کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌گه‌ر سه‌ندیكای‌ پارێزه‌ران وا هه‌ڵبژاردن بكات، گله‌یی‌ چی‌ له‌ ڕێكخراوه‌كانی‌ تر بكه‌ین؟!

Saturday, 24/07/2010, 12:00


ماوه‌یه‌كه‌ كۆنگره‌ی‌ حزب و ڕێكخراوه‌كان گه‌رم و گوڕی‌ زۆری‌ تێكه‌وتووه‌ و له‌ ماوه‌ی‌ ساڵی‌ 2010 دا چه‌ندین حزب و ڕێكخراو و سه‌ندیكا كۆنگره‌ی‌ خۆیان ئه‌نجامدا و پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ستافه‌كانیان به‌ڕێوه‌برد، ئه‌م كۆنگرانه‌ خۆی‌ له‌خۆیدا كارێكی‌ شارستانیین و هه‌نگاوێكی‌ باشن بۆ خۆڕێكخستنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی‌ ژیانی‌ مه‌ده‌نی‌.
به‌ڵام بێگومان هیچ كام له‌م كۆنگرانه‌ بێ‌ كه‌م و كوڕی‌ نه‌بوون، زۆربه‌یان به‌جۆرێك نه‌خشه‌یان بۆ كێشرابوو كه‌ به‌ ئه‌نجامێكی‌ دیاریكراو ته‌واو ببن، واته‌ ئه‌نجامه‌كان به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ندێ‌ له‌م كۆنگرانه‌ دیاری‌ كرابوون.
هه‌نگاوه‌كانی‌ ئاماده‌سازیی‌ كۆنگره‌ و شێوه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ و دیاریكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ و سیستمی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ستافی‌ سه‌ركردایه‌تی‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری‌ ڕاسته‌وخۆیان ده‌بێت له‌سه‌ر جۆری‌ كۆنگره‌كه‌ و ده‌ره‌نجامه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی‌.
ئه‌گه‌ر واز له‌ كۆنگره‌ی‌ حیزبه‌كان بێنین و جه‌خت بكه‌ینه‌ سه‌ر كۆنگره‌ی‌ ڕێكخراو و سه‌ندیكاكان، ده‌بینین له‌و ناوه‌نده‌ مه‌ده‌نیانه‌شدا كه‌ سیمای‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نیین له‌ جیاتی‌ په‌ره‌پێدانی‌ پێوه‌ره‌ شارستانییه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و ستانده‌ر بوون و حاڵه‌تی‌ ئاسایی‌، كه‌چی‌ هه‌ست به‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كرێت و ئه‌و ڕێكخراو و سه‌ندیكایانه‌ش نه‌یانتوانی‌ ببنه‌ نموونه‌یه‌كی‌ جوان.
له‌ هه‌فته‌ی‌ ڕابردوودا كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتی نووسه‌ران بینرا چۆن به‌ڕێوه‌بردرا و به‌ چ ئه‌نجامێك گه‌یه‌نرا، یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستانیش خه‌ریكی‌ ئاماده‌ سازیین بۆ كۆنگره‌و هه‌ر له‌ ئیستاوه‌ له‌سه‌ر شێوازی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ و بازنه‌كان مه‌ترسی‌ دروست بووه‌، له‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتووشدا بڕیار وایه‌ سه‌ندیكای‌ پارێزه‌رانی‌ كوردستان له‌ ڕۆژی‌ 25/7 له‌هه‌ر چوار پارێزگای‌ (هه‌ولێر، سلێمانی‌، دهۆك ‌و كه‌ركوك) هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ن بۆ دیاریكردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ سه‌ندیكا و نه‌قیبی‌ پارێزه‌رانی‌ كوردستان.
پارێزه‌ران كه‌ چینێكی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگان له‌ رووی‌ شایسته‌یی‌ و مافپه‌روه‌ریی‌ و دادخوازبی‌، وایان لێ‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا پرۆسه‌یه‌كی‌ نموونه‌یی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ ئازاد و قۆرخ نه‌كراو به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، كه‌چی‌ مخابن بڕیار دراوه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یان به‌ سیستمی‌ لیستی‌ داخراو به‌ڕێوه‌ بچێت، لیسته‌كه‌شیان برابه‌ش ئاماده‌ كردووه‌، كه‌ تیایدا سه‌رجه‌م كورسییه‌كان له‌ نێوان پارتی‌ و یه‌كێتی‌ دابه‌ش كردوون و بۆ تام و بۆنیش یه‌ك كورسییان داوه‌ به‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌، هه‌ر له‌ ئێستاشه‌وه‌ بڕیاریان داوه‌ فڵانه‌كه‌سی‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ ده‌بێته‌ نه‌قیبی‌ پارێزه‌ران و فڵانه‌كه‌سی‌ پارتییش ده‌بێته‌ جێگری‌.
سه‌ره‌تا ئێمه‌ی‌ پارێزه‌ران دڵمان خۆش بوو به‌م هه‌نگاوه‌ی‌ سه‌ندیكا كه‌ كۆنگره‌ و هه‌ڵبژاردنی‌ له‌یه‌ك جیا كرده‌وه‌ به‌وه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌ك پێشتر كۆنگره‌ی‌ سازدا و كرداری‌ هه‌ڵبژادرنی‌ نه‌كرده‌ یه‌كێك له‌ كاره‌كانی‌ كۆنگره‌، به‌ڵكو بڕیاردرا هه‌ڵبژاردن دوای‌ كۆنگره‌ و له‌ هه‌موو لقه‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت و سه‌رجه‌م پارێزه‌رانی‌ كوردستان مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌بێت بۆ دیاریكردنی‌ نوێنه‌ره‌كانی‌ خۆیان له‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ سه‌ندیكا.
به‌ڵام په‌یڕه‌و كردنی‌ سیستمی‌ لیستی‌ داخراوی‌ حزبی‌ و حزباندنی‌ پڕۆسه‌كه‌ پارێزه‌ره‌ بێلایه‌نه‌كان و ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ تووشی شۆك كرد له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌م سوكایه‌تییه‌ به‌ پیشه‌ی‌ پارێزه‌رایه‌تی‌ و ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵبژاردنه‌ له‌و چینه‌ دادخواز و مافپه‌روه‌ره‌ ناوه‌شێته‌وه‌، نه‌ده‌بوایه‌ ڕێگه‌ بدرێت كاریگه‌ری‌ حزب به‌م جۆره‌ زه‌قه‌ له‌ سه‌ندیكایه‌كی‌ پیشه‌یی‌ سه‌رهه‌ڵبدات و ئه‌م جۆره‌ قۆرخكردنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن هیچ خزمه‌تێك به‌ ئه‌زموونی‌ سیاسیی و مه‌ده‌نی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناكات و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش ئێمه‌ وه‌كو پارێزه‌رانی‌ لایه‌نگری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان شانبه‌شانی‌ پارێزه‌ره‌ بێلایه‌نه‌كان بایكۆتی‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌كه‌ین و به‌شداریی‌ ناكه‌ین له‌ پڕۆسه‌یه‌كی‌ له‌م جۆره.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە