ئەوەى تائێستا لەسەر پڕۆژەى چوار حزبەكە نەوتراوە كۆمەڵى ئیسلامى دۆڕاوى سەرەكى
Friday, 05/02/2010, 12:00
چاودێرێك
هەتا ئێستاش هۆكارە سیاسیە ڕاستەقینەكانى پشت دروست بونى لیستى چوار حزبەكە كە لە هەڵبژاردنى(25 / 7) دا دروستبوو بەتەواوى كەشف نەكراوە .
ئەوەى تا ئێستا لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە وتراوە تەنها لایەنە پۆزەتیڤ و نەگەتیڤەكانیەتى بەڵام ئەوەى نەوتراوە و شاراوەیە زیاتر و گەورەترە .
پڕۆژەى چوار حزبەكە لەو ڕۆژەى سەریهەڵدا تا ئەو ڕۆژەى هەڵوەشایەوە وەك پڕۆژەیەكى هاوبەشى ئیسلامى عەلمانى قسەى لێكراوە ، لێرەشەوە هەندێك موبارەكیانكردوو هەندێكى تریش نەفرین .
بەڵام ئایا ئەو پڕۆژەیە بەتەنها پڕۆژەیەكى هەماهەنگى عەلمانى ئیسلامى بوو ، یاخود بابەتێكى لەوە سیاسى ترى لەهەناوى خۆیدا حەشاردابوو ؟
ئەگەر لەسەر ئاستى فیكرى تەماشاى پڕۆژەى چوارحزبەكە (یەكگرتوو ، كۆمەڵ ، سۆسیالیست ، زەحمەتكێش) بكەین بێگومان هەماهەنگیە ، بەڵام ئەگەر لەسەر ئاستى سیاسى و تەكتیكى خوێندنەوەى بۆ بكەین ، بەپێچەوانەوە ململانێ و ڕكابەریە .
ئەمەش ئەو خاڵەیە كە نەمیدیاى كوردى و نەچاودێرانى سیاسى كورد تا ئێستە نەیانتوانیوە دركى پێبكەن .
پڕۆژەى چوار حزبەكە بەدیوێكدا شێوازێكى ترى ڕكابەریى و ململانێى نێوان ئیسلامیەكان خۆیان بوو
(ئەمە بۆ یەكەمینجارە دەوترێت) . هەروەك لێدانێكى بێدەنگى ئیسلامییەكانیش بوو بۆ بەشێك لە چەپى كوردستان لە ڕێگەى قادر عەزیزەوە .
لەسەر ساحەى ئیسلامى لە پڕۆژەى چوارحزبەكەدا یەكگرتووى ئیسلامى زیرەكانە ڕۆشتە ژوورەوەو سەركەوتوانەش هاتە دەرەوە ، بەڵام كۆمەڵى ئیسلامى بێپلان چوویە ژوورەوەو بێدەستكەوتیش هاتە دەرەوە بەڵكو بەشكستێكى گەورەشەوە .
وێنەى ئەو ململانێیەى لەهەناوى پڕۆژەى چوار حزبەكەدا خۆى شاردۆتەوە تەنها لەنێوان دووپارتە ئیسلامییەكەدا نیە بەڵكو لەبەشێكى تریدا وێنەى ململانێى هێزە گەورەو بچوكەكانە ، كە لەدەرەوەى پڕۆژەكە ڕكابەرو ئەلتەرناتیڤى یەكترن .
پڕۆژەى چوار حزبەكە حزبى زەحمەتكێشانى وەك حزبێكى چەپ لەساحەى سیاسى كوردى فڕێدایە دەرەوە و لێدانێكى گەورەى پیاكێشا ، ئەمەش بێگومان بۆ یەكگرتووى ئیسلامى دەستكەوتێكى كەم نەبوو ، چونكە وەك حزبى سێهەم زیاتر پێى خۆى قایمكردو بەردەم و دەوروبەریشى لەداشەهارەكان و ئەلتەرناتیڤە جیاوازەكان پاككردەوە .
چوار حزبەكە كوردستانییەكە بەرلەوەى ببنە یەك لیست هەرگیز لەئاستى پێویستدا هەماهەنگ و یەكدەنگ نەبوون ، هەماهەنگى ئەوان تەنها بابەتێكى ئیعلامى بوو ، وەگەرنا لەپشت كەوالیسەوە هەمیشە یەكگرتووى ئیسلامى سكاڵاى لەدەستى زەحمەتكێشان و پێشتریش شیوعى هەبوو كە " جێگەى متمانەنین و لەگەڵ ئێمە قسەیەك ئەكەن و لەگەڵ یەكیەتى و پارتى قسەیەكى تر "
ئەم سكاڵایەى یەكگرتووى ئیسلامى دواجار چوونە دەرەوەى حزبى شیوعى لێكەوتەوە و پێنج حزبەكەى كردە چوار حزب بەسەرۆكایەتى یەكگرتووى ئیسلامى .
لەپڕۆژەى چوار حزبەكەدا یەكگرتووى ئیسلامى ڕكابەرەكانى كردە پاشكۆى خۆى . ئەمە ئەو ستراتیژە زیرەكانەیە بوو كە یەكگرتوو توانى لەڕێى پڕۆژەكەوە جێبەجێبكات .
لە (25 / 7) دا یەكگرتووى ئیسلامى لە دەستنیشانكردنى ڕكابەرەكانیداو چۆنیەتى مامەڵەكردن لەگەڵیاندا سەركەوتوو بوو بەڵام ئەمە بۆ سێ حزبەكەى تر بەتایبەت كۆمەڵى ئیسلامى تەواو پێچەوانەبوو ، واتە كۆمەڵى ئیسلامى نەیتوانى ڕكابەرە ڕاستەقینەكانى خۆى لە هەڵبژاردنى (25 / 7) دا بدۆزێتەوەو دەستنیشانیان بكات و خوێندنەوەى بۆ شێوازى ململانێكان دروست نەبوو .
هەڵەى ستراتیژى كۆمەڵى ئیسلامى لە (25 / 7) بریتیە لە وونكردنى ڕۆڵو شوێنى خۆى و ڕكابەرەكانى . ئەمەش نیشانەى هەژارى ستراتیژى و پێشەوایەتى سیاسى یە ، خوێندنەوەى دەرەنجامەكانى دواییش ئەوە نیشان دەدەن ئەم حزبە بەبێ ستراتیژو بەقەلەقەوە بەشدارى لەو پڕۆژە سیاسیەدا كردووە .
بەپێی زانیارییەكانم كۆمەڵى ئیسلامى تا دوا سات دوو دڵ بووە و لەدوا وادەدا بڕیارى چوونە ژوورەوەى داوە .
بردنەوەى ستراتیژ لە (25 / 7) دا بۆ یەكگرتووى ئیسلامى بریتى بوو لە كۆنتڕۆڵكردنى ڕكابەرە ڕاستەقینەكانى لەسەر ساحەى ئیسلامى و ساحەى كوردستانیش كە بریتى بوون لە كۆمەڵى ئیسلامى و پارتە بچوكەكانى تر .
یەكگرتووى ئیسلامى نەیهێشت كۆمەڵى ئیسلامى ڕكابەرى و ململانێى بكات لەو پێگەیەدا وەك پارتێكى ئیسلامى لەسەر ساحەى سیاسى و ئیسلامى هەیەتى كەلەوەى یەكەمیاندا سێهەمە وەلەمەى دووهەمیشیاندا یەكەمە ، بەڵكو خۆى هێشتەوە ئەمەش بۆئەو حزبە سەركەوتنێكە لەساحەى خۆیدا .
بۆزانین دیارە مەبەستمان لە ململانێ و ڕكابەرى كۆمەڵ یان زەحمەتكێشان بۆ یەكگرتوو ڕكابەرى و ململانێیەكى ناڕاستەوخۆیە نە ڕاستەوخۆ .
بەڵام كۆمەڵى ئیسلامى جگەلەوە چەند كورسیەكى پارلەمانى دۆڕاند لەهەمانكاتدا پێگەى سیاسى خۆشى لەسەر ساحەى كوردستانى لەرزاندو خلیسكاند ، لەمەزیاتریش لەسەر ساحەى ئیسلامیش بزوتنەوەى ئیسلامى (ڕكابەرى ڕاستەقینە) ى خۆى زیندوو كردەوە ، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە كۆمەڵى ئیسلامى بەهیچ شێوەیەك بیرى لێنەكردبویەوەو نەیخستبویە حساباتەوە !
ئێستا ڕاستە كە دواى دەرەنجامەكان یەكگرتووى ئیسلامى سێ دانە لە كورسیەكانى دۆڕاند ، بەڵام ئایا ئەگەر یەكگرتووى ئیسلامى خۆى بەتەنها بوایە لەو هەڵبژاردنەدا هەرنۆ كورسیەكەى دەهێنایەوە ؟ ئاماژەكان دەڵێن : نەخێر " چونكە ئەو نۆ كورسیەى یەكگرتووى ئیسلامى لە بارودۆخێكى هەڵبژاردندا بەدەستهاتووە كە تەواو جیاواز بوو لە بارودۆخى هەڵبژاردنەكەى (25 / 7) .
ئەو كات :
1. ڕكابەرى هەڵبژاردن وەك ئێستا بەهێز نەبوو .
2. بزوتنەوەیەكى وەكو گۆڕان لە ئارادانەبوو .
3. یەكگرتووى ئیسلامى بەوشێوەیى ئێستا لەژێر ڕەخنە ناوخۆى و دەرەكیدا نەیدەناڵاند .
4. ئەزمونى بەشدارییەكى ڕەخنە لێگیراو لە حكومەتدا لەئارادانەبوو .
5. ڕاگەیاندنى ئەم حزبە (یەكگرتوو) بەتایبەت لە سلێمانى وەك ئێستا ئاوا لاواز نەبوو بۆیە هەموو ئەو فاكتەرانە بۆ دۆڕاندنى سێكورسیەكە زۆر بەهێزترن لە فاكتەرى چوارحزبەكە ، كەبەهۆیەوە یەكگرتووى ئیسلامى توانى وەك حزبى سێهەم خۆى بهێڵێتەوە ئەگەر گۆڕانى لێدەركەین ئەمەش لەڕووى سیاسیەوە دەستكەوتێكى گەورەتربوو لەسێكورسى پارلەمان .
لەلایەكى ترەوە هەندێك جیاوازى تایبەتیش لەو كاتەدا لە نێوان كۆمەڵ و یەكگرتووشدا هەبوو كە پڕۆژەى چوار حزبەكە توانى ئەو جیاوازیانە بشارێتەوە و دواتریش یەكگرتووى ئیسلامى تەجاوەزرى كرد .
كاتێك هەڵبژاردنى (25 / 7) كرا كۆمەڵى ئیسلامى لە ڕوى تەكنیكیەوە خاوەنى ڕاگەیاندنێكى بەهێزبوو بەپێچەوانەى یەكگرتووى ئیسلامى _ بەتایبەت دەڤەرى سلێمانى _ بەڵام سیاسەتى چوار حزبەكە كە سەركردایەتى كۆمەڵ بە دوودڵیەوە چووە ناوى _ ئەوچانسەى لە كۆمەڵى ئیسلامى سەندەوە كە ڕاگەیاندنى خۆى لە وەها ڕۆژێكدا تاقى بكاتەوە و یەكگرتووشى لەوە ڕزگاركرد كە بە ڕاگەیاندنێكى لاوازەوە لە سلێمانى بچێتە هەڵبژاردنەوە و دواجار ڕاگەیاندنى كۆمەڵى ئیسلامى چوویە چوارچێوەى حزبەكەوە لەخزمەت ئەواندا ئیشى كرد ، بەمەش كۆمەڵى ئیسلامى باشترین چەكى خۆى بەخشیە ئەوانى تر .
لەڕوى فكریەوە ئەندامانى یەكگرتووى ئیسلامى لەبارتربوون بۆ ئیستیعابكردنى بەشدارى حزبەكەیان لەگەڵ چەند حزبێكى تردا بۆیە یەكگرتووى ئیسلامى كەمتر دووچارى كێشەو گفتوگۆى فیكرى ناوخیى دەبویەوە ، بەڵام زۆرینەى ئەندامانى كۆمەڵى ئیسلامى دووچارى نائومێدى فیكریی و شۆكى ئایدۆلۆژى بوونەوە كاتێك حزبەكەیان لەگەڵ دووحزبى عەلمانى لیستى دروستكرد ، هەربۆیە گفتوگۆ و پیاكێشانى فیكرى لەناو كۆمەڵدا زۆرزیاتربوو ، بەشێوەیەك زۆربەى وزەو تواناى هەڵمەتى هەڵبژاردنەكە لەم گفتوگۆیانەدا بەخرجدا تاكار گەیشتە ئەوەى مامۆستا على باپیر ناچار بوو بۆ قەناعەت پێكردنى ناڕازییەكان زەحمەتكێشان و سۆسیالیستى بەجوولەكە وەسفبكات .
دەرەنجامەكانیش دەریانخست كە زۆرینەى دەنگى ناڕازى بەلیستى چوارحزبەكە بەلاى بزوتنەوەى ئیسلامیدا ڕۆشتووە ئەمەش ئاماژەیەكە كە ئەگەر كۆمەڵى ئیسلامى لەدەرەوەى چوار حزبەكە بوایە هەرنەبێت بەشێك لەو دەنگانەى بۆ دەگەڕایەوە یاخود لانى كەم ئەو دەنگانە نەدەچونە حسابى ڕكابەرەكەى (بزوتنەوەى ئیسلامى) یەوە .
كەواتە كۆمەڵى ئیسلامى بێئەوەى بەخۆى بزانێت ساحەى ئیسلامى چۆڵكردوو لەساحەى تریشدا كەوتە ڕیزى حزبە بچوكەكانەوە .
براوەى سەرەكى لە پڕۆژەى چوارحزبەكەدا حزبى سۆسیالیستە كە دەستكەوتى ئەو لەسەر ئاستى خۆى كەمنەبوو ، بەڵكوو زیاتریش بوو ، دوو كورسى پارلەمان لە ئۆپۆزسیۆن و یەك كورسى وەزارەتیش لەحكومەت بێئەوەى هیچ بدۆڕێنێت .
پاشان یەكگرتووى ئیسلامى كەتوانى پێگەى خۆى وەك حزبى یەكەم لەسەرساحەى ئیسلامى پتەوتربكات و دواتریش بەهڵبژاردنى بەرەى ئۆپۆزسیۆن پێگەى خۆى باشتر پاراست .
دۆڕاوى سەرەكیش لەو پڕۆژەیەدا كۆمەڵى ئیسلامى بوو كە بەدوو دڵى ڕۆشتە ژوورەوەو بەشپرزەیى هاتە دەرەوە و هەتا ئێستەش پێوەى دیارە ، پاشان زەحمەتكێشان كە ئەو پڕۆژەیە بەتەواوى بۆ دواجار كردى بەدوولەتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست