پیرۆز ئەى خەڵكى سلێمانىو ناوچەكانى دیكە
Tuesday, 22/02/2011, 12:00
پیرۆز ئەى خەڵكى سلێمانىو ناوچەكانى دیكە
وەك خوشكى سێ شەهیدو 130 قوربانى لەشزامار
ئەگەر بۆ نەوەى سوركێوو شێرزادو ریژوان ئەم كارە تیرۆریستییەى پارتى وەك شاهید عەییانێك نامۆ بێت، ئەوا بۆ ئێمە كە نەوەى نەوەدەكانین لامان بووەتە كارێكى عادەتى پارتى بەناو دیمۆكرات، ئەو دەمەى شەڕى براكوژى بوو بە زمانى ئیعلامى ئەو سەردەمە شەڕى جەلالىو جاشەكلك زەردەكان، من خوێندكارى پێنجى ئامادەیى بووم، بە چاوى خۆم جەنازەى چەندین شەهیدم بینى كە بە تەیارە جەنگییەكانى توركیا گۆشتو ئیسقانیان لەناو یەكدا توابووەوە، تەنانەت جەستەیان هێندە شێوابوو بەبێ شتن كفنودفنكران، ئەوان 25 قارەمانى یەكێتى دێرین بوون، ئەو یەكێیتیەى هەرگیز سەرى بۆ هیچ دوژمنێك شۆڕنەدەكرد، ئەو یەكێتییەى خاوەنى خوێنو خاوەنى نیشتمانو خاوەنى شەرەف بوو، وەك ئێستا تەنها خاوەنى مەلا بەختیارو بەرهەم ێالەح نەبوو، یەكێتى دێرین خاوەنى هەموو شتێك بوو جگەلە ترسنۆكىو سەرشۆڕىو دزىو خایەنەتى نیشتمانىو سیاسى، مەخابن ئێستا لەناو ماڵى یەكێتیدا كۆمەڵێك بودەڵەو وردە مشەخۆر سەوز دەبن، منو چەندانى وەك من كە عاشقى داستانە ئەفسانەئاساییەكانى یەكێتى بووین، لەوانەوە ئەو دروشمەمان وەردەگرت بلێین: لە سایەى عزەتى نەفسم سەر بۆ هیچ كەس نەوى ناكەم، بەڵام ئێستا كە شەریكە دزى پارتى بەناو دیمۆكراتە، سەر بۆ هەموو نەوتو سامانو موڵكدزێكى ئەم وڵاتە شۆردەكات.
نەوەى سوركێوو شێرزادو رێژوان شاهید عەیانى 31 ئاب نەبوون وەلێ ژمارەیەكى مەشهورەو پەڵەیەكى رەشى پارتى بەناو دیمۆكراتە لە بیرەوەرى مندا، پارتى ئەوكات خاوەنى میلیشیاى زێرەڤانى نەبوو ئەو دەمە ئەو دەبابانەى هێنایەوە بۆ سەر خەڵكى سلێمانى كە هەزاران پێشمەرگە گیانیان كردە قوربانى بۆ دەرپەڕاندنیان بەڵام پارتى دیكتاتۆر نامەسئولانە چاوى دایكە رەپۆشەكانى سلێمانى ئاشناكردەوە بەو دەبابانە، ئەمەى دەینوسم یان دەیڵێم نە زمانى زبرو نە ناوزڕاندنە بەڵكو پەڵەیەكى رەش رەشى مێژووى پارتییە.
ئەمرۆش وەكئەوەى هێشتا ئەو زامە لە دەرونماندا سارێژنەبووبێت، وەك بڵێى پارتى بەردەوام نەوەكان بە رەفتارە تۆقێنەرەكانى بناسێنێت، وەكئەوەى نەبادا چرۆیەكى ئازادى، دەنگێكى بوێر سەرهەڵبدات سەرەتا بە تەقە دژى هاوڵاتیان دواتر بە هەڕەشەو گوڕەشەى فازیل میرانى " بە بڕینەوەى دەستێك دەستیان بۆ بەرێت"، دواتریش بە هێنانى هێزى میلیشیاى زێرەڤانى، وێڕاى هەموو ئەمانەش بەكارهێنانى راگەیاندنى چەواشەكارانەو شێواندنى راستییەكانو ناونانى خۆپیشاندەرانى سلێمانى بە تێكدەرانو ئاژاوەگێڕان تەنانەت تاڵانكردنیش.
دیسان گویكانمان بەوەش راهاتووە كە بۆ هەر تراژیدیایەك پارتى دەیخوڵقێنێت دەموچاوێك بە بزەیەكى دوژمانكاریانەوە لەژێر ناوى كۆنگرەى رۆژنامەوانى دێتو دەڵیێت ئێمە بێبەرین لەوە، وەكئەوەى ئەمنییەتى ئەم شارە لەژێر سولتەى گورگئاساكانى ئەودا نەبێت، دێتو رۆژنامەنوسان دەفڕێنن بێكەسكوژى دەكەن، قەتڵوعامى مرۆڤگەلێك دەكەن كە تەنها دەڵێن نا بۆ دەسەڵاتى گەندەڵ، بەڵام دواجار دێتو دەڵێت ئێمە باوكى رۆحى ئەم نیشتمانەین..!! ئەم سیتمەى پارتى بەناو دیمۆكرات لاى هیچ تاكێكى كورد شاراوەو پەنهان نییە، مەگەر كەسێك كە هێشتا هەڵگرى ئەو كەڵتورە بێت خۆى بە بچوكو دەسەڵات بە زانا، خۆى بە خزمەتكارى دەسەڵاتو دەسەڵات بە خزمەتكراو بزانێت، ئا لێرەوە وەك هاووڵاتیەكى شارى هەڵمەتو قوربانى، وەك خوشكێكى هەرسێ شەهیدى خوێندكارى جوانەمەرگ سوركیوو شێرزادو ریژوان گیان وەك خوشكى 130 قوربانیانو لەشزامارى 17/18/19 شوبات ئەم دەنگە بڵندە پڕ شكۆى ئازادیە، ئەم مێژووە سورەى شارى سلێمانى كە هەمیشە رێچكەبەستى گۆڕانو سەربەستییە، ئەم یەكهەڵوێستییەى گەنجو لاوو پیرو مێردمناڵو كاسبو مامۆستاو دادوەرو مافناسو پاریزەرو فەرمانبەرو نوسەرو هونەرمەندانو رۆشنبیرانى بە گشتى شارى سلێمانىو بە تایبەتى زۆرینەى ناوچەكانى كوردستانو رەوەندى دەرەوەى كوردستان بەرزو پیرۆز دەنرخێنم، بێشك ئەم یەكدەنگىو قبوڵنەكردنى كوشتنو توندوتیژىو ئیهانەكردنە مژدەى هاتنى ساتەوەختێكى زێڕینى پێیە، كە تیایدا مافى تاك پاریزراو بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست