کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حکومەتی کابینەی هەشتەمی هەرێمی کوردستان دەبێتە حکومەتێکی بنکەفراوان بۆ بەرزکردنەوەی بورجی دیکتاتۆریەتی بنەماڵە!

Saturday, 26/04/2014, 12:00







ئەو بەیانامەی کە لەلایەن پارتی و گۆڕانەوە دەرکرا، بۆ دروستکردنی حکومەتەی کابینەی هەشتەم، ئە گەر ببێتە بڕیارو بکەوێتە کارەوە، ئەوە نەوەک هەر کاریگەریەکی ئەوتۆی پۆزێتیڤی نابێ لەسەر کۆمەڵگای کوردستان، بگرە بە دووریشی نازانم کە ببێتە پلاتفۆرمێک بۆ بە دیهێنانی ئامانجەکانی پارتی دیمکراتی کوردستان و دابینکردنی حکومەتێکی دیکتاتۆری موتلەقی!؟
لە کۆمەڵگایەکی هەرە سەرەتایی وەکو کۆمەڵگای کوردستان کە زۆر دوورە لە کۆمەڵگای موئەسەساتی و زانستی، زۆر لە هاوکێشە سیاسیەکان بە شێوەیەک تێکەڵی و کاریگەری لە سەر ژیانی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە داناوە، کە زۆر جار ئەنجامی کاروکاردانەوەکان ناتوانرێت ئەو پێشبینیانەی لێبکرێت کە وەکو لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان دەکرێت. بەمانایەکی تر، دەرمان بۆ چارەسەرکردنی سادەترین نەخۆشی کە بە نەزانی بدرێتە نەخۆشێکەوە ئەگەری هەیە ببێتە ژەهرێکی کوشیندە.
من لەو نووسینەدا تەنیا باسو گرنکی چەند وەزارەتێک دەکەم کە لەو بەیانامە دیاریکراوە.

__ وەزارەتی پێشمەرگە(گۆڕان)،
وەزارەتی پێشمەرگە کە یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە بە زەقی بۆنی حیزبایەتی و دابەشکردنی ناوچەیی پێوە دیارە، دەبێتە یەک لە کارەکانی گۆڕان بۆ یەکخستنەوەیی و گۆڕینی بۆ ‌هێزی بەرگری میللی، دوور لە ململانێی سیاسی. وە ئەو کارەش بە ئاشکرا لە پەیڕەوی سیاسی و لە مێدیاکانی گۆڕان زۆرجار باسی لە سەر کراوەو وە ئەشێ کاریشیان بۆ کردبێت. وە لە ڕووی شارستانی و هەیکەلیشەوە بە کارێکی گرنگ دادەنرێت و بگرە "بنەماڵەش" بە گەرمیەوە دەستخۆشیان لێدەکات!
بەڵام، پرسیارە هەرە گرنگەکە لێرە ئەوەیە ئایا کوردستان لەو قۆناغە هەستیارە، لە ململانێی سیاسی بەرامبەر حیزبێکی دەسەڵاتەوە کە بەرژەوەندیەکانی حزبی و بنەماڵەیی لە پێشی بەرژەوەندیەکانی میللەتەکەی دادەنێ، ئایا ئەو هێزە میللیە نابێتە ئامرازێک بۆ حزبەکەی دەسەڵات ؟ چونکە لەڕاستیدا ئەو هێزە پێویستە ببێت بە هێزێکی پێشمەرگەی بەرگری کردن لە کوردستان بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم هێزە بە ناو بەرگری میللیە! لە کۆتاییدا دەبێتە هێزێکی داپلۆسێنەر هاو شێوەی هێزە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وە لەلایەکی ترەوە ئایا هێزی بەرگری میللی لەو دونیای عەولەمە دەتوانێ بەرگری لە چی بکات؟ کێشەی کورد کێشەیەکی سیاسیەو هەرگیزاو هەرگیز ناتوانی بە هێزی بەرگری سەربازی میللی چارەسەر بکرێت. کەواتە دروستکردنی هێزی بەرگری میللی گەرئەو ناوە کلاسیکیە " پێرۆزە" ی لێبکەینەوە، بێ کۆنترۆڵ و دامودەزگای موئەسەساتی لێکۆڵینەوەی کاریگەر، کە ئێستا لە کوردستان بەرقەرارنیە، تەنیا دەتوانرێ بۆ درووشمی سیاسی و شەری ناوخۆی پارچەکانی تری کوردستان بەکاربهێنرێت!

__وەزارەتی دارایی (گۆڕان)،
ئەو چەند دێرەی خوارەوە لە ساییتی "ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر" وەرگیراوە بە ناوی " نوێترین بریاری وەزارەتی دارایی بۆ خەرجكردنی شایستەداراییەكانی خوێندكاران".
... لەبارەی ناوەرۆكی بریارەكەوە، یادگار عەلی خوێندكاری ماستەر لەمیسر بەئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لەماوەی سێ‌ ساڵی رابردوودا بەمەبەستی جێبەجێكردنی رێنماییەكە، خوێندكاران دەیان خۆپیشاندان و نارەزایەتی و گردبوونەوە یان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامداوەو دوای دەیان بەڵێنی بەرپرسان، دواجار لەكۆتایی ساڵی(2013)حكومەتی هەرێم بەئیمزای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەفەرمانی ژمارە(61) لەرێكەوتی(9/9/2013) بریاریدا بەجێبەجێكردنی رێنماییەكە.
یادگار وتیشی، دوای بریاری جێبەجێكردنەكە حكومەتی هەرێم بەئیمزای نێچیرڤان بارزانی و بەفەرمانی ژمارە(1425) لەرێكەوتی (18/11/2013) بریاریدا بە گواستنەوەی بری 25 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆسەر وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان، تا لەرێی ئەو بڕە پارەیەوە رێنماییەكە وەك خۆی كەپێشتر لەرۆژنامەی وەقائیعی عێراقیشدا بڵاوبووەتەوە، جێبەجێ بكرێت، وەزارەتی دارایی و ئابوریش بۆ جارێكیتر رێنمایی ژمارە(38)ی لەرێكەوتی (28/10/2013) لەسەر رۆشنایی فەرمانەكەی ئەنجوومەنی وەزیران دەركرد...
بزانە سەیری ئەو فلیمە بکەن، چۆن هەرسێ وەزارەتوو پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی عێراق خزاونەتە ناو یەکتروو مشتوو مۆڕیانە بۆ سەرفکردنی بڕێک لە پارە بۆ خوێندکارەکانی دەرەوەی ووڵات، وە بزانە چۆنیش لە دوایی فلیمەکەشدا حەزرەتی نوح (نێچیرڤان) دێتە خوارەوەو، لە سەر بودجەی سامانە سروشتیەکانی بنەماڵەکەی خۆی، ڕزگاریان دەکات!
بەوەش ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە چۆن جرەوی رووداوەکان و رێنماییەکانی دوو وەزارەتەکەی دارایی و خوێندنی باڵا (گۆڕان و یەکیتی) وە بگرە هەموو وەزارەتەکانی تریش لە بنەڕەتا پاشکۆی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانن (پارتی).
ئەگەرچی بڕێک لە بودجەی ساڵانەی کوردستان لە پێش وەختی تەرخان دەکرێت بۆ ئەو وەزارەتانە بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نیە کە وەزارەتەکان سەربەخۆیی خۆیان هەیەو لە ژێر هەیبەت و رکێفی بنەماڵە دەرچوون!

__وەزارەتی ئەوقاف (گۆڕان)،
وەزارەتی ئەوقاف وەزارەتێکی زۆر هەستیارە بۆئەو کۆمیەڵگایە سەرەتاییانە، وەزارەتێکە کە کارووباری فرە ئایینیەکانی ئەو هەرێمە بەڕیوە دەبات. بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە ناو ئەم وەزارەتە دەبێت بە وشیاریی و زانستیانە مامەلەی لەگەڵ بکرێت. بەڵام گۆڕین بۆ، وە چۆن؟ ئایا دروستکردنی چەند مزگەوتێک، یاخود رووخاندنی چەند مزگەوتێک، کامیان دەچێتە قالبی چاکزازیەوە؟ تٶ بڵێی بزوتنەوەی گۆڕان بە چ نیازێک ئەو وەزارەتەی وەرگرتبێت؟ ئەو چاکزازیانەی کە ئەکرێ ئەگەر نەشکرابێت هەتا ئێستا، تەنیا بۆ ئەو مزگەوتانەیە کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆلی وەزارەتی ئەوقافەوە کاردەکەن، وە دەکرێ بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو وەزارەتەوە، چونکە وەکو دیارە زۆر لە مزگەوتەکانی کوردستان بەبێ مۆڵەتی وازارەتی ئەوقاف دروست کراوون و داوای لە وەزارەتی ئەوقافیش دەکەن کە بودجەیان بۆ دابینبکرێت! بەڵام ئەوەش دەچێتە قالبی کاری ئاسایی ئەو وەزارەتەوەو هیچ گۆرانێکی چاکزازی بەرچاوی تیا نابینریت.
بەڵام تۆ بڵێی بزووتنەوەی گۆڕان، لەو قۆناغەی ئێستادا جیا کردنەوەی دین لە دەوڵەت لە بەرنامەی کارەکانی خۆی دابێت؟ ئەگەر ئەم وەڵامە بە ئەرێی بێت، ئەوا بەرنامەیەکی زۆرباشی گۆڕانەو ئەنجام دانیشی مەحال نیە، ئەو جۆرە کارە لە "دەستوری کوردستانی باکور" بەرقەرارەو لەگەڵ کەلتوری ئەو بەشەی کوردستانەش سازیشی کردوە! بەڵام ئەوکارەش هەر بڕیاری سیاسی و دەستوری باشوری پێویستە، کە ئەویش هەر لە ژێر دەست و هەیبەتی ئەو بنەماڵەیە.
لە کۆتاییدا بە لۆژیکی خوێندنەوەی سیاسیانەی من بۆئەو وەزارەتانەی کە دراونەتە گۆڕان و حیزبەکانی تریشەوە ئەگەرچی لە ژمارەیا زۆرن وە گرنگیەکی تەواوی خۆیان هەیە لە کۆمەڵگا، بەڵام بەراورد بە وەزارەتەکانی حیزبەکەی بنەماڵە هیچ ستراتیجیەکی ئەوتۆیان تیادا نابینم، بە مانایەکی تر پارتی کەشتیەکەو کاپتێنەکەشی هەر بۆ خۆی داناوە!
سەیرو سەمەرەش لێرە ئەوەیە، کە سەرەڕای بڵاو بوونەوەی نەخۆشیە کوشیندەکان و کوێرکردنی هاوووڵاتیان وفرۆشتنی دەرمانە ئیکسپایەرەکان لە بازاڕەکانی هەرێم، وەزارەتی تەندرووستیش ئەوجارەش هەر دراوەتەوە بە یەکیەتی!
لە لایەکی تریشەوە، من سەرۆک و کادیرەکانی گۆڕان زۆر لەوە بە زیرەکترو سیاسیتر دەزانم لەوەی کە بە ناوەڕۆکی ئەو بەیانامەیە رازی بووبن! بۆیە بۆچونی من بۆ ئەم بەیانامەیە ئەشێ زیاتر بەیانامەیەکی تەکتیکی، سیاسی و کاتی بێت بۆ ناچارکردنی پاشەکشەی یەکیەتی لەو پلەو پایانەی کە شاییستەیان نین و هەتا ئێستاش داگیریان کردوون.
وە بێگومان ئەشێ ئەو هەڵبژاردنانەی پارێزگاکان و ئەنجومەنی عێراقیش لە ٣٠ / ٤ کاریگەریەکی بەرچاوی هەبێت بۆ گۆرینی هاوکێشەکان و دەرکردنی بەیانامەی تر!

بە پێنوسی کاوە ئەمین لە سویدەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە