كورد و پرسی دەوڵەتی فەلەستین

Saturday, 08/10/2011, 12:00


 



لە كۆبوونەوەی گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندا ئەم جارە پرسی بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین لە لایەن مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینەوە بوو بە مژاری سەرەكی و لە گوتاریكی ئاژیتاسیۆنانەدا لە كۆبوونەوەی گشتی داوای لە نوێنەری 193 وڵات كرد كە فەڵەستین وەك ئەندام لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان قەبوولبكەن،هەرچەندە بەهاری عەرەبی مەسەلەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینی خستۆتە پەراوێزەوە، پرۆسەی دانوستانی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل زیاتر لە یەك ساڵە گەیشتۆتە بنبەست و ئیسرائیل ئامادە نییە بێ دوركەوتنەوەی رێكخراوی حەماس لە شەڕ و توندوتیژی و وەرگرتنی پالپشتی مادی و لۆجستیكی لە ئێران ئامادەی گفتوگۆكان بێ،ئیسرائیل هەست بە مەترسیەكانی حەماس دەكات كە ڕێكخراویكی تیرۆریستی ئیسلامیە ونوینەرایەتی بەشیك لە خەڵكی فەلەستینە و پشتیوانی درەكی زۆریشی هەیە بۆ نابوودی ئیسرائیل،بۆیە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەنیامین نەتەنیاهۆ راگەیاند" كە دەبێ پێش هەموو شتێك ئاشتی بكری و دواتر دەوڵەتی فەلەستینی پێكبی"،بەڵام سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین دەلێ نا پێش هەموو شتێك دەبێ دەوڵەتی فەلەستین پێكبی و لە هەنگاوی دووهەمدا پرۆسەی دانوستانەكان دەست پێدەكەینەوە.
هەرچەندە سەرۆكی فەلەستین ئاگادار بوو،پرۆژەی سەربەخۆی فەلەستین لە كۆبوونەوەی ریكخراوی نەتەوەیەكگرتووكاندا قەبوڵ ناكری و بێ پاڵپشتی ئەمریكا و ئیسرائیل مەحاڵە بتوانن سەربكەون،بەڵام دوو ئامانجی سەرەكی هەبوو لە گەڵاڵە كردنی پرسی سەربەخۆی فەلەستین كە دەتوانی لە دوو حاڵەتدا دەستكەوتی هەبێ،یەكەم،بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆرانكارییدایە و دەبێ كۆتایی بە دەسەڵاتی مارژێناڵانەی وڵاتانی عەرەبی بێ،لەو قۆناغەدا زیندوكردنەوەی ئەو پرسە دەتوانی كێشەی ئیسرائیل و فەلەستین كۆتایی پی بێنی و دەولەتی فەلەستینش لە پاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا دروستبكری.
دووهەم،ئەو پرۆژەیە كۆتایی بە هەژموونی رێكخراوی تیرۆریستی حەماس دێنی لە ناوخۆی فەلەستیندا،چۆن محمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین باش دەزانی ئەگەر حەماس ئامادە نەبی چەك دابنی،ئەوە هیچ كات نەتەوەیكگرتووەكان و ئەمریكا و ئیسرائیلیش ئامادە نینە دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێن.
ئەوەی كە زیاتر لای من پرسیاری دروستكرد لە گەرمی (66)مین كۆبوونەوەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووكاندا،گوتارەكەی مەحمود عەباس بوو كە لە بەشی كۆتاییدا گوتی"فەلەستین دواهەمین وڵاتی داگیركراوی جیهان و ناوچەكەیە"،بێ ئەوەی باسی پرسی كورد بكات چۆن پرسی داگیركردنی خاكی كوردستان و پارچەكردنی بەسەر چوار وڵاتی داگیركەر و هاوپەیمانی مەحمود عەباس مێژووییەكی دەرێژی هەیە،بەڵام ئەگەر لاپەرەكانی مێژووی هاوچەرخی سیاسی كورد و پارتەكانی كورد بە راست و چەپ و ئیسلامیەكانەوە هەڵبدینەوە دەبینین كە بەنیسبەت مەسەلەی پاڵپشتیكردن لە گەلی فەلەستین موبالغەیەكی زۆری تیدایە.
لە هەنگاوێكی نوێدا فەلەستین بڕیاریدا نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە،ئەمەش پرۆژەیەكی بەرفراوانە و بڕیار دراوە كە لە دەڤەری مەخموریش كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارەكانی فەڵەستین دروست بكری،ئەم هەنگاوی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە كە فەلەستینەكان هەوڵدەدن بە زۆر كێشەی خۆیان لە نەتەوە یەكگرتووەكان زەق بكەنەوە و دەوڵەتی فەلەستین رابگەیەنن و سەرۆككۆماری عێراق كە كوردیشە پشتیوانیان لێدەكات، لەكاتێكدا بۆ خۆی دەوڵەتی كوردی بە خەونی شاعیران پێناسە دەكات.
بە ڕای من باشتر بوو كە حكومەتی هەرێم لە بەری ئەو بریارە لە هەوڵی ئەوە دابا بۆ گرنگیدان و ئاسانكاری بۆ برا كوردە جوویەكانی دانیشتووی وڵاتی ئیسرائیل كە ئەمرۆ ژمارەیان زیاتر لە 250 هەزار كەس دەبێ و لە كۆمەڵگەی ئیسرائیلدا نیشتەجێن و سەردەمانێكیش هەموویان لەسەر ئەو خاكە بە زۆر و گوشار و داگیركردنی ماڵ و موڵكەكانیان كۆچیان كردوە و ئێستا هەموو خۆازیاری گەرانەوەن بۆ سەر زێدی و نیشتیمانی خۆیان كوردستان.
پرسی دەوڵەتی كوردی زۆر ئالۆزترە لە مەسەلەی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین،بەڵام مەسەلەی دروستبونی دەوڵەتی كوردی پێش ئەوەی مەسەلەیەكی یاسایی و ئینسانی بێ سیاسیە و هیچ یەك لە وڵاتانی جیهان جگە لە ئیسرائیل پاڵپشتی لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی ناكەن.لە هەمان كاتدا بیركردنەوەی فەلەستینیەكان لەسەر پرسی كورد و خەباتی رەوای كورد زۆر جیاواز نیە لە تورك و فارس و عەرەبێك كە ئینكاری ئەو پرسە دەكەن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە