ئێمە جیاوازین
Saturday, 24/07/2010, 12:00
* كاتێك جاروبار بۆ سەرگەرمى و زاخاوى مێشك سەیرى بەرنامەى [من جیاوازم] ى كەناڵى ئاسمانى زاگرۆس تیڤى دەكەم ، پرسیارێك لەخەیاڵ دانم دا خۆى قوت دەكاتەوە كەبڕیارم دا ئاراستەى هەڵسوڕێنەرانى ئەو كەناڵە بەڕێزەى بكەم و بپرسم ئایا ئەوان بەڕاستى بەدواى كەس و شتە جیاوازەكاندا دەگەڕێن ؟ ئاخۆ كەسێكى بەستە زمان كە بۆ بەدەست هێنانى ژمارەیەك یا .....ێك بەناچارى هەشت نۆ كیلۆ میوە بخوات یان دەدوازدە قوتوو بیپسى كۆلا بخواتەوە ، یان كوڕێكى گەنج و پرچ و سمت و مەمك لەخۆى بڕوێنێت و بەدەف سنجانەوە لاسایى كچە بەغدادیەكان بكاتەوە و بەدانس و سەماى عەرەبى كوڕ و كاڵى بەتاڵى ناو ستۆدیۆ بێنێتە جۆش و خرۆش ، یان مرۆڤ بكرێتە مەیمون و لەسەر شاشە هەڵپەڕێنرێت ، یان ، یان ، یان ........ ئەوەندە جیاوازە كەئەو هەموو هەراو هۆریا و لێژنە و هەڵسەنگاندنەى بۆ بكرێت و هێما و ژمارەى جیاوازى بدرێتێ ؟ یان زاگرۆس تیڤى و هەڵسوڕێنەرانى لەڕێگاى ئەم بەرنامە كرچ و كاڵانەوە دەیانەوێت هەم گەنجان سەرگەرم بكەن و لەخشتەیان بەرن و هەمیش جیاوازیە گەورە و زەق و بەرچاوەكان بشارنەوە و دیزە بەدەرخۆنەیان بكەن؟
* بەڕێًزان ، كارمەندانى كەناڵى زاگرۆس تیڤى و ستافى بەرنامەى [من جیاوازم] ! هەرچەند ئەم ووڵاتە لێوان لێوە لەجیاوازى و ئێمە هەموویان جیاوازین و هەرێمە كەشمان [جیاوازلاندە] بەڵام هیوادارم زویر نەبن ئەگەر بڵێم بەداخەوە تائێستا پەیتان بەبچوكترین جیاوازى نەبردووە و ئەو ووردە شتانەش كەجارو بار ئێوە و لیژنە بەڕێزەكەتان [بەڵێ] ى جیاواز بوونیان بۆ دەكەن ، نەك هەر جیاواز نین بەڵكو زۆر ئاسایین و ئارامۆگوتەنى [من چ جیاوازى نەدیت] . ئەڵبەت ئەم هەڵوێستەى من ئەوە ناگەیەنێت كەخوانەخواستە ئیتر بەڕێزتان نائومێد و دەستەوەستان بن و بەدواى جیاوازیەكاندا نەگەڕێن ، بەڵكو بەپێچەوانەوە هیواى بەردەوامیتان بۆ دەخوازم و دڵنیاشم مایەپووچ نابن چونكە وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد ئەم هەرێمەى ئێمە هێندە لەجیاوازیدا دەوڵەمەندە دەتوانن ڕۆژانە سەدان تەنكەر جیاوازى ئاودیوى سنورەكان بكەن و كەسیش نەڵێت .......تان بەچەند؟ جالەبەرئەوەى بەبوختان چى و ناحەزى ئەم هەرێمە قشتۆكەیەم لەقەڵەم نەدەن ، فەرموون ئێوە و چەند ووردە جیاوازى یەك بەو هیواى كەببنە مایەى دەوڵەمەندكردنى بەرنامەكەتان ! من هەر لەدەڤەرەكەى خۆتان كەمێك بەلاى سەرەوە ، قەیرە كچێك دەناسم لەكڕینى سێتى مۆنیكاو ڕەوە ئۆتۆمبێلى جام ڕەش و مۆدێل بەرز مونافەسەى برازا و شتەكانى دەكات و نەمن و نەكەسى تریش ناوێرێن تەنانەت ناویشى بهێنن چونكە قەیرە كچەكە پیرۆزە و لەدەڤەرێكى پیرۆز دەژى ! خۆ ناشێت ئاگادارنەبن كەدەیان كیلۆمەتر چوار گۆشەكانى خاكى ئەم هەرێمە بەستە زمانە لەلایەن كەسانى پایەبەرزى سەربەحیزب و خێڵ و بنەماڵە باڵا دەستەكانەوە زەوت كراوە بێ ئەوەى حكومەتە كڵۆڵەكەمان بتوانێت بڵێ لەل ، كەچى ەگەر هەژارێك لەگۆشەى شارێك بەهەزار كولەمەرگى چوار دیوارێك بۆ سوكناى ماڵ و منداڵەكەى پێكەوە بنێت ، یەكسەر یاسا سەروەرەكەمان بەبەرزایى هەڵگورد لێ ى ڕاست دەبێتەوە و جگەلەتێك و پێك دانى چوار دیوارە خوارو خێچەكەى ڕەنگە سزاى [یاسایى]ش بدرێت !! ئەرێ ئاگادارن حزب لەشكرێك خەڵكى بێكەڵكى نەزان و نەخوێندەوارى بەپلەى وەزیفى بەرزى جۆراو جۆر و بەنایاسایى دامەزراندووە و هەربەنایاسایش خانەنشینى كردووە ، لەكاتێكدا هەزاران گەنجى خێر لەخۆ نەدیوى خاوەن بڕوانامەى زانكۆ و پەیمانگاكان بێ ئیش و كار دەسوڕێنەوە و بەدواى سەرابى بەڵێن و پەیمانەكانى بەرپرساندا دەكەن ؟ نازانم ئێوە بزانن یان نا ؟ بەڵام من دەزانم لەم هەرێمەى ئێمەدا ماست و پەنیر و پەتاتە و تەماتە و باینجان و شووتى و گندۆرەى توركى و سوورى و ئێرانى لەشارەوە بۆ گوندەكان دەڕوات!!! ئایا ئەم جگە لەجیاوازى كارەساتیش نیە؟.
* دەڵێن [میرا بۆ]ى ووتاربێژ و زمان حاڵى شۆڕشى فەرەنسا كەلەگۆڕستانى گەورە پیاوانى ئەو ووڵاتەدا نێژرابوو چەند ساڵێك پاش مردنى لەو گۆڕستانە دەرهێنراو گوێزرایەوە چونكە دەركەوتبوو كەكاتى خۆى خیانەتى لەشۆڕش كردبوو ! كەچى میرا بۆ خائین و ئەنفال چى یەكانى لاى ئێمە پاش سەركەوتنى شۆڕش نەك هەر لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەكرا بەڵكو لەئامێزى گەرمى سەرانى شۆڕشدا مارشاڵى لەشكرى حیزبەكان و دەم سپى و قسەڕۆیشتووى دیوەخانى بەرپرسەكانن!!!!!
وەك بیستومە پاش سەركەوتنى شۆڕشى جەزائیر لەشەستەكانى سەدەى ڕابوردوودا ، تەواوى جاش و خۆ فرۆشە جەزائیریەكان ووڵات بەدەركران و لەگەڵ ئاغا فەرەنسیەكانیاندا بەناچارى ڕوویان لەووڵاتى غەریبى كرد و زۆربەیان بەحەسرەتى دوورە ووڵاتى لەتاراوگەدا سەریان نایەوە و تائێستاش نەك هەرخۆیان بەڵكو زۆربەى نەوەكانیان خاك و ئاو و هەواى جەزائیریان لێى حەرام كراوە ، كەچى سەرگەورەكانى ئێمە نەك هەركەسیان ووڵات بەدەرنەكرد لەسەرخیانەت و كورد فرۆشى ، بەڵكو ئەو جاش و خۆفرۆشانەشیان هێنایەوە بۆ كوردستان كەلەشەرمان و لەترسى تۆڵەى میللەت كوردستانیان جێ هێشتبوو!! [غاندى] لەبەر برسێتىهەمیشە گەدەى بەپشتى یەوە نووسابوو ، كەچى غاندى یە نەوسنەكانى ئێمە ئەوەندەیان خواردووە گەدەیان خەریكە لەزەوى بخشێ و لەكاتى ڕۆیشتنەدا دەبێ دوو سێ كەس لەنگەرى وورگیان بگرن!! [ماندێلا] دواى بیست و حەوت ساڵ زیندانى و هەرەس پێهێنانى سەرسەخت ترین ڕژێمى ڕەگەز پەرست ، تەنها چەند ساڵێك دەسەڵاتى باشوورى ئەفریقاى گرتەدەست و ئیتر بەخواستى خۆى وازى لەدەسەڵات هێنا بۆ ئەوەى خەڵكى ووڵاتەكەى فێرى پرۆسەى دیموكراسى بكات ، كەچى ماندیلاكانى لاى ئێمە پاش ئەوەى لەودیوى سنورەكانەوە بەسوارى شەپۆلەكانى شۆڕشى جەماوەر هاتنەوە و سوارى كورسى دەسەڵات بوون ، نەك هەر ئامادەنین خۆیان كورسى یەكە چۆڵ بكەن بەڵكو كاربۆ مسۆگەركردنى ئەو كورسى یە دەكەن بۆ كوڕ و كوڕەزا و نەوەكانیان و ڕازى نابن كەسێكى ترى دەرەوەى بنەماڵە تەنانەت خەویش بەو كورسى یەوە ببینێ!! [گیڤارا]ى شۆڕشگێڕ نەك هەرخاكى ووڵاتەكەى خۆى بەڵكو قبوڵى نەدەكرد خاكى ووڵاتانى تریش لەلایەن داگیركەرانەوە داگیر بكرێت و تا شەهید بوونیش لەم ووڵاتەوە بۆ ئەو ووڵات دژى زۆرداران و داگیركەران دەجەنگا ، كەچى گیڤارا كۆنە شۆڕشگێڕەكانى ئێمە نەك هەر بەرگرى لەنیشتمان و سنوورەكانى ناكەن و هەنگاویش بۆ ڕزگاركردنى بەشە داگیركراوەكانى ناكەن ، بەڵكو بۆ پاراستنى كورسى و كۆشك و ڤیللا و ......كانیان نەك لەشكرێك بەڵكو ئەگەر پێویست بكات چەندین سوپا و لەشكرى بێگانە پەلكێشى كوردستان دەكەن و سەروەرى ئەم خەڵك و خاكە دەخەنە ژێر چەكمە و پۆستاڵى داگیركەرانەوە و ئەگەر لێرە و لەوێش كەسێكى دڵسۆزى ئەم خەڵك و خاكە نووزە و بۆڵەیەكى ناڕەزایى لێوەبێت وەى بەحاڵى !! لەزۆربەى ئەو ووڵاتانەى كەلەپێناو ڕزگارى و سەربەخۆییدا شۆڕش و ڕاپەڕینیان بەرپاكردووە ، پاش سەركەوتنى شۆڕش پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكان ڕێز و تەقدیرى تایبەتیان لێ نراوە و نیشانە و هێماى جیاكەرەوەى وەك ناسنامە و مەدالیا و دیارى یان پێ بەخشراوە لەپاداشتى ئەو هەوڵ و خەبات و قوربانى دانەى كەلە ڕۆژگارە سەختەكاندا نواندوویانە كەچى لەم دەڤەرە بچووكەى ئێمەدا كە بۆ ڕزگاركردنى دەریایەك خۆێن و ڕووبارێك فرمێسك ڕژاوە ، پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكان نەك هەر ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و ڕێزیان لێ نەنراوە بەڵكو سووكایەتى پێ كردنیان گەیشتۆتە ئاستێك كەباس كردنیشى شەرمە ، بۆ نموونە هەندێكیان كراونەتە بەردەست و پاسەوان و دەركەوانى موستەشارو و كۆنە بەعسى یەكان!
لەمێژوودا زۆر گەل و نەتەوە لەلایەن دوژمن و نەیارەكانیانەوە كوشت و بڕو جینۆسایدكراوان ، بۆ نموونە كورد و ئەرمەن لەلایەن تورك و عەرەبەوە ئەنفال و جینۆسایدكراون ، بەڵام كورد تەنها نەتەوەیەكە كەبەدەستى هاوزمان و هاوخوێنەكانى خۆى ئەنفال كرابێت و لەماوەى دەیان ساڵى شەڕى براكوژیدا سەدان و بگرە هەزاران كورد بەدەستى كورد بێ سەرو شوێن كراون و تائێستاش لایەنە بەرپرس و ئەنفال چى یەكان ئامادە نین چارەنووسى ئەو بێ سەروشوێنانە ئاشكرا بكەن !! من لەو باوەڕەدانیم كەسەركردە و سەرۆكى هیچ گەل و ووڵاتێك چاو لە بچووكترین بێ ڕێزى و سووكایەتى بپۆشێت كە بەرامبەرى بكرێت ، كەچى ئێمە لەوەش دا جیاوازین و سەركردە سەرزلەكانمان كەلاى ئێمە خوولەخۆیان دەكەن و خۆیان بەفیل و ئێمەش بەمێروولە دەزانن كەچى لەكاتى سەودا و مامەڵە لەگەڵ دەروو دراوسێدا لەسەرۆك خێڵیش بچووكتر دەكرێنەوە و بەناوى بنەماڵە و خانەوادەوە لەپرێس كۆنفرانسەكاندا دەناسێنرێن و بەگیانى وەرزشیش وەرى دەگرن ، كەچى بۆ بچووكترین ناڕەزایى و دەنگ هەڵبڕینى هاووڵاتیانى خۆیان گرژدەبن و گەورەترین كاردانەوە یان هەیە ، تەنانەت ئەگەر گەنجێك ئەو خەیاڵەى پێى مەستە بیەوێت بیخاتە ناو چوارچێوەى هەڵبەستى ئەوا بەڕۆژى ڕونان و بەبەرچاوى خەڵكەوە دەى فڕێنن و پاش ئازاردانێكى زۆرى جەستەیى و دەروونى ناودەمى پڕدەكەن لەفیشەك و تەرمەكەشى فڕێ دەدەن!! ئێمە هەموومان جیاوازین ، چونكە لەووڵاتان ئەگەر حكومەت و دەسەڵات و حیزب هەڵە و كەم و كورتى هەبێت ئەوا جەماوەر بەگشتى و توێژى ڕۆشنبیر و نووسەران بەتایبەتى لێى وە دەنگ دێن و سنوورێك بۆ هەڵە و كەم و كورتیەكانى دادەنێن ، كەچى لەمەملەكەتى ئێمە زۆرێك لەنووسەران و ڕۆشنبیران لەپێناوى [........] دا دەبنە پارێزەر و پینەچى دەسەڵات و بەڵگە و پاساوى نابەجێ بۆ هەڵە و كەم و كورتى گەندەڵى یەكان دەهێننەوە....................................بەڕێزان تاكایە ناوونیشانى بەرنامەكەتان لەكەسى یەكەمى تاكەوە بگۆڕن بۆ كەسى یەكەمى كۆ چونكە ئێمە هەموومان جیاوازین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست