داڕشتنێكى وێران و ئاست نزم لەسەر حزبى شیوعى
Wednesday, 31/08/2011, 12:00
خێڵان بەختیار ناوێك لەسایتى كوردستانپۆستدا بەزمانێكى كۆڵەوارو رێزمانێكى شەق وشڕو كوردییەكى خراپ داڕشتنێكى لەسەر حزبى شیوعى نووسیوە كەدڵنیام ناگات بەو داڕشتنانەى ئەمساڵ قوتابییەكانم نووسیان و ئەم داڕشتنە لاى من بووایە لە پانزە تەنها چوارم بۆ دادەنا، ئەمە نەك تەنها لەبەر وێرانى زمان و شێوازى داڕشتنەكەى، بەڵكە سەرتاپا جوێن و بێڕێزى فڕێدان و ریزكردنى وشەى بازاڕیانەیە كەئەمە چەرچییەتییە، نەك ئەو چەند گەنجە رۆشنبیرەى جەنابیان تەنها لەبەرشیوعیبوونیان بەچەرچى مەزادخانەكانى هەولێریان ناو دەبات، پێدەچێت داڕشتنەكە بەسەرێكى گەرمیشەوە نووسرابێت و رق و قەهر هەڵڕشتنەكەى بۆ خۆبەتاڵكردنەوەیەتى لەو گرێ دەرونییەى بەرامبەر بەم حزبە بۆى دروست بووە، كاكى خێڵان ئێستا بەم داڕشتنەت كامیان حزبى شیوعى تەنها دەمى هەیەو زمانى درێژە یان جەنابت؟! ئەى ئەمەى تۆ زماندرێژى نییە؟! كەسێك قەڵەم بەدەستەوە بگرێت و رەخنە بگرێت دەبێت دوور لەهەر پێوانەیەكى ئەخلاقیاتى نووسین و رەخنەگرتن جوێن بدات؟ دەبێت حزبێك كەبەدەر نییە لەكەموكوڕى بەزماندرێژو چەرچى مەزادخانەكان و ترسنۆك و بێهەڵوێست و دژبە بەرەى میللەت ناو ببەیت! جا خۆ مییللەت كوێر نییە تا حزبى شیوعى و حزبەكانى دیكە نەبینێ و نەیانناسێ! پێم ناڵێیت حزبى شیوعى لەچیدا هەڵوێستى نییە؟ لەوێدا كەوەك جەنابتان جوێن بدات! باس لەوە دەكات كەبەحەوت حزبەوە كورسییەكى پەرلەمانیان هێنا، ئەى بۆ باس لەم بیستوسێ هەزار دەنگە ناكەیت كەبەتاقى تەنها لەهەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا لەساڵى رابردوودا هێناى؟ دواتر دیارە لەهەگبەى رۆشنبیرى تۆدا حزبى گەورە تەنها دەنگهێنانە! بیرى چووە یان نازانێ حزبى زیندوو هەڵوێستى شۆڕشێگێڕانەومەبدەئى خۆڕاگرى و دروستى خیتابى سیاسى و قوڕسایى سیاسەتییەتى بەسەر بوارە جۆربەجۆرەكاندا نەك تەنێ زۆرى وبۆرى! كەسێكیش تۆزقاڵێك دوێنێ و ئێستا باش بخوێنێتەوە دەزانێت كێ پشتى لەمیللەت كردووە، ئەو چەند گەنجەى بەچەرچى ناویان دەبەیت لەجورئەت و رەخنەگرتن و دڵسۆزى و زمانپاكى و نیشتمانپەوەرى ناگەیت بە دامێنیشیان، ئەوەتا لەو سایتەى جەنابتان جوێن و تۆمەت دەبەشیتەوە، من و چەند گەنجێكى دیكە كەدڵنیام دەیانناسى رەخنەدەگرین، بێترس لەسەر پرسە سیاسییەكان و رەوشى ئێستاى كوردستان قسەدەكەین، لە كەناڵەكانى راگەیاندنى ئەم حزبە بەهەمان شێوە رەخنەدەگرین، حزبى شیوعى بەردەوام پڕۆژەو بەرنامەى چاكسازى خستۆتەروو، رۆژێك لەهەڵوێست دەربڕین و رەخنەكرنى بنیادنەرانە نەوەستاوە، رۆژێك حزب نەهاتووە دەممان بگرێت، ئەدى چۆن شەرم ناكەیت بە چەرچى و ترسنۆك و بەرژەوەنپەرست ناوى چەند گەنجێك و حزب دەهێنیت؟! ئەوانەى جەنابت بەپیرو كەنەفت لەنێو بارەگادا ناویان دەبەیت و پێت وایە خۆیان دەژێنن فەزلییان بەسەر تۆشەوە هەیە، ئەو دەمانەى ئەوان ئەشكەنجەى بەعسییان دەخوارد تۆ لەدایكیش نەبووبویت! ئەمانە تێكۆشەرن نەك بێهەڵوێست. نموونە بەئازاو سەرۆ قادرو بەدران دێنێتەوەو دەڵێت ئەمانە نموونەیان زۆرە لەنێو پارتیدا، كاكى خێڵان بەكەر ناوێریت مڕەمڕ لەكورتان دەهێنى، تۆ بۆچوویت یەخەى ئەمانە بگریت؟ رۆژێك ئەمان ئەندامى حزبى شیوعى بوون ئێستا لەحزبێكى دیكە ئەندامن و خۆیان ئازادن، بۆدێیت دەیانكەیت بەنموونە؟ ئەگەر راستیش دەكەیت كەدەڵێى حزبى شیوعى ناوێرێ مقابەلەى رۆژنامەوانى بكات دەفەرموو كام رۆژنامەو كام پرس دەڵێیت ئەوە مەیدان و ئەوە ئەرزو ئەوەگەز هەركەسێك تۆ مەیلت لێ بێت قسە بكات. پاشان بۆ جەنابیشت نازانى كێ بەقەد حزبى شیوعى لەراگەیاندنەكاندا قسەى هەیە؟كاكى خێڵان پێم خۆشە رەخنەى جددیت لەحزبى شیوعى بگرتایە نەك تۆمەتهەڵبەستن و بێڕێزى بەرامبەر بەهەزاران ئەندامى. حزبى شیوعى بەحزبى رەخنەگرتن و رەخنەلەخۆگرتن ناسراوە، لەرەخنە ناترسێت، ئێستاش ئەو رەخنەیەى لەنێو ئەم حزبەدا دەگیرێت هەرچى حزبە باوەڕناكەم بەم قەبارەو ئەندازەیە دیموكراسییەت و ئازادى رەخنەگرتنى تێدابێت، بەردەوامیش رەخنەى دەكەین و دەروێش بەدواى نەكەوتووین، لەزۆر بواریشدا لەتۆ زیاتر ناڕازین، بەڵام جیاوازى ئێمە لەگەڵ تۆ ئەوەیە تۆ جوێن دەدەیت و رق هەڵدەڕێژى، ئێمەش رەخنەدەگرین و بیناى ئەخلاقێكى جوانى دواندن و رەخنەو دەستنیشانكردنى خوارى و چەوتییەكان دەكەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست