بەیاننامەى پشتگیرى گەنجانى هەورامان بۆ خۆپیشاندانەكانى مەیدانى ئازادى سلێمانى...
Wednesday, 09/03/2011, 12:00
بابەت/ بەیاننامەى پشتگیرى گەنجانى هەورامان بۆ خۆپیشاندانەكانى مەیدانى ئازادى سلێمانى...
جەماوەرى خۆشەویستى كوردستان .... خۆپیشاندەرانى داواكارى مافە ڕەواكانى گەلى كوردستانى بەش مەینەت
20 ساڵە حوكمڕانى خۆماڵی لە ئاست داواو پێداویستیەكانى گەلدا ، كەڕەو بێ بایەخانە و بێ باكانە دەڕوانێتە میللەتەكەى خۆى , بێ گەڕانەوە بۆ ڕاى گشتى حكومەتێكى 50 + 50 ى كارتۆنیان پێك هێنا ، كوردستانیان كرد بە دوو بەشەوە , میللەتیان كرد بە دوو بەشەوە داهاتى ووڵاتیان لەنێوان خۆیاندا بەش كرد ، پاشان لەسەر گومرگ و پارە كە موڵكى میللەت بوو كەوتنە وێزەى یەكترو هەزاران گەنجى خێر نەدیوى كوردستانیان كرد بە سوتەمەنى شەڕ.. لەو شەڕەشدا ناكۆكیان خستە ناو تەنانەت بچوكترین خێزانى كوردەوە ,...
چەندین جار بۆ سڕینەوەى یەكترى پەنایان برد بۆ لەشكرى بێگانە .. لەو كاتەشدا ئەگەر دەنگێكى ناڕازى لە میللەتەوە بڵند ببوایە ، بەناوى هەبونى دوژمنى وەهمیەوە و بونى مەترسى لەسەر ئەزمونى كورد ئەو دەنگە ناڕازیەیان كپ دەكرد , لەپاش پرۆسەى ئازادیەوە ، بودجەیەكى گەورەو زەبەلاح دەهاتە كوردستان , بەناوى وێران بونى 5000 پێنج هەزار گوندەوە ، هەموو ساڵێك بەهانەیان بۆ بە تاڵانبردنى بوودجەكە لەلایەن یەكێتى و پارتیەوە دەهێنایەوە ، لەم لاشەوە بارودۆخى گوندەكان زۆر نالەبار بوو بە ئێستاشەوە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو چۆلأ بوون دەچن .... ئەزمونى دوو ئیدارەیى كە تاوەكو ئێستاش كاریگەرى ماوە تاڵترین ئەزموون بوو چونكە لە هەرێمى زەرد هیچ بۆچونێكى تر مافى ژیان و ئازادى نەبوو ، بە پێچەوانەشەوە , پاشان هاتن ڕێككەوتنى ستراتیژیان لە نێو خۆیاندا ئەنجامدا ، ئەم ڕێككەوتنە لە ناوەڕۆكدا دابەشكردنى داهاتى كوردستان بوو لە ڕوكەشیشدا دەیانكرد بەمنەت بەسەر میللەتەوە گوایە لەبەر بەرژەوەندى میللەتە..
خۆ قەڵەو كردنى بەرپرسان و مشەخۆرە گەندەڵەكانى هەردوو حزبى دەسەڵات بەوەوە نەوەستا ، كەوتنە كڕینى دورگەو كەشتى گەشتیارى و كۆمپانیا و ئاودیو كردنى سامانى سروشتى ئەم ووڵاتە وەكو نەوت و گازى سروشتى .
دوو بنەماڵەى بێ باك لە میللەت دەیانەوێت میللەت بكەنە كۆیلە و فیرعەون ئاسا بەجۆرێك لە جۆرەكان ئەنفالى گەنجانى ئەم نیشتمانە بكەن , ئێمەى گەنج كە پارەى كڕینى قاتێك لە باخەڵماندا نەبێت و كوڕە بەرپرس لەمانگێكدا چوار جۆر ئۆتۆمبێلى گرانبەها بگۆڕێت ، هیچ جیاوازیەكى نیە لەو ئەنفالەى كەڕژێمى سەدام كردى، بگرە ئەمیان بەئازارترو تراژیدیترە ... لەسەروەختى بانگەشەكردنیاندا ، شەو ڕۆژمان لێ حەرام دەكەن و بە سەدان درۆى نوێ و بەڵێن فریومان دەدەن ، ئەوەندە بەڵێن و درۆیان لەگەلأ خەڵكدا كردوە تەنانەت نزیكترین خەڵكى خۆشیان بڕوایان پێ ناكات و وەكو مەلەوانە درۆزنەكەیان لێ هاتووە ...
لەشكرێك ڕۆژنامەو گۆڤارو كەناڵى تەلەفزیۆنى لۆكاڵى و ئاسمانى وە هەزاران ڕۆژنامەنوس كە لەو بڕوایەداین هەموو ئەندەنوسیا هێندەى پارتى و یەكێتى ڕۆژنامەنوسیان نیە كە پارەو بودجەى ئەم میللەتە دەكرێت بە قوڕگیاندا ، ئەركیشیان بریتیە لە خزمەتكردنى حزب و لە بنەڕەتدا بۆ جوانكردنى دیمەنى بەرپرس و حزبەكانن ،
جەماوەرى بە هەڵوێستى كوردستان .... سەرۆكى هەرێم هەمیشە جەختى لەسەر سەروەرى یاسا كردوەتەوە ، بەڵام لە كوردستاندا ڕۆژێك یاسا سەروەر نەبووە ، خەڵكى هەژار لەسەر فرۆشتنى پارچەیەك پەنیرى ئكسپایەر خراوەتە زیندان ، خەڵكانى خاوەن دەسەڵات و خزمى بەرپرس تاوانبارن بە كوشتن و دزینى داهاتێكى زۆرى ئەم ووڵاتە ، ئازادانە دەسوڕێنەوە ، كام یاسا دەبێت سەروەر بێت سەرۆكى هەرێم كە تۆ لەزۆر بۆنەدا باست كردووە ..
لە كابینەى شەشەمى حكومەتدا دروشمى كردار شەرتە بەرزكرایەوە، بەڵام ئەم دروشمە سەلمێنرا كە تەنها بۆ بەنج كردن بوو ، ئەگینا كردارێكمان نەدى .......
جەماوەرى بەشەرەفى كوردستان ، ئێمە وەكو كۆمەڵێك گەنجى هەورامان وابەستەى هیچ گروپ و ڕێكخراوێكى سیاسى نین ، بەڵام دڵنیاین ئەو داواكاریانەى ئۆپۆزسیۆن لە خزمەتى چینى هەژارو زۆرینەى كوردستاندایە بە تایبەتى گەنجان بۆیە جێى خۆیەتى لەم كاتەدا پشتیوانى خۆمان بۆ خۆپیشاندانەكانى سەراى ئازادى دەرببڕین .... وە هەموو جۆرە توندو تیژیەك دژى خۆپیشاندەران مەحكوم دەكەین ..
هەزاران سڵاو لە شەهیدانى ئازادى ...
وە لە كۆتایشدا ماوەتەوە بڵێین هەموو شتێك لە باریكیدا دەپچڕێت بەڵام زۆردارى و ستەم لە ئەستوریدا ...
گەنجانى هەورامان
9/ئازار/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست