سەبارەت بە پڕۆژەی هەرێمی سلێمانی
Tuesday, 20/09/2016, 0:48
ڕێبین هەردی و مەریوان وریا قانع لەدوو وتاردا(شكستی یەك ئیدارەیی)و(ئیفلاسی سەرتاسەریی) باسی ئەوە دەكەن كە یەك ئیدارەیی كوردستان شكستی هێناوە و چارەسەر ئەوەیە (لەدو هەرێمی جیاوازدا خۆیان رێكبخەن)یان(ستراتیژێكی دیكە ئەوەیە زۆرینەیەكی سیاسیی لەدەرەوەی پارتیدا دروستبكرێتو سەرجەمی دەزگاكانی حوكمڕانیی، بۆ دەورەیەكی ئینتیخابی، لەم ھێزە بسێندرێتەوە).
ئەم دوو نوسەرە كە تیۆریسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان و دیموكراسی پەرلەمانی بون ئێستا لەبەردەم واقعی ئیفلاسی ئەم دیموكراسی وپەرلەمانە لە كوردستاندا ڕێگاچارەی دروستكردنی هەرێمی سەوز و زەرد یان زۆرایەتی دژی پارتی دەخەنەڕوو . جیاوازی زۆنی زەرد و سەوز چیە؟
سەرەتا پێویستە بپرسین ئایا جیاوازی یەك ئیدارەیی و دوو ئیدارەیی یەكێتی و پارتی چیە؟یان جیاوازی زۆنی زەرد و سەوز چیە لە ٢٥ ساڵی ڕابردودا؟ بۆچی لە مێژووی دوور و نزیكدا ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە ماوەیەك یەكگرتون و بەرە و حكومەت و پەرلەمانی هاوبەشیان هەیە و ماوەیەكیش شەڕی شاخ و شەڕی شار و شەڕی پۆست و داهاتی نەوتیان هەیە؟ ئایا بەڕاستی دوو سیستەمی حوكمڕانی جیاواز لەكوردستاندا هەیە و دوو مۆدیلی ئیداری و سیاسی و ئابوری لە زۆنی زەرد و سەوزدا هەیە؟ بێگومان هەمو كەس دەزانێ كە یەكێتی و پارتی وەكو یەك هێزی میلیشیایی سەربازی و ئەمنی یان هەیە ، وەكو یەك كۆنترۆڵی داهاتی نەوت و بودجە و گومرگ دەكەن، سیستەمی دادوەری و پەروەردەیان وەك یەكە. هەردوكیان لە گەندەڵی و سەركوتی ئازادی و نەدانی موچە و دابینەكردنی خزمەتگوزاریەكاندا لەیەك دەچن.
بەكورتی سیستەمی حوكمڕانی ئەم دوو حزبە بریتیە لە ئیمارەتێكی میلیشیایی كە یاسای هێز و لۆجیكی چەك حوكم دەكا. پەرلەمان و یاسا و موچە و ئازادی لەسایەی یاسای میلیشیایدا مانایەكەی ئەوەیە كە هێزی چەكداری حزبی دەسەڵاتدار سنور و پەراوێزی ئەمانەی دیاری دەكا. هیچ یاسا و سنورێك لەسەروو هێزی چەكدارەوە نیە و هیچ بەرژەوەندی و پێداویستیەك لەسەروو بنەماڵە و تاقم و حزبی چەكدارەوە نیە.
خاڵێكی هاوبەشی تری هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ئەوەیە كە مۆدێلی میرینشین و ئیمارەت و هەرێمی زەرد و سەوز پەیڕەو دەكەن و هیچكات دروستكردنی دەوڵەت لە كوردستاندا لەبەرنامە و ستراتیژیاندا نیە. لەلایەك لە عێراقدا دەمێننەوە و لەلایەكی تر وابەستەی توركیا و ئێرانن. ڕیشە و هۆكاری مێژوویی پەیڕەو كردنی یەكێتی وپارتی لەم مۆدێلە دەگەڕێتەوە بۆ دروست نەبونی دەوڵەت لە كوردستاندا. لە چەند سەدەی ڕابردودی ١٨ تا ٢٠دا كە سەردەمی دەوڵەت دروست بون بوە، میرنشینە كوردیەكان لەنێو ئیمپراتوریەتی عوسمانی و ئێرانی دا خەریكی یاریكردن بە هاوسەنگی هێزەوە بون و هەرجارەی لایەكیان گرتوە و لەدژی یەكتریش لەشەڕدا بون. بزوتنەوەی ناسیونالیستی كوردیش كە لە سەدەی بیستدا سەرهەڵدەدا پەیڕەو لەهەمان یاسا و ڕێسای سود وەرگرتن لە كەلێنی نێو دەوڵەتەكانی توركیا و ئێران و عێراق دەكا . میرنشینە تازەكانی بارزانی و تاڵەبانی كە بەردەوام لە ململانێدان لەسەر باڵادەستی و ناوچەگەری درێژەپێدەری هەمان مۆدێلی حوكمڕانین.
ئەگەر لە ڕابردودا دەوڵەتانی ناوچەكە و هێزە جیهانیە ئیمپریالیستیەكان ڕێگر بوبن لەبەردەم گۆڕینی ئەم واقعیەتە سیاسی و ئابوریەی كوردستان بەڵام لە چارەكە سەدەی ڕابردودا ئەم ڕێگریانە لەبەردەم كوردستانی عێراقدا نەبوە كە ستراكتۆری سیاسی و ئابوری بەرەو دەوڵەت هەنگاونەنێت. ستراتیژ و شێوازی دەسەڵاتدارێتی یەكێتی و پارتی لە ئیمارەتێكی میلیشیایی كە گەورەكردنی هێزە چەكدارەكەی و كۆنترۆڵی داهات و نەوت و خۆبەستنەوە بە دەوڵەتانی ئێران و توركیا نەبێ هیچی تر نیە. هەربۆیە كوردستان كراوەتە سیستەمێكی كاپیتالیستی بە یاسای جەنگەڵی میلیشیاكان دەڕوات بەڕێوە. شەڕی پارتی لەسەر باڵادەستی لە ڕێگەی مانەوەی سەرۆكایەتی بارزانی و شەڕی ناوخۆی یەكێتی لەسەر داهاتی نەوت ڕاستیەكانی ئەم میرنشینە نەوتیانە دەردەخا. مۆدێلێكی كۆن و ناوێكی تازە
لە چارەكە سەدەیەكی حوكمڕانی یەكێتی و پارتیدا سەرەڕای بونی پەرلەمان و حكومەتێكی ناوبەناوە بەڵام واقعیەتی دوو ئیدارەیی یان لەڕاستیدا دوو میرنشینی نەگۆڕاوە. كەواتە پێشنیاری دروستكردنی هەرێمی سلێمانی و زۆرینە دژی پارتی بۆچی پێویستە،لەكاتێكدا هەرێمی سەوز ئیدارەی جیاوازی هەر هەبوە و ئێستا لەنێو ئیدارەی سەوزیشدا باڵە میلیشیاكانی یەكێتی خەریكە لەسەر نەوت ورگی یەكتر هەڵدەدڕن و باسی شەرەفی"شەڕواڵ هەڵكێشانەوە"ی یەكتردەكەن.
ئایا بەڕاستی ئەم دوو نوسەرە پێیان وایە زۆنی سەوز دیموكراسیە و ئەگەر زۆنی زەرد لەكۆڵ خەڵكی كوردستان ببێتەوە دنیا شامی شەریفە؟! ئەم دوو نوسەرە پێیان وابوو كە بەسەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژارنەكاندا پرۆسەی دیموكراسی بونی دەسەڵات لە كوردستان دەستی پێكردوە وئیستاش دوای نەمانی پەرلەمان و شكستی موتوربەكردنی دیموكراسیەكەیان بە سیستەمی میلیشیایی كوردستان، بەدوای تاقیگەیەوەكن لە زۆنی سەوزدا بۆ سەلماندنی ڕەوایەتی دیموكراسی میلیشیایی.
بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا هاوپەیمانی باڵی زۆرینەی یەكێتی یە و باڵی "ناوەندی بڕیار"ی یەكێتی بەم هاوپەیمانەی گۆڕان دەڵێ"میلیشیا ودزی نەوت"، كە هەرهەمان ڕەخنەی گۆڕان لە پارتیە، ئایا لەم زۆنی سەوزە و هەرێمی سلێمانیدا چ ڕێگاچارەیەك هەیە بۆ دەربازبون لەم كۆپیەی "پارتی" ؟ ئایا سلێمانیش دەبێ بەسەر چەند هەرێمدا دابەش بكرێ؟ لەم زۆنی سەوزەدا كە زۆرینەی دیموكراسی تیایدا حاكمە كێشەی كەركوك چۆن چارەسەر دەكەن ،كە ئێستا میرنشینی سەوز لەبەرامبەر یەكتر و لەبەرامبەر پارتیدا شەڕیان لەسەر چاڵە نەوتەكانە،ئایا ئەمیش دەبێ هەرێمی سەربەخۆ یان سەربە سەوز یان سەربە زەرد بێ؟ بێگومان ئاكامی ئەم شێوە حوكمڕانیە شەڕی ناوخۆی ئەم میلیشیایانە و ململانێی بەردەوامیان لەسەر باڵادەستی و پەیڕەوی یاسای جەنگەڵە لە نێوخۆشیاندا ،كە مانەوە بۆ بەهێزترینیانە،بەهێزترین زۆن ،بەهێزترین ناوەند،بەهێزترین بنەماڵە، بەهێزترین میلیشیا و بەهێزترین كەسایەتی ،هتد. ئەم شێوازە لە حوكمڕانی شەڕێكی نەبڕاوە و هەمیشەییە كە ئێستا و ئایندەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری كۆمەڵگەی كوردستان بەرەو شیواندن و داڕمان و دواكەوتویی دەبات. قەیران و چەقبەستویی سیاسی و ئابوری ئێستا ئاكامی ئەم سیستەمە میرنشینیە نەوتیە میلیشیاییەیە.
هەرێمی سلێمانی یان هەرێمی سەوز دابەشكردنەوەی كوردستان بەسەر دوو هەرێم و ستراتیژی باڵادەستی زۆنی سەوز بەسەر پارتیدا، هەمان تیۆری و سیاسەتێكە كە یەكێتی و پارتی وەك دوو میرنشین و ئیمارەت خۆیان بە عەمەلی پێی گەیشتون و پیادەیان كردوە. ئەم تیۆریانە تەنیا داڕشتنەوەی ئەو یاسایەیە كە بەسەر سیستەمی حوكمڕانیەتی ئەم حزبانەدا زاڵە و شتێكی تازە نیە. بونی گۆڕان لە زۆنی سەوزدا و وەك هاوپەیمان و بونەوە بەبەشێك لەیەكێتی، هیچ قودسیەت نادا بەزۆنی سەوز و هەرێمی سلێمانی یەكێتی و گۆڕان هەرهەمان میلیشیایی دزی نەوت وداهات و دژی ئازادی بەڕێوەی دەبا كە چارەكە سەدەیەكە هاوشانی پارتی كوردستانی كردۆتە دۆزەخی خەڵكی كرێكار وفەرمابەر و مامۆستا و هەژار و ئازادیخوازی كوردستان و بەهەشتیشی بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی و كۆسرەت و بەرهەم وسەركردە و سەرمایەدارەكانیان ڕازاندۆتەوە. سیاسیەكانی یەكێتی و پارتی لە ١٩٦٦ و ١٩٩٤ و بەبەردەوامی دوو ئیدارەیی و دووزۆنیان تاقیانكردۆتەوە ، قەیران و بنبەستی سیاسی و ئابوری ئێستاش لەوانەیە جارێكی تر بەرەو ئەو دوو ئیدارەیی و جیاكردنەوەی هەرێمی سۆران و بادینان و تەنانەت هەرێمی كەركوك و زۆر دابەشكردنی تریان بەرێت. ئەمە لۆجیكی مانەوەیە بۆ بەهێزترین و لۆجیكی ئیمارەتی میلیشیاییە.
دوبارەكردنەوەی ئەم ناوچەگەریە بەزمانی تیۆری و بەناوی بزوتنەوەی ڕیفۆرمیستی پەرلەمانی هیچ ناگەیەنێت جگە لە شەریكی ئاسۆ و ستراتیژی یەكێتی بۆململانێ لەگەڵ پارتیدا لەدرێژەدان بە ناوچەگەری و مانەوە لەقاڵبی ئیمارەتێكی عێراقی و دەرنەچون لە فەلەكی ئێراندا . بەڵام سەیر لەوەدایە باڵەكانی یەكێتی خۆیان چونكە لەگەڵ پارتی هێشتا شەریكی حكومەت و داهاتی نەوت و بودجەن خاوەنی ئەم خولیایانە نین. گۆڕانیش كە ئێستا وازی لە خولیاكانی ڕیفۆرمكردنی سیستەمی میرنشینی میلیشیایی نەوتی هێناوە دەیەوێ لەڕێگەی خولیای جیاكردنەوەی هەرێمی سلێمانیەوە ببێتە شەریك لە دەسەڵات و داهاتی دزراو وسیاسەتی یەكێتیدا. تیۆری هەرێمی سەوز و باڵادەستی زۆنی سەوزی ڕێبین و مەریوان نیشانەی ئیفلاسی ئەم جۆرە دیموكراسیەی گۆڕانە.
ناڕەزایەتیەكانی ئێستای كوردستان پێویستی بە بەدیلێكی سیاسی و ڕادیكاڵدایە كە وەڵامی بۆ كێشەكانی خەڵكی كوردستان پێبێت. تێپەڕبون لەقاڵبی مەمالیك و ئیمارەتی میلیشیاییدا و نەبون بە دەوڵەت پێویستی بە خستنەگەڕی بزوتنەوەیەكی سیاسی و جەماوەری ڕادیكاڵە كە كارلەسەر ئایندەی سیاسی ئەم كۆمەڵگە ئاسۆنادیارە بكا و بەرەو یەكلاكردنەوەی چارەنوسەكەی بەرێت تا چارەكە سەدەیەكی تریش ئەسیری دەستی دوو میلیشیانەبێ،كە یان داهاتەكەی دەدزن یان دەیكەنە یاری دەستی ئۆردوگان و قاسمی سلێمانی.
بەكورتی دەبێ چیتر خەڵك لەناوچەی یەكێتی تەنیا دژی پارتی و لەناوچەی پارتی تەنیا دژی یەكێتی نەبێ، بەڵكو دژی هەردوو بەرەو و بنەماڵەی دەسەڵات بێ و میرنشین و ئیمارەتی سۆران و بادینان بێت.لەم جەنگەڵەی یەكێتی و پارتیدا دەبێ هێزی جەماوەری ڕێكخراو ئەم دوو حزبە ناچار بەگۆڕینی لۆجیكی هێزی میلیشیاكان بۆ هێزی لۆجیكی ئازادیخوازی بكا .پێویستە كوردستان لەجەنگەڵی میلیشیا میرنشینە نەوتیەكانەوە بكرێ بە دەوڵەتێك كە مانای یاسا و ماف و ئینسانی تێدابێ تا چیتر ئەم حزبانە نەتوانن وەك ئیمارەت و شێخ نشین و موڵكی بنەماڵە ڕەفتار لەگەڵ خەڵكدا بكەن و هەركات ویستیان زۆرن و هەرێم بۆخۆیان جیابكەنەوە و شەڕی خۆیان لەسەر دزی و پۆست وەك چارەنوسی بێ ئیرادەی خەلك بسەپێنن. تیۆری هەرێمی سەوز و ستراتیژی باڵادەستی زۆنی سەوز خۆی بەشێك لەم بێ ئیرادەكردنی خەڵك و گوێڕایەڵی و خۆشباوەڕی وكەوتنەدوای سیستەمی میلیشیاكانی یەكێتی و پارتی و بونە قوربانی ململانی و شەڕەكانیانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست