هەڵەكانى نەوشیروان مستەفا لە دیدارەكەیدا
Tuesday, 02/04/2013, 12:00
رەنگە بۆ هەر هەموو مان ئاسایی بێت بەرپرسێكى ئۆپۆزسیۆن. یان دەسەڵات. قسە بكات. ئەمە نە نیگەرانیەو نە شتێكى دیكە. هەر چۆن بۆ ئێمە یان ئێوەیە هەیە قسەبكەین. بۆ یەكێكى دیكەش هەیە بۆچوونى خۆى دەرخات. بەڵام هەڵە چ تۆ بیكەیت یان هەر كەسێكى دیكە پێویستە قسەى لەسەر بكرێت. ئەركى ئەم نەوەیە نیە تەنها دەستخۆشى بكات. ئەركى ئەم نەوەیە قسە لەسەر كۆى قسەكانى دیكەش بكات. چ هى ئۆپۆزسیۆن. چ هى دەسەڵات. ئەویش بەشێوەیەكى رون. نەك و رق لێبونەوە. بەڵكو بەراستەوخۆ بەشێوەیەكى لۆژیكى....
یەكەم: (31) ئاب. هەڵەنیە وەك ئەوەى نەوشیروان مستەفا باسیكرد. بەڵكو خیانەتە. خیانەت جیایەو هەڵە جیایە. هەڵە چاك دەكرێتەوە، ئەما خیانەت چاك ناكرێتەوە. هیچ كەسێك و هێزوو نوسەرێك و مێژوو نوسێك ناتوانێت (خیانەت) بكاتە بەهەڵە.
دووهەم: (1975) هەڵە نیە. هەرەس هێنانە بەخەونى میلەتێك لەسەر داواى دراوسێكان. رێگریكردنە لەبەرخودانى میلەتێك. رازى بوونە بە روخانى دیوارێك كە میلەتێك هەڵیچنیوە. ئەمە هەڵەنیە. تا یەكێك بێت چاكى بكات. ئەمە وێرانكردنى خەونى نەوەیەكە بە بریاری تاقە كەسێك.
سێهەم: دەڵێت " كێشەى گۆران لەگەڵ بارتى و یەكێتى كێشەى شەخسى نیە بەڵكو سیاسیە". هەڵبەتە كێشەى خەڵكیش لەگەڵ ئەو دوو هێزە شەخسى نیە سیاسی و جۆرى بەرێوەبردنە. ئەگەرچى لەدەست پێكى بەرنامەكەدا ووتى" كێشەى ئێمە لەگەڵ یەكیتى نەشەخسى و نە سیاسیە" بەڵام دواى چاكى كردەوە. پاشان وتى " هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ یەكێتى نەبوەو نەماوە". كەواتە ئەو خەڵكە بەناحەق خۆى توشى دەردەسەرى كرد. ئەگەر كێشەكانى خەڵك كورت بكرێنەوە بۆ دانیشتن و دانەنیشتنى ئێوە لەگەڵ ئەو دوحزبەدا. بێشك هەڵەیە ئۆپۆزسیۆن بوون بەم جۆرە.
چوارەم: دەڵێت " ئەم پەرلەمان و ئەم حكومەتە هى ئەوە نیە پرۆژەى نیشتیمانى بەرێوە ببات" ئێ كەواتە چیدەكەن لەناو پەرلەمان؟ بۆچى بێدەنگن كاتێك پەرلەمانتارەكانتان بە هەزاران دۆلاریان وەرگرتوە بۆ گەشتوگوزار؟ بۆچى بێدەنگن كاتێك پەرلەمانتارەكانتان لە ژێرەوە داواى زەوى لەسەرۆكى پەرلەمان دەكەن؟ بۆ چى بێدەنگن كاتێك پەرلەمانتارەكانتان پارەى تایبەت وەردەگرن بۆ كارى تایبەتى خۆیان؟ بۆچى بێدەنگن كاتێك پەرلەمانتارەكانتان ئەو ئمتیازاتانە وەردەگرن كە پەرلەمانتارەكانى دیكەى پارتى و یەكێتى وەریدەگرن؟. بۆچى بۆ دوو دانەیان بریارى دەركردنتانداو بۆ ئەوانى دیكە قسە ناكەن؟ كاتێك ئەو پەرلەمانە هیچ نیەو ئەوانەى ئێوەش بەشێكن لەبەهەدەردانى سامانى وڵات بۆ قسەیەك ناكەن؟. یان ئەمە دوو فاقیە؟..
پێنجەم: دەڵێت" پارتى و یەكێتى وەك فەیلەقێكى سوپاین. لە مەكتەب سیاسى و مەڵبەند و كۆمیتەو و ناوچە تاخوارەوە بەشێوەى هەیكەلى سوپاى دروستكراون" ئەى گۆران چۆن دروستكراوە. بەرامبەر مەكتەب سیاسى جڤات نیە؟ بەرامبەر مەڵبەند و لق باژێرەڤان نیە؟ بەرامبەر بە ناوچەو كۆمیتە بازنە نیە؟ بەرامبەر بەمەكتەبەكان ژورەكان نیە؟ جیاوازى چیە لە هەیكەلەى گۆران و ئەوان؟ هەردوو لا لەسەر هەیكەلەى سوپا نیە؟. بۆ رایەڵەكانى خوێنكاران و مامۆستایان و پزیشكان و چى چى، لەجێى یەكیتیەكانى مامۆستایان و پزیشكان و چى چى ئەوان نیە؟. رێكخەرى گشتى بەرابمەر سەرۆك و سكرتێرى حزب نیە؟. ئاخر كاتێك هەیكەلەى هەر سێ لا لەسەر یەك نەخشەبێت بەناوى جیاجیاوە. ئیدى چ پێویستەكات ئەوەى خۆبشادرێتەوە و ئەوەى ئەو بكرێت بە عەیبە؟...
شەشەم: " لەچوار چێوەى جڤاتى نیشتیمانى هەموو پێشنیازێك وەردەگرین". ئێمە ناچینە ناو وردەكارى ململانێى ئێوەوە. بەڵام نزیكەى (19) كەس كە ئەندامى ئەو جڤاتەن. بە بریارى رێكخەر دامەزراون. یانى (تەعین كراون). جگە لەمەى بەرپرسى هەموو ژورەكان كە دەكاتە مەكتەبەكانى یەكێتى و پارتى. هەموو تەعینن. كاتێك جڤاتێك بەو جۆرەبێت و بەرپرسى مەكتەبەكان بەو جۆرە. دیموكراسیەت لەكوێیە؟. لەمەش جیاوازتر. بۆچى گەنجەكان و رۆشنبیرەكان دەرۆن ئاساییە بەلاتەوە. بەڵام هاورێكى كۆنى خۆت دەروات دەجار دەچیت بە شوێنى. بۆ مەگەر ئەوە حزبى كۆنە هاورێكانى یەكێتیە. یان حزبى نەوەى نوێ و نەوەى كۆن؟. ئەمانە و دەیان قسەى دیكەو چەندین هەڵەى تر لە دیدارەكەى نەوشیروان مستەفادا بوونى هەبوو...
ئهمه لینکی دیمانهکهیه :
http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=18364&LinkID=58
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست