هەولێر ئەی شارەکەی شیرین بەهارەم
Wednesday, 23/02/2011, 12:00
هەولێر ئەی شارەکەی شیرین بەهارەم
ناڵە حەسەن
هەڵسە هەولێر
لەم کەرنەڤاڵی ڕاسان و
لەم ڕەشبەڵەکی ژیان و لە دایکبوونەوە یەدا
دەستی دەستە خوشکە چاوگەشەکەی
سلێمانیت بگرە
دەستی شار و شارۆچکەکان و
لادێ و دێهاتەکانت بگرە
هەڵسە هەولێر
دەسماڵەکەت بەدەست بگرە
عاشقە خوێن گەرمەکان و
سەرچۆپیە دڵ پڕ لە هیواکان
لە گۆڕەپانەکان و سەر شەقام / چاوەڕێتن
ڕەشبەڵەکە ڕەشبەڵەکە ڕەشبەڵەک
ڕەشبەڵەکە و
ڕەشبەڵەکی ئازادیە
ڕەشبەڵەکی
نان و گوڵ و ڕووناکییە ..!
هەڵسە هەولێر
ئەی شارەکەی
سەردەشت عوسمانم
شارەکەی عەبدولخاڵق مەعروفم
ئەی شارەکەی ڕاپەڕین و
شارەکەی هۆلاکۆ بەزێنم
ئەی شارەکەی شیرین بەهارەم
شارەکەی (کەڵە کوڕان و ئاسکە کچانم)
ڕابە هەولێر
ئەی شارەکەی لانەوازان و بێسەرپەرشتانم
ڕەشبەڵەکە ڕەشبەڵەکە ڕەشبەڵەک
ڕەشبەڵەکە و
ڕەشبەڵەکی ئازادیە
ڕەشبەڵەکی
نان و گوڵ و ڕووناکییە ..!
هەڵسە هەولێر
ئەی شارەکەی هەژارانم
ئەی مەنزڵگەی پڕ بەرائەت
شارە دێرینەکەی شەهیدانم
ئەی شارەکەی سەرێ ڕەش و
هاوینە هەوارە جوانەکانم
ئەی هەولێرم
سلێمانی دەستی بۆت ڕاگرتووە
کەرکوک دەستی بۆت ڕاگرتووە
هەلەبجە دەستی بۆت ڕاگرتووە
گەرمیان و دەربەندیخان
خانەقین و هەورەمان
دەستیان بۆت ڕاگرتووە
دەتۆش هەڵسە و دەستەکانت
بۆ دهۆک و زاخۆی دەلالم
ئاکرێ و ئامێدی جوانم
هەموو شوێنەکانی تری کوردستانم
ڕابگرە
ئەی هەولێرم
دە هەستە دەی
گشت پێکەوە
زەماوەندەکەتان بگێڕن
ڕەشبەڵەکە ڕەشبەڵەکە ڕەشبەڵەک
ڕەشبەڵەکە و
ڕەشبەڵەکی ئازادییە
ڕەشبەڵەکی
نان و گوڵ و ڕووناکییە ..!
هەستە هەولێر
لەنێو دڵی گۆڕەپان و
لە ئامێزی قەڵایە سەربەرزەکەت
بەستە و سەمفۆنیای ژیانێکی نوێ بچڕە
کوڕوکچانی دڵ پڕ لە عەشقت بێنە لەرزین و
لاوک و حەیرانی سەرفرازیت بچڕە
هەستە هەولێرم
ببە بە گەردەلوول و ڕەشەبا و تۆفان
ڕایبماڵە
کۆشک و سەرای
مشەخۆر و گەندەلەکان
ڕایبماڵە
تاج و تەختی گشت خوداکان
دەنگ و زایەڵەی ئەم هەستانەت
بگەینە بە گوێی جیهان
ڕەشبەڵەکە ڕەشبەڵەکە ڕەشبەڵەک
ڕەشبەڵەکە و
ڕەشبەڵەکی ئازادییە
ڕەشبەڵەکی
نان و گوڵ و ڕووناکییە ..!
٢٢ی شباتی ٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست