خۆپیشاندەران بۆ ئۆپۆزسیۆن " سوپاس پەیامەکەتان گەیشت !"
Wednesday, 22/02/2012, 12:00
ئاسۆ کمال
بهیاننامه هاوبهشهكهی ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات پەیامێکی زۆر ڕۆشنی بەدەسەڵات دا ئەویش خۆپارێزی کردنیان بوو لە شەڕی ئێستای دەسەڵات لەگەڵ خۆپیشاندەراندا.
هەربۆیە دەسەڵات پیرۆزبایی لەم کارەی ئۆپۆزسیۆن کرد کە بە
قسەی وتهبێژی مهكتهبی سیاسی یهكێتی : " بهیاننامهكهی ئۆپۆزسیۆن هەنگاوێكی باشو جدیی بوو بۆ هێوركردنهوهی وهزعهكه" ، هاوكات وتهبێژی سهركردایهتی پارتی له سلێمانی وتویهتی: " دهستخۆشیان لێدهكهینو ئهوه قازانجی حیزبیی تێدا بووە" . پێویستە خەڵکی خۆپیشاندەر و ناڕازی کوردستانیش بەم ئۆپۆزسیۆنە بڵێن "سوپاس پەیامەکەتان گەشت". پەیامەکەتان ئەوە بوو کە بە هۆی "هێورکردنەوەی وەزعەکە" لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە دەسەڵات توانی سەرکوت و تۆقاندن و عەسکەرتاریەت بگەیەنێتە لوتکە. پەیامەکەتان ئەوە بوو کە لەبەیاننامەی ١٧شوباتدا دەڵێن " ئۆپۆزسیۆن خواستهكانی ئهو جهماوهره توڕهو بێزارهیان فۆڕمهله كرد له پڕۆژهیهكی 22خاڵی بۆ چاكسازی و دواتر كردیانه پڕۆژهیهكی شهش پاكێچی بۆ ئهوهی هاوكاری دڵسۆزانهی دهسهڵات بكهن " ، هەر بۆیە لە ١٧ ی شوباتدا دەسەڵات دەستخۆشانەی لە ئێوە کرد و توانی ئەو جەماوەرە توڕەیە بداتە بەر شەق و دار و هەموو خۆپیشاندان و کۆبونەوەیەک قەدەغە بکا . دەسەڵات نیشانی ئۆپۆزسیۆنی دا کە پاکێجی چاکسازی جدی و ڕیشەیی بەجدی وەرگیراوە و ئۆپۆزسیۆن بانگێشت کراوە بۆ وەرگرتنی پاداشتی "قازانجی حیزبیی" لای پارتی و یەکێتی وەک ڕێزگرتنێک لە " هاوكاری دڵسۆزانهی دهسهڵات ".
بەڕاستی دەبێ چ چاوەڕوانیەک لەم ئۆپۆزسیۆنەی ئیسلامیەکان و گۆڕان مابێ کە لە ڕۆژێکی وەک ١٧ شوباتدا کە جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندەر لە بەردەم سەرکوتی میلیشیاکانی دەسەڵاتدایە ،ئۆپۆزسیۆنیش خەریکی هاوکاری دڵسۆزانەی دەسەڵاتە ؟ ئەم هەڵوێستەی ئۆپۆزسیۆن بۆ جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندەران دەبێت جێگای هەڵوێستەی جدی بێ .
ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە ١٧ شوباتی پاریشدا تا کاتێک گەنجان و خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەر دەسەڵاتیان نەلەرزاند نەهاتنە ڕیزی خۆپیشاندانەکان و لەدوایشدا خۆیان کردە نوێنەری خۆپیشاندەران و لەجێگای داواکاریە هەنوکەیی و بنەڕەتیەکانی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی " پاكێچی هاوكاری دڵسۆزانهی دهسهڵات " یان خستە سەرمێزی مامەڵە بە خۆپیشاندانەکانەوە.
ئەم هەڵوێستانەی ئۆپۆزسیۆن بەرئەنجامی ترسی ئەم حیزبانە نیە لە دەسەڵات وە یان خۆدورخستنەوەیان نیە لە شەڕی ناوخۆ. بۆیە خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەران پێویستە بزانن ئۆپۆزسیۆن بەدوای چ سیاسەت و بەرنامەیەکەوەیە بەم کارەی ؟
ئەم جەماوەرە ئەگەر بیەوێت جارێکی تر توشی شۆک و ڕاچڵەکین نەبن لەم ڕۆژانەدا کە خەریکن دەست بدەنەوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دەبێ پەی بە جیاوازی داوا و خواستەکانی خۆیان لەگەڵ " پاكێچی هاوكاری دڵسۆزانهی دهسهڵات " بەرن. ئەوەی ئاشکرایە کە ئەم پاکێجە بە دەست بەرداربوونی یەکێتی و پارتی لە پاوانکردنی پۆستە سەرەکیەکان و بودجە و شەریک کردنی جدی ئۆپۆزسیۆن لەدەسەڵات و داهاتدا بەدی دێت ، ئەمەش پێویستی بە کۆتایی هێنانی دەسەڵاتی میلیشیایی و بەر قەراربوونی ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی و دابینکردنی ژیانی خۆشگوزەران بۆ خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستان نیە. هەربۆیە ڕێگاکانی بەدیهێنانی ئەم داوایانەی ئۆپۆزسیۆن لە داواکانی خەڵک جیاوازە . ڕێگای ئۆپۆزسیۆن لە گۆڕینی حکومەت و پەرلەمان و دابەشکردنی بەشە دەسەڵات و داهاتەوە دەبێ بە ڕێگای گفتوگۆ و مفاوەزات و ناوبژیوانی ئێران و دەستێوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەدی بێت ، وە لەم نێوەشدا سوود وەرگرتن لە ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر وەک پاشکۆ و وەسیلەی فشاری " پاكێچی هاوكاری دڵسۆزانهی دهسهڵات " ی ئۆپۆزسیۆن دەور دەگێڕێت. بەڵام ڕێگای بەدیهێنانی خواستەکانی جەماوەری ناڕازی بە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵات بەدی نایەت و ئەم ١٧ شوباتە نیشانی دا کە دەسەڵات ئیتر نایەوێ تەنانەت گوێی لەم داوایانەش بێت و خۆی یەکلایی کردۆتەوە کە لە ڕێگای سەرکوت و عەسکەرتاریەتەوە ئیدارەی کوردستان بکات و هیچ گۆڕانێک لە سیستەمی سیاسی و ئیداری میلیشیایدا قبوڵ ناکات.
پەیامی ١٧ شوباتی ئەمساڵ جیابونەوەی داوا و ڕێگای ئۆپۆزسیۆن بوو لە خۆپیشاندەران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان. ئەمەش لە بەرژەوەندی ئێستای جەماوەری ناڕازیدا نیە و تەوازنی هێز بەلای دەسەڵاتدا دەشکێنێتەوە ، بەڵام ڕێگایەک دەخاتە بەردەم گەنجان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان کە بەپشت بەستن بەهێزی ڕێکخراو و سەربەخۆی خۆیان بێنەمەیدان و ناڕەزایەتیەکانیان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان یەکگرتوو بکەن و دەست بدەنە شێوازی نوێی ناڕەزایەتی و نافەرمانی مەدەنی لە گەڕەک و ناوەندی کار و لە شوێنەگشتیەکان و خۆئامادەکردنیان بۆ بەڕێخستنەوەی خۆپیشاندان و کارکردن لەسەر ڕیزی خوارەوە و هەژاری نێو هێزە عەسکەریەکانی دەسەڵات.
جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندەرانی ئازادیخواز دەبێت بە باوەڕبوون بەهێزی خۆیان بێنەمەیدان بۆ شکست پێهێنانی ئەو دەسەڵاتە لەرزیوەی یەکێتی و پارتی کە بەبێ پاسەوانی عەسکەری ناتوانێ هەنگاوێک و ڕۆژێک لە کوردستاندا ڕێ بکا. ئەمە دەرس و ئیلهامی شۆڕشەکانی تونس و میسر و هەموو ئەو ووڵاتانەیە کە توانیان دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی عەسکەری و بنەماڵەیی کۆتایی پێ بێنن. ئەم جەماوەرە پێویستە بە ئۆپۆزسیۆن بڵێ " سوپاس پەیامەکەتان گەشت ! "
ئاسۆ کمال ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست