کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ غیابی تاڵه‌بانیدا ، له‌ نێو یه‌کێتی چی ده‌قه‌ومێت؟!..

Saturday, 21/05/2011, 12:00


تێبینی: ئه‌م نووسینه‌م له‌ ساڵی 2006دا نووسیوه‌، ئه‌وساکه‌ پێشبینی من بووه‌ له‌سه‌ر دوورکه‌وتنه‌وه‌ و نه‌مانی جه‌لال تاله‌بانی، ئه‌مڕۆش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی نه‌خۆشیی و تێچونی باری ته‌ندروستی تاله‌بانیی بۆته‌ پێگه‌ی هه‌واڵه‌کان به‌ پێویستمزانی ئه‌و نووسینه‌م که‌ بریتیی بوو له‌ سێ به‌ش هه‌رسێ به‌شه‌که‌ پێکه‌وه‌ بخه‌مه‌وه‌ به‌ر دیدی خوێنه‌ره‌ به‌ڕیزه‌کانی کوردستانپۆست
نیفاقی سیاسی، كۆڵەگەیەكی بناخەیی كەسێتی تاڵەبانییە!
لە نووسینەكانی پێشووشدا , ئاماژەیەكی باشمان بە لایەنە نێگەتیڤەكانی كەسێتی تاڵەبانی دا , كە راستەوخۆ كاریگەری خراپی لە سەر رەوتی بزاڤی سیاسی و عەسكەری و لایەنەكانی دیكەی ژیاری كوردەواری داناوە.
هەموو كارێكی سیاسی یا ئابوری بە پێودانگی دەرئەنجامەكانی هەژمار دەكرێت و, بەراوردی جددی لەگەڵ ئامانجەكان ئەبێتە سەنگی مەحەك.
دووڕوویی سیاسی لە كار و كردەكانی تاڵەبانی بە ئاشكرا بۆ دوور و نزیك دیارە , هەر ئەوەشە وای كردووە لە نێو خودی یەكێتی ,كە خۆی بە تەنیا سەروكاری دەكات , قسەكانی ئەو ئەرزشە و گرانییەی نییە ,ئەوە هیچ لە دەرەوەی یەكێتیشدا گرانییەكی ئەوتۆی نییە , ئەگەرنا خۆ دەبوو تورك بە لایەنی كەمەوە بە رێزەوە باسی لێوە بكەن , چونكە ئەوەنەی ئەم كەسێتییە بە شان و باڵی تورك و توركیا دا هەڵدەلێ , كەسێكی دیكە لە غەیرەتورك نادۆزیتەوە تا ئەوە بكات.
با باسەكە كورت بكەمەوە بێمە سەر ناوەرۆك. لەم ماوەیە لە سایتی سەركۆماری عێراق پارچەكاغەزێكی ئیمزاكراو لە لایەن عادل عبدالمهدی لە جیاتی تاڵەبانی بە گەورەیی نیشاندراوە , كە گوایە پەسەندكردنی بریاری دادگایە لە لایەن سەركۆمارەوە بۆلە سێدارەدانی چەند تاوانبارێك,تاڵەبانی لە بەر گەورەیی و قەدر زانینی بۆ مرۆڤ دەستی ناچێتە ئیمزاكردنی لە سێدارەدانی كەسێكی تاوانباری پیاوكوژ , هەربۆیە جێگرەكەی ئەم كارەی كردووە و ئیمزای پەسەندكردنی لێداوە!
چ نیفاقێكی گەورەیە و چ چەواشە و ساختەیەكی گەورەیە , لەم باوەڕەدا نیم كەسێكی ئەم كوردستانە و رەنگە عێراقیش و دەوڵەتەكانی دەوروبەریش هەبێت ,بڕوا بەم دوڕووییەی كەسێتی تاڵەبانی بكات.
لە تاڵەبانی دەپرسم لەوەتەی تۆ دەستت داوەتە ئەم سیاسەتە سەقەتە , لەژێر ناوی كوردایەتی, چەندە لە كوڕانی ئەم میللەتە لێقەوماوەت بە كوشتداوە , بوونەتە قوربانی كەسێتی نەخۆش و دووڕویت؟!. هەموو شەڕەكانی نێوخۆیی كوردان لە چل ساڵی رابوردودا ,تۆ بە دووڕویی سیاسی كەسێتی خۆت بەرێوەت بردوون , ئەمە بۆ باشوری كوردستان ,هەرچی بۆ پارچەكانی دیكەشە لە ژێر ناونیشانی سیاسەتی هەرزان و دوور لە مرۆڤایەتی براكانیشمان لە پارچەكانی دیكە قوربانی زۆری ئەم كەسێتییە دووڕووەیان داوە. دیرۆكی كەسێتی تۆ لە گەڵ پاراستنی مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ هەرگیز ناگونجێت , تۆ لە بیرتە لە قەڵادزێ لە ساڵی 1995 لە شەڕی ناوخۆ ,كاتێ خەڵكێكی زۆر بەر تۆبارانكردنەكەی ئێران وپارتی كەوتن , شەهید و برینداری زۆری لێكەوتەوە , تۆ لە سەر قەبران زۆر بەبێ باكی و دوور لە هەموو رەوشتێكی مرۆڤپەروەرانە ,شانۆی سڕینەوەی فرمێسكەكانت نمایشكرد , لە خوێندنەوەی سیمای دەم وچاوت ,دووڕوییەكی قوڵ ئەبینرا , بەراستیش ئاش لە خەیاڵێك بوو ,ئاشەوان لە خەیاڵێكیتر.
دەیان پیاو كوژ و كەسێتی نەخۆش و دڕندە لە نێو رێكخراوەكەت كە تۆ سەروكاری دەكەیت ,جێگەی پێشەوەیان گرتووە و, ئەوە بۆ سیساڵ زیاتریشە بێپچرانەوە مێژووت ئەنووسرێتەوە وەك كەسێكی یەكەم لە نێو یەكێتی نیشتمانی ,نەمان بیستووە ,كەسێكی پیاوكوژت دادگایی كردبێت , یا محاسەبەیەكی جددیانەت كردبێت لە سەر پێشێلكردنی مافی ئەوانی دیكە , نازانم چۆن كە چوویتە ئەو پایە و پۆستەی سەركۆمار ,ئاوا لێمان بوویت بە كۆتری ئاشتی ,یاخود وەك كوردەواری خۆمان ووتەنی : بووی بەو پەپولە سپییە! , گەورەترین چەواشەكارییە ,ئەو بانگەشەیەت كە گوایە دەستی پیرۆزت ناچێتە كوشتن و لە سێدارەدانی هەر مرۆڤێك , ئەگەر تاوانباریش بێت!.
لەیادت چوو , حاكمی شاری ئێستا (حاكم قادر), لە 1995-1996 لە هەولێر كردبووت بە حاكمی موتڵەقی شاری هەولێر , كوڕانی ئەو شارەی بە جوملە گوللەباران ئەكرد , ئەو كاتە ویژدانی مرڤدۆستانە لە كوێ بوو ؟!.
دەستی دەزگای جاسوسی كامە لە دەوڵەتە داگیركارەكانی كوردستان رانەكێشاوەتە باشوری كوردستان , تا یەكە یەكەی كوڕانی پارچەكانی دیكە لە نێونەبەن و تۆش بەقوربان بە قوربان دەستخۆشیت لێكردوون و بەسەڵامەتی تا ئەوبەری سنوور بەرێتكردوون!
تۆ ئیمزای لە سێدارەدانی گەلێكت كردووە , بەچ روویەك ئیمزای كەسێكی تاوانبار و خوێنرێژی وەك سەددام ناكەیت ؟ ! , ئەمە چ لۆژیكێكی عەنتیكە وسەیرە ؟!!.
تۆ ئەگەر بانگەشەی بە دەنگەوە هاتنی پاراستنی مافی ئەوانەی دیكە ئەكەیت و ,ژیانی ئینسانت لا ئەوەنە گرنگە ,ئەی بۆچی تۆ بە كەسێتییە نێگەتیڤییەكەی خۆت , سەركێشی ئەكەیت و ,ناعەدالیەتییەكی تا ئەو پەڕی لە نێو كۆمەڵگای كوردەواریت ئاواكردووە ؟!. كۆمەڵگات كردووە بە دووبەشەوە , ئەو بەشەی سەربەخۆتن , دز و تاڵانچی و ناموسبەر و ئاواكاری ڤێلا و فیرعەونناوە و جاسوس و فایلدار , ئەوانەی دیكەی زۆرینەش, هەژار و نەدار و بێ كارەبا و بێ ئاو بێ مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤن !.
تۆ هەر پیادەكەری ئەو گۆتەیەی كە ئەڵێت: مرۆڤەكان لە كۆنترۆڵكردنی باری ئابورییانەوە ,هەموو لایەكانی دیكە كۆنترۆڵ دەكەیت .. بەڵام هەر زوو لە بیرت ئەچێتەوە , سەددام و هاوەڵەكانیش وایان ئەكرد , هەر بۆیە ئەوەی بەسەریان دێت جێگای خۆیەتی , عەبد حەممودی سەدام چ جیاوازییەكی لەگەڵ ئاراسی شێخ جەنگی تۆدا هەیە , عودەی ئەبێ چ جیاوازییەكی لەگەڵ قوباد دا هەبێت و , ئەی وەزیرەكانت و دەست ودایەرەكەت بۆ ناڵێی: ئەبێ چ جیاوازییەكیان لەگەڵ تەها جەزار و عزەت دوری ئەوانی دیكە هەبێت , ئەوانیش تا ئەو پەڕی دەیان دزی , بەڵام وەلائیان بۆ سەددام بەس بوو بۆ ئەوەی دەستیان بۆ تاوانكردن واڵا بێت. تازە بە تازە كۆمیتەی لێپێرسینەوە دائەنێیت , چەند وەزیر و بەرپرسی حیزبی دزت دەركردووە و ئەوەی دزیویەتی لێت سەندۆتەوە ؟!.. ئێوە هەمیشە دزەكان بە رێزەوە بە پارەیەكی باش خانەنشینیان ئەكەن , ئەیان نێرنە ماڵەوە!.
لە كۆتاییدا , ئیمزاكردن لە سەر بریاری لە سێدارەدانی تاوانبارێكی خوێنرێژ , زۆر مرۆڤانەترە لە دەستبەسەرداگرتنی قووت و كەرامەتی خەڵكی و ,بە هەوەسی خۆتان دەستێكتان لە بنی هەمبانە و, بە دەستەكەی دیكە لە قورگی میللەتتان گیركردووە , هەموو مافێكی ژیانی مرۆڤەكانتان بۆ بەرژوەندی چەند تاوانبارێك كۆنترۆڵ كردووە...خۆدزینەوەت لە ئیمزاكردنی بریاری لە سێدارەدانی تاوانباران , پەردەپۆشكردن و شاردنەوەی كەسێتی نێگەتیڤانەی خۆتە ,هەر لەو رۆژەی كە دەستت داوەتە سیاسەت تا رۆژی ئیمرۆمان , ئەگینا بەو كارەت هیچی دیكە نییە جگە لەخۆڵ لە چاو كردنی خەڵكی عێراق و , هەمان پرۆسەشە كە پێشتر لەگەڵ كوردانت ئەكرد و فریوت ئەداین .

****************** بەشی دووه‌م ***************************


دیارە لە بەشی یەكەمی نووسینەكەمانا , باسمان لە دوولایەنیی كەسێتی
تاڵبانی كرد, كەچەندە رۆڵی هەبووە لە گۆڕان لە نێو خودی بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان لە باشوری كوردستان, بۆ ئەوەی زیاتر بگەینە وەڵامێكی كۆنكریتی بۆ ئەو پرسیارگەلەی كە لە ئەڵقەی پێشوودا كردبوومان , دەبێ زیاتر بكەوینە نێو كردەی لا كردنەوە لە سەر كەسێتی تاڵەبانی , ئەگەرنا ناتوانرێت وەڵام بدرێنەوە.
لایەنێكی دیكەی كەسێتی تاڵەبانی دیارە بەرێوەبردنی تاكتیكی خۆژیاندن و گەورەكردنی دەسەڵات لە سەر ناكۆكییەكانی ئەوانی دیكەیە. ئەمەیان راست ئەبوو و كاریگەریشی زێدە پۆزەتیڤانە ئەبوو , ئەگەر تەنها لە نێو دژبەرەسیاسیەكانی خۆی پیادەی بكردایە , نەك لەنێو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان یاخود لەنێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بۆ خۆی ئەمینداری گشتییەتی... چونكە ئەوەنەی یەكێتی نا ئیستقراری سیاسی و رێكخراوەیی و پارچە پارچەبوون و یەكگرتنەوەی بە خۆیەوە دیوە , هیچ رێكخراوەیەكی سیاسی لە ئاستی كوردستان و دەوروبەر بە خۆیەوە نەبینیوە.
ئەم جۆرە كەسێتییەی تاڵەبانی بڕەوەدەر و هاندەری دروستبوونی تەكتولات و كلك لێكگرێدانە , كە بۆ خۆی ئێستا هاواری دەستی ئەم دەردەیەتی. هەمیشە لە نێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆمەلێك سەر بەخۆیی هەن , لەدژی ئەوانی دیكە كارئەكەن , زۆر جار وا لە یەكێتی ئەڕوانڕێت كە چەند تیمێكن لەدژ یەك لە نێو یەكێتیدا كارئەكەن.. یەكێتی نیشتمانی بووە بە گۆرەپانێك كە عینوانێكی دیكە نییە , جگە لەخۆی گەمەی سیاسی لەگەڵیدا بكات. یەكێتی باجی زۆر قورسی داوە و خاوەنی گەورەترین تەنازولاتیش بۆ هەمووان لە سەر ئاستی مەسەلە ستراتیژ و تەكتیكیەكانیش, ئەمانە بەرهەمی كەسێتی تاڵەبانییە , رەنگە كەسێتی دیوەكانی ناكۆك لە نێو یەكێتی ئەوانیش قسوری نەكەن , بەڵام رەنگە هی ئەوانە زیاتر كاردانەوەیە , كاتێ گەمارۆ ئەدرێن,ناچارن پەل بۆ یەكگرتن ببەن , ئەوەی لەم یەك دووسالانەی دوایی روویاندا ,راستی ئەم مەسەلەیە وەدیار ئەخات , یەكێتی بوو بە دوولەتەوە , ئەگەر كاریش وابڕوات ئەبێتی سییان .
تاڵەبانی بۆ ئەوەی جڵەوی دەسەڵاتی لە نێو یەكێتی وەدەستبێت یاخود راستتر بلێم وەدەستبمێنێت , هەموو ناكۆكییەكان بە ئیرادەی خۆی بۆ كەسایەتییە دەسترۆیشتوەكانی نێو یەكێتی ئەخوڵقێنێ و بە خۆشی ئیدارەی ئەدات.هەمیشە نانەوەی دووبەرەكی و خوڵقاندنی ناكۆكییەكان دوو رووەتی پێوەلكاوی كێشمەكێشی گروهەكان یاخود تەكتولاتەكانی نێو یەكێتین.
تاڵەبانی وێرای خۆژیاندنی و بەهێزكردنی لە نێو خودی یەكێتی , كار بۆ كۆكردنەوەی خاڵە لاوازەكانی ئەوەی بەرامبەریش ئەكات و , بۆ رۆژی خۆی هەڵیان ئەگرێت.زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لێدراوی دەستی تاڵەبانین , ئەمە جگە لە چەند كەسانێكی دیكە , كە بریتین لە ژمارەی بێناوەرۆك و, هەمیشە بە درێژایی خەت لە گەلًَ سیاسەتەكانی تاڵەبانین , لە سەرهیچ بابەتێك نوزەیان نایەت ئەگەر ئەو بابەتە گرنگیش نەبێت.
كاتێ پارساڵ كەسێتی تاڵەبانی كەوتە بەر رەخنەی توندی هەنێ لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كادیرەكانی و, ئیمزاكۆكرایەوە بۆ دابەشكردنەوەی دەسەڵات و ئەنجامدانی ریفۆرم , بێ ئەوەی خۆی بشێوێنێت , هەڵسا بە ئیحتواكردنی ئەم هەڵگەرانەوە , ئەویش بە بەكارهێنان و سوود وەرگرتن لە خاڵە لاوازەكانی كەسانی داینەمۆی ئەم هەڵگەڕانەوە و, لە كاتی جیاجیا , بەمانایەكی دیكە بكەرانی هەڵگەڕانەوەكەی پۆلینكرد بۆ سێ گروپ , گروپی هەرە لاواز , ئەوانە بەدەم چەوركردن و دابەشكردنی پۆست و كرینی خانووبەرە بۆیان و هەندێ ئیمتیازاتی ماددی ,توانرا لەریزیان بهێنێتە دەرێ و,دواتر وەلائی خۆیان بۆ تاڵەبانی دووپات بكەنەوە.
هەرچی گروپە مام ناوەندییەكە بوون , كە بریتی بوون لە كەسانێك كە خاڵی زۆر و زەبەندی لاوازیان لە فایلەكانیان لای تاڵەبانی كۆ ببۆوە , بە بانگكردنیان یەكە یەكە , خستنە ڕووی خاڵەكانیان , و دانانیان لە دووڕیانێك یائەبێت تەسلیم بن و ,وەلائی خۆیان بۆ تاڵەبانی دووپات بكەنەوە و, یاخود ریسوا ئەكرێن و فایلەكانیان بۆ هەموو خەڵكی ئاوەڵا ئەكرێن!!. ئەمانە بە ناچاری رێگای تەسلیم بوونیان هەڵبژارد , چونكە نابێ ئەوەش لە یاد بكەین , لێكردنەوەی نێوی یەكێتی بوون لە هەر بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان , ئەوا لەدەستدانی هەموو بەرژوەندییە كانیەتی كە بەرێگای ناشەرعی و تاڵانی پەیای كردووە. هەر بۆیە بۆ ئەم گروپەش دیسان تەسلیم بوون هەڵبژێردرا .
لێرە ,قسەیەكی عزەت دووریم وەبیرهاتەوە , كاتێ چەند رۆژێكی مابوو شەڕی 2003 لە دژی سەددام دەست پێبكات , لە بەردەم عارەبەكانی سەرێگای كەركوك هەولێر لە نزیك دارەمان گووتی : ئێوە هەموو بە هۆی ئێمەوە ئەو هەموو موڵك وماڵەتان هەیە , ئەگەر بمێنین ئەوا ئێوەش ئەمێنن , خۆ ئەگەریش نا ئەوا ئێوەش خاوەنی هیچ نین.!!
كەسێتی تاڵەبانیش بە هەمان شێوە , كەسانی وابەستە بەخۆی لە نێو یەكێتی نیشتمانی وا ئامادەكردووە , ئەگەر لابدا , هەموو دەسكەوتەكانی لە دەستئەدا, ئەگەریش نا بەردەوام ئەبێت..
لێرەدا ئەتوانم نموونەیەك بهێنمەوە لە سەر ئەم گروپە , كەسێكی وەك فەریدوون عبدالقادر , كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو كاتێ ئیمزا لەدژی دەسەڵاتی تاڵەبانی كۆكراوە , دوای ئەم كردەیەی بە ماوەیەك , تاڵەبانی بانگی كرد و پێیووت : فەریدوون تۆ وات لێهات ئیمزام لەدژی بكەیت , تۆ نازانی من لە هەموو كەس باشتر ئەتناسم كە سەر بە ئیتلاعاتی , تۆ ئەزانی ئەگەر پشتیوانی یەكێتیت لێبكەمەوە ئەوا ئەو هەموو موڵك وماڵ وكارگە و چێشتخانەت لە سلێمانی لە دەست ئەدەیت , ئەگەر حەز ئەكەیت بەردەوام بیت , ئەوا خۆت ریسوا ئەبیت و بەرژوەندییەكانت ئەكەوێتە بەردەم رەشەبا !! , ئەگەریش نا جوڵەی ئا ئەوها بڤەیە , تۆبەتنامە پڕبكەرەوە.!!!بێئیرادەیی و نەوێرانی سەعدی پیرە و بەهرۆز گەڵاڵی و كەسانی دیكە بۆ نزیك بوونەوەیان لەو كەسانەی كە ئیمزایان كۆ دەكردەوە , بەهۆی فایلە قورسەكانیان بوو , چونكە باشیان ئەزانی فایلەكانیان لە كوێن و چۆن چۆنی دێنەدەرەوە و ئاشكرا ئەكرێن!!!
گروپی سێیەمیش دیارە ,گروپە بەهێزەكە بوو , كە پێكهاتبوون لە نەوشیروان موستەفا و كۆسرەت رەسوڵ عەلی , ئەوانیش بە پێدانیان چەند دەسەڵاتێك و دەسكەوتی ماددی وكردنەوەی بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی ,كە پێشتر لە قەڵاچوالان بوو و, بە ئیستفادەكردن لەو هەموو گۆرانكارییە خێراییانەی كوردستان وعێراق و, دیسان كاركردنی تاڵەبانی بە جددی بۆ گەورەكردنی ناكۆكییەكانی هەردوو پۆڵی هەڵگەرانەوەكە , ووردە ووردە ئەم گروپەش بێكاریگەركرا.
بەمانایەكی دیكە , تاڵەبانی بە هۆی كاركردن و خۆژیاندنی لە سەر خاڵەناكۆكان , توانی ئەمجارەش درێژە بدات بە دەسەڵاتی تاك وتەنیای خۆی.
لەمەی سەرەوە , ئاشكرا ئەبێت , كە نەریفۆرم و نە ئیمزاكۆكردنەوە ,نە كۆنگرە ئەو ئامرازانەن تا دەسەڵات لە كەسێتی تاڵەبانی وەربگرێتەوە و, یەكێتی نیشتمانیش وەك پارتێكی مۆدرن بتوانێت گۆڕانی پۆزەتیڤانە ئەنجام بدا. هەر بۆیە هەر كاركردنێك بۆ خوڵقاندنی گۆڕان لە نێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سایەی بوونی كەسێتی نێگەتیڤانەی تاڵەبانی وەك هەوڵی كەس غەرق بووی نێو لم وئاو(Quicksand) وایە ,كەتا هەوڵ بدا ئەوەنە رۆئەچێت.
دیسان كەسێتی تاڵەبانی بۆ نێو خودی پارتەكانی باشوری كوردستان ,جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان, بە هەمان شێوە رەفتاری لە گەڵدا كردوون , بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەسەریاندا بڕوات , هەموو شێوازێكی نێگەتیڤانەی لەگەڵدا كردوون , ڕوواندنی پیاوانی خۆی لە نێویان , پرۆپاگەندەكردن لەدژیان , نانبڕایی كردنیان , پارچەپارچەكردنیان لە كاتی پێویست.. نموونە زۆرن بەڵام ئەتوانرێت , حزبی شیوعی كوردستان و زەحمەتكێشان و ئەوانی دیكە بە نموونە بهێنینەوە..
بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش , بە تایبەتی باكوری كوردستان , كەسێتی تاڵەبانی ئەوەنە كەوتۆتە خزمەتی سیاسەتی فاشی توركیا ئەوەنە نەچۆتە خزمەتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان لەو پارچەیە , هەمیشە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی و قەبوڵكردنی لە لایەن دەوڵەتی توركیا , خزمەتی گەورەی پێشكێشكردوونە , دیارە لە هەمووشی گرنگتر هەوڵدانی تاڵەبانی بوو لە پارچە پارچەكردنی PKK , كە ئۆباڵی وەدواكەوتنی بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان لە باكوردا زۆربەی ئەچێتە ئەستۆی كەسێتی تاڵەبانی ئینجا بنەماڵەی بارزانی.
ئەگەر بە خێرایی بە دوای راگەیاندنی یەكێتی دا بچین ,ئەوكاتە ئەزانین چەندە خۆشیان بە دەوڵەتی فاشی تورك دێتن و, چەندە PKKەش بەهێزێكی نامۆ هەژمار ئەكەن, ئەوانە رەنگدانەوەی راستی و دورستی كەسێتی تاڵەبانین لە تەعامولكردنی لەگەڵ پارچەكانی دیكەی كوردستان.
كەواتە لە پاڵ پیرۆزی دەسەڵات لای كەسێتیی تاڵەبانی , بەهیچ كلۆجێك رێگاش بە فرەیی حزببی و بیروڕا نادات , هەمیشە لە بیری تەنگی خۆیەوە , كەسانی دیكە ئەبینێت , ئەم جۆرە كەسێتیانە بە درێژایی مێژوو هەبوونە ,بەڵام هەرگیز نەبوونەتە هۆكاری گۆڕانی پۆزەتیڤانە , ئێمەش هەروەك ووتمان , ئەو كەسێتییەی كە نەبێتە ئەفراندنی گۆڕانی پۆزەتیڤ , ئەوا حەتمەن كاریگەری نێگەتیڤانەی ئەبێتن , هەر بۆیە لەم روانگەشەوە ,كەسێتی تاڵەبانی كەسێتییەكی نێگەتیڤانەی سەرگۆرەپانی سیاسیە لە باشوری كوردستانا و لە پارچەكانی دیكەشدا , لە بوونیدا ,با كەسێ چاوەرێی گۆڕان نەكات.!

****************** بەشی سێیەم و كۆتایی ***************************


لەهەردو بەشی یەكەم و دووەمدا , لامان لە چەند لایەنێكی كەسێتی تاڵەبانی كردەوە , كە هەموویان رۆڵێكی نێگەتیڤانەیان هەبووە لە سەر بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان لە باشوری كوردستانا, چونكە هەموو دەمێ هەركارێكی سیاسی یا كۆمەڵایەتی و ئابووریش بە پێودانگی دەرئەنجامەكەیەوە هەژمار ئەكرێت. ناكرێت شەڕ لە پێناو شەڕ بكرێت و یاخود قوربانیدانێكی زۆر بۆ ئامانجێكی بچووك بێت.!!. ئەوەی لە كوردستانا هاتۆتەدی ,لەگەڵ رێزم بۆ ئەو هەموو قوربانییانە و مالوێرانییە و خاپوركارییە , بە هۆكارە دەرەكییەكانەوە بووە , بە بەڵگەی ئەوە ئەگەر ئیمرۆ هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە عێراق و كوردستان بكشێنەوە و بە جێمان بهێڵن , سەرەتاكانی ساڵی 1961 بۆ كوردان دووبارە ئەبێتەوە , لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر دوای ئاشبەتاڵی 1975 بۆ كوردان رەوا بێت , كە ئەڵێم بە جێهێشتنمان لە نیوە رێگا , دیارە زەمەن لەو كاتەدا رۆڵێكی نابێت , چونكە مێژوو زۆر جار خۆی دووبارە ئەكاتەوە . ئەوە سەرۆكایەتیە , ئەركەكانی خۆی وەدی ئەهێنێ , كە تا ئەوپەڕی زەمەن بكا بە هۆكارێكی سەرەكی وئەوپەڕی رێزی لێبگرێت,ئەگەرنا بە فیرۆدانی یەك چركەش باجی گەورەی گەرەكە. ئەگەر چاوێك بەبەرنامەی كار و چاڵاكییەكانی پانزەساڵەی سەركێشی تاڵەبانی بكەین , دەرئەنجامەكان چین , بەبەراورد لەگەڵ قوربانییەكان, ئەگەر بە ویژدانەوە و دوور لە دەمارگرژی و تاكپەرستی , ئەبێ بڵێین جگە لە برەودانی سیاسەتی (پینە وپەرۆ) كە سیاسەتی بێدەسەڵاتانە بەرامبەر بە زەمەن , چیتر نەبووە. ئەم سیاسەتە هی ئەو كەسانەیە كە تەنها رۆژ ئاوا ئەكەن , دوژمنی گۆرانكارییەكانن , دوژمنی دەنگە جیاوازەكانن , ئەوەی بەها نەبێت لایان دیارە مرۆڤ و زەمەنە , كە دوو هۆكاری گەورەن و تەواوكەری ئەو هۆكارە دەرەكییەن كە گەلەكەمان بە قوربانییە زۆر و زەبەندەكانییەوە , ئەگەیەنێتە كەناری ئارام. لێرەدا ئەمەوێ بپرسم تاڵەبانی لە كوێی زەمەن و مرۆڤی كوردە , ئایا هیچ رێزێكی بۆ ئەو دووانە هەبووە ؟؟ .. هەموو دەركەوتەكانی ئێمرۆ كە خۆیان بەسەر سنگی شەقامی كوردایەتی چەقاندووە , پێمان ئەڵێن : نەخێر. سیاسەتی پینەوپەرۆ ,رووەیەكی دیكەی كە سێتی تالەبانییە , بەم كەسێتییەی توانیویەتی هەموو كێشە قوڵ و جەوهەریەكان بۆ زەمەنێكی نادیار تەحویل بدات , بێ ئەوەی بتوانێ و زات بكات یەك تۆزقاڵ گۆرانكاری جەوهەری بكات , هەمیشە بە گۆڕانی شەكل تەعبیری لە چارەسەرییەكان كردووە , هەموومان لە یادمانە , لە هەردوو كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ,تاڵەبانی تا هێزی تیابوو سیاسەتی پینەپەرۆ و رازیكردن بە چارەسەریی شەكلیانە , بەچەپلەی گومان و پیلانلێكگێران تەواو ئەبوو.!! . دەرئەنجام ئەو یەكێتییەی لێكەوتەوە , كە ئیمرۆ دوژمنان پێش دۆستان وا خەریكە فاتیحەی كۆچی بەرەو هەڵوەشانەوەی بۆ بخوێنن!!.
تاڵەبانی ئەگەر نەیتوانیبَتن لە نێو خودی یەكێتی دەستبەرداری دەسەڵاتە تاك و تەنیایەكەی بێتن , هەموو چارەسەرییەكی جەوهەرییانەی خستبێتە ژێرپای و چەند ریفۆرمێكی ناساز و ناشیرنی كردبێتە عینوانی كارە سیاسیایەكانی , ئەوا بۆ كۆنترۆڵكردنی ناكۆكییەكانی ,جگە لەو شێوازانەی كە لە بە شەكانی دیكە باسمان لێوەكرد , ئەوا هەرگیز نە سڵەمیتەوە بۆ هانابردنە بەر سەر سەختترین دوژمنی تەقلیدی خۆی , كە بنەماڵەی بارزانییە.
تاڵەبانی بۆ پاوەنكردنی دەسەڵات و مانەوەی لە ترۆپكی دەسەڵات , بەلایەوە گرنگ نابێت , ئەگەر لە سەر حیسابی بەرژوەندییەكانی خودی یەكێتی و تەنانەت كوردیش بێت تەنازولاتی جددیش بكات بۆ بنەماڵەی بارزانی . كلكگرێدانی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی , گەلێ پێ باشترە , لە دانیشتن لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكانی نێو یەكێتی, ئەو پێیوایە بە هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی مەسەلە جەوهەرییەكانی نێو خودی یەكێتی , كۆتایی خۆیەتی , ئەمە لە كاتیكَدا پێیوایە مغازەلە و مجامەلەكردنی بنەماڵە , هەم خۆی براوەیە و هەمیش بنەماڵە , چونكە ئەو باش ئەزانێت بنەماڵەی بارزانی یەكێتییەكی مەعقولیان ئەوێت كە رۆژ بە دوای رۆژ خۆی بخواتەوە , لەم نێوەندەشدا , بۆ ئەوەی ناكۆكییەكان لە خۆی دوور بكاتەوە و خۆی دوور بگرێت و , بە پشتیوانی بنەماڵەی بارزانی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ خۆی پاوەن ئەكات.
كەسێتی تاڵەبانی تا لەنەفەسدانی سیاسیدابێت , لە هەر زەمەنێك و شوێنێك بێت , بریتییە لە كەسێتییەك هەرگیز حەز بە روو بەروو بوونەوەی كێشەكان ناكات , هەربۆیە ئەبینرێت لە هەڵاتنێكی بەردەوام دایە بەرە ودواوە , ئەم سایكلۆجییەشی دیارە هی كەسێتییەكە كە ترسی لەدەستدانی ئەو دەسەڵاتەیەتی كە بە هی خۆی ئەزانێت و كەسیش ناتوانێت ئەو مافەی لێبسەنێتەوە!
ئەگەر وا گریمان بكەین , تاڵەبانی ترسەكەی رەوایەوە , ئەو دەمە ئەبینین وەخۆ دێتەوە ,حساب بۆ زەمەن ئەكات و هەر لەو كاتەشدا هەر زوو بەزوو دەستبەرداری ئەو دەسەڵاتە ئەبێت ,كە بەخۆیەوە گەلێكیشی گیرۆدە كردووە....ئەرێ ئەبێت ئەو رۆژە بێت؟!! بۆ خۆم ئەوەنەی ئەو كەسێتییە بناسم , هەرگیز ئەو ترسە ناڕەوێتەوە , چونكە فێربوون بە بەكارهینانی دەسەڵات و خولیابوونی پێی , لە رووی دەروونییەوە كەسێتییەكی پڕ لە ترسی لە دەوروبەری هێناوەتە ئاراوە , بە جۆرێ ترس لە دەستدانی دەسەڵات بۆتە مۆركی كەسێتییەكەی .
ترس تەنها بۆ كەسێتی تاڵەبانی نییە , بەڵكو ترس لە هەموو مرۆڤدا هەیە , ئاكارێكی رەوای مرۆڤە , بێ ترس مرۆڤ نەیدەتوانی بەردەوام بێت , ترس لە ژینگە, لە باران ,لە هەور ,لە بریسكە ,لە ئاژەڵ و, لە مرۆڤی هاوتای ..هتد رەوایەتی و لە بنی مێژووە مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆی هێناویەتی .
جێگای ئاماژەیە ئەو ترسەی تاڵەبانی و هاوتاكانی بریتییە لە ترسێكی نێگەتیڤانە لە سەر بوونی ئەو كۆمەڵەی گوزەری تێدا ئەكات , چونكە لە ترسی لە دەستدانی دەسەڵات , هانا بردن بۆ هەرشێوازێكی نێگەتیڤانە حزوری هەمیشەیی ئەبێتن لە تەكتیكی رۆژانە , بەمەش نە دەنگی جیا و نەرەنگی جیا شوێنی نابێت لەو كایەدا .
لەكۆتاییدا , پرسیارەكە دووبارە ئەكەمەوە , ئەگەر كەسێتییەكی وەكو تاڵەبانی , كە جگە لەرۆلێكی نێگەتیڤانە بۆ كۆمەڵگای كوردەواری تۆمارێكی دیكە نییە , گۆرەپانی سیاسی جێبێهێڵێت , كورد و ناوچەكە بەرەو چ ئاقارێك ئەچێت؟!!.
لێرەدا هەوڵ ئەدەم , وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە , بەڵام دووبارە داوەتی هەموو قەڵەمە بوێرەكان ئەكەم كە ئەوانیش دید و بۆ چوونی خۆیان بۆ خوێنەران ئاشكرا بكەن و گفتگۆكە گەرم بكەن .
ئەگەر لە سەر ئاستی خودی یەكێتی بێت , وەڵامی ئەو پرسیارە بە دوو شیمانە دەست پێدەكەم :- شیمانەی یەكەم دیارە مانەوەی یەكێتییە بەو چەند وجۆرە . بێگۆرانكاریی جددی ووردە ووردە ئەبێتە جەستەیەكی بێگیان ,رووەو بچووك بوونەوە و توانەوە سەرهەڵدەگرێت , كەدیارە ئەم شیمانە زۆر بە نزیك نازانم.
هەرچی شیمانەی دووەممە دیارە هەلوەشاندنەوەی یەكێتییە . خۆ ئەگەر ئەم شیمانەش بواری ژیانی هەبێت , هەلوەشاندنەوەكە لە نێوان دەروێش و میراتگرەوەكانی كەسیتی تاڵەبانی و كەسە دەسترۆیشتووەكانی دوای تاڵەبانی و هەروەها كادیر و رۆشەنبیر و خاوەن هەڵوێستەكان ,ئەبێت . ئەم سێ گروپە دەكەونە نێو ململانەی خۆگەورەكردن لە سەر قوربانییەكانی نێو یەكێتی , بەڵام ئەو گروپەش ئەیباتەوە كە زۆرترین ژمارەو بەرنامەی سیاسی تۆكمەداری هەبێت و لە ژیانی رێكخراوەیی تا ئەو پەڕی رێز لە زەمەن و مرۆڤ بگرێت و هەموو هەڵسورانەكانی بە نێو پرۆسەی دیموكراسی رەتبێت , ئەمانە ئەبنە گرەنتی گەورەبوون و ژیانیان. گروپی یەكەم , ئەو كەسانەن زۆر بە هاسانی خۆیان لە نێو دەسەڵاتی پارتی ئەدۆزنەوە , ئەویش بە هۆی گوشاری گروپەكانی دیكە , بەهەمان سیاسەتی خۆحەشاردانی كەسێتی تاڵەبانی لە پەنا بنەمالًَە , ئەوانیش لە پەنا بنەماڵە خۆ حەشارئەدەن.
گروپی دەسترۆیشتووەكانیش , ئەوانە لەترسی لەدەستدانی دەسەڵات وعامیلی تەمەن و, مەترسییەكانی بنەماڵەی بارزانی خۆ بە یەكگرتووی ئەهێڵنەوە و, خۆیان ئەخەنە بەردەم پاراستنێكی سلبیانە , بە جۆرێ هەنگاوێك بۆ پێشەوە دوو هەنگاو بەرەو دوواوە ئەنێن . هەر پرۆسەیەكی دیموكراسیانە , لە هەنگاوەكانی یەكەمیاندا هەڵوەشاندنەوە و تەكتولاتی بچووك بچووكی لێدەكەوێتەوە . هەر بۆیە دەست لە خۆ نەدانیان , ئەبێتە ناونیشانی جاڕنەدراویان.
بۆ گروپی سێیەم و ئەو گروپە چاڵاك و گەنجانە دێنە ئاراوە , گیانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی بە ئاوێتەكردن لەگەڵ هەموو لایەنە پۆزەتیڤەكانی دیرۆكی یەكێتی و بە لە بەرچاو گرتنی ئەو گۆرانكاریانە كە لە دنیا روویانداوە , رێكخراوێكی سیاسی كارامەو كاریگەر لە سەر گۆرەپانی كوردستان ئەخوڵقینێَت .
لەغیابی تاڵەبانی , ئەو دەمە بنەماڵە بە تەواوی ئەكەوێتە بەر هەرەشەی جددی , چونكە ئەوكاتە كەسیتتیەكی ئاوا كاریگەر نامێنێتَ , تا سازش لە گەڵ بنەماڵە بكات , هەموو پێشێلكارییەكان كە بنەماڵە رۆژانە ئەنجامی ئەدات قە بوڵی بكات. كەسێ لە كادیر و رۆشەنبیرانی نێو یەكێتی , ئەو هەموو دەسترۆیشتووەی بنەماڵەیان پێ قەبووڵ ناكرێت , چونكە ئەوان ئەڵێن: چییە ئەو شتانە كە دەستووری موكەڕڕەم ئەدا بە بنەماڵە , لە ئێمەی جیا ئەكاتەوە؟!!, ئەوان خۆ لە هەسارەیەكی دیكەوە نەهاتوون , تا دەسكی دەرگاكانیشیان زێر بێت , خۆ ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بەرهەمی پرۆسەی دیموكراسیی راستەقینە بێت و ئەوا لە بنەماڵە و هەندێ لە كەسی مشەخۆر كەسێكی دیكەیان لەدەور نابێتن , دەسەڵات ئەكەوێتە دەست زۆرینەی خزمەتگوزار و خاوەن بەرنامەیەكی نەتەوەیی.
بۆ ناوچەكەش , ئەتوانین بڵێین , بە پشت بەستن بەو هەموو نووسینانەی كە لە رۆژنامەكانی توركیا لە 1992 تاوەكو رۆژی ئیمرۆمان نووسراوە , هەموو تەئكید لە سەر كەسێتی هەلپەرستانەی و دووروویی تاڵەبانی ئەكەنەوە , یەكێ لە جەنەراڵەكانی تورك لە وەڵامدانەوەی پرسێكی رۆژنامەوانی , دەرهەق بە چەندە بڕوایی بە بەڵێنەكانی تاڵەبانی هەیە, لەوەڵامدا ئەڵێت :هیچ.!
بۆ ئێرانیش , ئەرێ ئاخوندەكانی دەسەڵات بڕوا بەو فرمێسكانەی تاڵەبانی ئەكەن , كە زۆر بەكوڵ هەڵی ئەرێشت لەسەر گۆرەكەی خومەینی.!

دووبارە ,لەكۆتاییدا , تا ئەو جێگەی توانیبێتم لام لە پرسێكی گرنگ كردۆتەوە , بەڵام دڵنیام زۆرتر شیكردنەو و گفتوگۆی گەرم هەڵبگرێت , ئەوە ئەهێڵینەوە بۆ خوێنەران و رۆشەنبیرانی وڵاتەكەم , تا ئەوانیش , ئەوەنەی پێیان ئەكرێت , ئەسپی تێروانینی خۆیان تاودەن. دێمەوە سەر نووسینەكەی ئۆلبرایت ,كە نووسیبووی نەمانی عەرەفات بۆ گەلی فەلەستین و ناوچەكە كاریگەری گەڵێ گرنگ بەجێئەهێڵێ لە ئەفراندنی پرۆسەی دیموكراسی. ئۆڵبرایت راستیشی پێكا, هەموو خوێندنەوەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنەی ئەم دواییەی فەڵەستین وناوچەكەی خستە بەردەم واقیعێكی دیكە ,كە یا ئەبێت پرۆسەی دیموكراسی بەدەورەی كامڵی خۆیدا تێپەربێت , یەكتر قەبوڵكردن و نەفرەتكردن لە بەكارهێنانی توند وتیژی ,ببێت بە ناونیشانی سیاسی كۆمەڵگای فەڵەستینی و, یا ئەبێت ئەو دەنگانە گەمارۆبدرێن كە چەك و لەنێوبردن ناونیشانیانە..كەسێتی عەرەفاتیش ,كەسێتییەك بوو سیاسەتی پینە و پەڕۆ رووەتی زەقی كردەكانی بوو ,كە لە دەرئەنجامدا گەلی فەلەستینی باجی قورسیدا.پاش مردنی عەرەفات ئاشكرابوو , كەخێزانەكەی دەوڵەمەندترین ژنی دنیایە , كە سامانەكەی زیاتر لە 4 ملیار دۆلار ە . ئەم جۆرە دەسەڵاتانە سەرچاوەی گەندەڵین ,ژینگەیەكی گونجاو ئەخوڵقێنن بۆ دروستبوون و سەرهەڵدانی گەندەڵواننی گەورە.
با كەسێ لەوە غافڵ نەبێت , یەكێتی لە تەنگژەی جددی سەركردایەتی دایە , ئەمەش بەو مانایە ,كورد بۆ دەربازبوونی لەم تەنگژەیە, هەر هەمووی چاوی لە لەدایكبوونی كەسێتییەكی وەكو مەهاتماغاندیی و نیلسۆن ماندێلا و رێكخراوێكی مۆدرین و دیموكرات و لیبراڵ هەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە