بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستانە یان سەرۆكى كوردستان؟...
Tuesday, 11/09/2012, 12:00
لەپڕ و لەناكاو دەزگا ڕاگەیاندنەكانى سەر بە پارتى دیموكراتى كوردستان بە بینراو بیسراو خوێنراو، مسعود بارزیانیان كردووە بە سەرۆكى كوردستان و لە قالبى سەرۆكى هەرێمیان هێناوەتە دەر، ئەمەش جێگەى تێڕامان و سەرنجە بۆ لە كاتێكى وادا لە پڕێك بوو بە سەرۆكى دەوڵەتى كوردى، تۆبێ دەوڵەتى كوردستان ڕاگەیانرابێت منى بێئاگا نەمزانى بێت؟، یان تەنیا لە چوار بەشى كوردستان تەنیا یەك هەرێم هەیە بەناوى كوردستان و سێ یەكەى تریش وەلانراوە و چى تر پێى ناگوترێت هەرێمى كوردستان، ئەمجارە بوو بە كوردستانێكى سەربەخۆ. ئەدى تۆبێ بۆ ئەوە نەبێت مالیكى پێ توڕە بكەن و سەرى لێ بشێوێنن كە وابزانێت دەوڵەتمان دروستكردووە؟، نا لەوانەشە لەگەڵ ئەوەى كە زانرابێت ڕۆژئاواى كوردستان خەریكە ئازاد دەبێت گوتویانە ئێمە ئەو دووپارچەیە یەك ئەخەین و با ئەوانیش دووەكەى تر یەك بخەن و ناوێكى ترى لێ بنێن. وەكە مەسەلەى (هەرچى بەرێ).
نا نا لەوانەشە هەر بۆ ئەوە بێت كە ماوەیەك وتیان دەوڵەتى كوردى دروست ئەبێت كە دروستیش نەبوو ئێستا بۆ گەیشتن بە قسەى خۆیان هەرێمى كوردستانیان كردووە بە دەوڵەتى كوردى و بارزیانیشیان كردوەتە سەرۆكى دەولەتى كوردستانەكە. باشە خۆ شتێكى تریش هەیە تۆبێ بۆ ئەوە نەبێت كە هەر جارێ لێڕابێن بۆ ئەوەى كە بوو بە سەرۆكى دەوڵەتى كوردى خۆش بگوترێت (سەرۆكى كوردستان) نەوەك لێیان تێك بچێت.
ناوەڵا ئەوە سەرنوسەر و بەڕێوبەرەكانیان دەیانەوێت خۆیان ببەنە پێشەوە و خۆیان خۆشەویست بكەن لاى سەرۆكەكەیان دەنا پێشكۆى باشورى كوردستان لە ڕووى ئیداریەوە هەر (هەرێمى كوردستان)ە.
ئەگەر بۆ خۆ خۆشەویستكردنیش نەبێت نەشارەزایاى و نەزانینە لە ئیش و كارى ڕاگەیاندنیان، پێشنیاریان بۆ دەكەم خۆیان پەروەردە بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست