هەژار بە كراس و بیجامەیەك دەڕفێنن و چاوی دیموكراسیش كوێر دەكەن
Wednesday, 17/02/2010, 12:00
لەسەردەمی ئەو دیموكراسیە زەبەلاحەی كە لە وڵاتەكەی ئێمە باسی لێوە دەكەن، لەنێو ئەو سەقامگیرییەی كە لەهەموو كۆڕو كۆبوونەوەیەك لەدوای دەقیقەیەك بۆ گیانی شەهیدان بەشانازییەوە باسی لێوە دەكەین.. هەر رێكەوت لەگەڵ ئازادكردنی ئەو یەك دوو فڕۆكەوانەی كە كاتی خۆی هەڵەبجەیان ژەهر باران كرد.. هەر لەو دەمانەی كە هەموو رۆژێك یاسا سەروەرە دەخەنە گوێچكەمان..
بەبێ ترس و گوێدانە هیچ پێوەرێك و لەبەرچاوی خەڵكەوە كاتژمێر (9)ی شەوی رۆژی 6/5/2009 ، لەشاری كۆیە، دەچنە ماڵی (هەژار خدر حاجی) و نازانین بەهەنجەتی چی ئەو كوڕە دەڕفێنن، بێ ئەوەی هاوسەرەكەشی ئاگاداربێت..
هەژار خدر حاجی، لەدایكبووی ساڵی 1975و دانیشتوی گەڕەكی ئیسكانی كۆیەیەو پێشمەرگەی فەرماندەی كۆیەی (ی.ن.ك)بووەو دوكانێكی (فیتەر)یشی هەر لە كۆیە هەیە..
ئێمەی خانەوادەی هەژار لەو رۆژەوەی كە هەژار بێ سەروشوێنە، هەموو كۆیەو بەرپرسانی كۆیەمان تێگەیاندووە، بەڵام چۆن چووین، هەر واش هاتینەتەوە، حەز دەكەین بزانین مرۆڤێك، پێشمەرگەیەك ئەگەر هەرچی كردبێت، دەكرێ لەیەك چركەدا ئەرز قوتی بدات!! دەكرێ هەژار هەرچەندە تۆمەتی قورس بێت، بەڵام ئێمە، خێزانەكەی، منداڵەكانی لەو نۆ مانگەدا تەنانەت بۆ یەكجاریش نەیبینن!!! هەرچەند هەوڵ دەدەین كەس پێمان ناڵێت هەر لەكێندەرە.. هەرچەندە ئێمە باش دەزانین هەژار لە فەرماندەی گشتی سلێمانی بەندە، بەڵام بەداخەوە كەس ئەو راستیەمان پێ ناڵێت!!
بەڕاشكاوی چەندین جار هاوارمان كردووە كە ئەگەر براكەمان گوناهێكی هەیە، لەبەر چاوی هەموو خەڵكی لەداری بدەن، بەڵام نابێ بزانین هەژار گوناهی چیە تەنانەت ئەو ژمارە تەلەفۆنەی كە بۆشی هاتووە پێمان ناڵێن ئەی كوا ئەو ئاسایش و سەقامگیرییە? ئەی كوا مافی مرۆڤ? بەرپرسان و پیاوانی ئاسایش كە ئۆتۆمبێلێك ون دەبێت دنیا دەهەژێنن، ئەی بۆچی هەژاری خاوەن دوو جگەر گۆشە (خۆشی و خۆزگە) ون دەبێ، كەس سۆراخی ناكا??!!
لەدوای گەڕانێكی زۆر زۆرو وادەو پەیمانی درۆی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس، بڕیارماندا ئەمجا شێوازی گەڕانەكەمان بگۆڕین و دەستەو وەستان و بەبێ دەنگی دانەنیشین.. سۆراخی هەژار بكەین لەبەر منداڵە چاوگەشەكانی، لەبەر جەرگی باوكی و دایكی هەژار.. لەبەر خاتری فرمێسكی وشكبووی هاوسەرەكەی.. هەر دەبێت بزانین هەژار سۆراخی چییەو كام ئەرزە بێ ویژدانە كە بەبێ هۆ لێمانی قوت داوە..
*خانەوادەی بێ سەروشوێن هەژار خدر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست