ئەمڕۆ چارەنووسی كۆسرەت یەكلایی دەكرێتەوە
Wednesday, 28/04/2010, 12:00
ئەمڕۆ 28/4 هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی جەلال و مەسعود لەهاوینەهەواری دوكان كۆدەبنەوە.
سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی پارتییەوە پێوتین: كە كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی چەند تەوەرەیەك لەخۆدەگرێت، یەكێك لەو تەوەرانە كە بەلای پارتییەوە گرنگەو دەیەوێت یەكلایی بكاتەوە لەگەڵ یەكێتیدا مەسەلەی جێگری سەرۆكی هەرێمە كە كۆسرەت رەسوڵ عەلی خۆی بۆ داناوە و پارتیش قبوڵی نییە، جگە لەوەی یەكێتی خۆشی زۆر سوور نییە لەسەر دانانەوەی كۆسرەت و دەیەوێت رەمزی یەكێك بۆ ئەو پۆستە دابنێت.
سەرچاوەكەی مەكتەبی سیاسی وتیشی: هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دوای یەكلابوونەوەی كورسییە قەرەبووەكە بۆ فواد مەعسوم، مەسعود دەیەوێت ئەوە یەكلابكاتەوە كە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بۆ پارتین و تەنیا یەك پۆست دەدرێت بەیەكێتی ئەویش سەرۆكی فراكسیۆنی لیستی هاوپەیمانی كوردستان یان وتەبێژی لیستەكە، چونكە لەپەیڕەوی ئیئتیلافی لیستە كوردستانییەكان كە داڕێژراوە هەر لیستەو سەربەخۆی خۆی پاراستووە.
سەرچاوەكە دڵنیایی دا كە مەسەلەی مەرجەع لای هاوپەیمانی لەو كۆبوونەوەیەدا باس دەكرێت كە ئەویش پێویستە سەرۆكی هەرێم بێت، نەك لەبەغدا هەر لیست و قەوارەیەك بەئارەزووی خۆی پەلبهاوێت و هیچ بڕیارێك لەبەغدا لەسەر كورد نادرێت ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ سەرۆكی هەرێم و پێداگری لەوەش دەكەین لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا.
سەرچاوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی وتیشی: مەسەلەی ئیعلام و ئەو كەناڵانە باس دەكرێت كە هەر یەك لەیەكێتی و پارتی دەعمی ماددی دەكەن و پێویستە پابەندبن بەرێكەوتنی ستراتیژی و نەبێتە هۆی تێكدانی بارودۆخەكە.
لەكۆتایدا سەرچاوەكە وتی: باسی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لیستی عیراقییەو دەوڵەتی یاسا، یەكێكی ترە لەو مەسەلانەی كە لەو كۆبوونەوەدا باس دەكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست