کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی و پیشاندانی رویه‌کی تری به‌ربه‌ریه‌ت

Tuesday, 06/12/2011, 12:00







له‌ به‌یانیه‌کی زودا، کاتێک فه‌رمه‌نبه‌ر و مامۆستا و پۆلیس و کرێکار و دوکاندار و هه‌مو هاوڵاتیه‌کی تر له‌ ماڵه‌که‌ی دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و شار جمه‌ی دێت له‌پیاوی مه‌رد و سیخوڕی حیزب، گه‌نجێکی شیکپۆشی خوێندکاری مۆدێرن له‌ به‌رده‌م کۆلێژه‌که‌یدا رفێنرا و به‌ چه‌ندین بازگه‌دا قوتارکرا و له‌ موسڵ به‌ کوژراوی دۆزرایه‌وه‌، کاتێکیش په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان بۆ پارتی درێژکرد، ئه‌و حیزبه‌ وه‌ک تۆڵه‌یه‌ک هات و پیسترین و قێزه‌ونترین و شکستخواردوترین سیناریۆی دانا و گه‌نجه‌ شه‌هیدکراوه‌که‌ی کرد به‌ تیرۆریست، له‌ کاتێکدا سینارۆیه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ مناڵانه‌ بو، که‌ مرۆڤی عاقڵ و وشیار له‌ کاتی گوێبیست بونیدا، شه‌رمی ده‌کرد له‌ هه‌رێمێکدا ده‌ژی، که‌ ده‌زگا سیخوڕیه‌کانی ئه‌وه‌نده‌ به‌ نه‌فامی بزانێت و هه‌وڵ بدات به‌ وه‌ها سینارۆیه‌ک هه‌ڵیخه‌ڵه‌تێنێت.
کاتێک 17 ی شوبات هه‌زاران که‌س رژانه‌ سه‌رشه‌قام و داوای مافی خوراوی خۆیان ده‌کرد، ئه‌وشاره‌ی که‌ گه‌نجه‌که‌ی لێ رفێنرابو، وه‌ک شامی شه‌ریف ده‌هاته‌ به‌رچاو، که‌سێک نه‌بو بێته‌ سه‌رشه‌قام و داوای مافی خۆی بکات، پارتیش که‌ چه‌ند رۆژێک بو سلێمانیان خه‌ڵتانی خوێنکردبو به‌ خوێنی گه‌نجه‌ خێر له‌ خۆ نه‌دیوه‌کانی، له‌ راگه‌یاندنه‌کانیه‌وه‌ هاواری ده‌کرد(له‌ سایه‌ی پارتیماندا که‌س ناڕازی نیه‌ له‌م سنوره‌دا)، ئه‌و قسه‌ بریقه‌داره‌ سواوه‌ بێ تامه‌ بێزراوه‌ی به‌رپرسه‌کانی پارتی ئه‌وه‌نده‌ مه‌هزه‌له‌ بو سیناریۆکه‌ی سه‌رده‌شتی خستبوه‌ لاوه‌، چونکه‌ هه‌ر له‌و شاره‌دا و به‌ پێی کورسیه‌کانی ده‌نگدانیش بێت، زیاتر له‌ 200 هه‌زار که‌س نارازین، ئه‌رێ گه‌لۆ ئه‌و ده‌نگانه‌ چیان به‌ سه‌رهات، بۆ ئه‌و ده‌موچاوانه‌ نایه‌نه‌ سه‌رشه‌قام که‌ له‌ سندوقه‌کانی ده‌نگداندا پارتیان وه‌لاوه‌ ناوه‌.
له‌ شانۆگه‌ری خوله‌ چه‌خماخه‌ و له‌ دوا به‌شه‌کانیدا دیمه‌نێکی جوانی تێدایه‌، خوله‌ی ئه‌سڵ دێت و چاوه‌ڕێی خوله‌ ته‌زویره‌که‌ ده‌کات، جا بۆ ئه‌وه‌ی که‌شی چایخانه‌که‌ تێکنه‌چێت و نه‌بێت به‌ هه‌را و خوله‌ی ته‌زویر له‌ ده‌ستی هه‌ڵنه‌یه‌ت، روناکی چایخانه‌که‌ ده‌کوژێنێته‌وه‌ و هه‌ر که‌سێک خۆی ده‌کات به‌ چایخانه‌که‌دا، پاسه‌وانه‌کانی خوله‌ی ئه‌سڵ به‌ زه‌برێکی خێراو کاریگه‌ر و کورت پیایدا ده‌کێشن و ده‌یکه‌ن به‌ ژوره‌که‌ی پشته‌وه‌دا...، له‌ هه‌ولێری کاتی خۆپیشاندانه‌کانیش هه‌مان دیمه‌ن سه‌رنجی منی راده‌کێشا، به‌ڵام به‌ کۆمه‌ڵێک جیاوازیه‌وه‌ وه‌ک..
هه‌ولێر له‌و کاته‌دا له‌ بری ئه‌وه‌ی کاره‌بای له‌ سه‌ر ببڕێت و تاریک بکرێت، ده‌ستی راگه‌یاندنی ده‌ره‌کی و جموجۆڵ و نه‌فه‌سکێشانی ئازادی لێ بڕا و تاریک کرا، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ کۆمه‌ڵێک چه‌قۆ کێش و به‌تاڵه‌ی گازیۆنه‌کان به‌ ناسنامه‌ی پاراستنه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری پارکه‌ قه‌ره‌باڵخه‌کانی ناوشاری هه‌ولێر بلاوه‌یان پێکرابو، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک هه‌مان دیمه‌نی خوله‌ چه‌خماخه‌ ئه‌گه‌ر ناڕه‌زاییه‌ک سه‌ری هه‌ڵدا به‌ زوترین کات کۆتایی پێبهێنن، ئه‌و دیمه‌نه‌شمان بینی کاتێک که‌ هاوڵاتیه‌کی گه‌ڕاوه‌ له‌ هه‌نده‌ران رۆشته‌ ناو پارکی به‌رده‌م قه‌ڵا و ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر کراسه‌که‌ی نوسیبوی(نابۆگه‌نده‌ڵی) گه‌نجه‌ گه‌نده‌ڵپارێزه‌کان خه‌ڵتانی خوێنیان کرد و کۆتاییان به‌ دۆخه‌که‌ هێنا.
ده‌کرێت بپرسین، ئه‌رێ خێره‌ ئێوه‌ توانیتان رێگه‌ به‌ 200 هه‌زار ده‌نگی نارازی بگرن له‌ 17 شوباتدا خۆپیشاندان بکات و رێکخراوی قوتابیانه‌که‌تان به‌ فیکه‌یه‌ک هه‌مو مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆی سه‌ڵاحه‌دینی نارده‌وه‌، که‌چی نه‌تانتوانی رێگه‌ به‌ چه‌ند گه‌نجێک بگرن ، که‌ باره‌گای حیزبه‌ کوردیه‌کانیان سوتاندا، عه‌قڵ قبوڵی ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ حیزبێک له‌ رێگای پاراستنه‌که‌یه‌وه‌ ئاگای له‌ خه‌وتن و خواردنی هه‌مو هاوڵاتیانی سنوری ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بێت به‌ڵام نه‌توانێت چه‌ند گه‌نجێکی تۆمه‌تبار به‌ سوتاندنی باره‌گای حیزبه‌کان بدۆزێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر گڵۆپی سه‌وزی ئێوه‌ نه‌بێت کێ ده‌وێرێت له‌ دوریشه‌وه‌ سه‌یری باره‌گای حیزبێک بکات تا بگات به‌وه‌ی گڕی تێبه‌ردات و بیسوتێنێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ راستیی بابه‌ته‌که‌ نیه‌، به‌ڵکو راستیه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پارتی قبوڵی هیچ هێزێک ناکات له‌ ده‌ڤه‌ری زه‌ردا، ئاماده‌یه‌ کۆڵان به‌ کۆڵان و ماڵ به‌ ماڵ و ژور به‌ ژور و ژێر به‌تانی به‌ ژێر به‌تانی خه‌ڵتانی خوێن بکات و لافاوی خوێن هه‌ستێنێت به‌ڵام واز له‌ کورسی ده‌سه‌ڵات نه‌هێنن، ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر یه‌کگرتو کرا هه‌مان قسه‌ بو له‌ روه‌ پراکتیکیه‌که‌وه‌ به‌ خه‌ڵکی کوردستانی وت، ئه‌گینا خێره‌ باره‌گایه‌کی پارتی نه‌وستێنراوه‌، به‌ردێک نه‌نراوه‌ به‌ دازگایه‌کی حکومه‌ته‌ حیزبیه‌که‌شه‌وه‌، که‌چی تۆ بێیت باره‌گای حیزبێکی تر بسوتێنیت، ئه‌رێ ئه‌مه‌ بیانو گرتن نه‌بێت چی شتێکی تره‌؟!!!.
به‌ڵام پاش ئه‌و هه‌مو روداوه‌ و ئه‌و روباره‌ خوێنه‌ی پارتی له‌ پاش راپه‌رینه‌وه‌ رژاندویه‌تی راستیه‌کی ره‌ونمان پێده‌ڵێت، ئه‌ویش گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێکی به‌ربه‌ریانه‌یه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و حزیبه‌وه‌، په‌لاماردانی هه‌رکه‌سێک که‌ گومانی کۆیله‌نه‌بونی لێبکرێت، سوتاندنی باره‌گای هه‌ر حیزبێک که‌ ئه‌ڵقه ‌له‌ گوێ و ده‌ربار نه‌بێت، پاشان هێرشیش له‌ پێناو به‌رگری و له‌وچوارچێوه‌شدا ده‌بێت حیزبی به‌رامبه‌ر داوای لێبوردن بکات، چونکه‌ سوتاندی باره‌گایه‌ک له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا که‌ که‌س ناتوانێت بێ مۆڵه‌تی ئه‌و حیزبه‌ گۆرانیش بڵێت نه‌ک خۆپیشاندان بکات، نابێته‌ به‌ڵگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حیزبه‌که‌ی ئاگای له‌ سوتاندنی ئه‌و باره‌گایانه‌ هه‌بێت، به‌ڵکو ئه‌وه‌ ده‌ستێکی ده‌ره‌کیه‌ و برا کلدانی ئاشوری و مه‌سیحیه‌کان ئامانجن و هه‌زاران دروشمی بێزراوی تری له‌و شێوه‌یه‌.
له‌ کۆتایدا ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌ بڵێین، ئه‌وه‌ پارتیه‌ که‌ بینیمان، قسه‌ بکه‌یت زمانت ده‌بڕیت، هه‌ناسه‌ بده‌یت گه‌روت ده‌رده‌هێنێت، له‌ ئاسۆ بڕوانه‌ چاوه‌کانت هه‌ڵده‌کۆڵێت، به‌ره‌و ئازادی هه‌نگاو بنێ قاچه‌کانت ده‌کات به‌ هه‌لوک، پاشان ده‌تکات به‌ دڕنده‌یه‌کیش له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندن و ده‌رباره‌ ده‌ست له‌ سه‌ر سنگه‌کانیه‌وه‌، که‌ ده‌ستخۆشی لێ بکرێت به‌ هۆی کوشتنه‌که‌ته‌وه‌، یاخود هیچ نه‌بێت ئه‌توانێت ئه‌و گه‌نجانه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێت، که‌ پێیانوایه‌ سه‌رده‌شت تیرۆریسته‌ بۆیه‌ کوژراوه‌، ئه‌گینا ئه‌م سیاسه‌ته‌ی که‌ ئیستا پارتی ده‌یکات هیچی ترمان پێ ناڵێت جگه‌ له‌ یه‌ک دێڕ(به‌ربه‌ریه‌ت له‌ به‌رگێکی تردا).

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە