کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا ناچاری هەڵبژاردن لە نێوان هیلاری و ترامپ دا کۆتایی دێ؟

Monday, 07/11/2016, 20:09


ترامپ و هیلاری دەنگدەرانی ئەمریکا و جیهانیشیان توشی گێژاوی هەڵبژاردن کردوە. ترامپ نوێنەری کەسانی سێکسیست و ڕاسیست و دژی مافی کرێکار و لۆمپنە و هیلاریش سعودیە و قەتەر سپانسۆری دەکەن و لە چەند ساڵی سکرتێری دەوڵەتی ئەمریکادا داعشی دروستکرد و جیهانی بەرەو نائارامی زیاتر برد. ئەم گێژاوە سبەینێ بەهەڵبژاردنی یەکێک لەم دوو کاندیدە تەواو دەبێ، بەڵام ئەم قەیرانە تەواو نابێ کە مرۆڤایەتی ئەمڕۆ دوای دەیان سەدە لەشارستانی و گەشەی فکری و ڕەوشت ئەم جۆرە کەسانە نوینەرایەتی دەکەن. ئەمە قەیرانی نوێنەرایەتیە کە لەم سیستەمە سیاسیەی سەرمایەداریدا ئەمریکا لوتکەی ئەم دیموکراسی نوێنەرایەتیەیە کە هەرچی ڕۆشنبیرانی جیهانی دیکتاتۆریە بە بەهەشتی سەرزەمینی دەزانن. 
ئایا ئەم ناچاریە سیاسیە چیە کە دەبێ هاوڵاتیان سەرۆک و نوێنەرانی حزبەکان و پەرلەمانتارەکان هەڵبژێرن؟ ناچارن کلنتۆن یان ترامپ هەڵبژێرن؟ 
لای هەمو کەس وەڵامی سادەی ئەم پرسیارە ئەوەیە تا دەوڵەت هەبێ ئەم ناچاریەش پێویستە. بەڵام ئایا ئەم ئەزمەی نوێنەرایەتیە، لە ئێستادا لەهەرکاتێکی تر زیاتر ئەو پرسیارە بنچینەیی و ڕادیکاڵە ناوروژێنێ کە ئایا بۆچی دەوری دەوڵەت و پەرلەمان و حزبی سیاسی چیتر پێویستە؟ بۆچی لەگەڵ شۆڕشی ئینفۆرمەیشن و کۆمینکەیشن دەزگایەکی بیروکراتی وەک دەوڵەت و دامودەزگا یاسایی و پۆلیس و حکومەت و سەرۆک و پەرلەمانتار ئەبەدی بن؟ 
کاتێک شۆڕشی فەرەنسی دەزگای پاشایەتی و کەنیسەی پێچایەوە، تەسەور نەدەکرا کە دەزگایەکی هەزار ساڵە ئاوا خێرا ئاوا ببێت و لەجێگای ئەو دەزگای نوێنەرایەتی بورژوازی جێگای بگرێتەوە. ئەوکات پادشا و شاژن و شازادەکان وەک ئەم ترامپ و هیلاریە ببونە مەسخەرە و کەس لە ژیانی ڕۆژانەیدا فکر و ڕەوشتی ئەوانەی بە نوێنەری ئینسانیەتی ڕێنسانس نەدەزانی و پێی شەرم بوو ئەوانە چیتر بە نوێنەر و سەرۆکی خۆی بزانێ. 
بێگومان سەرچاوەی مانەوەی دەوڵەت و سیستەمی نوێنەرایەتی و پەرلەمانیەکەی هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئابوری سەرمایەدارانە کە کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان بە پاڵپشتی میدیا دەکەنە ناچاری سیاسی، بەڵام ئەم شێوازە لە نوێنەرایەتی ئەمەندە ڕوت بۆتەوە لە هەر پرەنسیپێک بۆ دەخاڵەتی سیاسی خەڵک کە لەگەڵ ئاستی گەشەی فکری و سیاسی و ئیداری کۆمەڵگەدا ناکۆکە و گەندەڵ بوە. ئەگەر سەرهەڵدانی ئەم دەزگای دەوڵەتە بۆ سەردەمی عەشیرەت و خاوەن کۆیلە و دەرەبەگ و ئیمپریالیزم پێویستیەک بوو کە دەزگای شەڕ و تاڵانی و هێشتنەوەی بەزۆری خەڵک بەبێ ئەم دەزگایە بەڕیوە نەدەچوو. ئێستا چۆن دەتوانێ تەبریر بکرێ؟
کاتێک بەشداری هەر کەسێک لە ئابوری و ژیانی کۆمەڵایەتیدا پێویستی بە نوێنەرایەتی نیە و ڕاستەوخۆ هەموو کاردەکەین و پێکەوە دەژین، بۆچی لە ژیانی سیاسیدا نوێنەرایەتی ناچاری و ئەبەدیە. مرۆڤەکان چۆن کاردەکەن دەتوانن هەروا بەبێ نوێنەرایەتیش یاسای کارکردن و بەڕیوەبردنی کارەکە داڕێژن. هەردۆزینەوەی کارێک بەناوی نوێنەر و سەرۆک و پەرلەمانتار و دادوەر جگە لە سەپاندنی دەسەڵات بەناوی ئەم شتانەوە بەسەر خەڵکدا هیچی تر نیە. جگە لە هێشتنەوەی سیستەمی کۆیلایەتی هیچی تر نیە. ئیمکاناتی مادی کۆمەڵگەی بەشەری ئەمڕۆ بەتەواوەتی ئامادەیە کە لە ماوەی چەند دەیەیەکی کەمدا دەزگای بیرۆکراتی و نوێنەرایەتی ناڕاستەوخۆ هەڵوەشێتەوە و نەوەی نوێی ئێستا بتوانێ ئیدارەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بە بێ سیستەمی دەوڵەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی بەڕیوەبەرێ. ئاشکرایە کە کەمایەتیەکی سەرمایەدارکە ئێستا کۆنترۆڵی بازاڕ و داهات و هۆیەکانی بەرهەمهێنانی لەژێردەستدایە وەک خاوەن کۆیلە و دەرەبەگەکانی پێشوو ئەمە وەک خەیاڵە کۆمۆنیستیە شکست خواردوەکان وێنادەکەن و لەڕێگەی میدیاوە ئەم پڕوپاگەندەیە بەرهەم دەهێننەوە تا خۆیان لەم قەیرانە دەربازبکەن. بەڵام کاتێ ترامپ و کلنتۆن و هیتلەر و ئەردۆغان و بارزانی دەبینین دەزانین کە ئەم سیستەمی نوێنەرایەتیە بورژوازیە ناتوانێ تا ئەبەد بە زورنای شەڕی سارد خەڵک فریوبدا. ئەم دیموکراسیە بۆرژوازیە لەگەڵ شکستی سیستەمە سیاسیەکەیدا بەرەو ڕووە و ئەگەر ئامادەیی سیاسی و فکری لە خوارەوە لای خەڵکی کرێکار و ژێردەست هەبێ بۆ گۆڕینی سیستەمی نوێنەرایەتی و پەرلەمانی ئێستای بورژوازی، ئەوا ئەمڕۆ لە هەمو کات زیاتر زەمینە ئامادەیە و ئەم ئازادبوونە لەم سیستەمە سیاسیەی نوێنەرایەتی بۆرژوازی بووەتە پێویستیەک بۆ ڕزگاربوون لەدەست ناچاری هەڵبژاردن لە نێوان هیلاری و ترامپ دا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە