێكی سەردەمیانەیە بوو‌، چونكە بە ئایدولۆژیا و فەلسەفەیەكی سەردەمیانە دەستی بەخەبات كردووە. ئیدی ئەو چەشنە سیاسەت و شێوازە خەباتە كە هەتا ئەو كات لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوە دەچوو نەیدەتوانیی وەڵامدەرەوەی داخوازی گەل و لە هەمان كاتدا گەیشتن بە ئازادی بێت.
: لەو چەند ساڵەی دواییدا كە پژاك دەستی بە خەباتی خۆی كردووە لە مەیدانی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، لەلایەن ئەو پارت و لایەنانەی كە لەكەمپەكاندان بەردەوام هێرش دەكرێتە سەری و بە نارەسەنی دەزانن؟
حاجی ئەحمەدی: راستە بەدرێژایی چوار ساڵی ئەوەڵی خەباتمان، بەشێوەیەكی دوور لەهەموو پێوانەكانی ئەخلاقی ئینسانی تۆمەت و درۆیان بۆ ئێمە هەڵدەبەست. ئەو خانەوادەی كە دوێنێ بە ناوی كۆمۆنیستی شۆرشگێڕ و نوێنەری چینی كرێكاران و زەحمەتكێشانی رۆژهەڵاتی كوردستان (كە ئەوسەردەم باوبوو، ئێستا باوی نەماوە و حاشای لێدەكەن) رۆژهەلاتی كوردستانیان كردە مۆڵگەی كۆمۆنیستە شۆڤینستی سەراسەری ئێران و بەیارمەتی ئەوان شەڕی شۆرشی كورد بەرێبەری حیزبی دیموكراتیان كرد ((كە گوایە حیزبی دیموكرات نوێنەری بۆرژوازی ناوخۆیە، ولاقێكی ئیمپریالیزمە)) ئەو شەڕە وای لەشۆرشی كورد كرد، كە كۆماری ئیسلامی توانی بەسەر كوردستاندا حاكم بێتەوە.
كاتێك كە حیزبی دیموكرات و بۆخۆیان (كۆمەڵە هاتنە باشوری كوردستان و كەمپنشین بوون، ئەو كاتە ئاگربەستیان لەگەڵ حیزبی دیموكرات واژۆكرد. ئیتر شتێك نەما بەناوی خەباتی كۆمەڵە. تا پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك) لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەستی بە خەبات كرد. بە چالاكبوونی پژاك ماڵباتی موهتەدی دیسان هاتنەوە گۆرەپانی سیاسەت، تەنیا بۆ دژایەتی پژاك. تا ئێستا هیچ تۆمەت و شتێكی ناڕەوا و دوور لەئەخلاق نەماوە، كە لەسەر پژاك نەیڵێن. رۆژێك دەڵێن پژاك كۆماری ئیسلامی دروستی كردووە، رۆژی دوایی دەڵێن كە خەباتی چەكداری پژاك بۆتە هۆی میلیتاریزەكردنی رۆژهەڵاتی كوردستان. یان دەڵێن پژاك هەر (پەكەكە)یە، دەچنە ئەودیوی سنور دەبنە پەكەكە، بێنەوە ئەو دیوەی سنور دەبنە پژاك. دوێنێ بە یارمەتی كۆمۆنیستە شۆڤێنیستەكانی ئێران شەڕی تەڤگەری رزگاریخوازی گەلی كوردیان دەكرد، ئیمڕۆ بە یارمەتی پان ئێرانیستەكان و شۆڤێنیستەكانی وەك عەلی رەزا نوریزادەكان و.....بنەماڵەی موهتەدی نا ڕاستەوخۆ بە ئەمری كۆماری ئیسلامی دژایەتی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن. یا پێوانەی رەسەن و ناڕەسەنی هەر حیزب یا هەندێك لە گەلەكەمان وەك كرماشان و ئیلام سیاسەتێكە كە لەلایەن دوژمنانی گەلی كوردەوە داسەپاوە و نابێت كەس ببێتە بەڕێوەبەری ئەو سیاسەتە.
: لەبەشێك لەلێدوانی سەركردەكانی ئەو حیزبانەدا باس لە سەربەخۆ نەبوونی پژاك دەكەن، مەبەست لەسەربەخۆیی و ناسەربەخۆیی پژاك چییە؟
حاجی ئەحمەدی: من پێموایە هەر كەس چاو لەدەست بێ، ژێردەستە، ژێردەست ناتوانێ سەربەخۆبێ، كێ چاو لەدەست نەبێ دەتوانێ سەربەست بێ.
: پەیوەندییەكانی پژاك و پەكەكە لەسەر چ بنەمایەكن و پەكەكە چۆن هاوكاری پژاك دەكات، لەكاتێكدا خەبات و ستراتیژی هەر پارتێك لەپارچەیەك بۆ پارچەیەكی تر جیاوازە؟
حاجی ئەحمەدی: پەكەكە پارتێكی كوردستانییە و لەباكوری كوردستان بۆ مافی گەلی كورد خەبات دەكات. داخوازی و پڕۆژەی خۆی هەیە و داوای خۆسەری دێموكراتیك دەكا. پژاكیش پارتێكی كوردستانیە و بۆداخوازییەكانی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەبات دەكا، پرۆژە و رێگەچارەی خۆی هەیە و بۆ ئێران داوای كۆنفیدرالیزمی دێموكراتیك دەكا. پژاك و پەكەكە دوو حیزبی كوردستانی و بران و مافی هەر كەس و حزب و لایەنە كە دۆستی خۆی لە هەر ئاستێكدا هەڵبژێرێت، بەڵام پێویستە ئەو دۆستانیە لەخزمەت و بەرژەوەندی گەلدا بێت. هەروەها پژاك هەوڵدەدا لەگەڵ هەموو حیزبەكانی تری كوردستانیش پێوەندی برایانەی هەبێ. بەڵام دیارە ئێمە و پەكەكە خاوەنی یەك ئایدولۆژیاین. بۆ نمونە حیزبە سۆسیال دیموكراتەكان لەجیهان، یا حیزبە لیبراڵەكان و هەروەها حیزبە كەسكەكان چ پێوەندێكیان پێكەوە هەیە، پژاك و پەكەكە هەمان پێوەندیان پێكەوە هەیە. بەڵام خاڵێكی گرینگ ئەوەیە كە ئێمە رێبەرێكمان هەیە، كە ئێستا بە تەنیا سەرۆكی پارت یا لیدەری پارت و حەرەكەتێك نییە بەڵكو رێبەر و لیدەری گەلێكە كە فەلسەفەكەی نە تەنیا بۆ گەلی كورد بەڵكو بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوینە. ئەوە خاڵی گرنگ و هاوبەشی نێوان ئێمە و پەكەكەیە.
: بۆچی خەباتی پژاك لەناو رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو پارت و لایەنانەی تووڕە كردووە؟
حاجی ئەحمەدی: بەداخەوە ئەوە راستییەكە، ئەو راستییەش لەكولتوری سیاسی ئێمە سەرچاوە دەگرێ. ئێمە حیزبەكانی كوردستانی كولتوری پێكەوە كاركردن و هاوكاری یەكتركردنمان نییە، كولتوری یەكتر قەبوڵنەكردن و شەڕی یەكتركردنمان هەیە، ئەوەش كولتورێكە، كە داگیركەرانی وڵاتەكەمان فێری ئێمەی داگیركراویان كردووە. چون ئەگەر داگیركراوان یەك بگرن، داگیركەر نامێنن. هەروەها ئەگەر مەزلومان یەك بگرن، زاڵم نامێنن.
: هەر لەو چوارچێوەیەدا كۆمەڵێك كەس لەشاری سلێمانی بە هاوكاری یەكێك لەحیزبەكانی رۆژهەڵات لە راگەیاندنەكانیاندا باسی پژاكی نوێ دەكەن و دەڵێن كە ئێمە پژاكی راستەقینەین و بە تەواوی سەربەخۆین، ئێوە راتان چیە لەو بارەیەوە؟
حاجی ئەحمەدی: پیرۆزیان بێ.
: تێزی خەباتی چەكداری لەرۆژهەڵاتی كوردستان ماوەیەكی زۆرە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەكانەوە رەت دەكرێتەوە و ئەو حیزبانە بەگشتی لەسەر خەباتی مەدەنی كار دەكەن، ئێوە هۆكاری راگرتنی خەباتی چەكداری ئەو پارتانە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
حاجی ئەحمەدی: هەر حیزبێك مافی خۆیەتی كە پرۆگرام و پرۆژە و ستراتیژ و شێوازی خەباتی خۆی بۆخۆی دیاری بكا.
: ئایا ئەوە داخوازی خۆیانە یا دەرئەنجامی ئەو بارودۆخی هەرێمی كوردستانە؟
حاجی ئەحمەدی: داخوازی خۆیانە. (لەكابرایەكیان پرسی، گوتیان كاكە بۆ بەرۆژوو نابی؟ گوتی وا رەحەتترم).
: ستراتیژی خەباتی چەكداری لە ئێستا دەتوانی تا چەند لەبەرژەوەندی نەتەوەی كورد دابی لە رۆژهەڵاتی كوردستان؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە قەت خەباتی چەكداریمان رانەگەیاندووە، خەباتی چەكداریشمان نەكردووە، ئێمە خەباتی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و سیاسی دەكەین. ئێمە حیزبێكین لەرۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان. ئێمە دەبێ بەكردەوە لەناو گەلی خۆمان و لەپشت گەلی خۆمان بین، نەك لە دەرەوەڕا، بەراگەیاندن و بەیاننامە و..... حیزب و گەل وەك ئاو و ماسی وانە، ماسی لەناو ئاودا دەژی، لە دەرەوەی ئاو دەمرێ، حیزبیش لەناو گەلی خۆیدا دەتوانێ بژی و لەدەرەوەی گەلی خۆیدا ناتوانێ بژی و دەمرێ. ئێمە لەناو گەلی خۆمان بوونمان هەیە، بۆ پاراستنی گیانی خۆمان چەكمان پێیە، كە ئەوەش لەچوارچێوەی پاراستنی رەوادایە. لێرەدا پرسیارێك دێتە گۆڕێ، ئایا ئەوانەی كە لەئێران داگیراون و لەژێر دژوارترین ئەشكەنجەدان و زیندانی دورودرێژیان بۆ بڕاوەتەوە، یان مەحكومن بە لەسێدارەدان، یان ئەوانەی لەسێدارەدراون، ئایا خەباتی چەكداریان كردووە، یان بەچەكەوە گیراون؟
لە راستیدا بەناوكردنی خەباتی چەكداری بۆ پژاك نیشاندەری ئەوەیە كە راستی پژاكیان نەناسیووە، چونكە ئێمە شەڕی چەكداری ناكەین، پژاك پارتێكی سیاسی جڤاكیە كە خەبات و تێكۆشان بۆ بە رێكخستنكردنی كۆمەڵگا دەكات و بۆ پاراستنی خۆی لەچوارچێوەی پاراستنی رەوادا، خۆی و گەلەكەی دەپارێزێت. ئێمە هەتا ئێستا شەڕی چەكداریمان لەبەرانبەر رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران رانەگەیاندوە، هەتا ئێستا خۆمان پاراستووە.
: بۆچی لەدوای چالاكی چەكداری هێزەكانی پژاك لەناوخۆی ئێران، لایەنەكانی تر هێرشی دەكەنە سەر، بۆ نموونە چالاكی ئەم دوواییانەی پژاك كە لەشاری مەریوان ئەنجامیداوە؟
حاجی ئەحمەدی: ئەوانەی كە لەو بارەوە هێرش دەكەنە سەر ئێمە دوو لایەنن: لایەنێكیان دارودەستەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانن، كە زۆربەی ئەوانە كادرەكانی پێشوی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوون، كە خۆیان تەسلیمی كۆماری ئیسلامی ئێران داوەتەوە، خۆیان فرۆشتوە، چەند كەسێكیان لەزیندانەكانی ئێران را بەو مەرجە ئازاد كراون، كە دژی پژاك هاوكاری رێژیم بكەن. لایەنەكەی تر ئەو حیزب و رێكخراوانەن، كە لەوە پێش بۆخۆیان چەند جار گروپی چەكداریان ناردەوە، بەڵام بەداخەوە سەركەوتوو نەبوون، نەیانتوانی جێگیربن، هەموویان شەهید بوون. كاتێك بۆخۆیان نەیانتوانی، لەجیاتی پێیان خۆش بێ، ئەگەر لایەنێكی تر توانی، بەپێچەوانە، پێیان ناخۆشە و هێرشی دەكەنە سەر.
: لەراگەیاندنی حیزب و لایەنەكانی تردا هاتووە، كە خەباتی چەكداری پژاك دەبێتە هۆكاری ملیتاریزەبوونی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئێوە چۆنی لێكدەدەنەوە؟
حاجی ئەحمەدی: ئەو حیزبانەی كە ئەو جۆرە پرۆپاگەندەیە دەكەن، كە خەباتی پژاك بۆتە هۆكاری ئەوەی كە رێژیم كوردستان میلیتاریزە بكا ڕاست نییە، لە پاش روخانی كۆماری كوردستان لەئێراندا كوردستان هەمیشە زیاتر میلیتاریزە بووە، چۆن كوردەكان هەمیشە جێگەی مەترسی بوون بۆ مەركەز، بە هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی، هەر ئەو حیزبانە بوون كە چەندین ساڵ شەڕی ئەو رێژیمەیان كرد، پاش شكان و پاشەكشەیان بۆ كۆیە و زرگوێزێ كرد، رێژیم كوردستانی بەتەواوی میلیتاریزەكرد. ئایا لەئێران شوێنێك هەیە كە میلیتاریزە نەكرابێ؟ بەلوچستان، خوزستان، ئازەربایجان، تاران، شیراز، ئیسفەهان شوێنێك ماوە، كە میلیتاریزە نەكرابێ؟ كە وابێ ئەوە هەموو خەتای پژاكە. نە ئەمانە قسەوباسی ئەو ئۆپۆزسیۆنە فارسانەیە كە دیكتەی دەكەن بە هەندێك كەس، چوون سیاسەتی ئەوان بەرانبەر بە كوردەكان هەر وەك یەكن و وەها بیر دەكەنەوە، وەها دەزانن ئەگەر كورد بەهێز ببێت بۆ ئێمە مەترسیدارە.
: بۆچی كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام هەوڵدەدات، پژاك تاوانبار بكات وەك رێكخراوێكی دروستكراوی دەستی ئەمریكا و ئیسرائیل؟
حاجی ئەحمەدی: هەر كەس و گروپ و رێكخراو یان حیزبێك ئەگەر بەشێوەیك لەشێوەكان دژایەتی كۆماری ئیسلامی بكا، مۆركی ئەمریكا و ئیسرائیلی لێدەدەن. بەڵام بە لێدانی ئەو تۆمەتە لەپژاك مەبەستێكی تایبەتی هەبوو. شەڕێكی گەورەی ئەمریكا و ئێران لەسەر توركیەیە. ئەمریكا هەوڵدەدا توركیە لەئالیانسی سوریە توركیە و ئێران بێنێتەدەر، ئێرانیش بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدا ئەو ئالیانسە بپارێزێ. هۆی سەرەكی ئەو ئالیانسە شەڕی كوردە. ئێران هەوڵدەدا پژاك بەدەستكردی ئەمریكا و ئیسرائیل بناسێنێ، بە توركیە دەڵێ كە ئامریكا لەبەر تۆ راستەوخۆ یارمەتی پەكەكە نادا، پژاكی دروست كردوە تا بەرێگای پژاك دا یارمەتی بە پەكەكە بگەیەنێ. لەو هەوڵەشدا سەركەوتووە. لەلایەكەوە ئەو یەكێتی سێ قۆڵی توركیە، ئێران و سوریەی پاراستوە و هەم لەگۆرەپانی سیاسی ناونەتەوەییدا لەدیپڵۆماسی توركیە دژی پژاك كەلك وەردەگری.
: ئایا پژاك هیچ پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیدا هەیە؟
حاجی ئەحمەدی: پژاك هیچ پێوەندییەكی لەگەڵ ئیسرائیل نییە.
: هەڵوێستی ئەمریكا لەبەرامبەر پژاكدا چییە، ئایا ئەوان هاوكاریتان دەكەن؟
حاجی ئەحمەدی: هەڵوێستی ئامریكا لەبەرانبەر پژاك، هەڵوێستێكی نە باش و ناڕەوا و دوور لەهەموو حەق و حقوق و پرێنسیپێكی سیاسیە. وەزارەتی خەزنەداری بەبێ هیچ بەڵگەیەك، پژاكی خستۆتە ناو لیستی رەشی خۆی.
: مەسەلەی دروستبوونی پلاتفۆرمێكی سیاسی بۆ ئۆپۆزیسیۆنەكانی رۆژهەڵات كە ماوەیەك پێش ئێستا پژاك لەڕاگەیاندراوێكدا داخوازی كرد، كە بەرەیەكی سیاسی درووستبكری بە كۆی گەیشت؟
حاجی ئەحمەدی: ئێمە پێمانوایە كە سەرەتا حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێویستە پێكەوە و لەدەوری یەك دانیشن بۆ یەكتر قبوڵكردن، كاتێك یەكترمان قەبوڵكرد، دەستبكەین بە دیالۆگ، لەدەسپێكەوە هەندێك خاڵی هاوبەش هەن، هەروەها لەرێگەی دیالۆگیشدا هەندێك خاڵی هاوبەشی تر پەیدا دەبن، كە دەتوانن ببنە هۆی لێك نزیكتربوونەوە. لەئاكامدا، بەڵكو بتوانین زەمینەیەك بۆ پێكهێنانی بەرەیەك برەخسێنین. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لەو بوارەوە سەركەوتنێكی بەرچاو بەدەست نەهاتوە. یەكەم پێوەری دیموكراسی قبوڵكردنی یەكتریە بە بیروڕای جیاوازەوە تا ئێستا لەكوردستان ئەوە كێشەیە و حیزبە رۆژهەڵاتیەكان نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە.
: پارچەبوون و ئینشقاقی بەردەوام لەناو پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەو چەند ساڵەی دوواییدا زیادی كردووە و تا ئێستا هیچ یەك لەو لایەنانەش نەیانتوانیوە یەك بگرنەوە، بە گشتی هۆكاری ئەو دابڕان و لێكجیابوونەوانە بۆ چی دەگەڕێنەوە؟
حاجی ئەحمەدی: لەمێژە كۆماری ئیسلامی بەو ئاكامە گەیشتوە، كە تەنیا بە تیرۆركردنی سەرۆكی حیزبەكان ناتوانێ حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو بەرێ. هەوڵدەدا كە ئەو حیزبانە لەت لەت و پارچە پارچە بكا. لەتكردنی ئەو حیزبانە، بەشێكە لەپرۆژە و كۆنسێپتەكانی كۆماری ئیسلامی، لەلایەكی ترەوە ژیانی دوورودرێژی كەمپنشینی و فەرق و جیاوازی ئیمكاناتی ژیانی سەرۆك و مەسئولان و ئەندامانی ئەو حیزبانەش دەتوانن فاكتۆرهایەكی تر بن.
: بەو رەوشەی كە ئۆپۆزسێۆنی رۆژهەڵات هەیەتی بەرە دروست دەكری؟
حاجی ئەحمەدی: تا حیزبەكانی دەسەڵاتداری باشوری كوردستان پەیوەندییەكی ئەوتۆ نزیكیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەبێ و تا ئەو رۆژەی حیزبەكانی رۆژهەڵات لەكەمپەكانی كۆیە و زەڕگوێزێ بن، ئیمكان نیە، بەڵام لەسیاسەتیشدا هیچ شتێك غەیری مومكین نییە.
ئەم دیمانەیە لە یەكێك لە گۆڤارەكانى هەرێمى كوستان بڵاوبۆتەوە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە