با دادگاكان نەبنە مۆدێلێكیی نوێی بۆ بێدەنگ كردنی رۆژنامەنوسان .
Tuesday, 14/04/2009, 12:00
ئاشكرایە ماوەیەكە سكاڵا تۆماركردن دژی رۆژنامەنوسان بۆتە مۆدێلێكی دیار، كە زۆرینەی سكاڵاكان لە لایەن بەرپرسان وكەسانی نزیكیانەوەن.
ئێمە وەك یانەی رۆژنامەنوسانی هەلەَبجە نیگەرانین لە دەركەوتنی ئەم مۆدێلە و بەكارهێنانی دادگا وەك یەكەم چەك و دوا چەكی بەرگری لە خۆكردن،كە زیاتر كەسانی ناو دەسەڵات لەپشت ئەم سكاڵایانەوەن،لەكاتێكدا بوار هەیە بۆ وەڵامدانەوە و رەدكردنەوەی زۆرینەی نوسراوەكان لە كەناڵە راگەیاندنەكانەوە.
ئێمە لە كاتێكدا ئەمە دەڵێین بڕوای تەواومان بە مافی بەرامبەر و پەیرەوكردنی دەقە یاساییە هاوچەرخەكان هەیە بۆ گێرانەوەی مافی پێشێلكراوی هەر كەسێك كە هەست بە مافخوراوی و ناو زڕاندن بكات.بەڵام لە هەمان كاتدا ئێمە بەگومانین لە چۆنیەتی و بێلایەنی دادگاكان لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەكاندا،كە زۆرینەی دۆسیەكان بە زیانی رۆژنامەنوسان كۆتای پێدەهێنرێت.وە ئەوەشمان لا روونە لە ووڵاتێكدا كە گەندەڵی زۆرینەی كایەكانی تەنیوە، تا ئێستا تاقە دادوەرێك نە لەسەر گەندەڵی یان دژە گەندەڵی لانەبراوە و دەستی لەكار نەكێشاوەتەوە.
بۆیە ئێمە وەك یانەی رۆژنامەنوسانی هەڵەبجە،ئەو سكاڵایەی دژی بە نوسراوەكەی گۆڤاری لڤین تۆماركراوە،بە هەوڵێكی شەرمنانە دەزانین بۆ دروستكردنی گرفت لەبەردەم پرۆسەی نوسینی ئازاد و رەخنەی بونیاتنەرانەدا.
لێرەوە داواكارین ،كە پێویستە چیتر دادگاكان بێلایەنی خۆیان بپارێزن وبڕیارەكانیان بەرامبەر رۆژنامەنوسان عادیلانەبێت،لە بەرژەوەندی راستی بێت نەك بەرژەوەندی دەسەڵات.
لە كۆتایدا وەك رۆژنامەنووسانی هەڵەبجە رووی دەممان دەكەینە داواكاری گشتی هەڵەبجە گەر تائێستا نەیزانیبێت كاری چی یە،ئەوا ئەركی خۆیەتی لەو دۆسیانەی مافی گشتیان تیا پێشێلكراوە،لە دۆسیەیەكی وەك نوسینەكەی گۆاڤاری لڤیندا ،قسەو لێكۆڵینەوەی خۆی هەبێت .تا چیتر پیرۆزی بۆ دادگاكان بگەرێتەوە و دادگاو دادوەرەكانی ئەم هەرێمە نەبنە چیرۆك ووشەی گاڵتە جاڕی و نەوەی نوێ كۆمەڵكاگەمان بیانڵێنەوە.
یانەی رۆژنامەنوسانی هەڵەبجە
14/4/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست