کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جەلال ئەمجارەش لەكۆبوونەوەیەكدا پۆرتی كادرەكانی ئیعلامی یەكێتی، شكاند

Saturday, 24/04/2010, 12:00


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 24/4 جەلال كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی لەگەڵ ژمارەیەك كادری دەزگاكانی یەكێتی رێكخست، بەڵام وەكو پیشەی هەمیشەیی جەلال هێندەی قسەكانی بۆ خۆی بوو هێندە بۆ كادر نەبوو، لەدوو سەعات و نیو قسەكردندا دوو سەعاتی بۆ خۆی تەرخانكردو ئەوی مایەوە بۆ ئەو نەگبەتانە بوون كە پرسیارەكانیان بێوەڵام بوو.

كارمەندێكی بەشداربووی كۆبوونەوەكە كە لە كەناڵی كوردساتە پێی راگەیاندین: كە مام جەلال لەو دوو سەعات و نیو موناقەشەیە پتر لەدوو سەعاتی بۆ خۆی بوو، لەو دوو سەعاتەش یەك سەعاتی بۆ وەزعی عیراق بوو كە كادرانی یەكێتی هیچ موهتەم نەبوون پێی، ئەوەی بەلای كادرانی یەكێتییەوە گرنگ بوو ئەوە بوو كە باسی وەزعی كۆنگرەو ناوخۆی یەكێتی و ئەو كوتلەو كوتلەبازییە بێت كە یەكێتی خستووەتە چاڵەوە، سەرچاوەكە وتیشی: هەرچۆن بێت هەندێك كەس توانیان ئەو مەسەلەیە بوروژێنن، بەڵام وەڵامەكانی جەلال هێندە بێ بنەمابوون كە قەناعەتی بەئامادەبووان نەدەكرد.

كارمەندەكەی كەناڵی ئاسمانی كوردسات وتیشی: ئەم چەند خاڵەی خوارەوە سەرنجی منی راكێشا كە دوای ئەوەی ئامادەبووان پرسیارییان دەربارە دەكرد و وەڵامی دەدایەوە، ئەمانەن:

یەكەم: بەئاشكرا سەلماندی كە ئەو داوای كردووە لەكۆبوونەوەكاندا لەگەڵ گۆڕان پێیان بڵێن ئەو 8دەنگەی گۆڕانی ناوێ ئەو 8دەنگەی ئەوان لەعەرەبەكان بەپارە دەكڕێت.

دووەم: لەگۆنگرە بڕیار دەدرێت كە ئایا لەمەودوا چ جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ گۆڕاندا بكەن.

سێیەم: وەكو هەموو جارەكانی تری دەستی كردەوە بەپیاهەڵدانی رێكەوتنی ستراتیژی، هەرچەندە ئامادەبوویەك جەختی لەوە كردەوە كە كە ئەو سوكایەتییەی رۆژنامەی رووداو بەیەكێتی دەكات هیچ رۆژنامەو گۆڤارێك پێی ناكات و كاریگەری لەسەر نەفسییەتی كادری یەكێتی هەیە، بەڵام جەلال وتی: كادری خوارەوە دەبێت تێبگات بۆ ئەو مەسەلە بچوكانە ئێمە كەلێن ناخەینە نێوان یەكێتی و پارتی و بۆ ئەو مەبەستەش 22/4لەگەڵ كاك مەسعود كۆبوونەوەمان كردووە و ئەوە نامێنێ. ئەوانە شتی بچوكن مناڵ و پاتاڵ گەورەی دەكەن.

چوارەم: كادرێك هەستا باسی لەوەكرد كە باوی ئیعلامی مەركەزی نەماوەو ئەمە هی سەردەمی بەلشەفییەو نابێت مۆدێلی بمێنێ، بەڵام جەلال بەتووڕەییەوە قسەكانی بەو كادرە بڕی.

پێنجەم: كادرێك باسی وەزعی یەكێتی كردو باسی ئەوەی كرد كە ئیعلامی یەكێتی لەبادینان باشە بەڵام هیچ سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییەك سەردانیان ناكەن و لێیان ناپرسنەوە، لەوەڵامدا جەلال وتی: نا بابە وانییە بادینان جودایە وەزعی بادینان تەنیا مەسەلە ئیعلام نییە، وەزعی پاتیش لەسۆران باش نییە، ئەوە پەیوەندی بەكۆمەڵێك وەزعی سیاسی و ئیقتیسادی و كلتورییەوە هەیە.

شەشەم: كادرێكی كچ داوای كرد كە گرنگی بەكچان و ژنان بدرێت لەكۆنگرەدا، بەڵام جەلال قسەكانی پێبڕی و وتی ئەوەندەی مەڵێرەوە تێدەگەین ژنان خۆیان هیچیان لەباردا نییە، تەنیا ژنێك هەبوو لەسلێمانی دەنگتان پێنەدا بۆ هەڵبژاردنی 7/3.

حەوتەم: كادرێكی تر وتی: نازانین تاكەی ئیغباری مام جەلال بەكوڵاوی و بەوشكی و بەكاڵی لەلاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەكە بڵاودەبێتەوە و دواتریش لەتەلەفیزیۆن، جەلال بەساردییەوە، وتی: جا من داوای ئەوە ناكەم خۆیانن وادەكەن.

لەكۆتایدا كارمەندەكەی كوردسات وتی: وەڵام و گفتوگۆكانی جەلال هێندە سادەو بێنرخ بوون كە دڵی هیچ كادرێكی خۆش نەكرد دوای هاتنە دەرەوە لەو كۆبوونەوەیە.
24/4/2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە