کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شۆڕشی میسر و دەورانی پۆست دیموکراتی

Thursday, 13/12/2012, 12:00







شۆڕشی خەڵکی میسر دژ بە ئیخوان موسلمین سەرەتای دەورەیەکی نوێ لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ناوچەکەدا هێناوەتە ئاراوە کە دەتوانین پێی بڵێین دەورانی پۆست دیموکراتی. کاتێک ئیسلامی سیاسی لەڕێگەی هەڵبژاردنی دیموکراتی هاتنەسەر دەسەڵات و دەستیان دایە گۆڕینی دەستور و دەسەڵاتی قەزایی و دەزگاکانی تەنفیزی ئەگەر خەڵک وەک مافی دیموکراتی دەسەڵاتداران ئەم ئاڵوگۆڕە کۆنەپەرستانەیان قبوڵ بکردایە ئێستا شاهیدی جمهوریەکی تری ئیسلامی وەک ئێران و سعودیە لەمیسر دەبوین کە ئیخوانەکان دایان دەسەپاند. ئەوەی لێرەدا گۆڕاوە و ڕێگری لە سەپاندنی دیموکراسیانەی دیکتاتۆریەتێکی ئیسلامی دەکا مانەوەی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی میسر لە چوارچێوەی دیموکراسیدا نیە بەڵکو تێپەڕاندنی دیموکراسی و مەحدودیاتەکانێتی لەوەی کە بتوانێ ڕێگە لە هاتنەسەرکاری دیکتاتۆری زۆرینەی هەڵبژێردراو بگرێ. ئەمەیە دەورانی پۆست دیموکراتی.
لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیەوە بگرە تا نوسەرە دیموکراتیەکانی کوردستان توشی پەشۆکاویەک بوون بەوەی یاریەکە لە ساحەی دیموکراتی دەرچوە و سەرۆکی هەڵبژیردراوی دیموکراتی وەک دیکتاتۆریەکی دینی خەریکە لەلایەن خەڵکی شۆڕشگێڕی میسرەوە داوای ڕوخانی دەکرێ. ئەمە تەجروبەیەکی نوێی شۆڕشە لە ناوچەی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا کە خەڵک ڕێگانادەن لەسایەی دیموکراسی پەرلەمانیدا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دینی بەسەریاندا بسەپێنرێ. هەرچۆن ئیخوان تەنیا بەدەسەڵاتی زۆرایەتیەکەی پەرلەمانیەوە نەوەستاوە و بۆ سەپاندنی دیکتاتۆریەتی ئیسلامی میلیشیایەکی حزبی هێناوەتە شەقام بۆ سەرکوتی شۆڕش و ناڕەزایەتی خەڵک، جەماوەری شۆڕشگێڕیش مل کەچی ئەم زۆرایەتی و شەرعیەتە پەرلەمانیە ناکەن تاکو دەستور و دەسەڵاتی ئیسلامی بەسەریاندا بسەپێنێ و خۆیان بەخاوەنی شەرعیەتی شۆڕش دەزانن و دژ بە پێشێلکردنی ئازادی و مافەکانیان ڕاوەستاون . ئەگەر هەر شەرعیەتێکی دیموکراسی پەرلەمانی ئەم مافانە پێشێل بکا ڕێگای لێدەگرن و شۆڕش و ناڕەزایەتی لەدژ بەرپادەکەن. ئەمە دەورانی شۆڕشگێڕانەیەیە کە ماف و ئازادیەکان دەکاتە شەرعیەتی ڕاستەقینە و شەرعیەتی دیموکراتی تێدەپەڕێنێ،ئەمە شەرعیەتی پۆست دیموکراتیە.
لە تەجروبەی مێژوویدا نازیەکان و فاشیەکان لە ئەڵمانیا و ئیتالیادا لەڕێگەی دیموکراسی پەرلەمانی هاتنەسەرکار و بەگرتنەدەستی دەسەڵات شەرعیەتی دیکتاتۆریان لەژێرناوی زۆرینەدا سەپاند. لەمیسر و تونسدا ئەگەر یاریەکە لە چوارچیوەی دیموکراسیدا بمێنێتەوە هەمان سیناریۆی نازی و فاشیەکان لەم ووڵاتانەدا دوبارە دەبێتەوە، لەبەرئەوەی دیموکراسی زۆرینەی پەرلەمانی ڕێگە دەدا کە دەستور و دەزگای تەنفیزی لەلایەن ئیخوانەکانەوە بە پێی دەنگەکانیان بسەپێنن و کەسیش نابێ ڕیگری ئەم شەرعیەتە دیموکراتیە پەرلەمانیە بێ. سەیری دەستوری پێشنیاری ئیخوان لەمیسر بکەن تابزانن تەسلیم بوون بە شەرعیەتی دیموکراسی پەرلەمانی چ سیستەمێک لە میسردا دەسەپێنێ.
بەپێی مادەی دووەم:بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی سەرەکی یاسادانانە و لەبەشی دەسەڵاتی یاسادانان دا نابێ سەرپێچی یاساکانی شەریعەتی ئیسلام بکرێ. وە مەرجەعیەتی ئەزهەر دەبێ مەرجەعیەتی دەوڵەت بێ بۆ هەموو کاروبارێکی پەیوەست بەشەریعەت بەپێی مەزهەبەکانی ئەهلی جەماعە و سونە. نابی دەست ببرێ بۆ زاتی ئیلاهی و پێغەمبەر و دایکی باوەڕداران و خەلیفەکانی ڕاشدین. هەروەها کاری دەوڵەتە کە زەکات لەوانە کۆبکاتەوە کەبەپێی حکومەکانی شەریعەتی ئیسلام لەسەریانە زەکات بدەن. لە ئازادی ڕادەربڕینیشیدا کاتی سەرپێچی ڕۆژنامەنوساندا دەزگاکانیشیان پێوە سزادەدرێ. لە دەسەڵاتی سەرۆک کۆماردا دەبێ کە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و دەسەڵاتی قەزایی بۆی نیە تانە لە بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار بدات. ئەمە دەستوری دانانی کۆماریکی ئیسلامی بە سەرۆکێکی سەروو دادگا و سەروو پەرلەمان و خاوەن مەرجەعی دینی ئەزهەر و میلیشیایی ئیخوان و هەمووشی لەژێر سایەی زۆرایەتی پەرلەمان و رفراندۆم لەسەر دەستور ،واتە میکانیزمەکانی دیموکراسی.
دیموکراسی بۆ ئیسلامی سیاسی هەڵبژاردەیەکی سیاسیە بۆگەیشتن بەدەسەڵات ، هیچ لە ناوەرۆک و پەیامی سەلەفیانەی ئیسلام بۆ مافە مەدەنی و ئازادیەکانی خەڵک ناگۆڕێ. بەدیلی ئیسلامیەکان بۆ ڕاگرتنی سەرخانی سیاسی بەکەمترین ڕێگادان بەئازادی و ژێرخانی ئابوری لەسەر بنەمای هەمان هێزی کاری هەرزان و گرانی و هەژاری لەم ووڵاتانەدا لەلایەن بورژوازی ناوخۆ و سەرمایەداری ڕۆژئاوا کە باڵادەستی ئابوری لەم ناوچانەدا هەیە جێگای سازش و تەنانەت ئومێد پێ بەستنە بەتایبەت لەکاتێکدا کە خەڵک دژ بەو گرانی و بێمافیەی نیزامی سەرمایە شۆڕشی کردوە. ئەمە ئەو فرسەت و پایە سیاسیەی داوە بە هێزە ئیسلامیەکان کە بێن و بەناوی دیموکراسی پەرلەمانی سواری شەپۆلی شۆڕشی خەلک بۆ ئازادی ببن و بەرنامەی گێڕانەوەی کۆمەڵگە بۆ دواوە بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن. لای ئیسلامی سیاسی بە ئیخوان و سەلەفیەوە دیموکراسی تەنیا دەنگدانەکەی بۆ ئەوان گرنگە ئەگەر بیان گەیەنێتە دەسەڵات. لایەنگری ئەوان بۆ دیموکراسی بریتی نیە لە باوەڕبوون بەوەی کە بەدیلی ئەوان حکومەتی هەڵبژیردراوی خەڵک بێ و دەسەڵات وسێبەری خوا نەبێ لەسەر زەوی ،بەو پێیەی ئەوان حکومەتی شەریعەتی ئیسلامیان دەوێ و لەدەستور و یاسادا شەریعەتی سەرووخەڵکی و ئاسمانی دەکەن بە بنەما. ئەمە لەمیسر و تونس ڕوی دا.
شۆڕشی میسر نیشانی دا کە بەدیموکراسی و میکانیزمەکانی لەئێستادا ناتوانرێ ئازادی و مافەکانی ئینسان و هاوڵاتی بوونی یەکسان لەو ووڵاتەدا بپارێزرێ و ڕێگە لە دیکتاتۆریەتێکی دەستوری و پەرلەمانی ئیسلامی بگرێ. هەربۆیە جەماوەری شۆڕشگێڕ وەک هێزێکی سیاسی هاتۆتە مەیدان و دەستی داوەتە سەپاندنی هێزی خۆی . وەک ئەو نمونەیەی لە "محەلەی کبری" خەڵک دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی شۆڕشگێڕانەی خۆیان و ئەنجومەنی خۆیان دروستکردوە و دەسەڵاتی ئیخوان بەشەرعی نازانن . ئەم شەرعیەت سەندنەوە لە مورسی و ئیخوان کاتێک خەڵک دەزانن کە چیتر ئەم کەس و هێزانەی ئیسلامی سیاسی نوێنەرایەتیان ناکات میکانیزمی شۆڕشگێڕانەیە ولەدەرەوەی دیموکراسی یە پەرلەمانیە .لابردنی ئەو لایەن و نوێنەرانەی بەرژەوەندی جەماوەر ناپاریزن لەدەسەڵاتدا، میکانیزمی پۆست دیموکراتیە.
ئەم سیستەم و شەرعیەت و میکانیزمانەی پۆست دیموکراتی کە لە درێژەی شۆڕشی میسردا هاتۆتە ئارا ڕێگای ڕزگاربونی خەڵکی میسر و شۆڕشەکەیەتی لە دیکتاتۆریەتی دینی ئیخوانەکان. شۆڕش لە میسر پێویستی بە بیر و سیاسەت و هەنگاوی پۆست دیموکراتی و ئازادیخوازانەیە. ئازادی وەک سیستەمێکی سیاسی کە ڕێگا بەخەڵک دەدا نوێنەرانی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی لەسەر کار لابەرن کاتێک جەماوەر زانی ئەو نوێنەراتیە ناکەن پێویستە شوێنی ئەو سیستەمە دیموکراتیە بگرێتەوە کە ڕێگا بە نوێنەرانێک دەدا دەسەڵات دژ بەخواست و مافەکانی خەڵک بەکاربێنن. ئازادی خەڵکی میسر لە داڕشتنی دەستورێک کە مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و جیایی دین لە دەوڵەت و بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەزگای بەڕیوەبردن و قەزاییدایە . هەر سەرۆک و هێزێکی سیاسی هەرچەند نوێنەری پەرلەمان بێ و هەڵبژێردرابێ ئەگەر ئەم مافانە نەپارێزێ ناپاریزێ نابێ لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە. یاسای شۆڕشی ناوچەکە بەدوای تەجروبەی میسردا تەسلیم کردنی دەسەڵات نیە بە هێزێک کە بەرنامە و کاری دژایەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کرێکارو ئازادیخوازە کە شۆڕشیان کردوە بەڵکو شەرعیەتدانە بەدەسەڵات و مافەکانی جەماوەر خۆیان و جەماوەرکردنە خاوەنی دەسەڵاتە. ئەمە شەرعیەتی پۆست دیموکراتیە کەخەڵکی شۆڕشگێری ناوچەک پێویستیانە تا بگەن بە ئازادی و یەکسانی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە