پۆستەكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان و بەردەكانى یارى دامە

Wednesday, 30/09/2009, 12:00


یارى دامە یاریەكى باوە لە كوردستان ، دوو یاریزان بەرامبەر یەكتر دادەنیشن یارى بە بەردەكان دەكەن بەگواستنەوەیان لە خانەیەكەوە بۆ خانەیەكى تر تا كۆتایى یاریەكە.
ئەوەى لێرەوە دەمەوێت ئاماژەى پێ بدەم ... لەوەتاى حكومەتى هەرێم دامەزراوە لەساڵى 1992 هەتا ئێستا كەسانێك هەن وەكو بەردى دامە لە داموو دەزگاكانى حكومەتى هەرێم بەردەوامن ، تەنها دوو یاریزانەكە لە خانەیەكەوە دەیانگوازنەوە بۆ خانەیەكى تر وەك ئەوەى كە كەسى ترى بە تواناو لێهاتوو لەو كوردستانە نەبێت كە ژمارەى دانیشتوانى خۆى لە چوار ملیۆن دەدات. بۆ نموونە بەردێك لە خانەى مامۆستایان گوازرایەوە بۆ خانەى پارێزگار ، لەوێشەوە بۆ خانەى وەزیرى پەروەردە ، لە كابینەیەكى تر بۆ خانەى وەزیرى كشتووكاڵ ... جا خوا بزانێ لە كابینەى ئەمجارەش لە كام خانە دەور دەبینێت.
بەردێكى تر لێپرسراوى حیزب بوو لە دەرەوە ، هاتە خانەى سەرۆكى ئەنجوومەنى وەزیران لە ئیدارەیەك ، ئینجا خانەى جێگرى سەرۆكى وەزیران لە بەغدا ، دواتریش خانەى سەرۆكى وەزیران لە كوردستان ..با سەرتان نەیەشێنم بەشى زۆرى ئەو كەسایەتیانەى لە پۆستى وەزارى یان پەرلەمانى یان شوێنە هەستیارەكانن وەك ئەوەى كە تاپۆیان كردبێت بە درێژایى ئەو نۆزدە ساڵەى تەمەنى حكوومەت خانەیەك لە خانەكانى یاریەكە پڕ دەكەنەوە ..خۆ ئەگەر بێ تاقەت بن یان نەخۆش بكەون ئەوا دەبێت كوڕەكەیان یان كچیان لە شوێنیان دابنرێت .. ڕووى پرسیارم لە دوو یاریزانەكەیە ، ئایا بەس نیە ئەو گۆزە گۆزەى بەم بەردانە دەكرێت .. ئایا كەسانى تر شیاو نین ، یان هەر ئەو كەسانە وەك ئەلقە لە گوێ باش دەزانن ماستاوچیەتیتان بۆ بكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە