کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بواره‌که‌ قولی ره‌شوسپی ده‌رخست.

Saturday, 27/08/2011, 12:00


زۆر جار کادیره‌کانی یه‌کێتی و پارتی، حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانیان به‌ ده‌ستی ده‌ره‌کی و جاسوسی ده‌ره‌کی ناوبردوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وکاتیش و ئێستاش دیاره‌ و دیار بوه،‌ که‌ کێ پیاوی ده‌ره‌وه‌یه‌ و کێ ده‌بابه‌ی تورکیای هێنایه‌ سه‌رپه‌له‌مان و کێ پاسداری هێنایه‌ کۆیه‌ بۆ کۆمه‌ڵکوژی دیموکرات و کێ گه‌شته‌ به‌غداد بۆ راموسینی سه‌دام حسێن و کێ تاجه‌ گوڵینه‌ی له‌ سه‌ر گۆڕی ئه‌تا تورک دانا و وتی ده‌وڵه‌تی کورد خه‌ونی شاعیرانه‌یه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ ده‌بینین هه‌ندێکجار و هه‌ندێک که‌س خۆیان له‌و زه‌ریا خیانه‌ته‌ نیشتمانیه‌ ده‌دزنه‌وه‌ و ئه‌و سه‌رکرده‌ وڵاتفرۆشانه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ ئیمامی عه‌لی و ده‌یانه‌وێت که‌سانێکی بێ ئاگا قه‌ناعه‌ت پێ بهێنن.
ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه‌، روداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی کوردستانه‌.
ماوه‌ی مانگێکه‌ سنوره‌کانی کوردستان له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ تۆپباران ده‌کرێت، گوند و ره‌زی هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌سوتێنرێت، خه‌ڵک ئاواره‌ ده‌بێت و ماڵی خۆیان به‌جێده‌هێڵن، هاوڵاتی سڤیل شه‌هید ده‌بێت و ئێران به‌ردوامه‌ له‌ سه‌ر تۆپبارانه‌کان،
ئه‌وه‌ی تازه‌ نه‌بو به‌ لای هه‌مو کوردێکه‌وه‌ بێ هه‌ڵوێستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بو به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌، به‌ڵام تازه‌ ئه‌وه‌ بو که‌ به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ ده‌رکه‌وت حکومه‌تی هه‌رێم نه‌ک رێگری ناکات به‌ڵکو ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێیه‌کی شاراوه‌یه‌، رێنیشانده‌رێکی ده‌مامکداره‌، رێناسه‌ و داوای جیهاز ده‌کات بۆ که‌شفردنی شوێنی گه‌ریلا، هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌ت و مه‌کینه‌ ئیعلامیه‌که‌ی وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان که‌وتنه‌ پینه‌کردنی ئابڕوچونه‌که‌، به‌ڵام تا فریاکه‌وتن کار له‌ کار ترازابو.
پاش ئه‌وتۆپبارانانه‌ش دوای چه‌ند چالاکیه‌کی گه‌ریلا به‌ شێوه‌یه‌کی کتوپڕ،تورکیا وه‌ک هه‌میشه‌ که‌وته‌وه‌ بۆردومانی ناوچه‌ سنوریه‌کان، که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم پێی ده‌ڵێت ناوچه‌ شاخاویه‌کان، تورکیا له‌و بۆردومانه‌ کوێرانه‌دا ئاژه‌ڵ ده‌کوژێت، ماڵ و پرد و جاده‌وبان خاپر ده‌کات، هاوڵاتی سڤیل نه‌ک شه‌هید ده‌کات به‌ڵکو وه‌ک داهێنانێکی تازه‌ به‌ ساروخ ده‌یانسوتێنێت.
حکومه‌تی هه‌رێم وسه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بۆردومانانه‌ هه‌ڵوێستی شه‌رمنانه‌یان هه‌بو، سه‌رۆک داوایکرد په‌که‌که‌ واز له‌ خه‌باتی چه‌کداری بهێنێت و بێنه‌ ژێر رکێفی خۆیان وه‌ک دیموکرات و کۆمه‌له‌،" بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاتی ده‌نگداندا به‌ هه‌ویه‌ی ته‌زویر ده‌نگیان پێبده‌ن و سندوقیان پێپڕبکه‌ن".
سه‌رۆک له‌ کێله‌کی ئه‌و داوایه‌شدا، سه‌ره‌خۆشی له‌ تورکیای دۆست ده‌کات و نیگه‌رانی خۆی بۆ کوژرانی سه‌ربازه‌ چاوگه‌شه‌کانیان ده‌رده‌بڕێت، له‌ کاتێکدا هه‌ر رۆژانه‌ گه‌ریلا که‌ له‌ خوێنی سه‌رۆک خۆیه‌تی و کورده،‌ شه‌هید ده‌بن و سه‌رۆک خۆی تێناگه‌یه‌نێت.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ په‌رله‌مانه‌ کارتۆنیه‌که‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ په‌رله‌مان هه‌مو شتێکه‌ مه‌رجه‌ع نه‌بێت ‌که‌ پارتی و یه‌کێتی ده‌یانه‌وێت وامانتێگه‌یه‌نن.
په‌رله‌مان که‌ ئێستا لیستی زۆرینه‌ داگیریکردوه‌، به‌یاننامه‌ و راگه‌یاندنه‌کانی ئه‌م دوایه‌ی جێگای شه‌رمبو،
له‌ دواین کۆبونه‌وه‌ی نائاسایی په‌رله‌ماندا، ئۆپۆزسیۆن داواینکردوه‌، ده‌بێت حکومه‌تی هه‌رێم داوای یاسایی له‌ سه‌ر تورکیا تۆمار بکات، به‌ڵام سه‌رۆکی په‌رله‌مان که‌ ره‌نگه‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی خۆی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات له‌وه‌ به‌ که‌متر بزانێت، به‌ لایه‌وه‌ ناخۆش بوه‌ په‌رله‌مان فه‌رمانبکات، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش وتویه‌تی نابێت به‌ شێوه‌ی فه‌رمان بێت، به‌ڵکو ده‌بێت داواکاری بێت، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌ تایبه‌ت گۆڕان داوایکردوه‌ بنکه‌ سه‌ربازی و هه‌وڵگریه‌کانی تورکیا و ئێران له‌ خاکی هه‌رێمدا نه‌مێنن، به‌ڵام سه‌رۆکی په‌رله‌مان که‌ ئاگای له‌ سیاسه‌تی ژێر به‌ژێری دوحیزه‌به‌که‌فه‌رمانڕه‌واکه‌یه‌، به‌م داواکاریه‌ رازی نه‌بوه‌ و هه‌ر لاشیبردوه‌ له‌ ناو به‌یاننامه‌که‌دا.
که‌واته‌: هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌، سه‌لماندیان که‌ نه‌ک دڵسۆزی کوردستان نین، به‌ڵکو ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ن، چونکه‌ به‌ هێشتنه‌وه‌ی بنکه‌ی هه‌واڵگری ئه‌و دو وڵاته‌ پرسیاری گه‌وره‌یان له‌ سه‌ر خۆیان دروستکرد.
له‌ لایه‌کی تره‌وه‌، له‌م روداوانه‌ی ئه‌م دواییه‌ی‌ کوردستان، ئه‌وه‌ی خه‌ڵکێکی زۆری توشی شۆککردوه‌ راگه‌یاندنه‌کانی کۆمپانیای وشه‌یه‌ که‌ نزیکن له‌ گۆڕانه‌وه‌.
چونکه‌ هه‌مو راگه‌یاندنه‌کانی ئه‌و کۆمپانیایه‌ به‌ لێشاو هه‌واڵه‌کانی سه‌رسنور و نه‌هامه‌تیه‌کانی سه‌رسنور و روداوه‌ حه‌قیقیه‌کانی سه‌ر سنور ده‌گوێزێته‌وه‌، زۆر جار له‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌کانیدا بۆ ژماره‌ی کوژراوی نێوان په‌که‌که‌ و تورکیا پشت به‌ سه‌رچاوه‌ی کوردیی ده‌به‌ستێت که‌ راگه‌یاندنه‌کانی نزیک په‌که‌که‌ن، نه‌ک راگه‌یاندنه‌کانی تورکیا و ئێران وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ زۆربه‌ی میدیاکانی پارتی و یه‌کێتی پشتیان پێ ده‌به‌ستن.
زۆر جار پرسیار لای من دروستده‌بێت
" هه‌مو حیزبه‌ کوردستانیه‌کان به‌رژه‌وه‌ندیان له‌ گه‌ڵ ئێران و تورکیا هه‌یه‌، هه‌ندێکیان که‌م و هه‌ندێکیان زۆر تا ڕاده‌ی جاسوسیکردن، له‌ راگه‌یاندنی هه‌ر حیزبێکه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێت کام حیزب زۆرتر نزیکه‌ له‌ کام ده‌وڵه‌ته‌وه‌، ئه‌رێ گۆڕان نزیکه‌ له‌ کام ده‌وڵه‌تیانه‌وه‌، ئه‌رێ گۆڕان ئه‌گه‌ر بچوکترین په‌یوه‌ندی نه‌ئاسایی هه‌بایه‌ ئێستا راگه‌یاندنه‌کانی بێده‌نگ نه‌کرابو"
چونکه‌ ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌کانی نزیک له‌ گۆڕان ده‌یکه‌ن له‌و روداوانه‌دا که‌مترین میدیا هه‌ستی به‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ کردوه‌ له‌ ماوه‌کانی رابردودا، زۆر جار ده‌پرسم باشه‌ گۆڕان که‌مترین به‌رژه‌وه‌ندیشی نیه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و دو وڵاته‌دا وا به‌م شێوه‌یه‌ رۆماڵی ده‌ستدرێژیه‌کانیان ده‌کات؟!.
که‌چی له‌ هه‌موی مه‌هزه‌له‌تر و پێکه‌نیناویتر، چه‌واشه‌کاری و درۆ شاخداره‌کانی هه‌ندێک راگه‌یاندنی نزیک له‌ دو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌یه‌،
ئه‌وا راگه‌یاندنانه‌ ده‌زانن سه‌رۆکه‌کانیان هه‌ر خیانه‌تێک که‌ هیچ سه‌رکرده‌یه‌ک نه‌یکردوه‌ له‌ مێژودا، ئه‌وان کردویانه‌، سه‌رۆکه‌کانیان هه‌ر رۆژه‌ و ئه‌ڵقه‌له‌ گوێی وڵاتێکن و ده‌ستی وڵاتێک ده‌گرن بۆ سه‌ر کوردستان، که‌چی بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌ڵه‌ ره‌شه‌ دێن و هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر لایه‌نه‌کانی تر، دێن و له‌ شه‌رمی ئه‌وه‌ی ئاغاکانی خۆیان هیچ هه‌ڵوێستێکیان نیه‌، ده‌یانه‌وێت لایه‌نه‌کانی تریش تاوانبار بکه‌ن، یان هیچ نه‌بێت له‌وئه‌رکه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ که‌م بکه‌نه‌وه‌ که‌ ده‌یکه‌ن.

به‌ کورتی وبه‌ کوردی،
قولی ره‌ش له‌ بواردا ده‌رده‌که‌وێت، تۆپبارانه‌کانی ئێران، بۆردومانه‌کانی تورکیا، ده‌رکه‌وتنی فایله‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ تاران، به‌یاننامه‌ شه‌رمنانه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم، به‌یاننامه‌ ترسنۆکانه‌که‌ی په‌رله‌مان، که‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان ده‌ستکاری بڕگه‌کانی کرد، که‌واته‌ ده‌توانین بڵێین به‌یاننامه‌ ترسنۆکانه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان،
له‌ به‌رامبه‌ردا، رۆماڵکردنی چرکه‌ و خوله‌کی روداوه‌کان له‌ لایه‌ن راگه‌یاندنه‌کانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، کارکردن بۆ جوڵاندنی شه‌قام به‌ ئاراسته‌ی خۆپیشاندان له‌ لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، هه‌وڵدانی ئۆپۆزسیۆن بۆ به‌ نێوده‌وڵه‌تی کردنی تۆپبارانه‌کان و هه‌وڵدانی ده‌سه‌ڵات بۆ په‌رده‌پۆشکردنی، قولی ره‌شو سپی ده‌رخست.
سالار جاف

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە