پەيمانگەی زانستە ئيسلامیيەكان - شوێنێك بۆ فهسادیی و خیانەت
Wednesday, 23/10/2013, 12:00
پەیمانگەی زانستە ئیسلامیەكان ناوەندى - ئێوارانى هەولێر، ئەم پەیمانگایە بە ناوی ئیسلامەوە کراوەتەوە، روویەکی ناشرین بە ئیسلام دەدات، یەکەم لەبەر ئەوەی دەستی دەوڵەتانی دەرەوەی تێدایە وەک تورکیا و سعودیە، کە لەم رێگایەوە و بەناوی ئیسلامەوە کۆمەڵگا فەساد دەکەن، هەروەها کاری قێزەوەندی سێکسی تێدا رێک دەخرێت، کە لە گێڕانەوەیدا رەنگە زۆر کەس وا بزانێت بۆیان هەڵبەستراوە. ئەم پەیمانگایە دەكەوێتە پشت مەزگەوتى خەدیجەى كوبراى سەر سەد مەترى. ماوەى چەند ساڵێكە لەلایەن وەزارەتى ئەوقاف و كاروبارى ئاینى حكومەتى هەرێمى كوردستان و چەند مەلایەكەوە دامەزراوە.
(مەریوان نەقشبەندی) یەکیکە لەو کەسانەی پاڵپشتی ئەم پەیمانگایە دەکات، هەرچەندە بەسەرزارەکی وا پیساننادات، لەلایەن دەوڵەتی سعودییەشەوە پاڵپشتی لیدەکرێت.
مەریوان نەقشبەندی یەکێکە لە خەتەرناکترین کەسایەتیی بەناو ئیسلامی، نەک لە ناو ئەم پەیمانگایەدا، بەڵکو لە پلاندانانی فەسادکردنی کۆمەڵگا بەناوی ئیسلام و لە ریگای ئەو پۆستەی کە لە وەزارەتی ئەوقافدا هەیەتی). بەردەوام ئەم نوێنەری حکومەت و وەزارەت دەکات بۆ سعودییە و بەناوی زیارەتی حەجە و عەمرەوە دەچێتە سعودییە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ موخابەرانی سعودییە و کاربەدەستانی ئەو وڵاتەدا هەیە. بەشێك لەو مەلایانە رابردوویەكى خراپى سەلەفى و وەهابیان هەیە، دەستیان هەیە لە پێگەیاندنى كەسانى دژ بە كوردستان و بیرى كوردایەتى. بۆ نمونە هاندان بۆ دوورکەوتنەوە لە نووسینی کوردی و تەنانەت قسەکردن بە کوردی، گوایە لەو دنیا زیندوو دەبینەوە دەبێت هەموو عەرەبی بزانین و بە عەرەبی قسە بکەین، تەنانەت دەڵین لەو دنیا ئەگەر بە کوردی قسە بکەیت خوا زمانت بە ئاگری جەهەنەم داخ دەکات، هەروەها هانی خەڵکی دەدەن، کە جلکی کوردی لەبەر نەکەن، گاڵتە بە جلوبەرگ و زمانی کوردی دەکەن، کە زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەند نییە و ناتوانیت هیچی لیوە فێر بیت، بەڵکو عەرەبی زمانی پێغەمبەر و خواش قسەی پیدەکات.
هەندێكى دیكەیان، كە دەرچوى زانكۆكانى یەمەن و سودان و سعودیەن بە ئاشكرا دژى پرەنسیپە نەتەوەیى و نیشتمانیەكان دەوەستنەوە، بۆ نموونە هەندێك لەو مەلایانە، كە بە دژداشە و مێزەرى عەرەبیەوە دەوام دەكەن! لە بارەى جەژنى نەورۆز و بۆنە نەتەوەییەكان قسەى زۆر ژەهراوى فڕێ دەدەن و لە ناو پۆلى وانە وتنەوەشدا بە ئاشكرا دژایەتى ئەم چەمكانە دەكەن و ئەم بۆنانە بە دژ بە ئایینى ئیسلام وەسفدەكەن.
دیارە هەر لە سەرەتاوە حكومەتى هەرێم و سەرۆكایەتى هەرێم رازی نەبوون بە كردنەوەى ئەم پەیمانگەیە، چونكە تا ئێستا ئەوان دڵنیانین لە ئاڕاستەدانى ئەجنداى دینى پەیمانگەكە، بۆیە تاكو ئێستا لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاو پەروەردەوە ددان نەنراوە بە بڕوانامەى مامۆستاكانیان، هەروەها بڕوانامەى دەرچوانى پەیمانگەكەش ددانی پێدانەنراوە، بەڵام بەڕیوەبەرانی ئەم پەیمانگایە خەمیان نییە چونکە لە وڵاتانی دیکەوە پشتگیری دەکرێن و یارمەتی کۆمەکی مادییان بۆ دێت، دیسان بە هۆى مەلا بەشیرى ئەندام پەرلەمان و خەتى وەهابى ناو پەرلەمانى كوردستان توانیویانە جێگەى خۆیان بكەنەوە، وەزیرى ئەوقافیش، كە سەر بە بزوتنەوەى ئیسلامییە راستەوخۆ پشتگیرى ئەم پرۆژەیە دەكات، ئەمەش بۆ ئەوەیە تا مەلا و وەهابى و سەلەفیەكانى خۆیان پێبكەنە خاوەن بڕوانامە. لەو بوارەشدا تەخسیریان نەكردووە و ساڵانە زۆرێك لەو دەرچوانە دەنێرنە مزگەوت و شوێنە ئایینیەكانى دیكەى كوردستان بۆ ئەوەى ببنە وتاربێژ لە مزگەوتەكاندا دژی کورد و ناسنامەی کوردبوونمان قسە و خیتابی خراپ بە گوێی نویژکەرەکاندا بدەن، ئەمانە پلانی زۆر مەترسیداریان بەدەستەوەیە، ئەگەر ئێمەی کورد ئاگادار نەبین، لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا کۆمەڵگاکەمان دەبێتە کۆمەڵگایەتی ئەفغانیی و دواکەوتوو و دڕندە و مرۆڤکوژ. جگە لەوەیش هەموو ئەم پلانانە بە هاوكارى سەرۆكى پەیمانگە دكتۆر محەمەد ئیبراهیم زەنگەنە و دوو جێگرەكەى، مامۆستا نامیق ئیسماعیل بۆ كاروبارى كارگێڕیى و مامۆستا موسا سمایل موسا بۆ كاروبارى زانستى بەڕیوە دەچێت.
مەلا و ناعەدالەتى
یەكێك لە پرەنسیپە جەوهەریەكانى ئایین و بە تایبەتى ئایینى پیرۆزى ئیسلام دادگەرى و عەدالەتە، بەڵام لاى مەلاكانى نێو ئەو پەیمانگەیە ئەوەى ناوى عەدالەت بێت هەستى پێناكرێت بۆ نموونە، سێ جۆر قوتابى لەم پەیمانگەیە دەخوێنن، یەكیان سەر بە تەیارى سەلەفى و وەهابیەكانن، ئەمانە تەنها بۆ ئەوەهاتوون ببن بە خاوەنى بڕوا نامە، چونكە ئەوانە پێویستیان بەو علومە شەرعیانە نییە، كە لە پەیمانگەى ناوبرا و دەخوێندرێت، بەڵكو ئەوان لە قوتابخانە و فێرگەى تایبەتى ئایدۆلۆژى خۆیان زانستیان وەرگرتوە و هیچ پێویستیەكان بەو خوێندنە نییە، بەڵام ئەوانە خاوەنى شەهادە و بڕوانامە نینە و ناتوانن بە ئارەزووى خۆیان لە مزگەوت و شوێنە ئایینیەكان وتار بدەن و دەرسى وەهابی بڵێنەوە، بۆیە ئەو پەیمانگەیەیان لە رێگەى ئەو مامۆستا وەهابیانە گردۆتە پەیژە تا بەسەریدا تێ بپەڕنەوە، نموونەى مامۆستا نەریمان یەكیكە لەو مامۆستا وەهابیانەى، كە غەزوى مێشكى قوتابییەکان دەكات بە بیرۆكە توندەكانى. جۆرى دووەم هەر دەوام ناكەن، ئەمانە سەر بە پارتى و یەكێتین و دوو جۆریان هەیە، هەیانە فڕى بە ئیسلام و زانستى ئیسلامیەوە نییە، تەنها بۆ ئەوە هاتوە بڕوانامەكە بەدەست بینێت، دیارە ئەمانەش زۆربەیان فەرمانبەرى ئەوقافن، چونكە لە ئەوقاف ئەو بڕوانامەیە دەخوات و راتب و مەرتەبەى وەزیفییان پێ زیاد دەبێت.
بەشەكەى دیكەیان ئەو مەلا و كەسانەن، كە پارتى و یەكێتى دەیانكەن بە مەلاى درۆیینە و وەك وتاربێژ و پێش نوێژى ساختە لە مزگەوتەكانیان دایاندەنێن، ئەمانە نە دەوام دەكەن و نە دێنە ئیمتیحانیش و دواجاریش ناجیح دەكرێن و بڕوانامەكەیان بۆ دەچێتە ماڵەوە، پاڵەوانى ئەو كردەوەیەش سەرۆكى پەیمانگە و دوو جیگرەكەیەتی!.
بەشى سێهەمیان ئەو قوتابى و خوێندكارانن، كە ساڵانە 900000 نۆ سەد هەزار دینار لە بڕى خوێندنەكانیان دەدەن و هەموو رۆژێك دەوام دەكەن و زەبت و رەبتى خوێندنیشیان لەسەرەو زۆر جارانیش دەیان ناچێنن.
بەڵێ خۆشەویستان ئەمەیە نا عەدالەتى ئەو جۆرە پەیمانگە بە ناو زانستى و ئیسلامیانە!.
ناجیحكردن و دەرەجە پێدان بە مەرجى سێكسكردن
پێم خۆش نییە ئەم بابەتە بورووژێنم، چونكە كچان و ئافرەتانێكى زۆرى بە ئەخلاق و رێك و پێك لەم پەیمانگەیە دەوام دەكەن، بەڵام بەداخەوە بەشێك لەو مامۆستا و مەلایانە بە چاوى وەحشیانە و هەوەس بازیانە سەیرىان دەكەن، بۆیە داواكارم لە دایكان و باوكان و هاوسەرانى ئەو ئافرەتانە كچەكانیان نەنێرن بۆ ئەو جۆرە پەیمانگەیە. بەداخەوە لە كاتى تاقیكردنەوەكاندا كچەكان ئیستیغلال دەكرێن و بە ناوى پێدانى دەرەجە و ناجێحكردنیان تەكلیفى كارى سێكسى و رابواردنیان لێدەكرێت. لەوە زیاتر کاری ناشرینی تر ئەنجام دراوە، بەڵام من وەک نهێنی دییپاریزم، ناتوانم قسەی لەسەر بکەم، تەنها داوایەکم هەیە کە دایک و باوکانی ئەو کچانە هەوڵ بدەن کچەکانیان لەو پەیمانگایە دوور بخەنەوە.
تكایەك بۆ رۆژنامەنووس و میدیاكاران
هەرچەندە ماوەیەك بەر لە ئێستا یەكێك لە كەناڵەكانى راگەیاندنى ناوخۆ هەواڵێك لەسەر فەسادى و ساختەكاریەكانى ئەو پەیمانگەیە بڵاوكردەوە و دواى ئەوە وەزیرى ئەوقاف، كە وێنەكەیمان لەم نووسینەدا بڵاوكردۆتەوە هاتە پەیمانگە، بۆ ئەوەی ئەو هەواڵە بەدرۆبخاتەوە، بەڵام هەواڵەكە راستبوو، كە دوو قوتابى بە درێژایى ساڵ دەوامیان نەكردبوو، لە كاتى تاقیكردنەوەى كۆتایى ساڵیشدا لە ژوورى سەرۆكى پەیمانگە تاقیكردنەوەیان پێكراوە، واتە هەردووکیان برابوونە ژووری سەرۆکی پەیمانگا و لەوێ بە ساختەکاریی تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام دابوو، كاتێك ئەم هەواڵە بڵاوبویەوە وەزیرى ئەوقاف هات، بەڵام نە ئیجرائات بەرامبەریان كرا، بەلكۆ كۆتایى ساڵ پێش هەموو كەسیك بڕوانامەكانیان بۆ چووە ماڵەوە. بەداخەوەش بۆ راگەیاندنەكان، كە بەدواداچونى زیاتریان بۆ ئەو هەواڵە نەكرد و چیتر نەهاتنەوە بە دەم هاوارى قوتابیانەوە، بۆیە لێرەوە داوایان لێدەكەم بە ئەركى پێشەیى خۆیان هەڵسن و بڕۆن كەشفى زیاترى ئەو فەسادى و نا عەدالەتیەى ئەو پەیمانگەیە بكەن، چونكە وا بڕوات لە رێگای ئەم پەیمانگایانە و شوێنە ئاینییەکانی ترەوە کە دەستی تورکیا، سعودیە و ئیرانی تێدایە، وەهابى و سەلەفیەكان لەلایەك، پارتى و دەسەڵات لەلایەكى دیكەوە كوردستان پڕ لە توندڕەوى مرۆڤ كوژ و مەلاى ساختەچى و فاحیشەچی دەكەن!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست