لە گوندى (بانى مۆرد)ەوە نامەیەك بۆ جەنابى سەرەوەكى حكومەت

Sunday, 26/12/2010, 12:00


لە گوندى (بانى مۆرد)ەوە نامەیەك بۆ جەنابى سەرەوەكى حكومەت

بەرێز جەنابى سەروەكى حكومەتى هەرێمى كوردستان دەزانى زۆرن ئەو كەسانەى كە نامە ئاراستەى بەرێزت دەكەن؟ بەڵام ئێمە تا هەنووكە وەڵامێكى بەرێزتمان نەبینیوە، ئیدى نازانین بەرێزت وەڕەس بوویتە لەبینینى نامەكان یاخود كاتى خوێندنەوەى نامەت نییە.
ئێمە وەكو ئەركێكى ئەخلاقى خۆمان تەنها بەڵێنى پێش هەڵبژاردنەكان وەبیرى بەرێزت دەخەینەوە كەهەوادارى بەرێزت و حزبەكەت بووین و چەپڵەمان بۆ لێدەداى، بۆیە بەمافى خۆمانى دەزانین كە ئێستا داواى جێبەجێ كردنى ئەو بەڵێنانە بكەین چونكە ناكرێ لە ئاوەدانكردنەوەى ئەم ووڵاتە و لە سەردەمى حكومڕانى خۆماڵیدا گوندى بانى مۆرد پەراوێز بخرێ.
پێگەى جوگرافى گوندى (بانى مۆرد) دەكەوێتە باشورى رۆژهەڵاتى ناحییەى سەنگاوەوە لە بنارى زنجیرە چیاى سەگرمە، ئێستا (38)خێزانى تێدا نیشتەجێیەو خاوەنى (55)شەهید و ئەنفالە، (بانى مۆرد) لانكەى شۆرش و پێشەنگى گوندەكانى ناوچەكەیە لە خزمەت كردن بە شۆرش، شوێنى نیشتەجێبوونى بارەگاى مەڵبەندى (51) گەرمیانى یەكێتى نیشتمانى كوردستان بووە كە ئەو كاتەى هیچ گوندێكى ناوچەكە ئامادە نەبووە ئەو مەڵبەندە لە خۆ بگرێ جگە لە (بانى مۆرد) ئەوە بە شاهیدى بەرێز جەنابى محمود سنگاوى و مامۆستا جوامیر و عادل شكور، ئێستاش گۆڕى شەهید هۆشمەند كەركوكى و شەهید ئەیوب براى شەهید سیروان باشترین شاهیدن بۆ ئەو واقیعە.

گوندى (بانى مۆرد) خاوەنى ئەو مێژووەیە بەڵام تاوەكو ئێستا دەستى خزمەت گوزارى حكومەتەكەى بەرێزتى پێنەگەشتووە، ئەو قوتابخانەیەى كەلە گوندەكەشدا هەیە ئەوە لەلایەن ڕێكخراوى k.r.aهۆڵندییەوە دروست كراوە، مزگەوتەكەشمان لەلایەن رابیتەى ئیسلامى كوردەوە دروست كراوە، كەوابوو ئێستا بەمافى خۆمانى دەزانیین بەرۆكى حكومەت بگرین و بڵێین (بانى مۆرد) بۆ مافى ئەوەى نییە بنكەى تەندروستى و كارەباى نیشتیمانى هەبێ؟ لەكاتێكدا لە ناوچەكەدا گوندى وا هەیە تەنها (6) ماڵە و بنكەى تەندروستى هەیە، كەچى ئێمە خاوەنى (38) خێزانین بۆ ئەو مافەمان نەبێ؟
لەسەدەى بیست و یەكداین و كارەباى نیشتمانى دووكیلۆمەتر لە گوندەكەمانەوە دوورە بەڵام سودمەندى نین و لە تاریكساندا دەژین، قوربانیمان لەو پێناوەدا بەخشى كە پشكى لە ئازادى و سامان و خزمەتگوزارى ئەم ووڵات بۆ هەموو لایەك وەك یەك بێ، دڵنیابە ئەگەر ئەم ناعەدالەتییە بەردەوام بێ ئەوا مەجبورین لەسێبەرى دەسەڵاتەكەتانە ئێمە گوندەكەمان چۆڵ بكەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە