کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بڕیارنامەی ڕەوەند: خۆپێشاندانەکان و ئاسۆی پێشڕەوی

Sunday, 10/04/2011, 12:00


1. زیاتر لە مانگ و نیوێك تێپەڕیوە بەسەر تەقینەوەی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکانی کوردستان، لە شکڵی خۆپێشاندانە جەماوەریەکاندا. ئەم بزوتنەوەیە لەو ماوەیەدا تا هاتووە زیاتر ڕادیکاڵتر و بەرفراوانتر بۆتەوە و زوربەی چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکانیشی گرتۆتەوە. خواستی نەهێشتنی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزایەکان، خواستی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی حوکمڕانی و بەدەستهێنانی ئازادی لەڕێگەی وەلانانی مۆتەکەی دەسەڵاتی "پارتی" و "یەکێتی" بەسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکی کوردستاندا، بۆتە خواستێکی سەرەکی. هیچ کاتێك ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە بە ئەندازەی ئەمڕۆ نە کەوتونەتە بەر نەفرەتی خەڵکی کوردستان و ڕیسوا نەبوون. هیچ کاتێکیش بە ئەندازەی ئەمڕۆ ترسی ژێرە و ژورکردنی دەسەڵاتەکەیان نەبووە.

2. ئەو دوو زلهێزە دەسەڵاتدارەی کوردستان؛ لەسەرەتای ئەو خۆپێشاندانانەدا بە زەبروزەنگ و چەك وەڵامی خۆپێشاندەرانیان داوەیەوە و تائێستا 8 کەس کوژراو و زیاتر لە 200 برینداریشی لێکەوتۆتەوە. هەوڵی دەسەڵات لایەك ڕێگرتنە لە تەشەنەکردنی ئەم شەپۆلە لە خۆپێشاندان ڕوەو پایتەختی هەرێمەکە (هەولێر) و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی "پارتی"، وە لەو پێناوەشدا شێوازی پۆلیسیانە و سەرکوتگەرانەیان گرتۆتەبەر. وە لەلایەکی تریشەوە لەڕێگەی سەوداومامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ڕەسمی، هەروەها بە وادە و بەڵێنی زمانلوسانە هەوڵی فریوکارانەی خۆیان دەدەن بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتیانە و تا بۆشیان کرابێت دەستیان نە پاراستوە لە تەقەکردن و کوشتن، لە هەرەشە، تۆقاندن، پەلاماری سەرکوتگەرانەی خۆپێشاندانەکان و گرتنی هەڵسوڕاوان.
3. لەگەڵ ئەوەدا کە:
A. "ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی- سلێمانی" خواستەکانی خۆپێشاندەرانی، هەم لە خواستە هەنوکەییەکان و هەم لە خواستە بنەڕەتیەکاندا فۆڕمۆڵە کردوە و خستویەتیە بەردەم دەسەڵات.
B. پەرلەمان لیژنەیەکی بۆ بەدواداچونی ڕوداوەکان و گەڵاڵەکردنی خواستەکانی جەماوەری خۆپێشاندەر پێکهێناوە.
C. لەگەڵ ئەوەدا کە سێ قەوارەی پەرلەمانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕەسمی (گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) چ مانگێك لەوەوپێش و چ لە تازەترین ڕاگەیاندراوی دوا دانیشتنی خۆیاندا لە 5-4-2011 دا پێشنیاریان ڕاگەیاندوە بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی.
D. ئەم دەسەڵاتە نەك هەر هەنگاوی نەناوە لە ڕاستای وەڵامدانەوەی لانی کەم بە خواستە هەنوکەییەکان، بەڵکو پێشنیاری ئۆپۆزیسیۆنیشی ڕەت کردۆتەوە و دەستبەرداری هەڕەشە، دەستدرێژی، گرتن و پەلاماردانیش نەبووە.
4. ئەم بزوتنەوە لە ئێستادا لەبەردەم دوو هەڕەشە و مەترسیدایە:
A. هەڕەشەی سەرکوت لە ڕێگەی زەبروزەنگ لەلایەن دەسەڵاتەوە، کە توانای هەیە لە ئێستادا بزوتنەوەکە لەبار بەرێت بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانەوە و تەقینەوەی دواتری بەهێزێکی گەورەترەوە ناتوانێت بنەبڕ بکات، هەر ئەمەشە کە دەستی دەسەڵاتی بە ستوە و ناچاری کردوە کە هەڵوێستە بکات لە ئێستادا لە بەکارهێنانی زەبروزەنگ بۆ لەباربردنی، بەڵام دەست ناپارێزێت لە بەکارهێنانی زەبروزەنگ لە ئاستێکی نزمتردا بۆ تۆقاندن و ڕاوەدونانی هەڵسوڕاوان.
B. مەترسی بە سازشکێشان و پوچەڵکردنەوەی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە لەڕێگەی دانوسانی ئۆپۆزیسیۆنەوە لەگەڵ دەسەڵات و هێنانەدی ڕیفۆڕمێکی شکڵی و شەلوشکەست.
5. ئەم بزوتنەوەیە بۆ دەرباز بوون لە خولانەوە لەناو ئەو بازنە مەترسیدارەدا، وە بۆ پێشڕەوی کردنی پێویستە لە ئاستی "خستنەڕووی خواست"ەکان و "نەخشە ڕێگا" واوەتر بڕوات. وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر بڕیانامەی 3-4-2011 کە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەرسێ دامودەزگای دەسەڵاتدارەتی هەرێمەکە دەکات:
A. دەستبەکار بێت بۆ هێنانەدی دەست بەجێی "شۆرای سەراسەری" یان "ئەنجومەنی سەراسەری" نوێنەرانی مەیدانەکانی ئازادی شار و شارۆچکەکان. جگە لەم شۆرا یان ئەنجومەنە سەراسەریە هیچ مەڵبەندێکی تر مافی دانوسان و گفتوگۆی نیە لەسەر خواستەکانیان.
B. لەبەرامبەر دەسەڵات و حکومەتەکەی، وە لەبەرامبەر پێشنیاری ئۆپۆزیسیۆن بۆ (حكومه‌تێكی‌ ئینتیقالی‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ "توافق") خستنەڕووی ئەلگۆی حکومەتێك کە خوازراوی خەڵكی کوردستان بێت و نەك هەر وەڵامدەرەوەی خواستە هەنوکەییەکانیان بەڵکو وەڵامدەرەوەی خواستە بنەڕەتیەکانی جەماوەریش بێت پێداویستیەکی هەنووکەیی چونەپێشی ئەو بزوتنەوەیە و خۆپێشاندانەکانە. ئەم ئەلگۆیە دەشێ لە ژێر هەر ناوێکی وەك "حکومەتی کاتی"، "حکومەتی ڕاپەڕین" یا هەر ناوێکی تر دابێت کە لە کۆبونەوەی خۆپێشاندانەکاندا لە مەیدانە ئازادیەکاندا بخرێتە دەنگدانەوە بۆ هەڵبژراندن و ڕەسمیەت پێدانی.
6. تەواوکەری ئەم هەنگاوانە:
A. پشت بەستنی "شۆرای سەراسەری" یا "ئەنجومەنی سەراسەری" و هەروەها "حکومەتی کاتی"ە بە ڕێکخراوە جەماوەریەکان و پیشەییەکان. کە دەتوانن وە دەبێ وەك ئۆڕگانەکانی پیادەکردنی دەسەڵاتی جەماوەر ڕۆڵی خۆیان ببینن.
B. ڕاگەیاندنی لائیحەێك کە مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان وەك سەرخەت و یاسای ئەو حکومەتە ڕابگەێنێت.
7. "ڕەوەند" سەرنجی ئەنجومەنەکانی مەیدان وەیا سەرای ئازادی شار و شارۆچەکەکانی کوردستان ڕادەکێشێت بۆ قۆناغێکی هەستیار کە چونەپێشەوە یا پاشەکشە و لەباربردنی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکە و خۆپێشاندانەکان لە هەر کات زیاتر پەیوەست بۆتەوە بە دەستپێشکەری ئەوانەوە. هەر لەو ڕاستایەشدا بانگەوازیان دەکات بۆ پەسندکردنی هەنگاوە عەمەلیەکانی ئەم بڕیارنامەیە.
8. "ڕەوەند" بانگەوازی هەڵسوڕاوانی خۆپێشاندانەکان، حزب، ڕێکخراوە و ڕەوتەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپ، دەکات کە چالاکانە لە ناو ئەنجومەنەکانی مەیدان و سەراکانی ئازادیدا بۆ بەعەمەلی دەرهێنانی ئەم بڕیارنامەیە و جێگیرکردنی بەڵگەنامەی "مافە سەرەتاییەکانی خەكی زەحمەتکێشی کوردستان" وەك لائیحەی حکومەتی کاتی تێبکۆشن.

ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری
9-4-2011
www.rewend.info

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە