کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پەیامی بەرەی_یەکگرتووی_کورد بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن

Tuesday, 08/03/2022, 20:38


پتر لە سەدەیەکە 8ی مارس وەکو سیمبۆل و ڕەمزی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنان، دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی چینایەتییە. ڕۆژی پشتگیریی و داکۆکی و هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی مافی یەکسان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و دەستەبەرکردنی هەلومەرجی باشترە لە ژیانی ژناندا.
سەڕەڕای هەوڵ و تێکۆشانی بێوچان و بەردەوامی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز، هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، لە نێو چوارچێوەی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و خێزان و شوێنی کار و هتد؛ ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و یاساگەلی مەزهەبی و پیاوسالاریی دژی ژن، مافی ڕەوای ژنان پێشێل دەکەن.
"بەرەی یەکگرتووی کورد" خوازیاری کومەڵگایەکی یەکسانە. کومەڵگایەک کە دەرفەتی یەکسان بۆ گەشە و پێشکەوتنی هەموو تاکەکانی کومەڵگا بڕەخسێنێ. بۆ ئەم ئامانجە تێدەکۆشین و لە تێکوشانمان بەردەوام دەبین.
بەم بۆنەوە هیوادارین هەموو ژنانی کوردستان، بەتایبەت ژنانی تێکۆشەر و مافخواز، خواستەکانیان کە مافی بێئەملاولای خۆیانە وەدی بێ و ئاشکرایە وەدیهاتنی مافەکانی ئەوان، دەبێتە هۆی بەختەوەری و گەشانەوەی کۆمەڵگە. هەر لەم ڕۆژەدا سڵاوی تایبەت دەنێرین بۆ خاتوو زارای محەممەدی و ئەو تێکۆشەرانەی کورد، کە لەپێناوی بیروباوەڕی یەکسانیخوازی و نەتەوایەتییەکانیاندا بەند کراون بەڵام بە ورەی بەرزەوە لەسەر بیروبڕواکانیان قورس و قایم ڕاوەستاون.
بەشداریی ژنان لە جووڵانەوە سڤیل، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و هەروەها هاوبەشییان لە ناڕەزایەتییە مەدەنی و پیشەییە جۆراوجۆرەکاندا، هیوابەخش و جێی سپاس و پێزانینە و دەرخەری ئەم ڕاستییەشە کە ژنانی کورد بەشێلگیرییەوە خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی و یەکسانیخوازیی درێژە دەدەن.
"بەرەی یەکگرتووی کورد" پیرۆزبایی 8ی مارس وەکو هێمای خەبات و تێکۆشانی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز دەکات و هەروەها هەوڵ و خەباتی تێکۆشەرانی ئەم بوارە بەرز دەنرخێنێ و گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی تێکوشەر و ئازادیخواز و بەتایبەت ژنانی کوردستان دەکەین.
پیرۆزبێ 8مارس ڕۆژی جیهانی ژن
بەرەی یەکگرتووی کورد
٧ی مارسی ٢٠٢٢ زاینی
١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ هەتاوی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە