رۆژی ١٥ / ١٢ ده‌كه‌ینه رۆژی فشار خستنه سه‌ر لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان
Friday, 09/12/2011, 12:00
بۆ/ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان
بۆ / سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، بینراو و بیستراو و نوسراو
بۆ/سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رپرس و ده‌زگایانه‌ی كه پاسه‌وانه‌كانیان سه‌ر به هێزه‌كانی (زێره‌ڤانی و به‌رگری و فریاكه‌وتنن)
بۆ/ سه‌رجه‌می ئه‌و پاسه‌وانه به‌شخوراوانه‌ی كه سه‌ر به هێزه‌كانی (به‌رگری و فریاكه‌وتن و زێره‌ڤانین)
وه‌ك بۆ هه‌مو لایه‌ك ئاشكرایه كه له‌م چه‌ند مانگه‌ی رابردودا په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ هه‌نگاوی گرنگی ناوه به مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێوی سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی عێراق، به تایبه‌ت موچه خۆرانی ده‌وڵه‌ت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و نا سه‌قامگیری و پشێوییه سیاسی و گه‌نده‌ڵكاریانه‌ی كه سه‌راپای حكومه‌تی مه‌ركه‌زی توشی شه‌له‌ل كردوه، به‌ڵام په‌رله‌مان و حكومه‌تی مه‌ركه‌زی له هه‌نگاوناندایه بۆ زیاتر خزمه‌ت كردنی خه‌ڵك، یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه زیادكردنی موچه‌ی موچه خۆرانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ بو به جۆرێكی وا كه سه‌رجه‌م موچه خۆرانی ئه‌و وه‌زاره‌ته له هه‌مو عێراقدا بگرێته‌وه و بودجه‌ی ته‌واویشی بۆ ته‌رخانكرا، به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد، زۆر به‌داخه‌وه چه‌ندین هه‌زار پاسه‌وانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی هێزه‌كانی (به‌رگری و فریاكه‌وتن و زێره‌ڤانی) لێ بێبه‌ش كرا و تا ئه‌م ساته وه‌ك جه‌نگێكی ده‌رونی هه‌واڵی شمولكردن و نه‌كردنیان به‌رامبه‌ر به‌كارده‌هێنرێت و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش بێده‌نگن لێی.
له كاتێكدا هه‌موان ده‌زانن ئه‌و هێزانه سه‌راپایان له چینی كه‌مده‌رامه‌تی كۆمه‌ڵگان و زۆرینه‌یان كرێچی و خاوه‌ن ماڵ و منداڵن و ئه‌رك و فرمانی وه‌زیفیشیان ئه‌گه‌ر له ئه‌ركی برا پۆلیسه‌كانی تریان زۆرتر نه‌بێت ئه‌وا كه‌متر نیه، بۆیه وه‌ك به‌شخوراوێك به مافی خۆمانی ده‌زانین هه‌مو رێگایه‌کی ره‌وا و یاسایی بگرینه‌به‌ر تاكو ئه‌و زیادكردنی موچه‌و زیاده‌كه‌ی (12) مانگی رابردو ده‌مانگرێته‌وه و لێی سودمه‌ند ده‌بین، وه‌ك هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تا بۆ داواكردنی ئه‌و مافه‌مان هه‌مو لایه‌ك ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه رۆژی (15/12/2011) ده‌كه‌ینه رۆژی فشار خستنه سه‌ر لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان و داواكارین له سه‌رجه‌م ئه‌و پاسه‌وانانه‌ی كه سه‌ر به‌و دو هێزه ناوبراوه‌ن له جێگای ده‌وامكردنی خۆیان ئاماده بن و فشار بخه‌نه سه‌ر ئه‌و به‌رپرس و ده‌زگایانه‌ی پاسه‌وانیان ده‌كه‌ن، كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بدوێنن ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه گرنگه و له مافتان بێده‌نگ نه‌بن، داواكارین له سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌زگاو به‌رپرسانه وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و به‌رپرسیارێتی ئه‌و رۆژه بكه‌نه رۆژی جوڵاندنی ئه‌و پرسه له‌لای لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان، داواكارین له ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌وا هه‌ڵسن به ئه‌ركی خۆیان و داوای جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ئه‌و یاسایه بكه‌ن و فشار بخه‌نه سه‌ر حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و داوای هه‌نگاوی جدییان لێبكه‌ن.
داواكارین له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به نوسراو و بیستراو و بینراوه‌وه كه له‌و رۆژه‌دا به نوسین و رێپۆرتاژ و لێدوان و دواندنی به‌رپرسان له خزمه‌تی زیندوكردنه‌وه‌ی مافی زیاتر له (20)هه‌زار خێزاندابن.
به ده‌نگه‌وه هاتنتان بۆ ئه‌م پرسه به‌ده‌نگه‌وه هاتنتانه بۆ هه‌زاران خێزانی كه‌م داهات و كه‌مده‌رامه‌ت، ئه‌و چالاكیانه‌ی ئه‌و به‌رواره‌ش ته‌نها هه‌نگاوی یه‌كه‌ممانه.
خه‌می ئێمه خه‌می ماڵ ومناڵ و ژیانه
لیژنه‌ی داکۆکی له مافی زه‌وتكراوی به‌شێك له هێزه‌كانی زێره‌ڤانی و به‌رگری و فریاكه‌وتن
6/12/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست