کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌قوایه‌ نێچیره‌ڤان ئامۆژگاری مه‌سروری ئامۆزای بکات

Wednesday, 07/12/2011, 12:00






من هه‌میشه‌ تێروانینم وابوه‌، که‌ هیچ هێزێکی ناوخۆیی له‌ هه‌رێمدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، ناتوانێت گۆڕانکاری ریشه‌یی له‌ بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی ئه‌و بنه‌ماڵه‌دا ئه‌نجامبدات، به‌ڵکو ده‌بێت به‌کتریای گۆرانکاری له‌ ناو خودی بنه‌ماڵه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵبدات و به‌ تێپه‌ڕبونی رۆژگار گه‌شه‌ بکات و پارتی به‌ره‌و دۆخێکی کراوه‌تر ئاراسته‌ بکات، ئه‌گینا هه‌میشه‌ پارتی ئاماده‌بوه‌ و ئاماده‌شه‌ وه‌ک چۆن له‌ 31 ی ئابدا ده‌بابه‌ی هێنایه‌ سه‌ر په‌رله‌مانی کوردستان و ئاڵای کوردستانی داگرت، به‌وشێوه‌یه‌ ده‌ستی چه‌ندین داگیرکه‌ری تر بگرێت و بیهێنێته‌ سه‌ر کوردستان.
که‌واته‌ ده‌بێت له‌ خودی بنه‌ماڵه‌دا به‌ دوای به‌د‌یلدا بگه‌ڕێین، له‌ ئێستاشدا ئه‌گه‌ر روکار بێت یاخود نیه‌تێکی راسته‌قینه‌، نێچیره‌ڤان بارزانی جیاوازتر له‌ هه‌مو ئه‌ندامانی تری بنه‌ماڵه‌ ده‌رده‌که‌وێت، هه‌میشه‌ که‌ پارتی توشی ئاڵۆزیه‌ک ده‌بێت، بنه‌ماڵه‌ ئه‌و راستیه‌ ده‌زانن که‌ ته‌نها نێچیره‌ڤانیان هه‌یه‌ روی مه‌جلیسی سیاسی هه‌بێت و رایده‌سپێرن‌ بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌کان، هه‌ندێک ئه‌و کراوه‌ییه‌ی نێچیره‌ڤان به‌ هۆی ئه‌وه‌ ده‌زانن که‌ هه‌ردو توخمه‌که‌ی له‌ خودی بنه‌ماڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتوه‌ و خوێنی سلێمانی تێدایه‌، هه‌ندێکی تریش پێیانوایه‌ نێچیر هه‌ستی به‌ قه‌باره‌ی مه‌سروری وه‌لی عه‌هد کردوه‌ له‌ به‌رده‌میدا و ده‌خوازێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ پێگه‌یه‌کی به‌هێز بۆ خۆی دروستبکات.
له‌ به‌رامبه‌ر نێچیره‌ڤاندا ، مه‌سرور بارزانی هه‌یه‌، که‌ ده‌موچاوێکی گه‌نجی بنه‌ماڵه‌یه‌ و هاوشێوه‌ی کوڕی ئه‌و سه‌رکردانه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی ، که‌ به‌هاری عه‌ره‌بی تێدا کرا و دیکتاتۆره‌کان راماڵران، سه‌رۆکی ده‌زگایه‌کی موخابه‌راتی ترسناکی تۆقێنه‌ری سیناریۆ داڕێژه‌ره‌، له‌ ناو بنه‌ماڵه‌دا خۆی ئاماده‌ ده‌کات بۆ جێگرتنه‌وه‌ی باوکی، به‌ڵام هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ نه‌ک گه‌نجه‌ رۆسنبیر و چاودێره‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێم ، که‌ به‌ گه‌نجێکی داخراو و ترسناک و تۆقێنه‌ری ده‌زانن، به‌ڵکو له‌ ناو خودی پارتیشدا جگه‌ له‌ باڵێکی توندڕه‌وی سه‌ربازی، هیچ سیاسیه‌کی عاقڵ و خاوه‌ن بیری به‌دواوه‌ نیه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا هه‌میشه‌ مه‌سرور هه‌وڵیداوه‌، وه‌ک که‌سه‌ ترسناکه‌که‌ بمێنێته‌وه‌، تا به‌ هۆی ئه‌و سام و وێنه‌ ترسێنه‌ره‌وه‌ که‌ بۆ خۆی دروستکردوه‌، بتوانێت پاش باوکی ده‌ست به‌ سه‌ر حیزبه‌که‌دا بگرێت.
ئه‌و کوڕه‌ گه‌نجه‌ی بارزانی چه‌ندین سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی هه‌یه‌، چه‌ندینجار پارتی دوچاری قه‌یرانی گه‌وره‌یی ناوخۆیی کردوه‌ته‌وه‌، بۆ نمونه‌ ساڵی پار گه‌نجێک له‌ هه‌ولێر رفێنرا وتیرۆرکرا و ده‌زگاکه‌ی ئه‌و تۆمه‌تبارکرا، به‌ڵام ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌ هێوبکاته‌وه‌، ره‌تڵێک داوای به‌ ناو یاسایی له‌ رێگه‌ی پارێزه‌ری حیزبه‌که‌ی باوکیه‌وه‌ له‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسانی ئازاد و ئۆپۆزسیۆن تۆمارکرد، که‌ باسی ئه‌و تۆمه‌ته‌یان کردبو، له‌ سه‌روبه‌ندی خۆپیشاندانه‌کانی 17 ی شوبات و رۆژانی دواتریش چه‌ند باره‌گایه‌کی گۆڕان له‌ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا سوتێنرا، هه‌رزو په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ بانده‌که‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ درێژکرا، که‌ ناوی پاراستنه‌، له‌ روداوه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی بادینانیش هه‌ندێک چاودێری سیاسی ناڕاسته‌وخۆ بانده‌که‌ی ئه‌و به‌ به‌رپرس ده‌زانن، چونکه‌ پێیانوایه‌، ئه‌وه‌ی کرا سیناریۆیه‌ک بو بۆ لێدان له‌ نێچێره‌ڤان بارزانی له‌ ناو خودی بنه‌ماڵه‌وه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی نێچێره‌ڤان حکومه‌ت وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و مه‌به‌ستی بوه‌ حکومه‌تێکی بنکه‌ فراوان بێت، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌و روداوانه‌ی بادینانه‌وه‌، یه‌کگرتو پێناچێت به‌شداری حکومه‌ته‌که‌ی نێچیره‌ڤان بارزانی بکات، ئه‌وه‌ش مانای دروستکردنی کۆسپی پێشینه‌ بۆ کابینه‌که‌ی نێچیره‌ڤان بارزانی.
هه‌موان ده‌زانین پاش ته‌واوبونی واده‌ی سه‌رۆکایه‌تی نێچیره‌ڤان، پارتی به‌ چ شێوه‌یه‌ک که‌وته‌ راماڵینی باڵی نێچیر، له‌ ترسی خۆکاندیدکردنیشی ، بێ فلته‌ری هه‌ڵبژاردن بارزانی کردی به‌ جێگری خۆی له‌ حیزبدا، به‌لام ئه‌م روداوانه‌ی دوایی ئه‌گه‌ر سیناریۆی لێدانی نێچیره‌ڤان بێت ومه‌به‌ست شکستپێهێنانی کابیه‌نه‌که‌ی بێت، ئه‌وا که‌سی تر نیه‌ جگه‌ له‌ مه‌سرور، چونکه‌ ده‌زانین ئه‌و گه‌نجه‌ له‌ ماوه‌ی رابوردودا چۆن گرفت و ته‌گه‌ره‌ی خستوه‌ته‌ به‌رده‌م باڵه‌که‌ی نێچیره‌ڤان، له‌ ئێستاشدا رونده‌بێته‌وه‌، که‌ مه‌سرور بارزانی نه‌ک ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌، به‌ڵکو ده‌ست له‌ خودی بنه‌ماڵه‌ش ناپارێزێت بۆ پته‌وکردنی کورسیه‌که‌ی خۆی، که‌واته‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ نێچیر چۆن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و گه‌نجه‌ ترسناکه‌دا سیاسه‌ت ده‌کات، چی میکانیزمێک هه‌ڵده‌بژێرێت تا ئه‌و دیواره‌ به‌رزانه‌ی په‌کخستن تێکبشکێنێت، که‌ مه‌سرور ئه‌ندازیاره‌که‌یه‌تی، چونکه‌ ئه‌گه‌ر وا بڕوات به‌ تێپه‌ڕبونی رۆژگار ، مه‌سرور بارزانی تۆوی پاراستن و سیزوڕی له‌ ناو تاک به‌ تاکی پارتیدا ده‌چێنێت و نێچیره‌ڤان به‌ ته‌نیایی ده‌هێڵیته‌وه‌، که‌واته‌ زۆر زه‌روره‌ نێچیره‌ڤان زه‌مینه‌ بۆ به‌کتریای گۆڕانکاری ناو پارتی بسازێنێت و پێش ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌ ترسناکه‌که‌ پارتی بکات به‌ حیزبێکی تۆقێنه‌ر وه‌ک ده‌زگاکه‌ی، نێچیرڤان هیچ نه‌بێت هه‌وڵبدات سنورێک بۆ ئه‌و گه‌نجه‌ دابنێت، یاخود تێیبگه‌یه‌نێت ، که‌ سیاسه‌تی توندی ئه‌و گه‌نجه‌ چی زیانێک به‌ پارتی ده‌گه‌یه‌نێت، تێیبگه‌یه‌نێت ئه‌و سیناریۆیانه‌ی پاش هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی توند دایده‌ڕێژێت سیناریۆیه‌کی باتیڵ و نه‌فامانه‌یه‌ و خه‌ڵک پێکه‌نینی پێی دێت، تێیبگه‌یه‌نێت دنیا گوندێکی بچوک نیه‌ و هه‌مزاغاش دیوه‌خانه‌که‌ی جارانی نه‌ماوه‌، تێیبگه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک ده‌ربار و ده‌ست له‌ سه‌ر سنگ له‌ پێناو پارتیدا به‌ ماست ده‌ڵێن ره‌شه‌، کۆمه‌ڵێکی تر هه‌یه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆکاری سپێتی ماست ده‌که‌ن، هه‌قوایه‌ نێچیره‌ڤان به‌ راشکاوانه‌ به‌و گه‌نجه‌ بڵێت، ئه‌وه‌ ده‌زگا زه‌به‌لاحه‌ درۆزنه‌که‌ی پارتیه‌ ئه‌ویان کردوه‌ به‌ پارێزه‌ری ئاشتی و ئاوه‌دانی و سه‌رکه‌وتن و نه‌سره‌وتن و هه‌زار شتی تر، ئه‌گینا خه‌ڵک سڵ له‌ سێبه‌ره‌که‌شی ده‌کاته‌وه‌، ئه‌گینا گه‌نجێکی قۆزه‌ به‌ ده‌موچاو به‌ڵام زۆر زۆر بێزراوه‌ و هیچ جێگه‌ی ئومێد نیه‌، هه‌قوایه‌ نێچیره‌ڤان له‌ پێناوی پارتی و بنه‌ماڵه‌که‌یدا ئه‌و ئامۆژگاریانه‌ی ئامۆزاکه‌ی بکات، چونکه‌ هیچ شۆفێری نازانێت و که‌شتیه‌که‌ به‌ره‌و تاڤگه‌ ده‌بات.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە