بارزانى و (1200) كاتژمێر !!!
Sunday, 15/01/2012, 12:00
وابیرنەكەنەوە كە ئەم ناونیشانەى سەرەوە ئاماژە بێت بۆ دەستكەوتێكى گەورە و كارێكى داهێنەرانە كە بارزانى لە ماوەى ئەو هەموو كاتژمێرانەدا بە ئەنجامى گەیاندبێت ،نەخێر و هەزار نەخێر ، بەڵكو ئەو (1200) كاتژمێرە ئەو ماوەیەیە كە سەرۆكى هەرێم نەیتوانیوە تیایدا ڕەزامەندى بنوێنێت بە ئیمزایەك لەسەر پرسێكى پەیوەندیدار بە بژێوى و گوزەرانى (27000) چەكدارى سەربە پۆلیسى (یەكەى پاسەوانى بەرگرى و زێرەڤانى) ،بەندە وەك چاودێرێك ماوەیەكە لە نزیكەوە ئاگادارى پرسى زیادە مووچەى هێزەكانى یەكەى پاسەوانیم كە بە هەڵپەسێراوى لاى سەرۆكى هەرێم بێ باس و خواسە و ئاگادارى دڵەڕاوكێ و خەم و دڵگرانى ئەو هێزانەشم كە ماوەى زیاد لە دوو مانگە لە چاوەڕوانى گەیشتن بەو مافەیاندان،هەروەك خۆیان دەڵێن حكومەتى ناوەندى عێراق سەربارى ئەو هەموو كێشە و گیروگرفتانەى كە ڕووبەڕووى بۆتەوە بەڵام هێزەكانى ناوخۆى لەبیر نەكردووە و مووچەى زیاد كردوون و زیادە مووچەى ساڵى ڕابردووشى بۆ ناردوون ،بەڵام سەرۆكى هەرێم ماوەى مانگ و نیوێكە نەیتوانیوە واژۆ لەسەر پێشنیارى لیژنەى تایبەت بە ڕێكخستنى ژمارەى ئەو هێزانە بكات و زیادە مووچەى ساڵى ڕابردوویان پێبدرێت و مووچەشیان زیاد بكات.ئەو هێزانە كە ژمارەیان (27000) هەزار كەسە سەرۆكى هەرێم نەیتوانیوە چەند ساتێكى خۆى تەرخان بكات بۆ یەكلا كردنەوە و تاوتوێ كردنى پرسەكەیان و بە هەڵپسێراوى ماوەتەوە .بۆیە دڵنیام ئەگەر لە نێو ئەو هێزانەدا ڕاپرسى بكرێت لەسەر دەستنیشانكردنى كەمتەرخەم ترین كاربەدەستى هەرێم ،ئەوا بارزانى پلەى یەكەم دێنێت و بە خەمساردترین كەس لەقەڵەم دەدرێت.ماوەتەوە بڵێین جەنابى سەرۆك، بەڕێزتان بۆ ڕەزامەندى نواندن لەسەر بابەتێك كە لیژنەیەكى تایبەت لە وەزارەتى ناوخۆ تاوتوێى كردووەو و تەنها واژۆیەكى بەڕێزتانى دەوێت و پەیوەندى بە گوزەرانى (27000) هەزار چەكدارەوەیە كە ڕۆژانە بە بەرچاوى جەنابتانەوە لە ئەركى خۆیاندان ، نزیكەى مانگ و نیوێكە سوێت كردووە بە دڵیانەوە و یەك واژۆت بۆ نەكردوون .ئاخۆ جەنابتان بۆ جێبەجێ كردنى ئەركى ساڵێكى سەرۆكایەتیت چەند خولى سەرۆكایەتى هەرێمت پێویستە و چەند عومرى نوح بەشت دەكات تا بە كارەكانتدا ڕابگەیت ؟؟؟؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست