یەكگرتوو، لە نێوان ستەملێكراوى و بێویژدانى راگەیاندندا

Friday, 24/08/2012, 12:00


سەیرم لەوە دێت هەندێك لە رۆژنامەنووسان ئێستاش وا ئەزانن جیاوازى هەیە لەنێوان حیزبی دەسەڵاتدار و حكومەتدا؟ كوا حكومەت؟ كام دادگا؟ كامەیە گیرفانى میللەت؟ ئەسڵەن كوا میللەت؟ ئایا لە فەرهەنگى حیزبى دەسەڵاتداردا میللەت هەیە هەتا گیرفانى هەبێت؟ مەحوى ووتەنى (قیامەت ، مەگەر هەر روَژى قیامەت بێتەوە فیكرم) ، مەگەر لە قیامەتدا بزانن چى ستەمێكێان لە میللەت كردووە .
تكایە واز لە نووسینى ئەم بابەتە لاواز و بازاڕیانە بهێنن با ئاستى گۆڤار و سایتەكانتان دانەبەزێت؟ دڵنیام خۆیشتان باشتر ئەزانن كە هاوپەیمانە ستراتیژەكەى پارتى مەوقیعێكى ئەوتۆى نییە لە ئیعرابی پارتیدا تا بگاتە حیزبەكانى ترى هاوپەیمانیان یان ئۆپۆزیسیۆن، تا بگاتە میللەتێك كە هەرگیزاو هەرگیز لەبیر و هزر و فیكر و بەرنامەى ئەواندا نەبووە، هەتا حیساب بۆ گیرفانى بكرێت ؟ من دڵنیام ئەوەندە میللەتیان لە بیرە دەنگیان بۆ بدەن، خۆ ئەگەر میللەت ئەوەندە هۆشیار بوو دەنگى نەدا بۆیان، ئەوا خۆیان نوێنەرى شەرعى میللەتن و لەبرى ئەوەى هاوڵاتیانى بەشەرەف ماندوو بكەن، با نەیەن و زەحمەت نەكێشن، چونكە خۆیان كارتەكانیان بۆ پڕ دەكەنەوە و شەرعیەتى ئینتخابى وەكو خوَى دەهێڵنەوە هەتا دەیان ساڵى تر.!
بە خوا سوێندتان ئەدەم بچن بپرسن بزانن مەسئولە بەرزەكانى حیزبى دەسەڵاتدار ئەزانن داهاتى نەوت و بودجە چى لێدێت، هەتا بزانین ئەچێتە گیرفانى میللەتەوە؟ ئێوە وا ئەزانن ئەمە سەردەمى خەلیفە عومەرى كوڕى خەتتابە و پارەكە لە بەیتولمالى موسوڵمانان هاتۆتە دەرەوە؟ الحكم لله پارەى میللەتە، ئەى یەكگرتوو بەشێك نییە لە میللەت؟ مەگەر نازانن ئەوە باجى دەنگى بوێر و دلێرى یەكگرتووە لە بادیناندا كە بەو شێوە لە ماوەى 5 ساڵدا دوو جار هەموو بارەگاكانى دەسوتێنرێت؟ چوار سەركردەى شەهید دەكرێت ؟ بەڵێ چەندێ سەربانت هەبێت ئەوەندەش بەفرت دەبێت ... یەكگرتوو دووەمین حیزبە لە بادیناندا، سەركردە ئەمنیەكانى پارتى بە بوونى ئەكتیڤانەى یەكگرتوو زۆر قەڵس و ناڕەحەتن، بۆ زانیاریتان سەركردەكانی پارتى ووتویانە ناتوانین گرەنتى ئەوە بدەین كە سێبارە و جواربارەش نەبێتەوە!؟...یەكگرتوو بیست وسێ دەزگاى سووتێنراوە بە ئامێر و كەلوپەل و پێداویستیەكانیەوە، لە پاى چى؟ بۆچى؟ ئیتر ئەگەر قەرەبووش بكرێتەوە دواى ساڵێك هێشتا یەكگرتوو تاوانبارە؟
وادیارە هەندێ رۆژنامەنووس یان هەژار و بێئاگان لە وەزعى كوردستان؟ یان ئەیانەوێت نان و پیاز بەم باسەوە بخۆن؟ بچن بزانن لە بادینان ج باسە ؟ سەرێ بدەن بزانن حیزب و حكومەت كامیان هەیە و كامیان دەسەڵاتدارە؟ پاشان هەشت مانگ زیاترە یەكگرتوو لە كرێدایە و تازە بارەگاكانى بۆ گەڕاوەتەوە، چونكە بە سووتاویش لە بارەگاكانى یەكگرتو سڵیان دەكردەوە، خۆ یەك ساڵیشى دەوێت هەتا تەعمیر دەكرێتەوە، ئەوە بزانن یەكگرتوو داواى ئەو قەرەبووەش دەكات و مافى خۆشیەتى..
یەكێكى تر لە كەیسەكانى یەكگرتوو (نانبڕاوەكانن)، ئێستا كە حكومەت هەست بەو كارە شەرمنانەى خۆى دەكات و چارەسەرى كردووە و بڕیارى سەروَكى ئەنجومەنى وەزیرانى لەسەر دەرچووە، بەڵام بەرپرسەكانى پارتى لە فەرمانگەكانى حكومەتدا لە دهۆك بە ئاشكرا دەڵێن ئێمە كاغەزى سەروَكى حكومەت ناخوێنینەوە و وەرتان ناگرینەوە ..! ئێوەش باسى حكومەت دەكەن؟
خەڵك ئازدن چى لەسەر یەكگرتوو دەنووسن، بەڵام توخوا بوێر بن ، تۆزێ قسە بەو خەڵكە هەژارەش بڵێن هەتا كەى ئاوا كوێرانە دەنگ دەدەن بە حیزبێك كە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ حیزب و میللەت و داهات و چارەنووسیەوە دەكات ... یەكگرتوو خۆى بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر هەموو داهاتێك دێتە كوردستانەوە لە خەمى ئەوەدایە بزانێت داهاتەكانمان چەندن، لەكوێوە دێن و چۆنیش سەرف دەكرێن؟ یەكگرتوو چەندین ساڵە بێبەش كراوە و بێبەش دەكرێت لە هەموو ئیمتیازاتێك، چەندین پێشمەرگەى كۆن و زیندانى سیاسى لە نێو ریزەكانى یەكگرتوودایە، بێبەش كراون لە مافى خۆیان ، تەنانەت كەسوكارەكانیشیان بە ئاگرى یەكگرتووەوە سووتێنراون، جا تۆ بڵێى كەس حەز بە سووتانى ماڵى بكات بۆ ئەوەى قەرەبوو بكرێتەوە؟ پاشان كەى یەكگرتوو لە ئاست قوتى میللەتدا بێدەنگ بووە؟ تا ئێستا تەماح بكاتە چنگێك پارە، باسەكە ئاوەژوو مەكەنەوە، بەڵكو ئەوە باجى ناڕەزایەتیە دەیدات، هەرجارەى بە جۆرێك، داواكاریەكانى یەكگرتوو زۆر لەوە زیاترن كە لە بڕى چوار ملیار دیناردا بچووك بكرێتەوە، كوا میساقى شەرف بۆ ئەوەى ئەم جۆرە كارانە دووبارە نەبێتەوە؟ كوا بڕیارەكانى دادگا؟ كوا دان پیانانى فازیل میرانى كە ووتى لە 60 كەس 40 یان پارتى بوون چوونە سەر بارەگاكانى یەكگرتوو؟ كوا وەعدى بارزانى كە وتى ئەگەر پارتى بارەگاى یەكگرتووى سوتاندبێـت من خۆم ئەچم بارەگاى پارتى دەسوتێنم ...! ئەو دادگایەى ئێوە بەتەمان دادپەروەر بێت ئەوە هەشت مانگە دەستى دەستى دەكات و كیسەڵ ئاسا بە دوایدا دەڕوات ئەمە ئەگەر بڕوات .
لێژنەى پەرلەمان ئەم خەمڵاندنەى كردووە و بڕیارى حكومەتە بۆ قەرەبوو كردنەوە، خودى قەرەبوو كردنەوە ئیعترافە بە هەڵە و تاوان و پارتیش ئەو ئیعترافەى كردووە .. وەرگرتنى بڕێك پارە وەك قەرەبوو لە بارودۆخێكى نائاساییدا شتێكى ئاساییە، لە كاتى ئاساییدا و لە پاى هیچ رووداوێك وەرگرتنى پارە جێى سەرنج و تێڕامانە! ئەم بڕە پارە قەرەبووە لەپاى هیچ جۆرە صه‌فقه‌يه‌ك نەبووە و داواكارییەكانى یەكگرتوو هێشتا زۆرى ترى ماوە.
برادەرینە: یەكگرتوو كۆمپانیاى بیناسازى نییە حەز بكات بیناكانى بسوتێنن هەتا نۆژەنى بكاتەوە، ئەوە لە عورفى كورەدەوارى و عەشایەریدا ئیهانەیە بە یەكگرتوو كراوە، ئێوە تەنها دیووە ماددیەكەى لێك دەدەنەوە و هێشتا ئەوەش بە زۆر دەزانن؟ مەخابن بۆ ئەو شیكارییە سەقەت و ناحاڵییە، ئێمە لەساڵى 2012 دا دەژین كەچى لەسایەى ئازادى رۆژنامەگەرى و شیكارى سیاسیدا هێشتا ستەملێكراو گلەیى لێبكرێت، مەگەر نازانن ئەگەر لەئاستى تاكە كەسیدا كارێكى ئاوا بكرێت شەڕى عەشایەرى گەورەى لەسەر دەكرێت كە چەندین خوێنى تیا بڕژێت، مەگەر شەڕى ناوخۆى كوردكوژى یەكێتى و پارتى لەسەر چەند دوكانێك نەبوو لە قەڵادزێ؟ خۆزگە تۆزێك بەویژدانەوە لەسەر ئەم مەسەلەیە قسە بكرایە، لە ساڵى 1994 ەوە یەكگرتوو تەحەمولى رامبوَكانى پارتى دەكات لە بادیناندا، بەڵام بەدڵنیایەوە سەركردەكانیان قسەیان ناڕوات بۆیە ئەم بارگرژیە هەر بەردەوامە، ئەگەر ئەمنیەكان باڵاتر نەبونایە لە سیاسیەكانیان ئەوا ئەم مەسەلانە لە هەولێر و دهوَك ئاوا مامەڵەى لەگەڵدا نەدەكرا، سوپاس بۆ خوا كە یەكگرتوو خاوەن نەهجێكى خوا ویست و ئیسلامخواز و نیشتمانپەروەر و كوردستانییە، ئەگەر وانەبوایە، هەروەكو كوردێك ئەوەندە غیرەت هەیە كە لە ستەم بێدەنگ نەبن، بەڵام نەهجى برایانەى یەكگرتوو ئەوەیە (لئن بسطت الي يدك لتقتلني ما انا بباسط يدى اليك لاقتلك) نەك لە ترسى خەڵكدا بەڵكو (اني اخاف الله رب العالمين)، پارتى لە بادیناندا باڵادەستە، ئەو بەرپرسە لەپاراستنى سەرو ماڵى خەڵكى، ئێستا ئەو خۆى دەستدرێژى بكات، خۆ ناكرێت بە هەمان شێوە وەڵام بدرێتەوە، بەڵام یەكگرتوو لە سنوورى تواناى خۆیدا بێدەنگ نابێت، بەدواى ئەم كەیسانەشدا دەڕوات، هەوڵى خەمخوَرانەش هەیە لەهەردولا بۆ ئەوەى ئەم كێشانە چارەسەر بكرێت، سەردانەكانى بەڕێزان كاك مەسعود و كاك نێچیرڤان و مەكتەبى سیاسى و مەكتەبى پەیوەندیەكانیانى پارتى بۆ لاى یەكگرتوو، نیەت صافى یەكگرتوو بۆ كوژاندنەوەى ئاگرى فیتنە بەڵگەیە بۆ ئەوەى كە هەوڵى جیددى لە ئارادایە بۆ چارەسەركردنى كێشەكان، بەڵام ئەوەى كێشە دروست دەكات ئەو دەبێت زیاتر هیممەت بكات و بێتە پێشەوە و نیەت پاكى پیشان بدات، بەڕاستى بۆ كوردستان و دەسەڵاتدارانى مایەى شەرمە بینا و بارەگا سووتاندن خەریكە دەبێـتە كلتورێك، كەى ئێستا سەردەمى شەقاوە و چەقوَكێش و ملهوڕى ماوە؟ لە ئاست كێیشدا ئاوا بوێربن؟ لە ئاست یەكگرتوودا كە جگە لە خێر و برایەتى هیچى ترى پی نەبووە و نییە؟ ئەگەر چەندین جارى تریش ئەم مەنهەجە سەقەتە دووبارە بێتەوە ئەوا یەكگرتوو لە نەهجى شارستانى و ئیسلامخوازیى و ئیصلاحیانەى خۆی لانادات، دەستى نزاى مەزڵوم لاى خواى گەورە بە بەتاڵى ناگەڕێتەوە، ستەم دوابڕاویى لەدوایە، عاقیبەتى ستەمكارانمان بینى لە كون هێنانیانە دەرەوە پاش ئەوەى بەدەیان كۆشكى كۆمارییان لەسەروەتى میللەت دروست كرد، یان لە كورسى دەسەڵاتى دیكتاتۆریەوە بۆ قەرەوێڵەى نەخوشخانە و بەدەستى كەلەبچە كراو و روورەشیەوە، یان هەڵاتوو ئاوارەى وڵاتان، یان كوژران و ریسوابوون وەكو شێتەكەى لیبیا، هێشتا فلیمەكە تەواو نەبووە، خەڵكى تریش بەڕێوەن دونیاش دەوران دەورانە، والسعيد من اتعظ بغيره .

سلێمانى 21 ئاب 2012
شێخ تەها سوڵەیى چاودێرى سیاسى

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە