بڕاڤۆ پارتی... پلانە چوار قۆناغەكەی پارتی بۆ هەڵبژاردن

Tuesday, 06/12/2011, 12:00




هەموو هەڵبژاردنەكان بۆ پارتی یەكسانە بە دروستكردنی سیناریۆ, هەر كاتێك هەڵبژاردن نزیك دەبێتەوە پارتی تایەكی توند دەیگرێ‌ و چارەسەرەكەشی بە دروستكردنی سیناریۆ دەكات..
ماوەیەكە لەگەڵ هاوڕێ‌ ڕۆژنامەنووسەكانم باسی تاكتیكە چاوەڕوانكراوەكانی پارتیمان دەكرد ئاخۆ سیناریۆی ئەمجارەی پارتی دەبێ‌ چی بێ‌؟! پارتی ئەمجارە كێ‌ دەكات بە پاڵەوانی سیناریۆكەی؟! بەڵام بە خەیاڵماندا نەدەهات ئەم جارەشیان سیناریۆكانیان وەك ئەوانەی پێشوو بێ‌.. پێمان وابوو كەمێك پەندیان لە ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی و خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییانەی كوردستان وەرگرتووە, بەڵام ئەوەی دیتمان سەلماندنی كە پارتی توانای وەرگرتنی پەندیشی نیە, وا دەزانێت میللەت لە گوێی گا نوستووە..
دەزگا سیخوری و هەواڵگریەكانی پارتی ئەم جارەش هەڵەی دەیان جارەی پێشوویان دووبارە كردەوە, مەلایەكی خۆیان ڕاسپارد تا وتارێكی توند بدات و كادیرانی دەزگای پاراستنیان ناردە ناو ئەم مزگەوتە تا دوای نوێژ دەست بكەن بە تۆماركردنی فیلمەكەیان و هەر واشیان كرد, كادیرەكانیان سەرقافلەی خەڵكی توورەی ئەم شارەیان كرد بۆ هێرشكردنە سەر دوكانە مەی فرۆشەكان و شوێنەكانی مەساج, خەڵكی تووڕەی ئەم شارەش كه لەمێژە بە دوای هۆكارێك دەگەڕێن تا تووڕەیی خۆیانی تێدا دەربخەن بێ‌ ئەوەی پارتی تووڕە بكەن و ژیانی خۆشیان بخەنە مەترسیەوە, ئەمەش باشترین هەل بوو هەم بۆ پارتی تا ئەم هەلە بقۆزێتەوە و بە ئامانجی خۆی بەكاری بێنێ‌, وە هەم بۆ خەڵكە تورەكەش تا بێزاری خۆیان نمایش بكەن, ئەمە قۆناغی یەكەم بوو كە بریتی بوو لە سوتاندنی دوكانەكانی مەی فرۆشتن و شوێنەكانی مەساج.
قۆناغی دووەمیش بریتی بوو لە سوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو بە پلانێكی پێش وەختە و ڕایانگەیاند ئەمە كاردانەوەی خەڵك بووە..
قۆناغی سێیەم كە ئێستا لە بواری جێبەجێ كردندایە بریتیە لە دروستكردنی حەملەیەكی ڕاگەیاندن دژی یەكگرتوو و ئیسلامیەكان كە ڕكابەری بەهێزی پارتین لە ناوچەی زەرد بەوەی كە ئەوان دژی بەیەكەوەژیانی ئاشتیانەی ئاینەكان و نەتەوە جیاوازەكانن, هەڵبەتە پارتی ئەم هەڵمەتە بۆ ئەوە ناكات تا ڕای گشتی بجولێنێت چونكە خودی پارتیش دەزانێ كە خەڵك ئێستا ڕاستی و ناڕاستی گوتارەكانیان بۆ ڕوون بوەتەوە, بەڵكو ئەم هەڵمەتە ڕێگا خۆشكردنە بۆ قۆناغە گرنگەكە كە قۆناغی چوارەمە..
قۆناغی چوارەم كە كڕۆكی سیناریۆكەیە بۆ پارتی بریتیە لە تەزویرێكی زۆر و زەبەنگ لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بە جۆرێك كە ژمارەی دەنگەكانی ئۆپۆزسیۆن زۆر كەم دەكات و پارتی دەنگەكانی خۆی زۆر زیاد دەكات وە ئاواش بۆ ڕای گشتی و دەرەوە ڕوون دەكاتەوە كە ئەمە ئەنجامی ئەم ڕووداوانەی بادینان بووە!!!
بەڵام ئەم جارەیان پارتی وای بۆ ناچێتە سەر, چونكە ئێستا خەڵك باشتر بارودۆخەكەی بۆ ڕوون بۆتەوە, ئەگەر چی پێشتریش زۆر ڕوون بووە بەڵام ئێستا خەڵك شكی نەماوە لەوەی كێ‌ پیاوكوژە, كێ‌ تیرۆریستە, كێ‌ بەیەكەوە ژیانی ناوێ‌, كێ‌ نۆكەری بێگانەیە, كێ‌ كۆنەپەرستە, كێ‌ دزە...هتد
تاكە داوام لە یەكگرتوو ئەوەیە كە هەڵەی 2005 دووبارە نەكاتەوە, ئەمجارەشیان نەچێتەوە ژێر فەرمانی خێڵ و دیوەخانەكان و دڵی جەماوەرە بێزارەكەی كوردستان زویر نەكاتەوە, چونكە ئەمجارە شنەبایەكی بەهار لە چەندان وڵات هەڵی كردووە و بۆنی بەهاریش لەوێوە دەگاتە كوردستان و چاوەڕێی گەیشتنی ئەو شنەبایەین...
==================================================
تێبینی بۆ بەڕێوەبەری ئەم سایتە: (بڕاڤۆ) وشەیەكی جیهانیە, زۆربەی خەڵكی جیهان بەكاری دێنن, بە واتای (هەربژی) دێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە