کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا مه‌سعود بارزانی له‌م ته‌نگەشەی عێراقدا ئاڵای سپی هەڵدەکات، یان ئالای کوردستان؟!

Saturday, 19/05/2012, 12:00


ئه‌و ته‌نگژه‌ی که‌ له‌ عێراقدا بوونی هه‌یه‌ ته‌نگژه‌یه‌که‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پۆست و پاره‌، که‌سێ له‌ چاودێران ئه‌و راستییانه‌یان نه‌شاردۆته‌وه‌. ده‌مه‌وێ لێره‌دا به‌ کورتی دوو هۆکاری سه‌ره‌کی بهێنمه‌وه‌، که‌ له‌ دەستکردی مه‌سعود بارزانییه و به‌ ئیمتیاز‌ بۆ خوڵقاندنی ئه‌و ته‌نگژه‌، یه‌که‌میان ناوخۆی سیاسی کوردستانه‌ و عێراقه‌، که‌ رۆڵی سه‌ره‌کی تێدا ده‌گێرێت، ئه‌وه‌ی دیکه‌شیان ده‌ره‌کییه وه‌ک پۆلیسێک یا راستتر بڵێین وه‌ک به‌کرێگیراوێک ده‌بینرێت‌.

له‌ هۆکاره‌ ناوه‌کییه‌کان ده‌بێ بڵیین "پیاوی دز له‌ ئاژاوه‌دا ده‌ژی" ، ئه‌م گۆته‌یه‌ پڕاو پڕ به‌ به‌ر مه‌سعوددا کراوه‌ .بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناوخۆی کوردستان خه‌ڵکی نه‌پڕژێنه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌ جۆری مامه‌ڵه‌کردن به‌ موڵک و بودجه‌ی گشتی و بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌رده‌وام بێت، ده‌بێت بۆ هه‌میشه‌ ته‌نگژه‌ی به‌رده‌وام هه‌بێت.نابێ ئه‌وه‌ش له‌ بیر بکرێت، که‌ له‌ حزوری ئۆپۆزیسیۆنێکی لاواز وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ کوردستاندا هه‌یه‌، دروستکردنی ته‌نگژه‌ کاریکی گران نییه‌.

ئه‌وه‌ی په‌له‌ی له‌ سیناریۆکانی خوڵقاندنی ته‌نگژه‌که‌ کرد، به‌تایبه‌تی ناوخۆ، که‌ دواتر دێمه‌ سه‌ر ده‌ره‌کییه‌که‌، دوو هۆکاری گرنگ بوون، که‌ یه‌که‌میان ئاشکرابوونی به‌ره‌سمی به‌تاڵانبردنی نه‌وت بوو له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود و جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه‌، ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان دیاره‌ که‌یسی هاشمی بوو، که‌ مه‌سعود ویستی ئه‌م که‌یسه‌ بکاته‌ خاڵی به‌هێزی بۆ خسنه‌ ژێرباڵی لیستی "العراقیە" بۆ به‌کارهێنانیان له‌ دژی حکومه‌تی ناوه‌ند.

حکومه‌تی هه‌رێم به‌ ئیمزای وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کان، نووسراوێکی ره‌سمی ده‌که‌ن بۆ حکومه‌تی ناوه‌ند داوای پترۆدۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت ده‌رهێنان له‌ کوردستان ده‌که‌ن، پاش لێکدانه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وت به‌ بڕی به‌رهه‌مهێنان و گه‌یشتنی به‌ بۆرییه‌کانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی عێراقی به‌ به‌روارد له‌گه‌ڵ بڕی ئاماژه‌ پێدراو له‌م نووسراوه‌دا، ده‌رکه‌وت زیاتر له‌ نیوه‌ی ئه‌و بڕه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ بۆرییه‌کانی نه‌وتی عێراقی، ده‌سه‌لات نیوه‌که‌ی به‌ تاڵان بردووه‌، که‌ بای 6 ملیار و 650 ملیۆن دۆلار بووه‌ که‌ به‌ گوێره‌ی رێککه‌وتننامه‌کانی نیوانیان ده‌بێ بۆ میزانییه‌ی ناوه‌ند بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ یه‌کێک له‌ دیمانه‌کانی شه‌هرستانی بۆ رای گشتی ئاشکراکرا.

مه‌سعود بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و تاڵانییه‌ی، ناچار داڵده‌دانی هاشمی له‌ باره‌گا سه‌ره‌کییه‌که‌ی له‌ سه‌رێ ره‌ش کرده‌ ته‌نگژه‌ی ژماره‌ یه‌ک له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و توانی تا راده‌یه‌ک "العراقیە" که‌ لیستێکی بێ پرنیسیپ و نایه‌کگرتووه‌ بخاته‌ ژێر باڵی خۆی و به‌کاریان بهێنێت بۆ لێدانی ناوه‌ند له‌ پێناو خوڵقاندنی ته‌نگژه‌یه‌ک که‌ دواتر به‌ ته‌وافقێکی سیاسیانه‌ی ناروون، تاڵانییه‌کانی مه‌سعود په‌رده‌پۆش بکرێت و هه‌ریه‌که‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر کاروپیشه‌ی خۆی.

ئێستا له‌ نیوه‌ی سیناریۆکه‌، چاودێران پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر هۆکاره‌ ده‌ره‌کییه‌که‌ ئه‌م ته‌نگژه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کات له‌ نێوخۆدا چاره‌سه‌ر نابێت، به‌رده‌وام ده‌بێت.مه‌سعود بارزانی له‌ شوێنێکدایه‌ که‌ که‌س به‌خیلی پێنابات، ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنێکی به‌ هێز له‌ کوردستاندا هه‌بوایه‌ ، پێش رووخانی حکومه‌تی ناوه‌ند، بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود و ده‌سه‌لات له‌ کوردستان ده‌بوون به‌ یه‌کێ له‌ ژماره‌کان له لیستی ‌ده‌سه‌ڵاته‌ روخاوه‌کانی ناوچه‌که‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌بوونی وه‌ها ئۆپۆزسیۆنێکی جه‌ربه‌زه‌ و به‌توانا، له‌ ئێستادا ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزه‌ نایه‌ته‌ دی .

به‌ کورتی خوڵقاندنی ته‌نگژه‌ بۆ مه‌سعود هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ زیاتر پاوانکردنی ده‌سه‌ڵات و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ پرسه‌ ستراتیژییه‌ گرنگه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ، ناوهێنانی ده‌وله‌تی کوردی به‌م شێوه‌یه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتداران رۆژانه‌ وه‌به‌ر گوێمان دادده‌ن ، جگه‌ له‌ چه‌واشه‌کاریی و گه‌مه‌کردن به‌ هه‌ستی خه‌ڵکی کوردستان هیچی دیکه‌ نییه‌ ، به‌ پیاوی به‌کرێگرته‌ و تالانچی ده‌وڵه‌ت دورست ناکرێت !.

هۆکاره‌ ده‌ره‌کییه‌که‌ له‌ خوڵقاندنی ته‌نگژه‌ی بوو له‌ عێراق و کوردستاندا، په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌جیندای تورکیا و ئێران سه‌باره‌ت به‌ کۆمه‌ڵێک مه‌له‌فی گرنگ یه‌کێکیان شۆڕشی گه‌لانی سوریایه‌، که‌ دیاره‌ تورکیا ده‌یه‌وێت شۆڕشه‌که‌ بتورکێنێت و ئێرانیش ده‌یه‌وێت پشتیوانی به‌ به‌شار ئه‌سه‌د بدات، باشترین خاڵ که‌ هه‌ردولا لێی بێنه‌ ژووره‌وه‌ دیاره‌ دروستکردنی ته‌نگژه‌یه‌که‌ له‌ عێراق به‌ده‌ستی که‌سانی به‌کرێگیراو له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، ئێران ده‌توانێت گه‌مه‌که‌ بکات، هه‌رچی تورکیایه‌ جگه‌ له‌ ده‌سه‌لاتدارانی به‌کرێگیراو له‌ هه‌رێم هیچ ئامرازیکی دیکه‌یان نییه‌ بۆ وه‌ستاندنی ده‌سترۆشتوویی ئێران له‌ نێو عێراق.لیستی"العراقییە" بۆ خۆی پیویستی به‌ هێز هه‌یه‌ تا له‌ ده‌ست په‌رته‌وازه‌یی و نه‌بوونی خیتابی یه‌کگرتووی ده‌ربازببن، بۆیه‌ ده‌بینرێت مه‌سعود بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ نێو خودی هاوکێشه‌ی هۆکاره‌کانی ده‌ره‌وه‌ باشترین به‌کرێگیراوی گوێڕایه‌ڵه‌ بۆ تورکیا ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌ ناوچه‌که‌ و به‌تایبه‌تی سوریا رۆل بگێڕێت ، ئه‌ویش به‌ کارکردن بۆ بێهێزکردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له‌ عێراق. په‌لکێشکردنی نێچیر له‌مداواییاندا و چه‌ند رۆژێک پێش ئێستا بۆ تورکیا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بوو.

له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێین: مه‌سعود تا وه‌کو نیوه‌ی سیناریۆکه‌، له‌ گه‌مه‌که‌رێکی زۆر بێ توانا و ناهاوسه‌نگ ده‌چێت، له‌نێوخۆدا جگه‌ له‌ ریسوابوونی له‌ نێو شه‌قامی کوردی هیچی دیکه‌ی لێ نه‌که‌وتۆته‌وه‌، مه‌سعود ئێستا نه‌ پشتیوانی خه‌ڵکی له‌ پشته‌ و نه‌هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن. دووباره‌ ده‌یڵێمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆنێکی به‌ هێز هه‌بوایه‌، مه‌سعود و بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ لیستی نه‌ماندا بوون!.

گۆڕان هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کرد کاتێک سه‌ردانی مه‌سعودی کرد، ئه‌م کاره‌ی زۆر به‌گرانی له‌سه‌ر ده‌که‌وێت.

سیناریۆکانی مه‌سعود بۆ خوڵقاندنی ئه‌و ته‌نگژه‌ ناوخۆییه‌ی عێراق و کوردستان و ته‌نانه‌ت ناوچه‌که‌، سیناریۆیه‌کی فاشیله‌ و خودی خۆشی به‌گه‌مه‌که‌رێکی ناسیاسی نا هاوسه‌نگ ده‌بینرێت، تا نیوه‌ی هاتووین، دیارده‌ زه‌قه‌کانی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵین، که‌ جگه‌ له‌ کرنوشبردنه‌وه‌ی جارێکی دیکه‌ی مه‌سعود بۆ ناوه‌ند له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربوون له‌ پرسه‌ ستراتیژییه‌کان و په‌رده‌پۆشکردنی تالانییه‌کان هیچی بۆ کورد تیا نابێت. بۆیه‌ زوو یا دره‌نگ ئه‌م سیناریۆیه‌ کاریگه‌ری نێگه‌تیڤی زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌ له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی کوردستان ..باچاوه‌ڕێ بین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە