نەخۆشیەكانى خاوەنشكۆ

Thursday, 19/05/2011, 12:00


لە هەموو شوێنێكى دونیا لوتكەى دەسەڵات پۆستێكى زۆر گرنگ و هەستیارە, ئەو كەسەى ئەم پۆستە وەردەگرێ دەبێ لە ڕووى جەستەیى و دەروونیەوە كامل بێت چونكە كار دەكاتە سەر ژیانى كۆمەڵێك مرۆڤ.
هەستیارى ئەم پۆستە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەراست زۆر زیاترە وەك لە وڵاتانى خۆرئاوا, چونكە لە وڵاتانى خۆرئاوا پەرلەمان ئەكتیڤەو دەستوور و یاسا هەیە و هەمووى لە دەستى یەك كەسدا نیە بەڵكو هەمووان ملكەچى یاسان و دامەزراوەكان ئیشى خۆیان دەكەن.
بەڵام لە وڵاتانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست سەرۆك تاكە مەرجەعە و پەرلەمان دیوەخانە, حكومەت پاسەوانى سەرۆكە و وتە بەنرخەكانى سەرۆكیش بڕیار و یاسان و بەسەر خەڵكیدا دەسەپێندرێن, دەستووریش وەك یارى مناڵانە بەدەست سەرۆكەوە چۆنى بوێ واى لێ دەكا. ئەمانە خۆى كارەساتى زۆر گەورەن, بەڵام هاوار بەو میللەت و وڵاتانەى سەربارى ئەو هەموو نەهامەتیانە سەرۆكەكەى نەخۆش بێ.
بۆ زیاتر ڕوونكردنەوەى باسەكە سەرۆك بارزانى وەك نموونە دەهێنمەوە..
بەهۆى ئەو نەهامەتیانەى كە بەسەر ئێمە هاتووە لەسەر دەستى ڕژێمە یەك لەدواى یەكەكانى عێراق بەشێكى زۆرى خەڵكى كوردستان ژیانى خۆى لە پێشمەرگایەتى و خەبات بەڕێكردووەو مرۆڤى پارتیزان بوون, زۆر ئاشنایەتیان بە ژیانى شارستانیانەى شار نەبوو, واتا نەیاندەتوانى وەك وڵاتان شارستانیانە بژین. بارزانیش وەك ئەو خەڵكە بوو.
دواى هاتنەوە بۆ ژیانى شار و ئاشنابوون بە ژیانى میللەتانى جیهان, بەشێكى زۆرى ئەم خەڵكە عەقڵیەت شاخاویە گۆڕٍان و ڕویان لە شارستانیەتى ئەم دونیایە كرد. مێشكى ئەو خەڵكە تا ڕاددەیەك سروشتى گەشەى كرد و تواناى وەرگرتن و هەرسكردنى ئەم جۆرە ژیانەى هەبوو, كەچى بەشێكى كەمیان و لەناویشیان سەرۆك بارزانى تا ئێستاش تواناى هەرسكردنى ئەم جۆرە ژیانەى نیە. ناتوانێ لێكى بداتەوە و وێنەى بكات, واتا ئەم مێشكە تووشى نەخۆشى لاوازبوون یان وەستانى گەشە بووە. ئەمەش لە زانستى پزیشكیدا نەخۆشیەكى مەترسیدارە و دەرەنجامەكانیشى بە ڕوونى لە كردارەكانى تریدا بەدى دەكرێ.
وڕێنەكردن نەخۆشیەكى تر یان نیشانەیەكى ترى نەخۆشیە كە بارزانى تووشى بووە, لێرەدا كەسى نەخۆش باسى هەندێ ڕووداوى سەیروسەمەرەت بۆ دەكا, یان هەندێ دیمەنت بۆ وێنا دەكا كە لە واقیعدا بوونى نیە. بۆ نموونە كەسێك لە چلەى هاوین پێت بڵى دوێنێ بەفرێكى زۆر بارى!!
زۆر نموونەى وا بە زەقى لە وتەكانى بارزانى هەستى پێ دەكرێ, وەك ئەوەى كاتێ دەڵێ دیمەكراسى كوردستان نموونەیەكى سەركەوتووە بۆ وڵاتانى دەوروبەر یان وەك ئەوەى باسى یاسا سەروەریت بۆ دەكا لە كوردستان یان كە باسى وازهێنانى خۆى دەكا لە دەسەڵات. ئەمانە هەمووى وڕێنەن و نە لە واقیعدا بوونى هەیە, نە چاوەڕوانیش دەكرێ تا ڕووبدات.
سەیرترین نەخۆشیش كە بارزانى تووشى بووە لەدەستدانى كۆنتڕۆلى خۆیەتى لەكردار و لە كاتى قسەكردن. كەم وتارى بارزانیمان بینیوە كە توورە نەبێ و چاوى سوور نەبێ و هەڕەشە نەكات و پەنجە ڕانەوەشێنێ.
لێرەوە خاوەن شكۆ من وەك برایەكى بچووكت یان وەك ئەو كوڕ و باوكەى كە هەمیشە لە وتارەكانت بانگەشەى بۆ دەكەى, ئامۆژگاریت دەكەم كە هەرچى زووە سەردانى پزیشكێكى دەروونى بكەى لە ناوەوەى كوردستان نەك لە دەرەوە, چونكە ئەم پزیشكە دەبێ شارەزایى تەواوى هەبى لە بارەى كۆمەڵگەكەت تا ڕەفتارەكانى تۆ لەگەڵ كۆمەڵگەكەت بەراورد بكات. تكایە هەرچى زووە چارەى دەردەكانى خۆت بكە چونكە تۆ بەم حاڵەوە شكۆیەتیت كەوتۆتە ژێر دەیان نیشانەى پرسیار و سەرسوڕمانەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە