شەهیدانى یەكێتیى! ئەى كەسوكاریان؟!
Monday, 06/04/2009, 12:00
لەنێوپێكهاتەى جەماوەرى یەكێتیى، هیچ بەشێكى بەقەدەر زۆرینەیەك كەسوكارى شەهیدان، بێ هەڵوێستو بێ غیرەت نین، بێ قسە و بیركردنەوەى نین، بێ دەمارو بێ جورئەت نین.
هیچ كەس و لایەنێك بەقەدەر ئەوان سوكایەتى پێ نەكراوە، بەقەدەر ئەوان بێ رێز مامەڵەى لەگەڵدا نەكراوە، بەقەدەر ئەوان بێ ئەهیمەت و بێ سەنگ و كێش سەیر نەكراوە، كەچى ئەوان لەپەراوێزى هەموو ئەو ئەژمار نەكردنە، سرتەیەك چیە لەدەمیان نەهاتووەتە دەرەوە و نایەتە دەرەوە.
بڕۆن سەیرى دوا ژمارەى گۆڤارى لڤین بكەن (مووچەى شەهیدانەكەى تەحسین شاوەیس لەشەهیدانەكەى مامە ریشە زیاترە).
ئەگەر ئێوە گۆڤار و كەناڵە راگەیاندنە گرنگەكان ناخوێننەوە و متابەعەى ناكەن، كەواتە ئێوە لەسەر رێبازى كەسە شەهیدەكانتان نین و ئێوە بوونەوەرێكى دوور لەسیاسەتن.
ئەگەر خوێندوشتانەتەوە بۆ رۆژى دوایى مانتان نەگرت، نەچوونە سەر مقەڕى حیزبەكەتان؟ بۆ بەردبارانتان نەكردن؟ بۆ نەڕژانە سەر شەقامەكان؟ بۆ دەستان نەكرد بەتایە سوتاندن؟
- كوا كەرامەت؟!
- كوا غیرەت؟!
ئەبێ نەتان بیستبێ ؟ پارتى هاوپەیمانە ستراتیژییەكەى حزبەكەتان لەم رۆژانەدا یادى قارەمانێكى خۆى كردەوە (حەمە خانى حاجى دارا) بكوژى شەهید سیروان تاڵەبانی و هاوڕێكانى، بكوژى حەڤدە شەهیدەكەى قڕگە.
چون بەحزبەكەتان بڵێن ئێوە هاوپەیمانى لەگەڵ ئەم حزبهدا ئەكەن كەحەمە خان بەكوڕ و قوتابى ناو قوتابخانەكەى بەرزانى ئەزانێ، پێتان وتن یان ئەم هاوپەیمانێتیە هەڵبوەشێننەوە، یان بەندێكى تریشى بۆ زیاد بكەن، ئەویش حورمەتى شعورى كەسوكارى شەهیدانە (بەڵام زویر مەبن هەروەك سەركردایەتیتان ئەو قەناعەتەى هەیە منیش باوەڕم كرد، ئێوە پێ ناچێ شعورتان هەبێت).
فەرموون بابۆشتان بسەلمێنم!
ماوەیەك بەر لەئێستا وێنەگرێكى لاى سەرۆك كۆمارى عیراق، هەرچى بشێو نەشێ دەرهەق بەكچى یەكێك لەشەهیدە قارەمانەكانتان كردى، كەچى ئێوە كڕەتان لێوە نەهات. من زانیم شەهیدان وەجاخیان كوێرە.
پێشنیار بۆ لڤین، تکایه تایتڵێكى تر (مووچەى ئەو وێنەگرە لە مووچەى جەمالى عەلى باپیر زیاترە).
نەوەڵا شتێكی تر...
خۆ بیرتانە ماوەیەك بەر لە ئێستا سكرتێرى گشتى هەر ماڵە شەهیدە سەركردەیەك و كلیلى ڤێلەیەكى پێ بەخشى ، چەند جوان خۆتان گۆڕیبوو . ریشتان لێ تاشیبوو. جلكى جوانتان لەبەر كردبوون، ئەو ووت لە سەیرانن، بەراستى وامەزانى كەسوكارى شەهیدە سەركردەكان بۆ ئەوەچوون لەوێ بەمامە بڵێن.... بەڕێز ئێمە هەموومان خانووى باش، مووچەى باشمان هەیە و . زەوى باش و پۆستى باشیشمان وەرگرتووە، زۆر سوپاس، ئێمە هەموومان دەیفرۆشین و بەپارەكەى چەند شوقەیەك دەكڕین و ئەیبەخشینە ئەو ماڵە شەهیدە نەناسراو و بێ پلانەى كەستارێكیان نییە وەنەوزێكى تیابگرن.
هیچ خەتاى مام جەلالى تیانییە، ئاو لەئاستى حەق دەوەستێت . پێى نەوتن پێویستم بە نێوەند نیە لەگەڵ ئێوە.
فەرموو چاوێك بەئاخر ژمارەى هاوڵاتى بخشێنن و ئەو كوڕە شەهیدەى كە چەند ساڵێك بەئارەزووى خۆیان كردوویانەتە ژوورێ و هەرچى فەزیحەت هەیە پێیانكردووە، پاشان كە بۆیان دەركەوتوە بێتاوانە بەریانداوە چوون سەیارە و پارە و ئەو شتانەى بۆ وەرگرنەوە ؟ كەلەكاتى گرتنەكەیەوە حەپەلوشكراوە.
خۆ ئەبینن زۆربەى بەرپرسە گەندەڵەكان لەكاتى دیدار و مقابەلەكانیانا، دەڵێن ئێمە هەر كەسوكارى شەهیدەكانى خۆمان دەنگمان بدەنێ، هەڵبژاردن مسۆگەر دەكەین.
ئەوان راست دەكەن ژمارەى شەهیدانى(ى.ن.ك) نزیكەى بیست هەزارە، هەر كەسە و بیست كەسیش لەخێزان و كەسوكار و هاوڕێكانى بەبۆنەى شەهیدانەوە دەنگیان بداتێ، ئەوا راست دەكەن مسۆگەرن.
ئەى ئێوە بیرێ ناكەنەوە كەشەهیدەكانتان بەشێكى ئێجگار زۆرى بۆ گۆڕینى بارو دۆخە خراپەكان و باشكردنى بارودۆخى كورد و بەگژاچوونەوەى دیاردە ناشیرینەكانى ناوكلتور و ژیانى كورد خۆیان كرد بەقوربانى ، دەنگ بەچى ئەدەن، بەو هەموو سوكایەتیە، دەنگ بەچى ئەدەن بەو هەموو بێ نرخكردنە، بە هەموو نموونە جوانە، ئەوان وائەزانن ئێوە مێگەلن هەرچى بڵێى هەست و سۆز نیتانە، وا ئەزانن كوێرن وائەزانن كەڕن، بەڵام ئەگەر دەنگیان پێ بدەنەوە ئەمجارە ماناى وایە ئەوان راستن و ئێوە درۆزن و بێ شعور .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست