کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پیلانی زه‌بونانه‌ی رژێمی ئیسلامی ئێران له‌دژی ئۆپۆزیسیۆن مه‌حکومه‌!

Friday, 18/12/2009, 12:00


به‌پێی راگه‌یاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران-حیمکه‌تیست، جمهوری ئیسلامی ئێران پیلانێکی دژی هه‌ڵسوڕاوانی سیاسی و رابه‌ران و چالاکوانانی ئۆپۆزیسیۆن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات داڕشتوه‌ که‌ ده‌یه‌وێ له‌رێگای پۆلیسی نێو ده‌وڵه‌تی(ئینته‌رپوڵ)ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ی به‌رێت. بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ جمهوری ئیسلامی تۆمه‌تی تیرۆرو تاوانی رێکخراوی داوه‌ته‌پاڵ ئه‌و که‌سانه‌و داوای له‌ ئینته‌رپوڵ کردوه‌ بۆ ده‌ستگیرکردنیان. پۆلیسی ئه‌نته‌رپوڵیش ره‌سمی ئه‌وکه‌سانه‌یان وه‌کو که‌سانی مه‌تڵوب(wanted) بڵاوکردۆته‌وه‌ تا له‌ورێگایه‌وه‌ بتوانن شوێن وجێگایان په‌یدابکه‌ن و ده‌ستگیریان بکه‌ن. دیاره‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م پیلانه‌ی رژێمی ئیسلامی ئیڕان و ئه‌م هاوکاریه‌ کوێرو ئه‌حمه‌قانه‌یه‌ی ئینته‌رپول سه‌ربگرێ ئه‌وا ئه‌گه‌ری ته‌سلیمکردنه‌وه‌یان به‌ رژێمی تیرۆریستی ئێران ئه‌گه‌رێکی کراوه‌ده‌بێت! ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌تائێستا له‌لایه‌ن پۆلیسی ئینته‌رپوله‌وه‌ ره‌سمیان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و بۆیان ده‌گه‌ڕێن: کوروشی موده‌ریسی سکرتێری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران-حیکمه‌تیست و ژماره‌یه‌کی دیکه‌ له‌ ئه‌ندامانی رابه‌ری و کادره‌ ناسراوه‌کانی ئه‌و حیزبه‌ی تێدایه‌.

بێگومان ئه‌م پیلانه‌ی رژێمی تیرۆرپه‌روه‌ری ئێران له‌دژی رابه‌ران و هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی کرێکاری و تێکۆشه‌رانی ئازادیخوازو یه‌کسانیخواز تایبه‌تی وسه‌رجه‌م ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئه‌م رژێمه‌ به‌گشتی، که‌ له‌رێگای پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ده‌یباته‌پێش، بۆئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌ستی سه‌رکوتی ئه‌م رژێمه‌ هارو درنده‌یه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتیش و هیچ شوێنێکی ئارام بۆ نه‌یارانی سیاسی رژێمه‌که‌ی نه‌هێڵێته‌وه‌. هاوکات په‌یامێکیش به‌ خه‌ڵکی ئازادیخوازو نارازی ناوخۆی ئێران بدات که‌ بێجگه‌ له‌ ته‌سلیمبوون و ملدان به‌رژێمه‌ دژی به‌شه‌ر‌یه‌که‌ی ئه‌و هیچ رێگایه‌کی تریان له‌پێش نیه‌! ئه‌گه‌ر رژێمی سه‌رکوتگه‌ری ئیسلامی ئێران له‌ناوخۆی ‌ئێران به‌ زه‌بری کوشتار و زیندان و سێداره‌ هه‌ڵسوڕاوانی کرێکاری وکۆمۆنیستی و خه‌ڵکی ئازادیخوازو ناڕازی و نه‌یاره‌ سیاسه‌کانی خۆی بێده‌نگ ده‌کات و له‌ناویان ده‌بات، ئه‌وا ئێستا به‌هاوکاری ئینته‌رپوڵ ده‌یه‌وێ ده‌ستی ده‌زگای سه‌رکوت وداپڵۆسین و تیرۆری بگه‌یه‌نێته‌ نه‌یارانی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی خۆی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتیش!

ئه‌گه‌ر ئه‌م پیلانه‌ی رژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران سه‌ربگرێ، نه‌ك کۆمه‌ڵێک ئینسانی ئازادیخوازو یه‌کسانیخوازو تێکۆشه‌ری رێگای ئازادیی چینی کرێکارو ئازادیخوازی و ئینسانیه‌ت له‌ئێران روبه‌روی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بێته‌ پێشینه‌یه‌کی مه‌ترسیدار بۆ هه‌موو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵات و له‌مه‌ش ترسناکتر ده‌بێته‌‌ کارتێکی ده‌ستی هه‌موو رژێمه‌ سه‌رکوتگه‌ر و دڕنده‌و دژی ئازادی و دژه‌ ئینسانیه‌کانی دیکه‌ی دنیا که‌ ئارامی و ئاسایشی ژیانی نه‌یارانی سیاسی خۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی خۆشیان هه‌ڵگرن. به‌مجۆره‌ هیچ شوێنێکی ئارام بۆ ئه‌و که‌سانه‌ نا‌مێنێته‌وه‌ که‌ به‌هۆی بیروباوه‌ڕو هه‌ڵسوڕانی سیاسیانه‌وه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی زیندان و سێداره‌دان!

وه‌ستانه‌وه‌ به‌دژی ئه‌م پیلانه‌ دزێو قێزه‌ونه‌ی رژێمی تیرۆریستی ئیسلامی ئێران له‌دژی هه‌ڵسوراوانی کۆمۆنیستی کرێکاری و سه‌رجه‌م ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئه‌و رژێمه‌ ئه‌رکی هه‌موو که‌س و لایه‌نێکی ئازادیخوازو ئینسادۆسته‌ له‌ هه‌رجێگایه‌کی ئه‌م جیهانه‌دا بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی که‌خۆیان قوربانی سته‌م و سه‌رکوت و داپڵۆسینی رژێمه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کانن و یاخود له‌دژی سه‌رکوت و بێمافی و له‌پێناوی و ئازادی و یه‌کسانی و مافه‌ ئینسانی ومه‌ده‌نیه‌کان خه‌بات ده‌که‌ن.

ئێمه‌ له‌حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان- رێکخراوی ده‌ره‌وه،‌ که‌ زۆر به‌ قووڵی خه‌ته‌ری ئه‌م پیلانه‌ی رژێمی ئیڕان هه‌ست پێده‌که‌ین، به‌وپه‌ڕی توانامانه‌وه‌ تێده‌کۆشین بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌م پیلانه‌و داواش له‌ هه‌موو که‌سایه‌تی سیاسی و ده‌زگاو رێکخراوه‌ ئیساندۆسته‌کان و لایه‌ن و حیزبه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان و دنیاش ده‌که‌ین که‌ لایه‌نگری ئازادی هه‌ڵسوڕانی سیاسی و ئازادیی بیروباوه‌ڕن، به‌وپه‌ڕی لێبڕاویه‌وه‌ و به‌شێوازی خۆیان کاربکه‌ن بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و پیلانه‌ی رژێمی ئیسلامی ئیران له‌دژی ئۆپۆزیسیۆن و رووی ناره‌زایه‌تیه‌کانیان بکه‌نه‌ پۆلیسی ئینته‌رپوڵ و جمهوری ئیسلامی ئێران یان سه‌فاره‌تخانه‌کانی ئه‌و رژێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات.

رێکخراوی ده‌ره‌وه‌ی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان 18-12-2009


Email:[email protected]     TEL:00447853243011    web: www.hkkurdistan.org

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە