حزورى پارتى لە ئەنجومەنى وەزیران و پڕۆژەى یاسای بودجەكە...

Saturday, 06/03/2010, 12:00



هەموو لایەك ئەزانن، یەكێتى هێزێكى فۆرمولە كراو نییە، سەركردەكانى هەڵەشەن و بەردەوام هەڵە دەكەن... بانگەشە بۆ خۆیان دەكەن، بە راست و چەپ دەم پێكا ئەدەن و خۆیان بێ ئەوەى بزانن ئەكەونە ژیر كاریگەرى بانگەشەى خۆیان.

بەرهەم ساڵح یەكێكە لەو كەسانە كە بەردەوام هەنگاو دەنێ و پاشەكشە دەكات، گەورەترین گرفتى ئەوەیە كە نەوشیروان حیسابى بۆ ناكات، چونكە نەوشیروان پێیوایە و من خۆم گوێم لێبووە و لە راستیدا نوسیویشیەتى كە بەرهەم زەحمەتى نەدیوە و كەسایەتى لاوازە و لەسەر پێستى مام جەلال دەژیێ.

كاتەكە بۆ ئەم هەڵەیە باش نەبوو، نازانم بەرهەم ئەزانێ یان نا، بەڵام جەماوەرى پارتى زۆر توڕە كردووە، چى پڕۆژە هەبوو پارتى پێشنیارى كردبوو، لایدا، چ پڕۆژە خۆیان و گۆڕان موساوەمەیان لەسەر ئەكرد پەسەندى كرد، ئەمە ئەبێ؟!

باوەڕ ناكەم هاوپەیمانى ستراتیژى نێوان پارتى و یەكێتى هەڵبوەشێتەوە، بەڵام زۆر نابا و مسعود بارزانى بۆ روون ئەبێتەوە كە بەرهەم دەیەوێت بە فیشەكى دوولایەن بكوژێت، لەلایەك گۆڕان و لەلایەكى دیكە پارتى... سەیرەكە لەوەدایە كە پارتى كەسى نییە لەم نێوەندەدا تۆزێك دەستى بەرهەم بگرێت.

لە هەواڵێكى (رووبەرنێت) خوێندمانەوە كە دكتۆر عەلى سندى لە كۆبوونەوەى ئەنجومەندا تێبینى هەبوو، بەڵام ئازاد بەروارى كە نوێنەرایەتى پارتى دەكات، نوتەقى نەكردووە، سەرچاوەیەك كە نزیكە لە نوسینگەى بەروارى دەڵێت: بەرهەم بە پەلە پەل خۆى كرد بە ژوورى ئازاد بەرواریدا، دەستى كردە ماچ كردنى، بە دەق ئەمەى گوت: كاك ئازاد گیان تۆ دەزانى چ فشارێكم لەسەرە، تەماشاى راگەیاندنى كۆمپانیاى ووشە ناكەى، چیم پێناكەن؟.. بەس ئەمجارە لەگەڵمدابە و پشتم بەرمەدە با رەوانەى بكەین بۆ پەرلەمان قەت لە بیرى ناكەم..ئازاد بەروارى زۆر توڕەبووە، هەموو تێبینیەكانى دیتووە،بەڵام بۆچى لەم كاتەدا ئاوا چاوى پۆشیوە، لەوانەیە لەبەرئەوە بێ كە بەرهەم لە سنورى پارتى دەسەڵات بەڕێوە دەبات و نەیویستووە كارێك بكات بەرهەم وا تێبگات پارتى دەرفەتى پێنادات كار بكات، یان ئازاد بەروارى لەو بڕوایەدا نەبووە ئەم كارەى بەرهەم و كابینەكەى دووچارى ئەم شۆكە بێ.

لەوانەیە ئەم كارەى بەرهەم ئەگەر سەریگرتبایە بۆ یەكێتى بووبا بە سەركەوتن، چونكە پارەیەكى خەیاڵى ئەخستە ژێر تەسەروفى بەرهەم كە بە چەند ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت...

ئەمەش بۆ پارتى گرانتر دەكەوتەوە، لەو زیانانەى لە شەڕى ناوخۆ پێی كەوتووە، لەوانەیە ئەم بودجەیە وابوایە وەك ئەوەى یەكێتى لە شەڕى ناوخۆیدا توانیبیەتى سەرى رەش بگرێت.

ئەمەیە دەڵێن كورد ئەوەى لە شەڕ بە دەستی دێنێ لە ئاشتیدا لە دەستى دەدات.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە