با لە یەك كاتدا تاڵهبانی كۆیلەى داگیركەران و نوێنەرى گەلى كورد نەبێت
Friday, 22/01/2010, 12:00
لەو كاتەوە ئەم پیاوە قسەى هەیە و گوێ لە قسەى دەگیرێت،كەناڵەكانى راگەیاندن لێدوانەكانى بلاودەكەنەوە و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان لێكدانەوە و هەڵسەنگاندان بۆ بۆچوونەكانى دەكەن،تا ئێستە لێدوانێكى باشى لە سەر رەوایى دۆزى گەلى كورد و سەركردەكانى كورد نەداوە.بە پێچەوانەوە،وا بۆ چەندان ساڵ دەچێت بە بەردەوام بە داگیركەرانى كوردستان و سەرۆكە فاشى و شۆڤینیەكانى ئەو دەسەڵاتانەدا هەڵدەدات،كە دەستیان لە بینى ماف و ئازادى و شۆرشەكانى كورد توند كردووە،لەوەتەى تاڵەبانى سیاسەت دەكات بە سەركردە شۆڤنیەكانى عەرەب و تورك و فارس دا هەڵدەدات و بە دادوەر و بیرمەند و دیموكرات ونیشتمانپەروەر باسیان دەكات.
بە پێى لێكدانەوەكانى تاڵەبانى لە كاتى گفتووگۆى ساڵى 1984 دا لە نێوان ی ن ك و حكومەتى بەعسدا،سەدام حسەین دوژمنى كورد نەبووە،لە كێشەى نێوان گەلى كورد و حكومەتى عراقى ئەو سەردەمەدا سەدام حسەین حەكەم (ناوبژیوان) بووە،دوو ساڵ دواى ئەوە و پاش رێكەوتنى سەربازى ساڵى 1986 ى نێوان (ى ن ك) و كۆمارى ئیسلامى ئێران، ئیمام خومەینى دوژمنى سەرسەختى سەدام حسەین بوو بە قیبلەى تاڵەبانى و لە ساڵى 1989 بە دواوە یەك لە كارە سەرەكیەكانى تاڵەبانى سەردانى گۆرى ئیمام خومینی بووە.پێداهەڵدانەكانى تاڵەبانى بە سەر حافز ئەسەدى سەرۆكى سوریا و حكومەتى سوریا كە چەندە كەسانى دیموكرات و نیشتمانپەروەرن،تا ئێستەش و بە بەردەوام لە گوێماندا دەزرنگێتەوە،پێداهەڵدانەكانى تاڵەبانى بە بالاى چەمك و هەڵوێستە نیشتمانپەروەر و شۆرشگێریەكانى جەمال عەبدولناسرى سەرەك كۆمارى میسردا، واى لە خەڵكى كوردستان كردبوو كە جەمال عەبدولناسر وەك باوكى كورد سەیر بكات.یەك لە ئاواتەكانى تاڵەبانى ئەوەبوو كە رۆژێك بێت و چى بۆ سەركردە داگیركەرەكانى عراق و سوریاو میسر و ئێران كردووە،هەمان كاریش بۆ توركە رەگەزپەرستەكانى توركیا بكات،ئەوەبوو لە سەرەتاى ساڵى 2008دا بەخت یاوەرى تاڵەبانى بوو و بە زۆرى زۆردارى خۆى كرد بە وڵاتى توركیادا و چەپكێ گوڵى لە سەر گۆرەكەى ئەتاتورك دانا،لە بۆنەیەكى تردا تاڵەبانى روى دەمى كردە توركە رەگەزپەرسەتەكان و رەگەزپەرستانى ترى ناوچەكە و دڵى خۆشكردن و وتى : دەوڵەتى كوردى خەونى شاعیرانە،بەم شێوەیە خزمەتێكى گەورەشى بە توركیا كرد و ئەو ئاواتەشى هاتە دى.
دوێنێ 21-1-2010لە شارى بەغداى پایتەختى عراق،لە كەناڵەكانى راگەیاندنەوە جارێكى تاڵەبانى بینرا و بە دەمى خۆى رایگەیاند دژى حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراكى نیە و لەگەڵ ئەوەدا نیەدەزگاى پێداچوونەوە و دادوەرى عراق رێگە نەدا چەندان كەسایەتى بەعسى لە هەڵبژاردنەكانى عراقدا بەشدارى بكەن و وتى ئێمە: تەنها دژى بەعسیە سەدامیەكانین.ئەم هەڵوێستە ناكۆك و نالۆژیكیانەى تاڵەبانى هەر لە خۆى دێن و لە كەسى تر نایەن.
دەكرێ لە سەرئەو لێدوان و هەڵوێستانەى تاڵەبانى هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەى جیا جیا بكرێت،یەكەم لێكدانەوە ئەوەیە ئەو لێدوان و هەڵسەنگاندنانەى تاڵەبانى بنەماى زانستیان نیە و لەگەڵ بنەماكانى بیركردنەوەى عەقڵى مرۆڤدا ناگونجێن،سەدام حسەین لە رابوردوودا حەكەمى نێوان كورد و حكومەتى عراق نەبووە،خزمەتى بە عراق و نەتەوەى كورد و نەتەوەى عەرەب نەكردووە،گەلانى عراق و ولاتى عراقى دووچارى چەندان شەرى ناوخۆیى و ناوچەیى كردوە،بەو شەرانەى لەگەڵ ئێران و كوێت كردى سەرمایەى مرۆیى و ئابورى عراقى دارووخاند و ئاسایشى رۆژهەلاتى ناوەراستى تێكداو و هێندەى تر یەكریزى ولاتە عەر ەبیەكانى پەك خست.
شۆرشى ئیسلامى ئێران بە رێبەرایەتى ئیمام خومەینى كام بەرنامە باشەى بۆ ئایندەى ئێران و رۆژهەڵاتى ناوەراست پێ بووە؟لە باتى گەشەكردنى ئابورى و ئارامى و پێشكەوتنى كۆمەلایەتى تاك و پێكهاتەكانى ئێران،سزاى مەرگ و سنورداركردنى ئازادى سیاسى بە سەر تاك و پێكهاتەكانى ولاتى ئێرانداسەپاند،لە باتى مافى نەتەوەكانى ئێران لە ئێرانێكى دیموكراتدا،شەرى ناوخۆیى بەردەوام و شەرى ئێران و عراق،شەرى ئابڵوقەى ئابورى لەلایەن كۆمەڵگاى نێودەوڵەتیەوە بە سەر ئێراندا سەپێنراو بە هۆى سیاسەتە چەوت و شۆڤینیەكانى ئەحەمەدى نەجاتەوە،ئەگەرى هەڵگیرسانى شەرى ئەتۆمى لە ئێران و رۆژهەلاتى ناورەاستدا لە پێشە،ئەمە ئێرانەكەى دۆستى دێرین و نزیكى تاڵەبانیە كە بەردەوام بە شان و باڵیدا هەڵدەدات.
ئەو هەموو هەڵدانانەى تاڵەبانى بە سەر حافز ئەسەد و سەركردەكانى ترى سوریاو عەرەبدا،لە پاى چى بووە؟،ئایا رژێمە تاكرەوە شمولیەكەى حافز ئەسەد و بەشارى كورى هیچ بەرنامەیەكیان بۆ دیموكراتیكردنى سوریا بووە؟،ئایا مافى مرۆڤ و ئازادى رادەربرین لە سوریا دەستەبەر كراوە؟،ئایا مافەكانى نەتەوەى كورد لەو ولاتە عەرەبیەدا بێجگە لە قەدەغەكردنى ناسنامە و زمان و چالاكى سیاسى هیچى تر بووە،بێجگە لە سەپاندنى سزاى زیندانیكردن و سزاى مردن هیچى تر بووە؟
توركیا و كەمالیزم ئەو دووالیزمە تێك ئاڵاوەن كە لە دواى جەنگى جیهانى یەكەمەوە،لە گەردنى ئازادى و دیموكراتى و مافى چارەنوسى گەلانى رۆژهەلاتى ناوەراست ئاَڵاون،كەمالیزم و مستەفا كەمال بە واتاى نەتەوەپەرستى تورك و فاشیزمى دەسەڵات دێت،سەیرە كەسێكى وەك هتلەر سوودى لە بۆچوونە شۆڤینى و فاشیەكانى ئەتاتورك وەرگرتبێت،كەچى تاڵەبانى سۆسیاڵ دیموكراتى كورد و سەرەك كۆمارى عراقى نوێ،لە باتى قەدەەكردنى هزرى نەتەوەپەرستى لە عراق و ناوچەكەدا،بە شانازیەوە چەپكە گوڵ لە سەر گۆرەكەى ئەتاتورك دادەنێ و لە سەر گۆرەكەى بانگ دەدات و دەڵى بە ئارامى بنوو دەولەتى كوردى خەونى شاعیرانە.
ئەگەر كەسێكى بێ لایەن بەو هەڵوێستانەى تاڵەبانیدا بچێتەوە كە لە سەر سەركردەكانى دەوڵەتانى داگیركەرى كوردستان نیشانى ئەدات،بە ئاسانى بۆى روندەبێتەوە كە ئەو جۆرە لێكدانەوانەى تاڵەبانى راست نین و راستینەى سەدام و خومەینى و ئەسەد و ئەتاتورك لەو بۆچونانەى تاڵەباینەوە دوورن.لاى هەموو كەس ئاشكرایە ئەو سەركردانەى عەرەب و تورك و فارس،سەركردەى نەتەوەپەرستن و دیموكرات و مرۆڤدۆست نەبوون،تەوەرى سەرەكى سیاسەتەكەیان سەركوتكردنى بزوتنەوەى ئازادیخوازى گەلى كورد بووە،بۆ تاك و پێكهاتەكانى ولاتى خۆیان بێجگە لە شەر و ماڵوێرانى هیچ مافێكى دیموكراتى و سیاسیان دەستەبەر نەكردووە،ئتر چۆن دەبنە ئەو رەمزە نیشتمانى و دیموكرتانەى تاڵەبانى باسیان دەكات؟.
لێكدانەوەیەكى تر لە سەر هەڵوێست و لێدوانەكانى تاڵەبانى لە لایەن سیاسەتمەداران و رۆشنبیرانى عەرەب و فارس و توركەوە دێتە ئاراوە،كە باوەریان بەو بۆچوون و هەڵوێستانەى تاڵەبانى نیە،لەبەر ئەوەى خۆیان لە تاڵەبانى باشتر هەست بە راستینەى سیستەم و سەركردەكانى خۆیان دەكەن،لە لایەكى ترەوە تاڵەبانى باش دەناسن كە زوو زوو هەڵوێستەكانى خۆى دەگورێت،دەزانن هەڵوێستەكانى ئەمرۆى لەگەڵ هەڵوێستەكانى سبەینێى ناكۆك دەبێتەوە، لەبەر ئەوە بروا بە لێدوان و هەڵوێستى تاڵەبانى ناكەن،بۆیە لەم كاتەدا هیچ یەك لە بەرپرسانى عراقى و ئێرانى و توركیى و عەرەبى و هێند گرنگى بە هەڵوێستى تاڵەبانى نادەن و بەرنامەى كارى خۆیان لە سەر درۆكانى تاڵەبانى هەڵناچنن.
سەبارەت بە لێكدانەوەەى كوردەكان لە سەر لێدوانەكانى تاڵەبانى،زۆربەى كوردەكان خواخوایانە تاڵەبانى تا لە تەمەنیدا ماوە هەردەم نەخۆش بێت و روونەكاتە كەناڵەكانى راگەیاندن، بۆ ئەوەى بە لێداوانەكانى هێندەى تر هەستیان بریندار نەكات و لە بەرامبەر راى گشتى عراقى و ناوچەیى و جیهانیدا دووچارى شەرمەزاریەكى تر نەبن،هەندێك لە سیاسەتمەداران و بیرمەندانى كورد واى بۆ دەچن كە هەڵبژاردنى تاڵەبانى بە سەرەك كۆمارى عراق و هاندانى بۆ ئەوەى بەو شێویە بە داگیركەرانى كوردستاندا هەڵبدات و داواى مافى نەتەوەیى بۆ گەلى كورد نەكات و بەردەوام هەستى كورد بریندار بكات،پیلانگێریەكە لە لایەن داگیركەرانى كوردستان و هاوپەیمانە جیهانیەكانیانەوە دارێژراوە،بۆ ئەوەی كورد برواى بە كوردبوونى خۆى و بە رەوایى دۆزەكەى نەمێنێ و ئیرادەى تێكۆشانى بمرێت و لە تێكۆشاندا سەركەوتن بە دەست نەهێنێت.
پیاوە كۆیلە و فایلچى و دزەكاگانى دەورى تاڵەبانى پێیانوایە كە ئەو جۆرە لێدوان و زوو هەڵوێست گۆرینەى تاڵەبانى سەلیقەیەكى دبلۆماسیە و بە قازانجى گەلى كورد دەشكێتەوە،ئەو گروپە واى بۆ دەچن كە ئەو لێدوانانەى تاڵەبانى بە واتاى ئەوە دێت كورد نەتەوەیەكى شۆڤێنى نیە و دۆستى تورك و عەرەب و فارسە و پەیامى ئەوە ئەدات ئەگەر لە چوراچێوەى ئەو وڵاتانەدا گەلى كورد مافى خۆى وەربگریت،ئتر داواى دەوڵەتى نەتەوەیى نەكات.
هەندێكى تر لە سیاسەتمەدارنى كورد و ناوچەیى و جیهانى واى بۆ دەچن كە تاڵەبانى ئالەتێكى دەستى ولاتانى دەسترۆشتووى جیهان و ناوچەكەیە،بێجگە لە مەقاشى دەستى دەزگا هەواڵگریەكانى ئەو وڵاتانە هیچى تر نیە،وە لە كاتى پێویستدا بۆ پشتیوانى لە سیاسەتەكانى خۆیان بە كاری دەهێنن،بۆ نموونە ئەم لێدوانانەى رۆژى 21-1-2010 تاڵەبانى پێچەوانەى لێدوانەكانى هەفتەى رابوردووى خۆى بوو كەشكاتى لە زافر ئەلعانى كۆنە بەعسى كردبوو،وە بە پێچەوانەى هەڵوێستەكانى پێش ئێستەى خۆیەتى بەرامبەر بە ساڵح موتڵەك،بەڵام ئەم هەڵوێستە نوێیەى لە گەڵ سیاسەتى نوێى ئەمریكادایە كە پشتگیرى لە گەرانەوەى بەعسیەكان دەكات لە رێگەى هەڵبژاردنەوە بۆ ناو حوكمرانى عراق وسیاسەتێكە ئەمریكا بە ئاشتەوایى نیشتمانى ناوى دەبات،پێش چەند رۆژێك جۆن باییدنى سەفیرى ئەمریكا لە دژى بریارەكەى دەزگاى لێپرسینەوە ودادپەروەرى عراق وەستایەوە داواى كرد ئاستەنگى بۆ خۆكاندیكردنى كۆنە بەعسیەكان رابگیرێت،كاتێك بەرپرسانى حكومەتى عراق وەڵامى ئەمریكایان دایەوە و داوایان لە ئەمریكا كرد دەست نەخاتە ناو كاروبارى وڵاتەكەیانەوە، ئەمریكا زۆر نارەحەت بوو، بۆیە وەرەقەى تاڵەبانى خستە كار و بە لێدوانەكانى رۆژى پێنج شەمەى عراقیەكانى شپرزە كرد.
پرسیارەكە لێرەدایە كە ئایا ئەو هەڵویستانەى تاڵەبانى خزمەت بە دۆزى رەواى گەلى كورد دەكات؟ زۆربەى چارودێرانى سیاسى پێیان وایە كە ئەو هەڵوێستانەى تاڵەبانى زیانى بە دۆزى رەواى گەلى كورد گەیاندووە و واى لە كورد كردووە لە بەرامبەر داگیركەران و ولاتانى تردا خۆى بە كەم بزانێت و خۆى بە خزمەتكارى داگیركەران و ولاتانى زلهێزى جیهان بزانێت.پرسیارەكەى تر ئەوەیە كە ئایا ئەو هەڵوێستە نوێیەى تاڵەبانى لەم كاتەدا لە كاتى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عراقدا خزمەت بە حزبەكەى تاڵەبانى و ئەو لیستە دەكات كە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عراق ئامادەى كردوە؟چاودێرانى سیاسى لە سەر ئەو بابەتەش هاوراى تاڵەبانى و دەوروبەرەكەى نین،چونكە هیچ هێزێكى سیاسى هێندەى حزبى بەعس زیانى لە گەلى كورد نەداوە،ئەو هێزە سیاسەى ئەنفال و كیمیابارانى كوردستانى كرد و گەلى كوردى جینۆساید كرد،ئەو بەعسە بوو كە تاڵەبانى دەیەوێت لە گەڵیدا ئاشت بێتەوە و لە مردن رزگارى بكات،ئەم هەڵوێستە نوێیەى تاڵەبانى ئەڵقەیەكى ترى ئەو سیاستە سازشكارە خیانەتكارانەیە كە لە ساڵى 2008 دا بە ئازاد كردنى ئەو فرۆكەوانەدەستى پێكردكە شارى هەڵبجەى كیمیاباران كردبوو، ئەم هەڵوێستە نوێیەى تاڵەبانى بە گەلى كورد هەرس ناكرێت، لە كاتێكدا كە لە كوردستاندا چەندان لیستى تر راستبوونەوە و لەگەڵ لیستەكەى تاڵەبنیدا بۆ وەرگرتنى كورسیەكانى ئەنجومەن كێبرَكى دەكەن،ئەو لیدوانەى تاڵەبانى سەرتاپاى كوردى دڵگران كردوەو پشتى لیستەكەى (ى ن ك) شكاندوە.ئەگەر بەرپرسانى (ى ن ك) كەمێك بیر لە چارەنوسى حزبەكەیان دەكەنەوە،دەبێت زیاتر بیر لەو سیاسەتە چەوتانەى تاڵەبانى بكەنەوە و سنورێكى بۆ دابنێن،لە باتى ئەوەى شكستى حزبەكەیان لە چاوى ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندنى سەربەخۆدا ببیننەوە و هەموو كاتى خۆیان بە دژایەتى كردنى ئەو هێزە ساسیانەى گۆرەپانى كوردستان و راگەیاندنى سەربەخۆوە بكوژن،دەبێت بگەنە ئەو بروایەى یەكەم دوژمنى یەكێتى و یەكەم دوژمنى گەلى كورد خودى تاڵەبانیە،ئەگەر وا نەكەن خۆیان و تاڵەبانى مەرگی سیاسیان نزیك بۆتەوە، لەبەر ئەوەى گەلى كورد چى تر بەوە رازى نابێت تاڵەبانى كۆیلەى ئەڵقە لە گوێى دوژمنانى كورد بێت و لە هەمان كاتدا نوێنەرى گەلى كورد بێت.
22-1-2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست