شەرەف و ئازادی !
Monday, 30/07/2012, 12:00
زۆرن ئەو نەتەوە و میللەتانەی کە تاکو ئەمڕۆش خاوەنی کۆمەڵگایەکی بەربەری و پڕ لە ستەم و تاکی ناهوشیارن لەبەرامبەر تێنەگەیشتن لەچەمکەکانی ژیان ، کەدەتوانین بڵێین ڕۆژهەڵاتی ناوین بە شێوەیەکی گشتی و کۆمەڵگای کوردیش بەتایبەتی ، یەکێك لەو چمکە سەرەکیانەی کەهەمیشە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا دەستەواژەی هەڵە و هەڵسەنگاندنی هەڵەی بۆ کراوە مەسەلەی ئازادی و شەرەفە ، دەتوانین بڵێین کە شەرەف بەجۆرێ لەجۆرەکان لەئەنجامی تێنەگەیشتن و ڕێز نەگرتن لە ئازادیەوە وەك نەوەیەك لەدایك دەبێت ،
بۆ نمونە لەهەر کۆمەڵگایەکدا کە تێگەیشتنێکی تەندروست بۆ ئازادی هەبێت و لانی کەم مرۆڤەکان لێ ی بەهرەمەند بن ئیدی ووشەیەک بەناوی شەرەفەوە بونی نیە وەیان جۆرە ووشەیەکی تر لەجێ ی هەمان ئەو شەرەفەی کە ئێمە ناوی دەبەین دانراوە بە جۆرە پێانسەیەکی جیاوازیشەوە ، کەواتە تێنەگەیشتن لە چەمکی ئازادی یەکێكە لەهەرە دەردە گەورەکانی کۆمەڵگای ئێمە لای تاکی کورد ،
ئازادی خواز کێیە؟ ئەوە یەکێکە لەو پرسیارانەی بەردەوام دووبارەدەبێتەوە. لە کۆمەڵگاگەلێکی وەک ئێمەشدا کە ئازادیخواز تێیدا بوونەوەرێکی نوێیە، پرسیارەکە قورساییەکی زۆر گەورەی هەیەو بەردەوام مانای نوێ وەردەگرێت. ئەوەی پرسیارەکەش دەکات، بۆ چارەسەرییو دەرمانێکی ئەفسوناویی دەگەڕێت کە لای سیاسییەکانو پیاوانی دینی نایدۆزێتەوە. پرسیارێکە هەرگیز وەڵامێکی تەواوی نییە. وەک چۆن پرسیار دەکەیت عاشق کێیە؟ یان ئیماندار کێیە؟ هەرگیز وەڵامی تەواویان نییە، واتە ئازادیخوازیش بەردەوامو بەپێی ساتەوختەکان دەبێت لە گۆشەی جیاواز جیاوازەوە پێناسەبکرێتەوە ،
ئەو فەرزەندە دڵڕەقەی ئازادیش کەناوی شەرەف و ناموس پەرستی یە کەلە کۆمەڵگای ئێمەدا گەورە دەکرێ و نازی دەکێشرێت ، لەلای زۆر لە ژن و پیاوە ناسیونالیستەکانمان بون و نەبونی شەرەف گرێدراوە بە بون و نەبونی کیان و خاك و وڵات و ئاڵاوە کە تەنیا لەو مەیدانە تەسکەی خۆیانەوە کە خەباتی بۆ دەکەن تەفسیری شەرەف دەکەن ،
واتە کاتێك ئەمانە دەچنەوە ماڵەکانیان و لەناو خێزانەکانیاندا تێڕوانین و بەرگری جیاوازیان دەبێت لەسەر ماناکانی شەرەف و ناموس پەرستی کەهەمیشە لەناو گەڵی ژن و خوشك و کچەکانیانەوە بون و نەبونی شەرەف ڕاڤە دەکەن و بچوکترین قسەو گوزارش لەسەر سادەترین خەون و جوتبون و ئارەزووە سێکسیەکان لەلایان هێڵی سورو بڤەیە ،
وە بێگومان نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کەپیاوو ژنانێکی یەکسانیخواز و سکۆلاریشمان هەیە لەچوارچێوەی ڕیکخراوی و فەردیدا لەبەرامبەر ئەو پێوانە زۆر و ناهوشیارەی کۆمەلگادا دەجەنگن و کاریگەری و جێدەستی باشیان هەبووە و تاکو ئێستاش لە مللانێیەکی ئێجگار سەختدان بەڵام بەداخەوە کە ئەمان ئەوەندە ڕێژەیان کەمە بە پەنجەکانی دەست ئەژمارد دەکرێن ،
واتە هەمیشە ئەو ژن و پیاوانە زۆرترن کە ژەمە خواردنێکی چەوریان پێ باشترە لەچەند دەقیقەیەك تەرخانکردنی کاتی خۆیان بۆ ئاوڕدانەوە لە ماناکانی تری ژیان ، وەیان ئەو ژن و پیاوانەی کەبەجۆرێ دوچاری تەمەڵی و گەندەڵی فکری بون هەموو تەمەنیان بەدیار شاشەی تیڤیەکانەوە بەسەیرکردنی فیلمی دۆبلاژ کراوی فەرهەنگی وڵاتە ئیسلامیەکانەوە پیر کردووە و توشی ئیفلیجی جەسەدی و عەقڵی و فەرهەنگی بون ،
دواجار ڕێچکەی هەموو دەردەکان و خوێن ڕێژی لە کۆمەڵگای ئێمەدا و ستەم لەسەر ژنانی ئێمە ، بەر لەوەی ئەو داب و نەریتە ئاینیە کۆن و بارگرتووە لێ ی بەرپرسیار بێت ، ئەو دەسەڵاتە پیاو سالاری و کۆنەپەرستیەی کوردی بەرپرسە کە هەمیشە ئاگر خۆشکەر و هاندەری هەموو ئەو دەستەو لایەن و تاکانە بووە بۆ درێژەدانی ئەو هەموو زوڵم و کۆیلایەتی وخوێن ڕێژیە ، یاسا و سیستەمی پەڕلەمانی و قانونی ئەحوال شەخسی فرەژنی و بەزۆر بەشودان و گەورەوبچوك و خەتەنەی کچان و زۆربونی مزگەوت و پیاوانی ئاینی کۆنەپەرست و هەتا دوایی .....
هەموو ئەمانە بەرپرسی یەکەم و تاوانبارن لەبەرامبەر خوێنی ئێمەی ژنان و کۆیلایەتی و زەوتکردنی ئازادی تاک لە کۆمەلگای کوردیدا ، دەسەڵاتی کوردی هەر بەوەشەوە نەوەستاوە و بەڵکو هەمو مەیدانەکانی حیزبی و حکومی و مەدەنیان کردووە بە بێ حورمەتی کردن بە ژنان و گەنجان و مناڵان ،
ڕەقیبی گەورە و سەرسەخت لە بەرامبەر ماف و ئازادیەکانی ئێمەی ژنان ، ئەوە ئاین و کۆنەپەرستیە بەڵام داڵدەدان بەم کۆنەپەرستی و جاهیلیەتە تەنیا و تەنیا دەسەڵاتی کوردی پیاو سالاری خاك و نیشتیمان فرۆش و شەرەف فرۆشە !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست