زۆر زۆر سەهوون.. هەرگیز هەولێرتان بۆ چۆل ناكەین

Wednesday, 11/05/2011, 12:00


ئێمەى نەوەى دواى ڕاپەرین تەمەنێكى سەیرمان بەڕێكردووە, چاومان بە نەهامەتیەكانى بەعس هەڵهێناوە و نازى منداڵیمان لە سەرماوسۆڵەى ڕێگاكانى هەڵاتن پێدراوە, لەوەتەى تۆزێك لەو دونیایەش تێگەیشتووین و هەست و هۆمان كەوتۆتە كار هەر زەبرو زەنگى و دزى و جەردەیى و مافیایى ئێوەمان چۆتە مێشك, تەمەنمان تەنها چەند بەهارێكەو هەموویمان بۆ گیرفانى ئێوە و مناڵە سۆرو سپیەكانتان سەرفكرد...
ئێوە لەوەتەى هەن خوێن دەمژن و سامانى ئەو وڵاتە خێرلەخۆ نەدیوە بە تاڵان دەبەن, تینووى خوێن و برسی ماڵن و قەت تێر نابن, چاوەڕێی چیمان لێ دەكەن؟
دەترسم وا بیر بكەنەوە بەو هەموو زوڵم و زۆریە بێ سنوورەتان ئێمە ناچار بكەن مەیدانەكەتان بۆ چۆڵ بكەین و ئێوەش وەك ئاژەڵ بە دڵى خۆتان لێرە هەوەس بازى بكەن و بلەوەڕێن! دەترسم ئێوە ڕێی هەندەرانتان بۆ ئێمە خۆش كردبێ و وا هەست بكەن لەدەستتان هەڵدێین!
نا.. ئێمە بڕیارمان داوە سەربەستى و سەرفرازى و مرۆڤانە ژیانى هەندەران هەڵنەبژێین و ئەو تەمەنەى كەماویشە لە بەرامبەر چاوى ئێوە تەواى دەكەین, بە مامەڵەى وشە بە گوللەش لەگەڵ ئێوە هەر ڕازین...
ئێمە توڕەین و تووڕەبوون و ڕقى ئێمەش زۆر لە ئێوە بەهێزترە, ئێمە ئەو گەنجە توڕانەین كە لە جادە پان و بەرینەكانى بەردەم كۆشك و تەلارەكانتان دەسوڕێینەوە و دونیایەك توڕەییتان پیشان دەدەین, لەژێر سێبەرى دار واشنتۆنەكانتان توڕەیى هەڵدەمژین, كە تەماشاى بینا حزبیە ناشرینەكانتان دەكەین تامى توڕەیى دەكەین, لە سوپەرماركێتە شووشەییەكانتان توڕەیى دەكڕین, لە پاركە گەورەكانتان توڕەیى لەنێوان خۆمان دەگۆڕینەوە, لە زانكۆكانتان لەنێوان خۆمان زانستى توڕەیی تاوتوێ دەكەین, لەجێی بیرە بە توڕەیی زۆر مەست دەبین...
بەڵى.. ئێمە سەردەشتیین و هەرگیز هەولێرتان بۆ چۆل ناكەین, چاوەڕێی ئەو ڕۆژەین كەبڕیارە بێت تا شانۆگه‌ری توڕەییتان بۆ نمایش بكەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە