ئهوانهی یهکگرتووی ئیسلامی گهورهتر دهکهن ..
Sunday, 14/06/2009, 12:00
لەو وڵاتانەى دەسەڵاتى تاكڕەوى و خۆسەپێن هەیە ، ئەو دەسەڵاتە بەردرێژایى تەمەنى بەردەوام بەهەموشێوەیەك لەهەوڵدایە بۆ كپكردن و لەناوبردنى بیرو بۆچونە جیاوازەكان بۆئەوەى هیچ كاتێك كەسانێك لەناو وڵاتدا پەیدانەبن و بیانەوێ ڕەخنەو ناڕەزایى دەربڕن بەرانبەر بەدەسەڵات ، كەچى خەسڵەتى دەسەڵاتى دیكتاتۆرى وایە هەرچەندى بەهێزیش بێت قەد پێى ناكرێت بیرو ڕاى جیاوازقبوڵ بكات ، چونكە ترسى گەورەى دیكتاتۆرەكان لەمیللەتەكەیان تەنیا لەسەرجیاوازى بیرو بۆچونە، بۆیەش تەنیا لەسەر جیاوازى بیرو بۆچون بەملیۆنان مرۆڤ لەناوبراون لەلاین دیكتاتۆرەكانەوە ، بەڵام سەرەنجامیش هەربەرەى زوڵم لێكراوى ئازادى خوازان سەركەوتوبونە ، بۆیەش دیكتاتۆرەكان زەندەقیان لەبیرو بۆچونە جیاوازەكان چوە ، هەرچەندە دەربڕینى بیرو بۆچون یان داواكردنى ماف یان ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات گەرلەسەرەتاوە دەسەڵات لێى نەترسێ خۆ بۆ پاشەڕۆژى نابێتە مەترسى ، چونكە گەر دەسەڵات بەرگەى بیرو ڕاى جیاوازى گرت و توانى لەگەڵ خەڵكانى بیروڕا جیاواز هەڵبكاو گوێیان لێبگرێت و ڕێزیان بۆ دانێ بێگومان ئەو پەڕى ژیرى ئەو دەسەڵاتە دەردەخات ، كەوابو دەسەڵاتى ژیر هیچ كەسێك و لایەنێك نابێتە مەترسى لەسەرى چونكە ئەو دەسەڵاتە ڕفتار بەئەقڵ دەكات هەردەسەڵاتێكیش ئیشى بەئەقڵ كرد هەرگیز لایەنێك بەو شێوەیە دروست نابێت لەئایندە پشتى بشكێنێ و لەناوى بەرێت ، بەڵام دەسەڵاتى نائاقڵ و وادەزانێ هەتاهەتایە بەو دەسەڵاتە پتەوەى دەمینێتەوەو لەبەر ئەوەى بیرو ڕاى جیاواز لەناو دەبات تاكو هیچ كەسێك نەبێت بتوانێت بەرانبەر دەسەڵات بوەستێ و ئیسپاتى هەبونى بیرو بۆچونى جیاوازى خۆى بكات ، ئەگەر لەژێر دەسەڵاتى دیكتاتۆرەكان كەسانێك پەیدا بون و داواى مافى ڕەواى خۆیان كرد یان بیانەوێ بیرو بۆچونى خۆیان دەرخەن، ئەوە لەلایانى دەسەڵاتەوە هێرشى ناڕەوایان دەكرێتە سەرو لەناو دەبرێن ئەگەر دەرفەتى لەناو بردنیشى نەبو ئەوە هەرچى پڕوپاگەندەى ناڕەواو بوختان هەیە دەیداتە پاڵ ئەو كۆمەڵە كەسەى كەبیرو ڕاى جیاوازیان لەگەڵ دەسەڵات هەیە و دەسەڵاتیش ئەو كەسانە بەدوژمن و ناحەزى خۆی دەزانێ ، هەروەك لەسەرتا وتم چونكە دەسەڵاتى دیكتاتۆر ڕفتار بە ئەقڵ ناكات بۆیە ئەم دەسەڵاتە گەمژەیە لەبەرئەوەى بەحیسابى خۆى دەیەوێ بەدرۆو بوختان و ناوزڕاندن نایارەكانى سوك بكات بەڵام گەورەترین هەڵەو نەزانینى دیكتاتۆر لەڕاگەیاندنەكانى ئەوەیە بێئاگایە لەوەى كەهەركەسێك ئەو بیەوێ سوكى بكات ئەوەلەلاى میللەت قورس دەبێت ، چونكە میللەت باى ئەوە شارەزایى هەیە كەدەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان چەندە درۆزنن و لەپێناوى پاراستنى دەسەڵاتیان و لاوازكردنى ڕۆڵى كەسانى دڵسۆز بۆ گەل و نیشتیمان و مرۆڤایەتى چەندە درۆو بوختان دەكەن ، گەر بمانەوێ نمونەیەك لەسەر ڕاگەیاندنى دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان بهێنینەوە ئەوە لەڕاگەیاندنى چەواشكارانەى سەردەمى ڕژێمى بەعسمان باشتر دەست ناكەوێ ، كەزۆر نزیك و گونجاوە لەگەڵ ناوەرۆكى مەبەستەكەمان ، هیچ گومانى تیانییە ڕاگەیاندنى ڕژێمى بەعس لەوپەڕى بەتوانایى بو لەچەواشەكردن و شاردنەوەى ڕاستیەكان ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەمژەیى لێبەدى دەكرا كاتێك هێرشى ڕاگەیاندنى دەكردە سەر سەركردە كوردەكان ، ڕاگەیاندنى بەغدا بەناو هێناو بەمەترسى دانانى سەركردە كوردەكان بەبەكرێگیراوى ئێران ، ئەوپەڕى گەورەیى سەركردە كوردەكانى دەردەخست لەلایان خەڵكەوە هەروەك مام جەلال چەندین جار ئاماژەى بەوە كردوەو دەى وت گەر ڕژێم جوێنیشى پێمان بدایە پێمان خۆش بو تەنیا بۆئەوەى ناومان بێنى چونكە ناو هێنان بەخراپە لەلاین دەسەڵاتى داسەپاو ئەوە بەباشەو قارەمان و دڵسۆز دەكەوێتە بەردڵانى خەڵك چونكە خەڵكەكە دەزانن ئەوەى ڕاگەیاندنى دەسەڵات دەیڵێ پێچەوانەكەى ڕاستە ، كاتێك ڕژێم لەڕۆژنامەك یان گۆڤارێك یان لەڕادیۆو تەلەفزیۆن باسى (یاخى بو یان تێكدەرەكانى) دەكرد هەرچەند ڕژێم مەبەستى پێشمەرگە بو بەڵام خەڵك گوێى بەناوەرۆكى مەبەستەكەى ڕژێم نەدەدا بەڵكو زیاتر لامان گرنگ بو كەپێشمەرگە بونى هەیەو ڕژێم دان بەبونى پێشمەرگەو هێزى سیاسى كورد دادەنێ ، وابزانم ساڵى 1986بو ماوەى چەند ڕۆژێك ڕادیۆى كوردى بەغدا بەرنامەیەكى ڕۆژانەى هەبو بەناوى نامەیەكى كراوە بۆ هەردو بەكرێ گیراوى ئێران (جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى) هەرچەندە ناوەرۆكى نامەكە بۆ ناو زڕاندن و سوككردن و بەخائین دانانى هەردو سەركردەبوو كە ئەوكاتى زۆر ترین خەڵك گوێى لەو بەرنامەیە دەگرت ، بەڵام خۆ خەڵك گوێیان بەناوەرۆكى نامەكە نەدەدا بەڵكو خۆشی گوێگرتنەكە لەوەبو كەڕژێم دان دەنێ بەبونى ئەو دوسەركردەیە ، دەتوانین بڵێن ڕاگەیاندنى ڕژێم كەورەترین كاریگەرى هەبو بۆ بەگەورە دانانى بارزانى و تاڵەبانى تادواى شاڵاوى بەناو ئەنفالیش ، بۆیە كاتێك ڕۆژنامەى (محرر) جارو بار ناوى بارزانى یان تاڵەبانى بهێنایە ئەو ڕۆژنامەیە تەنیا لەبەر ناوهێنانى ئەم سەركردانە كورد دەیكڕى هەرچەندە ناوهێنانیشى بەخراپەبو ، یان گۆڤارى (التچامن) لەژمارە 342 ڕێكەوتى 30/10/1989 بابەتێكى لەسەر كورد و مام جەلال نوسى بو بۆیە خەڵكێكى زۆرم بینى لەو گۆڤارەى كڕى بو تەنیا لەبەر ئەوەى ناوى تاڵەبانى تیابو ، كەچى پاش ئەوەى هەمو كەسێكى ڕۆشنبیرو شارەزا لە ڕاگەیاندن و سیاسەت دەزانێ هەر دەسەڵاتێك بەناڕەوا و بوختان قسەى نابەجێى بەلایەنێك بڵێت ئەوە وەك ئەوە وایە پەین بكاتە بن ڕوەكێك بۆ ئەوەى گەشە بكات ڕەگى ئەستوربێت و باشتر لق و چڵ و پۆو گەڵا دەركات ، دیارە پەین پیسە بەو پیسیەى ڕەگى درەخت ئەستوردەكات و گەڵاى سەوزو درەوشاوە دەكات ، بێگومان قسەى بوختان و ناڕەواش وەك پەین پیسە بۆیە دژى هەركەس و لایەنێك بكرێت لەڕەگ ئەستورو پتەوى بەولاوە چ زیانێكى ترى نابێت ، جادەبوایە دەسەڵاتى كوردى كەپارتى و یەكێتین هەرگیز ڕێگەیاننەدایە بەڕاگەیاندنەكانیان پەنایان بۆ قسە هەڵبەستان و تۆمەت دروستكردن ببردایە چونكە دەبێتە پەین بۆ ڕەگ ئەستورى نەك لاوازى ڕەگ و شكاندنەوەى لق و چڵەكان ، ئەوەى ڕاگەیاندنى دەسەڵات دژى یەكگرتوى ئیسلامى دەیكات لەپەین كردنى یەكگرتو بەولاوە چیتر نییە ، دەبوایە بەپەینكردنى خۆیان و حزبەكەیان لەلایان ڕژێمى بەعسەوە هەرگیز بیریان لەپەینكردنى كەسایەتى و لایەنى تر نەكردایەوە ، دەبوایە قەد لەبیریان نەكردایە كاتێك ڕژێم تەشویشى دەخستە سەر شەپۆلى ڕادیۆكەیان بۆ ئەوەى گەلى كورد گوێ بیستى دەنگیان نەبێت ، بەڵام با ئەوەبزانن بەهۆى ئەو تەشویشەوە بو خەڵك بە تامەزرۆوە لەدواى دەنگیان دەگەڕان لەسەر هەردو شەپۆلى كورتى 75م 49مەترى ، كەچى ئێستا بەهەمان شێوە ڕێگرى دەكرێت لەدانانى تەلەفزیۆنى یەكگرتو لەزاخۆ كەتەنیا ئیشى پەروەردەكردنى خەڵكە ، باشە چ ئەقڵێك دان بەسودو قانجازى لەلاساى كردنەوەى بەعسدا دەنێت، مەگەر هەربەختى یەكگرتوبێت ئێوە بەم شێوەیە ڕفتارى لەگەڵ دەكەن ، ئاخر خۆگەر بەناوزڕاندن و تۆمەت دروستكردن بوایە ئەوەى ڕۆژنامەى ڕۆژنامەنوس دژى یەكگرتو كردى دەبوایە یەكگرتو بستێك باڵاى نەكردایە كەچى لەپەینكردنى یەكگرتو بەولاوە چیتر نەبو بۆیەش یەكگرتو لەگەشەى بەردەوامدایە گەشەكردنى یەكگرتو لەڕوى چەك و جبەخانەو بوارى سەربازى نییە، بەڵكو لەڕوى جەماوەریەوەیە هەمو كەسێكى ژیرو سیاسى دەزانێت ئیرادەى جەماوەر لەهەمو ئامێرو كەرەسەیەكى تەكنەلۆژیاى سەربازى بەهێزترە ، گەر ئێوەش دەتانەوێ جەماوەر لەیەكگرتو دورخنەوە ئەوە بەڕاگەیاندنى چەواشەكارانە ناكرێت بەڵكو دەبێت هەوڵدەن هەمان ڕێچكەى ڕاگەیاندنى یەكگرتو بگرنەبەر كەڕاگەیاندنێكى پەسندو قبوڵكراوە لەلایان زۆرینەى خەڵكەوە ، وەهەر ئەو ڕاگەیاندنە پاك و ئەمینەیە بۆتە هۆى بەجەماوەربونى یەكگرتووی ئیسلامی ، جا دوا وتەم ئەوەیە گەر بەردەوامیش بن لەسەر قسه کردن به یكگرتو دڵنیابن یەكگرتوى ئیسلامى ڕەگ و ڕیشاڵى جەماوەرى ئەوەندە گەورە دەبێ تا ئەو بڕە جەماوەرەى ئێوەش ماوە لە ناویدا تێكەڵ دەبن هەروەك چۆن جەماوەرى بەعسیەكانیش لەناو جەماوەرى ئێوەدا بزربون و توانەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست