یەكێتى مەلایانى كوردستان چییان دەوێت؟
Wednesday, 29/12/2010, 12:00
ماوەیەكە یەكێتى زانایانى ئیسلامى كوردستان كە راستترە بە یەكێتى مەلایانى كوردستان ناو ببرێت، كەوتوووەتە هێرشكردن و پەلاماردانى هەرچى دیاردەییەكى تۆزێك پێشكەوتووى كوردستانە، ئیدى لە هێرشكردنە سەر نووسەر و شاعیرەكانى كوردستان و رۆژنامەو بڵاوكراوەكانەوە بگرە تا دەگاتە دژایەتیكردنى كردنەوەى كارگەى بیرە لە كوردستان وناوهێنانى وشەى (جێندەر) وتەنانەت رازاندنەوەى شەقام و بازاڕەكان بە بۆنەى سەرى ساڵى زایینى ! .
لە راستیدا هەندێكجار ئەو پرسیارە لە خۆم دەكەم باشە ئەگەر مەلا و هێزە ئیسلامییەكانى كوردستان دژى ئەو شتانە نەبن ئەى ئیشیان چییە؟ مەگەر ئیشى ئەوان ئەوە نییە دژى پێشكەوتن بن و دژى ئەوە بن كوردستان پێشبكەوێ؟ لێرەدا لەوانەیە مەلاكان بپرسن ئایا پێشكەوتن بە كردنەوەى كارگەى بیرەو ئاهەنگێڕانە بە بۆنەى سەرى ساڵ؟ منیش دەڵێم هەزارجار بەڵێ ، چونكە مەگەر تەنها لە وڵاتانى هەرە دواكەوتووى وەك عەرەبستانى سعودى و ئەفغانستان و پاكستان ئەو شتانە قەدەخە و حەرام بن. ئایا دەتانەوێ كوردستان وەك ئەوروپا وەك سوێد و دانیمارك و هۆڵەنداو ئەڵمانیا ....هتد لێ بێت لە پێشكەوتندا یان ببێتە سعودیەو سودان وئیران و سۆماڵ و ئەفغانستان وپاكستان ...؟
قسەكەر و وتەبێژى یەكێتى مەلایان و بەرپرسانى راگەیاندنەكەیان مەلا جەعفەر گوانى كە خۆى لە بەرگى پارتیدا شاردووەتەوە بەڵام لە راستیدا ئیسلامییەكى تووندڕەوەو زۆر لە عەلى باپیرو مەلا كرێكار تووندڕەوترە، زۆرجار لێدوان و قسەى زۆر خۆش و سەیروسەمەرە دەكات، بۆ نموونە ماوەیەك لەمەوبەر گوتى" لە هیچ وڵاتێكى ئیسلامیدا كارگەى بیرە نییە بۆچى لە كوردستان هەبێت ؟" لە كاتێكدا مەلا جەعفەر یان نازانێت یان خۆى لەوە گێل دەكات كە لە وڵاتانى (توركیا، سوریا، لوبنان،میسر، ئیمارات، تونس ، مەغریب، مالیزیا) دەیان كارگەى بیرە هەن ، ئایا ئەو وڵاتانە ئیسلامیین یان نا؟ نەك هەر كارگەى بیرە بەڵكو دەیان مەلها و دیسكۆو قەحپەخانەش هەن و نەمانبیستووە مەلاكانى ئەو وڵاتانەش هیچ شۆڕشێكیان بەرپاكردبێت.
مەلا جەعفەر و هاوبیرەكانى پێیان خۆش بێت یان نا، ساڵانە تەنها لە هەولێر بایى 90 ملیۆن دۆلار (وەك لە رۆژنامەیەك بڵاوكرابووەوە) بیرەو مەشروبات دەخورێتەوە كە هەمووشى لە توركیاوە دێت، ئایا باشتر نییە لە جیاتى ئەوەى ئەو هەموو پارەیە بچێتى گیرفانى توركەكان، كوردێك قازانجى لێبكات؟ مەلا جەعفەر لە فەرمایشتێكى تریدا گوتبووى "لە ئەوروپا بیرەو مەشروبات زۆر گرانە چونكە ئەو وڵاتانە چیتر نایانەوێ بخۆنەوە؟" دڵنیام مەلاى گوانى ئەوروپاى هەر نەدیتووە دەنا ئەو قسەیەى نەدەكرد، چونكە بیرە لە ئەوروپا لە ئاویش هەرزانترە!
پاشان بۆچى هێندە قەڵسن كە خەڵكى كوردستان بە هاتنى سەرساڵى زایینى خۆشحاڵن و ئاوا خۆشحاڵ نین بە سەرى ساڵى كۆچى، مەگەر نازانن سەرى ساڵى زایینى بۆنەیەكى جیهانییە و هەموو دنیا بە وڵاتانى ئیسلامیشەوە ئاهەنگى بۆ دەگێڕن و رۆژژمێرى زایینى رۆژمێرێكى جیهانییە و هەموو وڵاتانى دنیا كارى پێ دەكەن بە وڵاتانى ئیسلامیشەوە، لە كاتێكدا رۆژمێرى كۆچى تەنها لە كۆمەڵێك وڵاتى دواكەوتووى وەك سعودییە كارى پێدەكرێ، تەنانەت كۆمارى ئیسلامى ئێرانیش كارى پێناكات!
ماوەتەوە بڵێم لە كاتێكدا یەكێتى مەلایان هێرشییان دەكردە سەر رۆشنبیرانى كوردستان ودژى پێشكەوتنى كوردستان وبەكارهێنانى وشەى جێندەر و رازاندنەوەى كوردستانن بە بۆنەى سەرى ساڵى زایینى، ئا لەو كاتەدا شاندێكى یەكێتى مەلایان بە سەرۆكایەتى جێگرى سەرۆكى یەكێتى مەلایان لە ئێران سەردانى گۆڕى خومەینییان دەكردو دەستى بەرپرسانى تیرۆریستى ئێرانییان دەگوشى ، لە هەمانكاتدا بەرپرسانى رژێمى ئیسلامى بەردەوام بوون لە كوشت وبڕو لە سێدارەدانى رۆڵەكانى گەلى كورد لە رۆژهەڵاتى كوردستان كە حەبیبوڵلا لەتیفى دواترینیانە كە ئێستا چاوەڕێى لە سێدارەدانە لە ئێران، ئایا شەرمەزارى نییە بۆ یەكێتى مەلایان لە كاتێكدا رژێمى جمهورى ئیسلامى رۆڵەكانى كورد لەسێدارەدەدات ، ئەوانیش دەچن گۆڕى خومەینى ماچ دەكەن، هیوادارم مەلا جەعفەر وەڵامێكى هەبێت بۆ ئەمە؟
لە كۆتاییدا دەڵێم خەڵكى كوردستان دەیانەوێ كوردستان ببێتە سوێد و دانیمارك و نەرویج و هۆڵەندا و سویسرا لە پێشكەوتن و دیموكراسى وئازادى و دادپەروەرى نەك سعودیە وئەفغانستان و پاكستان وسۆماڵ وئێران.
http://www.zanayan.org http://www.zanayan.org
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست