گەواڵە هەورە چڵكنەكان رووپۆشى ئاسمانیان داپۆشى
Tuesday, 18/05/2010, 12:00
ئەمشەو هەناسەكان لەگەرووى خەمناكدا روو بەدەشتو سارا چەتوونەكان هەنگاو هەڵدەگرن....ئەمشەو روحە پاكەكانى ئاسمان دەستەدەستە روو بەزەوىو زێدى سووتاو قەتارە دەبەستن تا شینو شەپۆڕ بگێڕن لەدەورى گەلێكى بەندو ستەمدیدەى رەنجەڕۆ...گەلێك كەوا هەمیشە سووتووى شەڕى نێوان دەبەنگو هەلپەرستو دیماگۆجو بنەماڵەو هۆزو تیرەى چەرخەبەستوەكانبوە...
ئەمشەو روحى نالىو حاجى قادرى ئاوارەى دوورە وڵات لەگەڵ مەحوىو كوردىو گۆرانو بێكەسو مەلاى جزیرىو ئەحمەدى خانى لەدیوەخانى قەڵەم یەكدەگرن تا پرسەى لاوى جوانەمەرگ ببەستنو بەقەڵەمە رەنگینەكانو وشە جوانەكان .....دەزگا تۆقێنەرەكانى وڵاتى سووتماككراو ریسوابكەن...ئەوانەى بوون بەمۆرانەى دەركى زێدى كوردى ، ئەوانەى بوون بەبایەقوشى ماڵى كوردى، ئەوانەى بوون بەدێوەزمەو جانەوەرى مشەخۆرى دەركى گیانى لاوانى كورد....
ئەمشەو سەرجەم مرۆڤ دۆستەكان ...كیانفیداكان...ئازادیخوازەكان....بەشخوراوەكان....چەوساوەكانى هەموو چاخەكانى مێژووى مرۆڤایەتى بەریز روو بەدیوەخانى قەڵەم بەڕیدەكەون تا پرسەو سەرەخۆۆشى بكەن لەرۆشنبیرانى كوردو، سەرجەم ئەو رەوشە تۆپیوەى دەزگاسیخوڕىو چڵكاوخۆرو كاسەلێسسەكانى دەستەڵات مەحكوم بكەن...
دوێنێ وەك رۆژانى دیكە رەوشى ژین بەرۆتینە تۆپیوەكەدا دەگوزەرا...فەرمانڕەواى كیمیابارانو ئەنفالو شەڕى ناوخۆو دەزگا داپڵۆسێنەرەكان لەسەر تەختە رزیوەكەى وەك بایەقوش دەیخوێند...هەزاران مرۆڤى بێ مافو رەنجەڕۆ، هەزاران بەشخوراو، هەزاران چارەنووس سووتاو، ساتەقورسەكانى ژینیان لەژێر ئەو بەیداخە رەشەدا بەڕێدەكرد، چاوەڕێببوون لێرەو لەوێ دەنگى چەوساوەكان بگاتە گوێى ئەو چەكمەبۆرانەى بەدرێژایى حەفتا ساڵە كورد دەچەوسێننەوەو بەرەوهەڵدێرى دەبەن.... لاوێكى خوێنگەم، رۆڵەیەكى بەئەمەكى رۆشنبیر، گیانفیدایەكى ناوەندى لاوان، بەروحێكى بێگەردەوە، بەهەناسە گەرمو دڵە سافەكەیەوە، بەوشەى كوردى رەسەن، خامەى بریندارى هاتەگۆ تا گوزارشت بكات لەستەمو مافخورانو بەگەڕخستنى دارایى كورد بۆ بنەماڵەو حیزبێكى دۆگماو دیماگۆج، بەڵام لێرەو لەوێ كاسە لێسسەكان، شەمشەمەكوێرەكان، كوردكوژەكانى چەرخى سوتاو، ناپاكەكانى مێژوو، خوێنمژكانى دەستەڵات، كاتێ بینیان تەختى ستەمو دەستەڵاتى رەشى ساڵانى وێڵى دەكەوێتە مەترسیەوە ناپاكانە...دڕندانە....بێبەزەییانە...لەنێوجەرگى رۆژدا هەڵیانكوتایە سەر زانكۆو بەدیار چاوى هەموو دنیاو بەسووكایەتى پێكردنەوە ئەو خوێنگەرمەیان بەكێشكرد روو بەمەیدانى مەرگ، ئەوان بەمێشكى بۆگەنو رزیوى خۆیان وایاندەزانى دەتوانن ئەو ویستە خامۆش بكەن، ئەوان بەسەرگەردانى خۆیان وایاندەزانى دەتوانن رۆحى بەربەرەكانى تێدا بمرێنن، بەڵام ئەو هێزەى لەنێو ناخى ئەو لاوەدا دنەى دەدا و پڕ بەدەنگ هاواریدەكردو دەیگوت"تاكەى ئەسیرو بەندى دەستى ئێوەبین ، تاكەى یارى بەچارەنووسمان بكەن، ئێوە وا بۆ حەفتا ساڵە كورد بەرەو هەڵدێر دەبەن....ئێمە هەمیشە قوربانى دەستى هەڵەكانى ئێوەبووین، ئێوەى ئاغاو ئێمەى رەنجبەر، ئێوەى مفخۆرو ئێمەى بێبەش، ئێوەى خاوەن چەكمەو زەبروزەنگو ئێمەى بێدەستەڵاتو سینەساف، ئێوەى خاوەن شەڕى ناخۆو كاسەلێسى ئەم وڵاتو ئەو وڵات ، ئێمەى وڵاتپەروەرو بەئەمەك، لەو رۆژەوە كوردستان ئێوەى ناسیوە رۆژێكى خۆشى بەئارامى نەگوزەراندوە....! دەڵێ ئێوە ئەو چارەنووسە بەدەن كەهەرگێز لەئەستۆى كوردى نابێتەوە....ئێوەو دەزگا تۆقێنەرەكان هەزاران لاوى خوێنگەرمتان دەربەدەرو ئاوارەى وڵاتكرد، هەر ئێوەبوون چەرخە رزیوەكانتان زیندوو كردەوەو ماڵى ساردو سڕو گیرفانى خاڵىو بێكارىو بێنەوتىو بێخزمەتگوزارىو هەموو رەوشێكى دزێوتان بڵاوكردەوە....هەر ئێوەبوون سامانو گەنجى كوردتان بۆخۆتانو چەند سەد كەسێك بەگەڕخستنو بوون بەو سێبەرەى كەوا وەك مۆتەكە بەدووى كوردەوەیەو لێنابێتەوە....ئێوەو بنەماڵەو حیزبەكانتان بوون بەكۆسپى بەردەم هەموو گۆڕانێك....ئێوە تاپۆى كوردستانتان خستەگیرفانى خۆتانو بەرووكەش لەبەرگى كەسانى رێزداردا بەدەركەوتنو بەڵام لەراستیدا ئێوە دڕندەبوونو دەبوو وەك ئاژەڵە دڕندەكان بەند بكرێن...ئێوەى دەروون نەخۆش....ئێوەى نامەردو كورد فرۆش...ئێوەى جەردەى گەورەى دەركى وڵات....ئێوەى خۆبەشتزانو لەواقعدا هیچ نەبوو....ئێوەى كێوى شاخو هەرد...ئێوەى بنەماڵەو كاریزمپەرست....! وانەزانن دەتوانن خامۆشو بێدەنگم بكەن....من یەكێكم لەهەزاران چەوساوەو بێماف ، من یەكێكم هەزارانى دى دواى من دێتو دەبێت بەچقڵى چاوتان، دەبێ بەكۆسپى بەردەم مەرامە گڵاوەكانتان....هەزاران رۆشنبیر، بەئەمەك، كوردپەروەر، كیانفیدا دەڵێ: بیڕوخێنن قەڵاى ستەم ، كۆشكەكانیان، ماڵەكانیان، دەزگاكانیان، پیاوەكانیان، بارەگاكانیان، چارەنووسیان بگەیەنن بەچارەنووسى گەورەى گۆڕبەگۆڕى پێشوو ....هەزاران چەوساوە لەدواى منەوە دەڕژێنە سەر شەقامەكان، كونجو كەلەبەرەكان، بەیەك دەنگ ، بەیەك جلو بەرگ ، بەیەك دروشم ، نا بۆ ئێوەى تاوانبار، نا بۆ بنەمالًَەو حیزبى كاریزمپەرست، نا بۆ جەردەو بەگەڕخەرانى دارایى وڵات بۆ خزمەتى خۆیانو خانەوادەو كاسەلێسەكانیان، نا بۆ دەوڵەتى نا یاسایى، نا بۆ نەبوونى یاسا....نا بۆ پەرلەمانێكى تۆپیوى بێهەڵوێست....نا بۆ نەبوونى ئازادى.... نا بۆ ئەوەى سووكایەتى بەرۆڵەى ئەم گەلە دەكات...لەهەموو كونجو كەلەبەرێكى ئەم زێدەوە خەڵكى دەڕژێنە سەرشەقامەكانو ئەو تەلارە ستەمبەندانەتان دەڕوخێنن، ئەو كۆشكە قایمو شورابەندانەتان دەترازێنن، ترسو بیم بەرۆكتان بەرنادات...هەمیشە سێببەرى خوێنى منو چەندین قوربانى دیكەو رۆڵەى بەئەمەكى ئەم گەلە بەدووتانەوە دەبێت... "
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست