ڕەوشى تەندروستى لە ڕانیە لە مەترسیدایە
Tuesday, 16/08/2011, 12:00
گرنگى دان بە ڕەوشى تەندروستى هاووڵاتیان لە هەموو ووڵاتێكى دونیادا , لە سەرەوەى گرنگى دان بە زۆربەى بوارو كایەكانى ترى ژیان دێت , هەر بۆیەش كاتێك ووڵاتێك دووچارى قەیرانێكى تەندروستى دێت لە نموونەى نەخۆشیەكى درم (pandimec dieases) ئاسایشى نەتەوەیى ئەو ووڵاتە زۆر جار دەكەوێتە مەترسیەوە , تەنانەت هەناردەى كاڵاو بابەتى خواردەمەنیەكانى ئەو ووڵاتە لە درەوە دووچارى قەیران و لە كزیدان دەبێت ,
هەر بۆیە ناكرێت بڵێین ووڵات ئاسایش و ئەمانە لە كاتێكدا ڕەوشى تەندروستیمان لە خراپیدا بێت و بەرپرسانى تەندروستى ئەم هەرێمە خەڵك خێر لەخۆ نەدیوەش لە نزمترین ئاستى چاودێرى و پاراستنى تەندروستیدا بژین .
لە زۆربەى ووڵاتانى دونیا حكومەتەكانیان وەزارەتێكیان هەیە بەناوى وەزارەتى تەندروستى , ئەو وەزارەتەش چاودێرى و سەرپەرشتى چەندین فەرمانگەى تەندروستى ناوچەیى دەكات , فەرمانگەكانیش ئەركیان چاودێرى و سەرپەرشتى نەخۆشخانە و سەنتەرى تەندروستى و مەڵبەندى تەندروستى و , كورتى بكەمەوە چاودێرى هەموو ئەو ناوەندە تەندروستیەیانە دەكات كە خزمەتگوزارى تەندروستى لە شێوازى پاراستن و چارەسەر كردن پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكات , بۆ بەدبەختى ئێمە لە سنورى فەرمانگەى تەندروستى ڕانیە كە قەزاى ڕانیە و پشدەر و دەگرێتەوە هاووڵاتیان لە زۆربەى خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان بێ بەشن و ڕەوشى تەندروستى لە سنورەكە دەكرێ بلێم دووچارى قەیرانێكى خراپ هاتووە , بە شێوەیەك ئەگەر بە زوویى چارەسەى بۆ نەكرێ ژیانى خەڵكانێكى زۆر لەم سنورە كە پێویستیان بە پاراستن و چاودێرى تەندروستى و چارەسەر هەیە لە مەترسیدایە , ئاخر ناكرێ لە نەخۆشخانەكان و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكاندا پزیشك (rachata ) بۆ نەخۆش بنوسێت و بڵێ لە نەخۆشخانەش هیچ لەو دەرمانانەمان نیە و لە دەرەوە بیكڕە , بە ووتەى فەرمانبەرێكى ناو بەرێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕانیە لە مانگى 1 ى ئەم ساڵەوە تا ئێستا كە مانگى 8 ە بایى 100 ملیۆن دینار دەرمان و پێداویستى پزیشكى نەكڕدراوە لە كاتێكدا بەرێوەبەرى گشتى بۆ هەر كڕینێك دەسەڵاتى 50 ملیۆن دینارى هەیە و لە ساڵێكدا سەڵاحیەتى نزیكەى 1 ملیار دینارى هەیە بۆ كڕینى دەرمان و پێداویستى پزیشكى بۆ سنورى بەرێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕانیە , نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكانیش سەرەتاییترین خزمەتگوزارى تەندروستیان تێدا نیە , بە شێوەیەك نەخۆش ئەگەر پێویستى بە نەشتەرگەرى هەبێت ئەوا كەس و كارى نەخۆش خۆیان دەبێت لە یەكێك لە دەرمانخانەكانى دەرەوەى نەخۆشخانە تەنانەت (silk ) واتە دەزووى دوورینەوە بۆ برینى نەشتەرگەرى و تەنانەت (blood bag) واتە كیسى خوێنیش بۆ خۆیان بكڕن , من نازانم ئەوە چ جۆرە پێشكەش كردنێكى خزمەتگوزاریە لێرەدا جێى خۆیەتى بپرسین ئایا بەڕاستى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە دەیەوێت حەقى حكومەت لە خەڵك بستێنێ , یاخود پێویستە شەڕى خەڵك لەگەڵ حكومەت بكات تا باشترین پێداویستى و خزمەتگوزاریان پێشكەشى هاووڵاتیان بكرێ , , ( بۆیە چەند جارێك بەرێوەبەرى گشتیم بە سەرچاوەى كێشەكان دانا چونكە ڕووى دەم دەكەیتە هەر كەسێك لە بەرێوەبەرى نەخۆشخانە و مەڵەبەند و بنكەكان هەمووى دەڵێ فەرمانگەى تەندروستى و بەرێوەبەرەكەى بەرپرسیارە) جگە لەوە پزیشك و كارمەند و فەرمانبەر و هەموو ئەوانەى ڕێیان دەكەوێتە ناو بەرێوەبەرێتى گشتى تەندروستى ڕانیە بۆ ڕاپەڕاندنى كاروبارى نەخۆشخانە و بنكەكانیان دووچارى نائومێدى دەبن , هەر لە قەڵەمەوە بیگرە تا دەگاتە كاغەز و خراپبوونى كۆمپیوتەر و ئیستنساخ و تەواوى ئەو بابەتانەى كە پێویستە بۆ ڕایى كردنى ئیش و كارەكان هیچى نیە ئەگەر سپلێت یان موبەریدەى نەخۆشخانەیەك یان ئامێرێكى پزیشكى خراپ ببێت بەم گەرماى هاوینە و كێشەیەكى بچووكى هەبێت پایز دادێ چاك ناكرێتەوە , نموونەش ئامێرى (ECG) (Electro cardio Graphy) لە بەشى بووژانەوەى دڵى نەخۆشخانەى ڕانیە ماوەیەكى زۆرە هیچیان كار ناكەن و پزیشك و كارمەندەكانیش داد و بێدادیانە لە دەست ئەو كەم و كوڕیە كەچى نە بۆیان دەكڕدرێ نە بۆیان چاك دەكرێتەوە لە كاتێكدا ئەگەر بەشى بووژانەوەى دڵ ئەو ئامێرەى لێ نەبێت پزیشك هەرچى بۆ نەخۆش بیكات هیچە , ئەوەى سەیرە ئەوەیە كەل و پەلە پێویستەكان ناكرَدرێت و چاك ناكرێتەوە وەك ئەوەى لە سەرەوە باسم كردن , بەڵام بابەت لاوەكیەكان كڕینیان ئاسانترە و بە جرتێك هەموو كاروبارەكانى كڕینیان بۆ دەكرێ , ئاخر جەنابى بەرێَوەبەرى گشتى لە سەرەتاى ئەم ساڵەوە بە پێى تۆمارى ئیدخالى مەخزەنى بەرێوەبەرایەتیەكەت بێت , بایى 200 هەزار دینار دەرمان نەكڕدراوە بۆ هەموو سنورى بەڕێوەبەرایەتیەكەت كە هەردوو قەزاى ڕانیە و پشدەر و بەشێكى قەزاى دووكان دەگرێتەوە , كەچى بایى 500 ملیۆن دینار قەنەفە و كورسى و مێزى ڕیئاسى كڕراوە , ئاخر خەڵك كورسى و قەنەفەى نەرم و چەرمى بۆ چیە , خەڵك خزمەتگوزارى تەندروستى دەوێ , دەشووترێ كڕینى قەنەفە و كورسى و ئەو بابەتانە بۆیە كڕینیان ئاسانە چونكە سەرۆكى لیژنەى كڕین بەرپرسى نوسینگەكەى خۆیەتى كە دەكاتە برازاى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى , زۆر سەیرە بەرێوەبەرى گشتى كۆنیش بەرپرسى نوسینگەكەى كردبووە دەم ڕاستى خۆى و هەرچى پۆخڵەوات و لیژنەى چەورو چۆڵ هەبوو بەرپرسى نوسینەگەكانى بەرێوەبەرى گشتى كۆن و نوێ دەیكەن , باشتر بڵێم بەرپرسى نوسینگەى بەرێوەبەرى گشتى كۆن و تازەش بەرپرسى گەندەڵیەكانن بۆ بەرێوەبەرەكانیان نەك نوسینگەكانیان , ئەوانەى باسم كردن چەند نمونەیەكى زۆر سادەن و فەرمانگەى تەندروستى ڕانیە دەیان كێشەى لەوە گەورەترى هەیە و بێ چارەسەر ماونەتەوە .
تۆ بلێى حكومەت و وەزارەتى تەندروستى ئاگایان لەو كێشە تەندروستیانەى خەڵك بێت لە بیتوێن و پشدەر , هەرچۆنێك بێت ئەمانە كێشەى خەڵكن, خەڵك خزمەتگوزارى تەندروستى و سەلامەتى تەندروستى دەوێت جەنابى بەرێوەبەرى گشتى هەر وەك ئەوە جەنابت بۆ خۆتت دەوێت بۆ خەڵكیش پەرۆش بە , وەك چۆن تەندروستى خۆتت خۆش دەوێ و كاتژمێرێك پێش ئەوەى دەوام تەواو بێت شۆفێرەكەت ڕاسپاردووە تەبریدى ئوتۆمبیلەكەت داگیرسێنێت نەكا گەرماى هاوین بتباتەوە , ئا بەو شێوەیەش خەڵكى تەندروستى خۆى خۆش دەوێ و تۆش و وەزیرەكەشت و حكومەتەكەشت پێویستە خزمەتكارى ئەو خەڵكە تێكۆشەر و ستەم دیدەیە بن ئەگینا زوو یان درەنگ سزاى خەڵك دەبینن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست