کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پاساوى نادیموكراتى بۆ چارەسەرى نیشتمانى ! وەڵامێك بۆ (قەڵەمێكى كۆیلە) ئازاد توفیق .

Monday, 23/03/2009, 12:00


ماوەیەكە ئازاد وەكو كۆیلەیەك لە رۆژنامەى كوردستانى نوێ و تەلەفزیۆنەكەى جەمال حسێنى هاوشێوەى و دەزگا شومەكەى مەلا وئەرسەلان و ئازادى علوج و تى ڤى دادە هێرۆ نوزە نوزێكى سەیرى دەست پێ كردوە ، بەجۆرێك پێی وایە لەم كوردستانەدا سیاسەتمەدارو عاقڵمەندێكى وەكو ئەوى تێدانیە ، مرۆڤ بەڕابردووی و ئێستاو هەڵوێستەكانى دەناسرێتەوە، تۆیەك تاماوەیەك پێش ئێستا ناوى بارزانت لەگەڵ جەلالیەت ئەهێناو دەتووت دەسەڵاتى شومى بنەماڵەى جەلال دیكتاتۆر و پارە وكورسی پەرستن ، خێرە ئێستا واكەوتوویتە پەلەپروزێ و بوویت بە پیاوى بارزان و دەربار ، ئاخر گەر تۆ خاوەنى یەك تۆزقاڵ هەڵوێست بویتایە لە كادیرێكى شكست خواردووى هەمیشە دوودڵ و ڕاڕا ، نەیان دەكردى بەئەندامى ئەنجوومەنى مەكتەبە سیخوریەكەى ئازادە علوج و دەسكەلاى ئەرسەلان و مەلا تێكدەرەكەى ناو(ى ن ك) ؟ پێت وانەبێ ئێمەش وەكو تۆ گێل و بێ ئابڕووبین و خۆمان دابێتە دەست ئەو قەدەرە ئێمەش بەناو كادیرو ئەندامی یەكیەتین ، بەڵام وەك تۆ نەخۆمان فرۆشتوە و نەدەشبین بەپیاوى دەربار هەر ئەمەشە ئێمە لە ئێوەى بودەڵە جیادەكاتەوە و گەر ئێمەى خاوەن هەڵوێست نەباین ئێوە لە قتوى هیچ عەتارێكا جێگەتان نەدەبۆوە ! داواى لێبووردنیش لە خوێنەران و كوردستانپۆستى ئازیز دەكەم بۆ ئەم شێوە دەربڕینانە چونكە كەسانى سوك و چروك و خۆپەرست و پیاو پەرست بەوەڵامى ئاوا نەبێت خۆیان ناناسن ! ، بابێمە سەر وەڵامەدانەوەى ئەم كۆێلە ئەڵقە لەگوێیەى دەسەڵاتى داسەپاوى سەر (ى ن ك) : نائازاد لە دیمانەیەكى تەلەفزیۆنى شەوى 8/9-3-2009 كە بۆ(4) چوار كەسایەتى (لێپرسراوى مەڵبەنى یەك و ل. لقى 4ى پارتى و د. ئەكرەم و نائازاد تۆفیق) قسەیان تێداكرد ،دەڵێ : (لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە لە پشت شەستیەكەى شارى سلێمانى گوێت لە لوورەى گورگ دەبوو ، یا دەڵێ : من موشكیلەى لیستى كراوەم نیە ، قەرەتەپەم لە غەرغەرەدایە !) یەكێ نەى ناسێ دەڵێ ئەم برادەرە هەموو كوردستاى ئاوەدان كردۆتەوە ؟ بۆ باسى ئەو زەویە چۆڵانە دەكەى كە خەڵك بۆ خۆى بەزۆرى خانوى تێدا دروست كرد نەوەك جەنابتان بۆتان دروست كردبن ، خەڵك لەبێ جێگەو ڕێگەیی پەناى بۆ ئەم تجاوز كردنە بردو بوە خاوەنى خانووى خۆى ، خۆى چووە ئەو جێگەیە و بەبێ هیچ خزمەت گوزاریەك ژیانى تێدا دروست كرد ، ئەوە ئێوە نەبوون خانووتان بۆ خەڵك دروست كرد بەڵكو ئەوە ئیرادەى خۆیان بوو ! بۆیە پێویست ناكات نەدرۆ بكەیت و نەمنەت بەسەر ئەم خەڵكە چەوساوە و خۆشى لەخۆنەدیوە دا بكەن ، باشتروایە تۆخۆت ئەگەر بەنووسەر و سیاسەتمدار دادەنێی وەك هەڵبجەییەكى بەشەرەف تۆێژینەوەیەكى ووردو تێرو تەسەلت لە سەر هۆكارەكانى سوتاندنى مۆنومێنتى رەمزى هەڵەبجەى شەهیدت لەلایەن دانیشتوانەكەى بنووسیباوە و داواى وەڵامت لە سەركردایەتى حزبەكەت بكردایە ، دەبوو پێش ئەوەى باسى ئاوەدانكردنەوەى پشت شەستیەكەت بكردایە باسى ئاوەدانكردنەوەى هەڵەبجەى لەبیركراوت بكردایە هەرهیچ نەبێ وەكو قەزاى كۆیە و جادە وبان و كۆشكەكانى رێگەى مەێیف سەیر كرابا ! باسی گوندە روخاو چۆڵكراوەكانت بكردایە كە چۆن دەسەڵات نایەوێ كەس خاوەنى گیرفانى خۆى بێت بۆ ئەوەى وەكو تۆ بەردەوام چاومان لەدەستى بێ ، بۆ نازانى ئێستا شاركانى كوردستان لەسایەى ئاغاكانى دەسەڵاتدارتەوە بونە گوندێكى گەورە ! هیچ كاتێ هەڵوێستێك یا لە دیمانەیەكى تەلەفزێۆنى و نوسینێكتا باسێكت لە خۆپیشاندانى شارەكانى سلێمانى و كەلار و كفرى و.... تاد ، یا لەسەر مانگرتن و خۆپیشاندانەكانى خوێندكارەكانى زانكۆكانى سلێمانى و دهۆك و سەلاح الدین كرد و نوسى ، رۆژێ لە قسەو نوسینێكتا بەرۆكى بارزانى لێپرسراوى مەلًبەند گرت و پێی بڵى ئاغاى عەزیز بۆ شارەكەمان ئەتك ئەكرێ ، رۆژێ بە دە سەڵاتت ووت جەماوەرى رەشوڕوتى گەلەكەم لە بێ ئاوى و بێ كارەبایی و گرانى و زوڵمو زۆرى گەندە جاسوسەكانى ناو ریزەكانتان دامودەزگا حكومى و خزمەتگوزاریەكانیان شێواندوە و بازرگانى بەخوێنى خەڵكەوە دەكەن ، رۆژێ گللەییەكت بەدەما هات بڵێى كاكە بارزان ، كاكە ئەرسەلان و كاكە ئازاد و كاكە مەلا بۆ (ى ن ك) تان كردە گەندەڵستان ، یا بۆ وا تەسلیم بە برایانى پارتیتان بوون ، دەوێرى پێیان بڵێى ژمارەى ئەو كیژە نازدارانەى شارەكەت چەندن كە ئەو بۆرە پیاوانە بە پارە و دەسەڵاتەكانیان لە خشتەیان بردوون و ئەتكیان كردن و هەندێكیشیان بەرەو هەندەران نێردران ! بەویژدانت بە خوێنى شەهیدەكانى (ى ن ك) و بە گیانى ئەنفالكراوەكان و بەشەهیدانى هەڵەبجە سوێندت ئەدەم قسەكانم ڕاستن یا درۆ ، بۆ ئێوە نیشتمانتان هێشت تا بەرگرى لێبكەن و بیپارێزن ؟ بۆ ئێوە هێشتا نووزەى ئەوەتان تیا ماوە باسى رزگارى و گەڕاندنەوەى شوێنە ناكۆكى لەسەركان بكەن ! بۆ ئێوە لەسەر بودجەى تەنها یەك ساڵ ئامادەنین نەك قەرەتەتەپە بەڵكو كەركوك و سلێمانى و هەولێریش بفرۆشن ، بۆئێوە هێشتا شانازى بەكوردایەتیتان و حزبایەتیتان و كوردوستانى بوونتانەوە هەر دەكەن ؟ شەرم و شورەیی نیە بۆ ئێمە خاوەنى هەزاران شەهیدى سەنگەر و ژوورەكانى ئیعدام و خاوەنى هەزاران پێشمەرگەى نەبەزو خەڵكێكى خۆڕاگرى وەك كورد بین و ئەمە حاڵمان بێت ! بەقەت بودجەى وڵاتێكى وەكو ئەردەن داهاتمان بۆ دێت و ئەوەش حاڵى پرد و رێگەوبان و باروگوزرەرانت بێ ؟ كەچى هێشتا بەرگریەكى ناڕوا لەدەسەڵات بكەیت و لیستى كراوە و لیستى سەربەخۆ بە مەترسى بزانى بۆ سەر پرۆسەى گەڕانەوەى ناوچە دابڕاوەكان بۆ سەر هەرێمى كوردستان ! ئاخر بێ ئەقڵى و تەسك بینى و دەسەڵات پەرست نەبی چۆن پاساوێكى ئاوا نادیموكراتى دەكەیتە چارەسەر و هۆكارى ئیجابى بۆ ئەو كێشەیە ! ئەزموونى ئەم ماوەیەیی دەسەڵات سەركەوتن و سیاسەتێكى ژیرانەى پیادە نەكردوە ، دەسەڵات ئەوەندەى لە بەرژەوەندى كۆمەڵێ كەسى دیاروتایبەت دابووە (بنەماڵە و كەسە نزیك و پلەدارەكانى بنەماڵە) یەك لەسەر سەدى ئەوە لە بەرژەوەندى خەڵكدا نەبوە بڕۆ سەیرى سەروەت و سامان و كۆشك و زەوى و ڤێلا و سۆپەر ماركێت و بەهەشتەكانیان بكە ئەمە تەنها لەكوردستان خۆ ئەوەى لەدەرەوە شاردویانەتەوە ئەوە مەگەر خوا و خۆیان بزانن چەندە ، لە بەرامبەر ئەوەش بڕۆسەیرى ژیان و گوزەران و قوڕوچڵپاوى ناو شار و رێگاو بان و ژیانى ئەو سەدان عەرەبانە بەدەست و دەستگێڕ و مناڵانى شارەكەت بكە كە لەژێر سەرماى زستان و گەرماى تاقەت پروكێنى هاویندا رۆژ بەرۆژ ژیانى پڕ چەرمەسەرى خۆیان بەڕێ دەكەن ؟ 18 ساڵە ئازادیەكى شەق و شڕمان هەیە كە تەنها ئەو شك دەبەین و دڵخۆشى خۆمانى پێدەدەینەوە مەگەر هەر ئەوەتان لەدەست بێ ئەویشمان لێ قەدەغەبكەن و دواتریش شارەكەمان لێبكەنە باستیل كە خۆت باش ئەزانى باستیل یانى چى و چى لێهات ! لیستى كراوە واتە ئازادى زیاتر دان بەخەڵك بۆ هەڵبژاردنى بە ئازوومەندانەى ئەوەى دەیەوێت هەڵى بژێرێ ، واتە فراوانكردنى بنكەى بەشدارى سیاسی و رەوایەتى زۆرتر بەخشینە بەو لایەنەى دەسەڵاتى سیاسی دەگرێتە دەست ، كەس هەیە جگە لە دەسەڵاتە تۆتالیتارو تاكڕەو و دیكتاتۆرەكان لە دیموكراسى و هەڵبژاردن بە شێوەى رێژەیی و لیستى كراوە بترسێ ، ئایا هەبوونى چەند لیستێك لە پەرلەمان كە دەسەڵات زیاتر بخەنە ژێر چاودێرى و تاوانى لێپرسینەوەو لیًپیًچینەوەى هەبێ باشترنى یە لەوەى كە ئێستا هەیە و كەس ناتوانێ نەك وەزیر فەرمانبەرێكى ئاسایى خزمى فڵانە كەس سزابدات ، لیستى كراوە یا سەربەخۆ هەرەشە و مەترسین بۆ سەر قەرەتەپە و ناوچەكانى تر یان هەڵە و شكست و دۆڕاندنەكانى دەسەڵات ، بازرگانى و بێ كۆنترۆڵى و بەرەڵاكردنى بازرگانەكان و كۆمپانیا حوتەكەى نۆكان و گرێ بەستە نهێنى و گوماناویەكانى بەناو حكومەتەكەى كاك نێچیر بەرپرسن لەوەى بارودۆخى كوردستانیان گەیاندۆتە ئەوەى كەركوك و مەندەلى و قەرەتەپە هیًشتا نەدیوەكەت ...تاد ، بكەوێتە غەرغەرە یان ئەگەرى دابەزینى لیستى سەربەخۆ و بوونى لیستى كراوە بۆ هەڵبژاردنەكان ، بۆ گرەنەتى دەدەى ئەگەر لیستى كراوە و لیستى سەربەخۆ نەبێ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانى كوردستان بگەڕێنیتەوە سەر سنوورى هەرێمى كوردستان ؟ ئەگەر لەكۆڵ موشكیلەى لیستى كراوەت بكەینەوە چ گرەنەتیەك دەدەى بەخەڵكى كوردستان كە كەرامەت و ئازادى وژیانیان پارێزراودەبێت لەژێر دەسەڵاتى قارەمانانى ئێستاتان ؟ تۆ ڕات وایە ئەم گەندە پیاوە خەسیوانەى كە چەندین ساڵە نیشتمان و نەتەوەكەیان ئەتك دەكەن و وەكو زەروو چونەتە قوڕگى ئەم میللەتە وە وابەئاسانى واز دەهێنن لەو پلە و پایەى كە بەدەستیانەوەیە ، تۆ هیچ زۆردار و دیكتاتۆرێكت بینیوە مەگەر مەرگ دەنا كورسیەكەى خۆى بۆ هیچ كەسێ چۆڵكردبێ ؟ من دڵنیام موشكیلەى كاك ئازاد و ئاغاكانى غەرغەرەى قەرەتەپە نى یە بەڵكو بەپێچەوانەوە موشكیلەى كاك ئازادە كۆیلە و هاوشێوە دۆڕاوەكانى دابەزینى لیستى سەربەخۆ یە لە لیستى سەرانى دەسەڵات و داواكردنى ئەوەى هەڵبژاردنەكان بە شێوەى لیستى كراوە بێت ، چونكە ئەوەى دەسەڵاتى هەراسان كردوە و هەڵى دەتەكێنێ موشكیلەى غەرغەرەى كەركوك و قەرەتەپە نى یە بۆ دەسەڵات ، بەلاى دەسەڵاتەوە خواى دەكرد هێندەى تریش لەكوردستان داببڕن هەر بەو مەرجەى ئەوان موشكیلەى نارنى بودجەیان نەبێ و لەدەسەڵاتدا بمێننەوە ئەوە ئەزموونى دەسەڵات فێرى كردوین و لەوەوە بۆ مان ئاشكرا بوە نەك لەوەى كەهێشتا هیچ نەبوە زراوتان چوە و بەنەخوێنى مەردایەتیتان لێ شل بۆتەوە ، هیچ كەس و دەسەڵاتێك هێندەى دەسەڵاتى كورد سەركردەو دەسەڵاتەكەى نابەووت و بودەڵە و بێزێنراو نیە ، ئێوە باسى سیستمى تۆتالیتار و عمر حسن بەشیر و تورك و ئیسرائیل و سوریا ....تاد ، دەكەن ، بەڵام بەناوهێنانى لیستى جیاواز و سەربەخۆ سەرى دنیاتان لێ دێتەوە یەك ، (3 تا 4) ساڵە ئەو كێشەیە هەیە بۆ پێش ئێستا دەسەڵاتە ژیرەكەى كورد ئەوەى لێ شاردوینەتەوە و پێی نەوتووین قودس و دڵ و نزیك سنوورى پارێزگاى سلێمانى لە غەرغەرەدایە ، ئەمەى كاك ئازاد پێمانى دەفرۆشێ ئەوەنیە كەبڕواى پێیەتى یان نایزانێ بەڵكە ئەوەیە كەكاك ئازاد لەبرى دەسەڵات بیردەكاتەوە و وەك ئەو قسەدەكات نەك وەك ئەوەى كەدەیزانێ و ئەوەى كەدەیبینێ بۆیە بەبڕواى من تائێرە بەسە خۆ ئەگەر ئازادى بوو بەكۆیلە و هاوشێوەكانى وابیر بكەنەوەو وابنووسن و بەردەوام بن لەم چەواشەكاریانەى كە بەشێكە لە شۆرشی چەواشە ، ئەوا بێگومان قەڵەمە ئازاد و بوێرەكانیش هەمیشە لە ئارادا دەبن بۆ بەرپەرچدانەوە و لوت شكاندنیان ، وە خۆرى ئازادیش بە بێژینگى ئێوە ناگیرێ !



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە